رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو راپۆرتی ساڵی ٢٠٢٣ی تایبەت بە رەوشی کۆڵبەرانی رۆژھەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و ئەوەی خستووەتەڕوو، زۆرترین ئاماری کۆڵبەرانی کوژراو و بریندار لە سنوورەکانی پارێزگای سنە تۆمارکراوە کە ٢٨ کۆڵبەر کوژراون و ١٥٣ی تریش برینداربوون.
باسی لەوەشکردووە، سەرەڕای کوژرانی سەدان کۆڵبەر لە چەند ساڵی رابردودا کە ٨٥٪ـی ھۆکارەکان بە دەستڕێژی گولـلەی ھێزەکانی پاسەوانی سنور بوون، بەڵام ھیچکام لە تاوانبارانی کوژرانی کۆڵبەرانی کورد لەلایەن دەزگای دادی ئێرانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە.
بەگوێرەی راپۆرتی ھەمان رێکخراو ساڵی ٢٠٢٢ لە رۆژھەڵاتی کوردستان ٤٦ کۆڵبەر گیانیانلەدەستدابوو، ٢٤٤ تریش برینداربوو بوون.
کەناڵی سکای نیوز بڵاویکردەوە، لە بۆردومانێکی ئیسرائیلدا لە باشوری غەززە، حازم ھەنیە، کوڕی ئیسماعیل ھەنییە، سەرۆکی مەکتەب سیاسی حەماس کوژراوە.
ھاوکات میدیاکانی لوبنان بڵاویانکردەوە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل بۆردومانی ئۆتۆمبێلێکی لە بەلدە جەدرا لە باشوری لوبنان کردووە سێ کەس لە بۆردومانەکەدا کوژراون کە یەکێکیان سامر عەبدولحەمیە کە لێپرسراوی حزبوڵای لوبنانیە لەو ناوچەیەدا.
بە گوێرەی راپرسییەکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئەمریکا چیتر متمانەیان بە تواناکانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا نەماوە بۆ سەرۆکایەتیکردنی وڵاتەکەیان لە چوار ساڵی داھاتوودا.
ئەمریکییەکان ھۆکاری نەمانی متمانەیان بە بایدن بۆ لاوازی بیرەوەی دەگێڕنەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا، زیاتر لە جارێک لەکاتی وتارەکانیدا ھەڵەی کردووە.
بەپێی ڕاپرسییەکە بایدن شکستی ھێناوە لە دروستکردنی پەیوەندیەکی دۆستانە لەگەڵ دەنگدەرانیدا، ئەوەش وایکردووە بەشێک لە دەنگدەرانی متمانەیان پێی نەمێنێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، راپۆرتە پزیشکییەکانی دەریانخستووە، بایدن بەھۆی زۆری تەمەنییەوە بەڕێژەیەکی زۆر دووچاری لەدەستدانی بیرەوەری بووەتەوە.
روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، لەلایەن گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە، بە درۆن و مووشەک ھێرشکراوەتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر و سەرەتا ٢٠ موشەک ئاڕاستەی ھێزەکانی ئەمریکا کراوە، دواتریش بە درۆن بۆردومانکراون.
ئەوەشی خستەڕوو، بەھۆی بۆردومانەکەوە لەنێو ھێزە سەربازییەکانی کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر بریندار ھەیە.
راشیگەیاندووە، دوای بۆردومانکردنی کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر، ھێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی غازی کۆنیکۆش کراونەتە ئامانج و بە درۆن و مووشەک ھێرشکراوەتەسەریان، بەڵام تائێستا زیانەکان دیارنین.
سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئاژانسی نۆرس پرێسی راگەیاندووە، ئەو کەسانە دوای زنجیرە ھێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر پێگەی گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران دەستگیرکراون، بەھۆی ئەوەی گومان دەکرێت لەبارەی جوڵەی ھێزەکانی ئێران زانیارییان دابێتە ئەمریکا.
باسی لەوەشکردوە، ھەڵمەتەکە لەنێوان دێرەزور و شارۆچکەی مەیادین ئەنجامدراوە، ھاوکات چەند رۆژێکیشە ھێزەکانی حکومەت ھەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان بەھەمان ھۆکار لە رۆژھەڵاتی دێرەزور دەستپێکردووە.
لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوەوە، ژمارەیەک لە دیارترین سەرکردەکانی سوپای پاسداران لە سوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون، ئەمریکاش چەندینجار کۆگای گروپە چەکدارییەکانی نزیک لەئێرانی لەو وڵاتەدا بۆردومانکردووە.
ئەمیر عەبدوڵاھیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەیروت لەگەڵ نەجیب میکاتی سەرۆکوەزیرانی لوبنان کۆبووەوە و دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە چارەسەرێکی سیاسی بۆ شەڕی غەززە بدۆزرێتەوە، ئاماژەی بەوەشدا، ئیسرائیل جەنگ بە تاکە چارەسەر دەزانێت بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسەکە.
