روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ئەمشەو گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، بە مووشەک ھێرشیانکردووەتەسەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لە دێرەزوور کە گەورەترین بنکەی ئەمریکایە لە سوریا و ژمارەیەک لە مووشەکەکان لە گوندی خەزرا نزیک لە کێڵگە نەوتییەکە کەوتووەنەتە خوارەوە.
دەشڵێت، ھاوکات، لەگەڵ بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا، دەنگی تەقینەوە لە سنووری گرووپە چەکدارییەکانی ئێران لە گوندەکانی دێرەزۆر بیستراوە ئەوەش لە ئەنجامی ھێرشی ئاسمانی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ سەر مەزارگەی عەین عەلی لە بیابانی مەیادین بووە.
بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە تا ئێستا، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەناو خاکی سوریا، ١١٦ جار لەلایەن گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانەوە ھێرشیانکراوەتەسەر.
پۆلیسی شارەکە رایگەیاند، چەکدارێک لە وێستگەیەکی میترۆ لە نیویۆرک تەقەی کردووە و بەھۆیەوە کەسێک کوژراوە کە تەمەنی ٣٤ ساڵە و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون، کە دوو ژن و سێ پیاون و تەمەنیان لە نێوان ١٤ بۆ ٧١ ساڵدایە.
بە وتەی پۆلیس، رووداوی تەقەکردنەکە بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزی نێوان چەند کەسێک بووە و لە وێستگەی "ماونت ئیدن ئەڤینیو" روویداوە و لێپرسراوانی شارەکەش رێوشوێنی ئەمنییان گرتووەتەبەر.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە نیویۆرک رێکارەکانی رێگریکردن لە بەکارھێنانی چەک لە شوێنە گشتییەکاندا توندترە بە بەراورد بە شارەکانی تری ئەمریکا.
ناوەندی راگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە راگەیەندراوێکدا ناوی شەش شەرڤانی ئاشکراکرد، کە پێنجیان ھەفتەی رابردوو لە دەورووبەری دێرەزور گیانیانلەدەستداو ئەوانیش "عەبدولا موسا،عودەی بەشیر، عودەی سەلمان، ھەواش جەمیل و خالد محەمەد"ن.
ھەروەھا ھەسەدە ناسنامەی ئەو شەڕڤانەشی راگەیاندووە، کە لە ھێرشێکی تورکیادا لە دەورووبەری مەنبەج گیانیلەدەستدا و ناوی "عەلی حەسان ئەحمەد"ە .
ھەسەدە جەختدەکاتەوە ئەو ھێرشانەی کراوەتە سەر شەرڤانان بێ وەڵام نابێت و ئەنجامدەرانی بە توندترین شێوە سزا دەدرێن .
وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل ھێرش و بۆردومانەکانی بۆ سەر شاری رەفەح کە دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززە دەستپێکردووە و بەھۆی بۆردومانێکیشەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە، نزیکەی ١٠٠ کەس لەو شارە کوژراون کە منداڵیشیان تێدایە و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون، سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، ئەو ھێرشە ئۆپراسیۆنێکی تایبەت بووە لە ناوچەی شابوورە لە شاری رەفەح کە بەھۆیەوە دوو دیلی وڵاتەکەیان رزگارکردووە.
بزوتنەوەی حەماسیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ھێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆسەر شاری رەفەح بەردەوامیدانە بە کۆمەڵوژی و بە زۆر کۆچپێکردنی گەلی فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیل و کۆی بەرپرسیارێتییەکەش دەکەوێتە ئەستۆی جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا.
حەماس داواشی لە کۆمکاری عەرەبی و ئەنجومەنی ھاریکاری کەنداو و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە رێگری لە تاوانەکانی ئیسرائیل بکەن.
ئاژانسی ھەواڵی کۆریای باکور رایگەیاند، ئەکادیمیای زانستی بەرگری، سەرکەوتوو بووە لە پەرەپێدانی سستمێکی نوێ کە لە رێیەوە دەتوانرێت کۆنترۆڵی موشەکە بالیستیەکان و موشەکھاوێژە جۆراو جۆرەکان بکرێت.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، سیستمەکە رۆژی ١١ ی ئەم مانگە تاقیکراوەتەوە و گۆرانکارییەکی جۆریی لە ھێزی سوپادا دروست دەکات.
