مەزڵوم عەبدی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنی "زووم"ەوە بەشداری کردبوو ھۆشداریدا لە زیادبوونی پەلامار و چالاکییەکانی تیرۆریستانی داعش لە سوریا، چونکە ئاڵۆزییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەقۆزنەوە و خۆیان رێکدەخەنەوە.
وتیشی، ھێرشی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر ھێزەکانی ھەسەدە مەترسیدارە و ئەمریکاشیان لەو مەترسییە ئاگادارکردووەتەوە.
سەبارەت بە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکاش لە ناوچەکە رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و کۆشکی سپی و پنتاگۆن دڵنیاییان داونەتێ کە نوێنەرایەتییان لە ناوچەکە دەمێنێتەوە، بەڵام رەنگە سەربازانی ئەمریکا بۆ ھەمیشە لە رۆژئاوای کوردستان نەمێننەوە.
ئەحمەد تورک رایگەیاند، گەلی کورد ساڵانێکە بۆ ئاشتی و ئازادی تێدەکۆشێت و ئێستا جارێکی دیکە لە مەیداندایە بۆ دادپەروەری و یاسا و تێکۆشان.
ئاماژەی بەوەشدا، سیستمی دەوڵەتی داگیرکەر نەک تەنھا باکوری کوردستان، بەڵکو رۆژئاواش دەکاتە ئامانج. ھەروەھا زیندانیان بۆ ئازادی ئۆجالان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە، بۆیە پشتیوانیانن و لەگەڵیان دەبن، چونکە تێکۆشانی ئەوان بۆ بەھای مرۆیی و پێکەوەژیانی گەلانە.
کەنعانی رایگەیاند، ئەو ھێرشەی ئەمریکا لە بەغداد ئەنجامیدا و کوژرانی لێکەوتەوە، لە چوارچێوەی پشتیوانییەکانێتی بۆ تاوانەکانی ئیسرائیل دژی گەلی فەڵەستین.
وتیشی، ئەو ھێرشە نموونەیەکی باڵایە بۆ ئەوەی ئەمریکا دەوڵەتێکی تیرۆریستییە و سەروەری و یەکڕیزی خاکی عێراق پێشێل دەکات و پێچەوانەی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە.
کەنعانی پێشیوایە، بەردەوامی سەرکێشی ئەمریکا ھەڕەشە لە ئاشتی و ئەمنییەتی ھەرێمی و نێودەوڵەتی دەکات.
ئاژانسی رەسمی کۆریای باکوور بڵاویکردووەتەوە، کیم جۆنگ ئون سەرۆکی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، لەئێستادا یەکێک لە گەورەترین دوژمنەکانی وڵاتەکەی، کۆریای باشوورە و ئەگەر ھەر جوڵەیەک لە دژی کۆریای باکوور بکات، بەبێ بیرکردنەوە و دوو دڵی بە یەکجاری لەناوی دەبەن و ئەگەر ھێرشبکرێتە سەر کۆریای باکووریش، بڕیار و وڵامیان بەشێوەیەک دەبێت کە مێژوو دەگۆڕێت.
سەرۆکی کۆریای باکوور ئاماژەی بەوەشکردووە، مەرج نییە ئاشتی و سەقامیگری تەنھا لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە بەدیبھێنرێت، چونکە ھەندێکجار ناچار پێویستە لە رێگەی شەڕەوە ئاشتی و ئارامی بەدەستبھێنرێت.
پێشتریش ئەنجومەنی باڵای گەل لە کۆریای باکوور بە کۆی دەنگ بڕیاریدا سەرجەم رێککەوتنەکان لە بواری ئابوری لەگەڵ کۆریای باشور ھەڵبوەشێندرێتەوە.
وتەبێژی کۆمپانیای میتا رایگەیاند، ھەژماری خامنەیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و ئینستگرام داخستووە، چونکە چەندین جار سیاسەتی کۆمپانیاکەی پێشێلکردووە.
خامنەیی کە ٣٥ ساڵە حکومی ئێران دەکات، "لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستگرام پێنج ملیۆن فۆلۆوەرزی ھەبووە".
ئەگەرچی فەیسبوک و ئینستگرام لە ئێران قەدەغەکراون، بەڵام خەڵکی ئەو وڵاتە لەڕێی "ڤی پی ئێن"ەوە بەکاریدەھێنن.
داخستنی ھەژماری خامنەییش، ھاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ئەمریکا و ئێران لەسەر جەنگی غەززە.
ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەنوسێکی ئەمریکی رایگەیاند، روسیا بە فەرماندەیی ئەمریکای وتووە، ئەگەر دەیانەوێت جەنگ و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان رابگیرێت، دەبێت ھەناردەی چەک بۆ ئۆکراین رابگرن، بەو شێوەیە ھەموو شتێک لەماوەی چەند ھەفتەیەکدا کۆتایی دێت، دواتریش دەتوانرێت لەسەر چەند مەرجێک رێککەوتن بکرێت.