وتیشی، لەسەر پرسی فەڵەستین گفتوگۆ لەگەڵ سعودیە دەکەن و شەڕ چارەسەر نییەو پشتیوانی لە ھەر دەستپێشخەرییەک دەکەن بۆ کۆتاییھێنان بە شەڕی غەززە، جەختیلەوەشکردەوە ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەبێتە رۆژی کۆتایی بنیامین ناتانیاھۆ.
عەبدوڵاھیان وتیشی، لوبنان بەرەی پێشەوەی میحوەری بەرگرییە و ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەبێتە رۆژی کۆتایی بنیامین ناتانیاھۆ.
مەڕاڵ دانیش بێشتاش، کاندیدی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەمپارتی) بۆ ھاوسەرۆکایەتی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ یەکەمین پەیامی خۆی بڵاوکردەوە و ئەوەی خستوەتەڕوو، پلانی پارتەکەی ئەوەیە ئیستانبوڵ بکاتە شاری یەکسانی و ئومێد و ئاشتی.
باسی لەوەشکرد، بە ئیرادەی ژنان و بە جۆشوخرۆشی گەنجان و پشتیوانی گەل ھەڵمەتی ھەڵبژاردن دەستپێدەکەن و لەڕوی جەماوەرییەوە گەشەی زیاتر دەکەن.
بەگوێرەی نوێترین ئامار کە دەستەی ئاماری تورکیا بڵاویکردووەتەوە نزیکەی ٣٣٪ـی دەنگدەرانی ئیستانبوڵ لە بنەڕەتدا خەڵکی پارێزگاکانی باکوری کوردستانن و دەنگی ئەوان لە ھەڵبژاردنەکەی ٣١ی ئازاردا یەکلاییکەرەوە دەبێت.
پارێزگای شرناخ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چیای گابار بۆ ماوەی ١٥ رۆژی دیکە قەدەغەی ھاتوچۆ جێبەجێدەکرێت.
پێشتر سێ جار دەسەڵاتدارانی تورکیا قەدەغەی ھاتوچۆیان لە چیای گابار جێبەجێکردووە، بەوھۆیەشەوە دانیشتوانی گوندەکانی ناوچەی باسا لە سنووری پارێزگای شرنەخ لە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری دابڕاون.
مەزڵوم عەبدی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنی "زووم"ەوە بەشداری کردبوو ھۆشداریدا لە زیادبوونی پەلامار و چالاکییەکانی تیرۆریستانی داعش لە سوریا، چونکە ئاڵۆزییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەقۆزنەوە و خۆیان رێکدەخەنەوە.
وتیشی، ھێرشی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر ھێزەکانی ھەسەدە مەترسیدارە و ئەمریکاشیان لەو مەترسییە ئاگادارکردووەتەوە.
سەبارەت بە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکاش لە ناوچەکە رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و کۆشکی سپی و پنتاگۆن دڵنیاییان داونەتێ کە نوێنەرایەتییان لە ناوچەکە دەمێنێتەوە، بەڵام رەنگە سەربازانی ئەمریکا بۆ ھەمیشە لە رۆژئاوای کوردستان نەمێننەوە.
ئەحمەد تورک رایگەیاند، گەلی کورد ساڵانێکە بۆ ئاشتی و ئازادی تێدەکۆشێت و ئێستا جارێکی دیکە لە مەیداندایە بۆ دادپەروەری و یاسا و تێکۆشان.
ئاماژەی بەوەشدا، سیستمی دەوڵەتی داگیرکەر نەک تەنھا باکوری کوردستان، بەڵکو رۆژئاواش دەکاتە ئامانج. ھەروەھا زیندانیان بۆ ئازادی ئۆجالان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە، بۆیە پشتیوانیانن و لەگەڵیان دەبن، چونکە تێکۆشانی ئەوان بۆ بەھای مرۆیی و پێکەوەژیانی گەلانە.
کەنعانی رایگەیاند، ئەو ھێرشەی ئەمریکا لە بەغداد ئەنجامیدا و کوژرانی لێکەوتەوە، لە چوارچێوەی پشتیوانییەکانێتی بۆ تاوانەکانی ئیسرائیل دژی گەلی فەڵەستین.
وتیشی، ئەو ھێرشە نموونەیەکی باڵایە بۆ ئەوەی ئەمریکا دەوڵەتێکی تیرۆریستییە و سەروەری و یەکڕیزی خاکی عێراق پێشێل دەکات و پێچەوانەی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە.
کەنعانی پێشیوایە، بەردەوامی سەرکێشی ئەمریکا ھەڕەشە لە ئاشتی و ئەمنییەتی ھەرێمی و نێودەوڵەتی دەکات.
ئاژانسی رەسمی کۆریای باکوور بڵاویکردووەتەوە، کیم جۆنگ ئون سەرۆکی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، لەئێستادا یەکێک لە گەورەترین دوژمنەکانی وڵاتەکەی، کۆریای باشوورە و ئەگەر ھەر جوڵەیەک لە دژی کۆریای باکوور بکات، بەبێ بیرکردنەوە و دوو دڵی بە یەکجاری لەناوی دەبەن و ئەگەر ھێرشبکرێتە سەر کۆریای باکووریش، بڕیار و وڵامیان بەشێوەیەک دەبێت کە مێژوو دەگۆڕێت.