سەرەتای ئەم مانگە دەستەی ئەرکانی کۆریای باشور رایگەیاند، کۆریای باکور موشەکی باڵداری لە دەریادا تاقیکردووەتەوە و کیم جۆنگ ئون سەرۆکی وڵاتەکەش داوای لە سوپاکەی کردووە ئامادەکارییەکان بۆ جەنگ فراوانتر بکەن.
لە وەڵامێکی نا راستەوخۆدا بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، یەنس ستۆلتنبێرگ ئەمینداری گشتی ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناتۆ رایگەیاند، ھەر ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ئەندامانی ناتۆ بەرگری لە یەکتری نەکەن، ئاسایشی ھاوپەیمانیەکە تێکدەدات و سەربازە ئەمریکی و ئەوروپییەکانیش دەخاتە مەترسییەوە.
دوپاتیشیکردووەتەوە، ھەر ھێرشێک بۆ سەر ئەندامانی ناتۆ وەڵامی بەھێز و یەکگرتوی دەبێت و ئەمریکاش بە ئەندامێکی بەھێزی ھاوپەیمانییەکە دەمێنێتەوە.
ھاوکات شارل میشال سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا وەڵامی ترەمپی دایەوە و و لێدوانەکەی بە ھەڵەشە ناوبرد.
جەختیشیکردووەتەوە، لەوەی کە ھاوپەیمانی ناتۆ ٧٥ ساڵە ئاسایشی ئەمریکی و کەنەدی و ئەوروپییەکان دەپارێزێت.
پێشتر دۆنالد ترەمپ لە وتەیەکیدا بۆ لایەنگرانی لە ویلایەتی ساوس ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئەگەر ھاتو لە ھەڵبژاردنی داھاتوی سەرۆکایەتی ئەمریکا براوە بێت، ئەوا بەرگری لە وڵاتانی ھاوپەیمانی ناتۆ ناکات، ئەگەر پابەندە داراییەکانیان نەدەن، بەڵکو ھانی روسیا دەدات ھێرشیان بکاتە سەر.
بات رایدەر وتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند، بەھۆی بوونی کێشەیەکی تەندروستی بەپەلە لە میزەڵدانیدا، ئۆستن جارێکی دیکە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا توشبوونی ئۆستن بە شێرپەنجەی پرۆستات راگەیەندرا و مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە، چونکە بابەتەکە بە نھێنی ھێڵدرایەوە و کەس ئاگادار نەکرابووەوە.
بەڵام وتەبێژەکەی پنتاگۆن رایگەیاند، ئەمجارە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و کۆنگرێس و جێگری ئۆستن ئاگادارن، ئەرکەکانیشی رادەستی "کاسلین ھیکس"ی جێگری کردووە.
سەرۆکایەتی تورکیا بڵاویکردەوە، ئەردۆغان دوو سەردانی لەسەریەکی گرنگ بۆ ئیمارات و میسر ئەنجام دەدات، کە رەنگدانەوەی ھەنگاوەکانی ئەنقەرەیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و ھەماھەنگی ھەرێمی.
بەپێی ئەو خشتەیەی دیاریکراوە، سبەینێ ئەردۆغان دەچێتە ئیمارات و بەشداری لە لوتکەی نێودەوڵەتی حکومەتەکان دەکات، کە لە دوبەی ئەنجام دەدرێت.
رۆژی چوارشەممەش، ئەردۆغان دەچێتە میسر، کە ئەوە یەکەم سەردانە لە دوای ١٢ ساڵ و بە خاڵێکی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دادەنرێت، کە ساڵانێکە ئاڵۆزی تێکەوتووە.
بڕیارە لەو سەردانەشدا، ئەردۆغان و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر کۆببنەوە و پەیوەندییەکان و بابەتە ھەرێمییە گرنگەکان و رەوشی غەززە و گەیشتن بە ئاشتی لە ناوچەکە، باس دەکەن.
ھەواڵگری ئۆکراین لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، مەشق و راھێنانەکە بەسەرپەرشتی سوپای پاسدارانی ئێران و بەرپرسێکی حزبوڵای لوبنان کە بە کەمال ئەبو سادق ناسراوە بەڕێوەدەچێت.