پوتن جەختیشیکردەوە لەوەی، روسیا چەندین جار پێشنیازی دانوستانی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا کردووە، بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی ئۆکراین بەڕێگەی ئاشتییانە بدۆزرێتەوە، بەڵام کەس گوێی لێنەگرتوون.
پوتن وتیشی، وڵاتانی رۆژئاوا درکیان بەوەکردووە کە روسیا شکست ناھێنێت و ئەوە ئاسان نییە، بۆیە پێویستە بیربکەنەوە کە بۆ قۆناغی داھاتوو چی بکەن.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەئیستادا ھەموو ھەوڵێکی ئەمریکا بۆ ئەوەیە زۆرترین ھاوکاری مرۆیی بگەیەنرێتە زیانلێکەوتووان و لێقەومانی کەرتی غەززە، کە بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە ئاوارەبوون و ژیانیان لەوپەڕی خراپیدایە لەگەڵ گەیشتنە رێککەوتن بە مەبەستی ئازادکردنی سەرجەم دیل و بارمەتەکان، جەختیشیکردەوە، بۆ بەدیھێنانی ئەو دوو مەبەستە ھەموو جۆرە فشارێک دەکات و ھەوڵەکانیش چڕدەکاتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لەو رەخنانەی کە زۆر بەتوندی لە بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سوپای ئەو وڵاتەکەی گرتووە و پێی ڕاگەیاندوون ئەوەیە، کە شێوازی ھێرش و وەڵامدانەوەیان بۆ سەر کەرتی غەززە لە بەرامبەر ھێرشەکانی حەماس، سنوورەکانی تێپەڕاندووە و نابێت بەو شێوەیە مامەڵە بکات.
میدیای نزیک لە حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە، بەم نزیکانە حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی دیمەشق دەکات و ئامانجی سەردانەکەش دوایین گۆڕانکارییەکانی رەوشی غەززە و ھێرشەکانی ئیسرائیلە بۆسەر خاکی سوریا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای سوریا، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ھەمان مەبەست سەردانی لوبنان و قەتەریش دەکات.
فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ ھێرشەکانی سەر سەربازانی وڵاتەکەیان، سەعات ٩:٣٠ خولەکی شەوی ٧ی ئەم مانگە لە بەغداد ئۆتۆمبێلێکان کردووەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ھێرشەکەدا فەرماندەیەکی حزبوڵای عێراقی کە بەرپرسە لە پلاندانانی راستەوخۆی ھێرشەکانی سەر ھێزەکانی ئەمریکا و بەشداربووە لەو ھێرشانەدا، کوژراوە.
دەشڵێت، ھیچ نیشانەیەک لە بارەی کوژران و زیانی مەدەنی لە ھێرشەکەدا نییە و ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ھەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی سەربازەکانی.
ئەبو باقر ساعیدی کە یەکێکە لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی لەگەڵ ئەرکان عەلیاوی، سەرکردە لە گروپی حزبوڵا لە عێراق، لە ھێرشەکەی ئەمریکادا لە بەغداد کوژران.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیە بڵاویکردەوە، بلینکن و گالانت لە تەلئەبیب باسیان لە گرنگی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین کردووە، لەگەڵ گرەنتی کردنی ئەمنییەتی ئیسرائیل.
ھەروەھا بلینکن جەختیکردووەتەوە لە گرنگی گرتنەبەری سەرجەم رێکارەکان بۆ پاراستنی مەدەنییەکان لە کەرتی غەززە. ھەوڵەکانیش بۆ خێراکردن و ئاسانکردنی گەڕانەوەی سەرجەم بارمتەکان و زیادکردنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ فەڵەستینییەکان لە غەززە خرایەڕوو.
پێشتریش بلینکن لەگەڵ بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە و پشتیوانی واشنتۆنی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی دووپاتکردەوە، چونکە پێیانوایە ئەوە باشترین رێگەیە بۆ گرەنتیکردنی ئاشتی و ئاسایشی ھەمیشەیی بۆ ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکان.
بۆ ئەو ھەڵبژاردنە زیاتر لە ٩٠ ھەزار ناوەندی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا کرایەوە و کێبڕکێ دەکرێت لەسەر بەدەستھێنانی ٣٣٦ کورسی پەرلەمان و ھەروەھا ئەندامانی پەرلەمانی ھەرێمەکانیش ھەڵدەبژێردرێن.
ھەڵبژاردنی پەرلەمانی پاکستان لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە بە رەوشێکی ئەمنی و سیاسی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و کێبڕکێیەکی توند ھەیە لەنێوان پارتەکەی عیمران خان و نەواز شەریف و بێلاوال کوڕی بێنەزیر بۆتۆ.
چاوەڕوانیشدەکرێت ئەو ھەڵبژاردنە گەڕانەوەی "نەواز شەریف" سەرۆک وەزیرانی پێشووتری لێبکەوێتەوە، کە بۆ ویلایەتی چوارەم سەرۆکایەتی حکومەتی پاکستان بگرێتەوە دەست.
١٢٨ ملیۆن کەسیش مافی دەنگدانیان ھەیە و ھەر حزبێک توانی پشتیوانی سێیەکی پەرلەمانتاران بەدەستبھێنێت، دەتوانێت حکومەت پێکبھێنێت.
ئاژانسی ھەواڵی ناوەندی کۆریای باکور بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی باڵای گەل لە کۆریای باکور بە کۆی دەنگ بڕیاریداوە سەرجەم رێککەوتنەکان کە لە بواری ئابوری لەگەڵ کۆریای باشور ئیمزاکراوە ھەڵبوەشێندرێتەوە لەنێویشیاندا ئەو رێککەوتنە تایبەتەی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەشتیاری چیای کۆمکانجی ئیمزاکرابوو .
ئەوەش لەکاتێکدا پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە گرژی زۆر بەخۆوە دەبینێت و کۆریای باکور دراوسێکەی باشوری بە دوژمن ناودەبات، ساڵی رابردووش رێککەوتنێکی سەربازی نێوانیانی ھەڵوەشاندەوە کە لە ساڵی ٢٠١٨ ئیمزا کرابوو.
ئوسامە حەمدان فەرماندە لە بزووتنەوەی حەماس لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، درێژەدان بە جەنگی غەززە ئیدارەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەخاتە بەردەم رەوشێک کە ناتوانرێت کۆنترۆڵبکرێت.
وتیشی، بە ھەموو شێوەیەک ئاگربەستی کاتیی لە غەززە رەتدەکەنەوە، رێککەوتنیش لەسەر ئاگربەست پەیوەستە بە رازیبوونی ئیسرائیل بە داواکارییەکانیان.
ئەو لێدوانەی فەرماندەکەی حەماس لە کاتێکدایە کە بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، رازی نابن بە داواکارییەکانی بزووتنەوەی حەماس، چونکە کۆمەڵکوژی و کارەساتی زیاتری بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل لێدەکەوێتەوە.
جەختیشیکردەوە لەوەی، بەردەوامی بە جەنگ دەدەن و سوپای ئیسرائیل لەماوەی چەند مانگێکدا سەردەکەوێت نەک چەند ساڵێک.
بەڵام ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ھێشتا گەشبینە و وتویەتی، دەرفەت ھەیە بۆ رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس.
شەوی رابردوو بلینکن لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، گەیشتە ئیسرائیل و بڕیارە ھەوڵەکانی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بخاتەگەڕ. ھەروەھا وەڵامی حەماس لەسەر ئەو ئاگربەستە کە بە نێوەندگیری ئەمریکا و قەتەر و میسر پێشنیازکراوە بخرێتەڕوو، کە تایبەتە بە ئازادکردنی بارمتەکان بەرامبەر بە ئاگربەست لە غەززە.
بەر لە ئیسرائیل، بلینکن سەردانی سعودیە و میسر و قەتەری کرد و لەگەڵ ھەریەک لە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە و محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی سەرۆک وەزیرانی قەتەر کۆبووەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی ماتیو میللەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەکەی میسردا ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان کە لای حەماسن تاوتوێ کراوە. لە سعودیەش، جەختکراوەتەوە لەسەر گرنگی دابینکردنی ھاوکاریە مرۆییەکان بۆ غەززە و رێگریکردن لە فراوانبوونی جەنگ.
ئەو سەردانەی بلینکن پێنجەمین سەردانێتی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لەوکاتەوەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دەستیپێکردووە.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە گفتوگۆکانی نێوان سعودیە و ئەمریکا سەبارەت بە ئاشتی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل جەختیانکردووەتەوە کە ھیچ پەیوەندییەکی دیبلۆماسییان لەگەڵ ئیسرائیل نابێت، ئەگەر بێتو دان بە دەوڵەتی فەڵەستینی سەربەخۆدا نەنرێت و ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە رانەگیرێت.
ھەروەھا ریاز داوای کردووە کۆمەڵی نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەو دەوڵەتانەی کە ئەندامی ھەمیشەیین لە ئەنجومەنی ئاسایش، بە زووترین کات دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن کە پایتەختەکەی قودس بێت، تا بەو شێوەیە گەلی فەڵەستین مافەکانی خۆی وەربگرێت و ئاشتی بەدیبێت.
بنیامین ناتانیاھۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، قۆناغی دوای شەڕ بەبێ حەماس دەبێت لە کەرتی غەززەو دووپاتیکردەوە لەماوەی چەند مانگێکی تردا سەرکەوتن بەدەست دەھێنن لە غەززە.
وتیشی، ھەوڵەکانی سوپا چڕکراونەتەوە بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان لە غەززەو سوپاش فەرمانی خۆئامادەکردن بۆ گواستنەوەی بۆ ناو رەفەح وەرگرتووە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، لە وەرچەرخانێکی مێژووییدان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دووپاتیشیکردەوە، نەرمی نواندن بۆ داواکارییەکانی حەماس دەبێتە کارەسات بۆ ئیسرائیل، ھەربۆیە جێبەجێی ناکەن.
ئەو وتانەی ناتانیاھۆ دوای کۆبونەوەی ھات لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە وەک ھەوڵێک بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززەو ھێورکردنەوەی دۆخی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کۆبووبونەوە.