سەرۆکی کۆریای باکوور ئاماژەی بەوەشکردووە، مەرج نییە ئاشتی و سەقامیگری تەنھا لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە بەدیبھێنرێت، چونکە ھەندێکجار ناچار پێویستە لە رێگەی شەڕەوە ئاشتی و ئارامی بەدەستبھێنرێت.
پێشتریش ئەنجومەنی باڵای گەل لە کۆریای باکوور بە کۆی دەنگ بڕیاریدا سەرجەم رێککەوتنەکان لە بواری ئابوری لەگەڵ کۆریای باشور ھەڵبوەشێندرێتەوە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەئیستادا ھەموو ھەوڵێکی ئەمریکا بۆ ئەوەیە زۆرترین ھاوکاری مرۆیی بگەیەنرێتە زیانلێکەوتووان و لێقەومانی کەرتی غەززە، کە بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە ئاوارەبوون و ژیانیان لەوپەڕی خراپیدایە لەگەڵ گەیشتنە رێککەوتن بە مەبەستی ئازادکردنی سەرجەم دیل و بارمەتەکان، جەختیشیکردەوە، بۆ بەدیھێنانی ئەو دوو مەبەستە ھەموو جۆرە فشارێک دەکات و ھەوڵەکانیش چڕدەکاتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لەو رەخنانەی کە زۆر بەتوندی لە بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سوپای ئەو وڵاتەکەی گرتووە و پێی ڕاگەیاندوون ئەوەیە، کە شێوازی ھێرش و وەڵامدانەوەیان بۆ سەر کەرتی غەززە لە بەرامبەر ھێرشەکانی حەماس، سنوورەکانی تێپەڕاندووە و نابێت بەو شێوەیە مامەڵە بکات.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ھەواڵگری ئەمەریکا لە میانی راپۆرتێکدا بۆ کۆنگرێس ڕایانگەیاندووە، ئیسرائیل توانای شەڕی بزووتنەوەی حەماسی لاواز کردووە، بەڵام لە نەھێشتنی ئەو بزووتنەوەیە نزیک نەبووەتەوە کە ئامانجی سەرەکیی ئەو وڵاتە شەڕکەرەیە.
دەشڵێت، بەرپرسانی ئەمەریکا گومانیان لەسەر ئەوە دروستکردووە کە ئایا لەناوبردن یان نەھێشتنی حەماس ئامانجێکی واقیعییە یان نا، بەو پێیەی حەماس وەک ھێزێکی پارتیزانی لە تۆڕێکی ئاڵۆزی تونێلەکاندا خۆیان حەشاراداوە، ھەربۆیە ڕەنگە لاوازکردنی ھێزی بزووتنەوەکە ئامانجێکی بەدیھاتووتر بێت تا لەناوبردنی.
بەرپرسانی ھەواڵگری ئەمریکا جەختیان لەوە کردووەتەوە، کوشتنی فەلەستینیەکان دەبێتە ھۆی رق ئەستووری ئەوانیتر و بەمەش ھێزی حەماس زیاتر دەبێت.
ئەو راپۆرتە لەکاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ھێزەکانیان ژێرخانی بزووتنەوەی حەماس لە خان یونس ھەڵدەوەشێنن و بەوتەی خۆیان یەحیا سینوار سەرۆکی حەماس لەوێ خۆی حەشارداوە.
وتەبێژی کۆمپانیای میتا رایگەیاند، ھەژماری خامنەیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و ئینستگرام داخستووە، چونکە چەندین جار سیاسەتی کۆمپانیاکەی پێشێلکردووە.
خامنەیی کە ٣٥ ساڵە حکومی ئێران دەکات، "لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستگرام پێنج ملیۆن فۆلۆوەرزی ھەبووە".
ئەگەرچی فەیسبوک و ئینستگرام لە ئێران قەدەغەکراون، بەڵام خەڵکی ئەو وڵاتە لەڕێی "ڤی پی ئێن"ەوە بەکاریدەھێنن.
داخستنی ھەژماری خامنەییش، ھاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ئەمریکا و ئێران لەسەر جەنگی غەززە.
ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەنوسێکی ئەمریکی رایگەیاند، روسیا بە فەرماندەیی ئەمریکای وتووە، ئەگەر دەیانەوێت جەنگ و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان رابگیرێت، دەبێت ھەناردەی چەک بۆ ئۆکراین رابگرن، بەو شێوەیە ھەموو شتێک لەماوەی چەند ھەفتەیەکدا کۆتایی دێت، دواتریش دەتوانرێت لەسەر چەند مەرجێک رێککەوتن بکرێت.
پوتن جەختیشیکردەوە لەوەی، روسیا چەندین جار پێشنیازی دانوستانی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا کردووە، بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی ئۆکراین بەڕێگەی ئاشتییانە بدۆزرێتەوە، بەڵام کەس گوێی لێنەگرتوون.
پوتن وتیشی، وڵاتانی رۆژئاوا درکیان بەوەکردووە کە روسیا شکست ناھێنێت و ئەوە ئاسان نییە، بۆیە پێویستە بیربکەنەوە کە بۆ قۆناغی داھاتوو چی بکەن.