دەشڵێت، راھێنانەکە بریتییە لە شارەزابوون لە ھەڵدان و کارپێکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لە دوورەوە کۆنترۆڵ دەکرێن لە جۆرەکانی شاھد ١٣٦ و ئەبابیل ٣ و ڕەعد.
ئەوەش لەکاتێکدایە حکومەتی ئۆکراین ڕایگەیاندووە، لەمساڵدا ھەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوور مەودا بەرھەم دەھێنێت کە توانای ئاراستەکردنی ھێرشەکانیان ھەیە بۆ قووڵایی روسیا.
لە چوارچێوەی رێکارەکانی حکومەتی بەریتانیا بۆ رێگرتن لە توندوتریژییەکان لە کەناری رۆژائاوای فەڵەستین، بڕیاردرا ماڵ و موڵکی ئەو چوار ئیسرائیلییە توندڕەوە لە دەرەوەی وڵات بلۆک بکرێت.
دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، بەشێک لە دانیشتوانی کۆمەڵگە زۆرە ملێکانی ئیسرائیل، زۆربەیکات بە چەک ھەڕەشە لە فەڵەستینییەکان دەکەن و ناچاریان دەکەن زەویەکانیان بەجێبھێڵن کە ھی ئەوانە.
بەوتەی کامیرۆن، ئەو ھەڵسوکەوتانە نایاسایی و جێی قبوڵکردن نین، بەپێویستیشیزانی ئیسرائیل رێوشوێنی بەھێزتر بگرێتەبەر و کۆتایی بە توندوتیژیی بەرامبەر بە دانیشتوانە رەسەنەکانی فەڵەستینیەکان بھێنێت لە کەناری رۆژئاوا.
مانگی رابردوو ئەمریکا بە ھەمانشێوە سزای بەسەر چوار ئیسرائیلیدا سەپاند کە تۆمەتبار بوون بە ئەنجامدانی توندوتیژی دژ بە فەڵەستینیەکان لەکەناری رۆژئاوا.
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت رایگەیاند، بەپێی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پاکستان، حزبی بزوتنەوەی ئینساف، بە رابەرایەتی عیمران خان، سەرۆک وەزیری پێشووی پاکستان کە ئێستا لە زیندانە ١٠١ کورسی بەدەسھێناوە و حزبی رابیتەی ئیسلامیش بە سەرۆکایەتی نەواز شەریف ٧٥ کورسی و حزبی شەعب ٥٤ کورسی و حزبی بزوتنەوەی گەل ١٧ کورسیان بەدەستھێناوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھیچ یەکێک لە حزبەکان نەیانتوانیووە دەنگی زۆرینە بۆ پێکھێنانی حکومەت بەدەستبھێنن و بەربەست بۆ پێکھێنانی حکومەت دروست بووە بەھۆی نەبوونی متمانە لە نێوان حزبەکاندا و چەندین تانە لە ئەنجامەکان دراوە و ھەزاران لایەنگری عیمران خان لە ئیسلام ئابادی پایتەخت و پیشاوەر خۆپیشاندانیان دژی ئەنجامەکان داو پێیانوایە ساختەکاری ئەنجامدراوە.
ماسیو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بە ھەموو شێوەیەک ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەح رەتدەکەنەوە، چونکە بەبێ پلان پارێزگاری لە ھاووڵاتیانی مەدەنی ناکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رێککەوتن لەبارەی غەززە و ئازاکردنی بارمتەکان ئەستەم نییە و دەکرێت ئەنجامبدرێت.
وتیشی، پێویستە ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح کاریگەری نەکاتەسەر گفتوگۆی ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل و بەبێ ئازادکردنی بارمتەکانیش ئاشتی و ئارامی لە غە
ززە بەدینایەت.
جۆن کێربی، وتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاش رایگەیاند، دەیانەوێت ئاگربەستی مرۆیی ئەنجام بدرێت و ھیواخوازن گفتوگۆکان و ھەواڵەکانیان ئەنجامی ھەبێت.
بێزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیل لە راپۆرتێکدا لە رۆژنامەی ھارتز رایگەیاندووە، ئەو چەک و تەقەمەنییەی چەکدارانی حەماس بەکاریدەھێنن لەرێی میسرەوە دەبرێتە کەرتی غەززە بۆیە بەشێک لە بەرپرسیارێتی ھێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر لە ئەستۆی قاھیرەیە.
لە راپۆرتەکەیدا وەزیری دارایی ئیسرائیل، داوای لە قاھیرە کردووە وەک چۆن رێگە دەدات لە وڵاتەکەیەوە چەک و تەقەمەنی ببرێتە غەززە ئاواش رێگە بە دانیشتوانەکەی بدات سنورەکان تێپەڕێنن تا روو لە وڵاتی سێیەم بکەن.
لەبەرامبەریشدا وەزارەتی دەرەوەی میسر بە توندی تۆمەتەکانی وەزیری دارایی ئیسرائیل رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، بەھیچ شێوەیەک رێگەنادەن ناوی قاھیرە بۆ پەردەپۆشکردنی شکست و کەمتەرخەمییەکانی ئیسرائیل بەکاربھێنرێت.
دەشڵێت، ئەوەی وەزیری دارایی ئیسرائیل دەیەوێت درێژەدانە بە کوشتن و وێرانکاری و شکستپێھێنانی ھەوڵەکانی راگرتنی شەڕە لە غەززە.
جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، پێویستە ئاژانسی ئۆنروا بتوانێت درێژە بە کارەکانی بدات و جەختی لەوەکردەوە "کەس ناتوانێت ئەو کارە بکات لە کەرتی غەززە، ئەوەش ھاوکاتە لەگەڵ تۆمەتێکی ئیسرائیل سەبارەت بە تێوەگلانی بەشێک لە کارمەندانی ئاژانسەکە لە ھێرشەکەی حەماس.
لەسەر داوای ئیسرائیل، زۆربەی وڵاتان ھاوکارییەکانیان بۆ ئاژانسی ئۆنروا لە کەرتی غەززە ڕاگرت و لیژنەی لێکۆڵینەوە لەوبارەوە پێکھێنرا، ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە دەیانەوێت کارەکانی ئاژانسەکە ڕابگرن و جێگرەوەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، درۆنێکی تورکیا لە شاری قامیشلۆ ئۆتۆمبێلێکی لە گەڕەکی فەرمانبەران کردووەتە ئامانج و بەو ھۆیەوە کەسێک گیانیلەدەستداوە و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
دەشڵێت، ناسنامەی ئەو کەسەی گیانیلەدەستداوە نەزانراوە و تیمەکانی فریاگوزاریش گەیشتونەتەوە شوێنی روداوەکە و دەستیان بە چارەسەری بریندارەکان کردووە.
وتیشی، لایەنە ئەمنیەکان و ئاسایش ھیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر ئەو ھێرشە بڵاونەکردوەتەوە.
دادگاکە رایگەیاندووە، لە ١٩ بۆ ٢٦ی ئەم مانگەدا کۆبونەوەیەک لەسەر سکاڵایەکی ئەفریقای باشور دژی ئیسرائیل ئەنجام دەدەن کە تیایدا سوپای ئیسرائیل تۆمەتبارکراوە بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و ٥٢ وڵاتیش ئامادەییان دەربڕیووە راپۆرتی خۆیان دژی ئیسرائیل پێشکەش بکەن.
ماڵپەڕی گاردیانی بەریتانی رایگەیاند، تا ناوەڕاستی ئەم مانگە پێویستە حکومەتی ئیسرائیل راپۆرتێک لە بارەی جێبەجێکردنی شەش فەرمانی دادگای دادی نێودەوڵەتی پێشکەشی دادگاکە بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی راپۆرتێکی تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان پێدەچێت ئیسرائیل سەرپێچی فەرمانەکانی دادگای کردبێت لە پاراستنی ھاووڵاتیانی فەڵەستنی لە غەززە و دوای بڕیارەکانی دادگاش ھەزار و ٧٥٥ ھاووڵاتی مەدەنی لە بۆردومان و ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیلدا کوژراون.
لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا دادگای دادی نێودەوڵەتی شەش فەرمانی دەرکرد بۆ کەمکردنەوەی کوژرانی ھاووڵاتی مەدەنی و زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان.