جیهان

تید شیبان، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونسێف رایگەیاند، لەدوای ٢٠ مانگ لە دەستپێکردنی جەنگ لە کەرتی غەززە، لەئێستادا رەوشێکی مرۆیی زۆر سەخت لە غەززە دروست بووە و بەھۆی کەمیی خۆراک و خێرایی بڵاوبوونەوەی  نەخۆشییەکانەوە، مەترسی ھەیە ژمارەی گیانلەدەستدان لەنێو منداڵاندا زۆر زیاد بکات.

ھەروەھا ئاشکرایکردووە، رێژەی لەسەدا ٩٠ی منداڵانی غەززە کە تەمەنیان لە ٥ ساڵ کەمترە، کاریگەری یەکێک لە نەخۆشییە گواستراوەکانیان لەسەرە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

راگەیاندنی جەنگیی حوسییەکانی یەمەن بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی ئەمریکیان لە جۆری "ئێم کیو ناین" لە ئاسمانی پارێزگای حەدیدە لەرێی موشەکێکەوە کردووەتە ئامانج و کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام ئاماژەی بە زیانەکانی ھێرشەکە نەکردووە.

رۆژی دووشەممەش دوو کەشتی بازرگانی ئەمریکی و کەشتیەکی بەریتانییش لە کەنداوی عەدەن لەلایەن حوسییەکانەوە کرانە ئامانج.

چەند مانگێکە حوسییەکانی یەمەن لەکاردانەوەی ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، کەشتیە بازرگانیەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە دەریای سور دەکەنە ئامانج و بۆ وەڵامی ئەو ھێرشانەش ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی ھێزێکی سەربازییان پێکھێناوە کە چەند جارێک حوسییەکانیان کردووەتە ئامانج.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ستیفانی دوجاریک، وتەبێژی ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بەردەوامی ھێرشەکانی سەر غەززە و تێکچوونی زیاتری دۆخی مرۆیی جێگەی نیگەرانییەکی زۆریانە، بە تایبەت کە ئێستا لە غەززە ھەمووان برسین لەنێویشیاندا ٥٠ ھەزار ژنی دوو گیان ھەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، جەزائیر و ئەمریکا دوو پڕۆژەی تایبەتیان بە غەززە ئامادەکردووە و بڕیارە لە رۆژانی داھاتوودا بیخەنە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش، لە پڕۆژە بڕیارەکەی جەزائیریشدا داوای دەستبەجێ راگرتنی ھێرشەکان کراوە.
وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وتیشی، ئەوان داوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی بەپەلە و گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی و ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە دەکەن و داواشدەکەن ئەنجومەنی ئاسایش بەکۆی دەنگ  بڕیارێکی بەپەلە لەوبارەیەوە بدات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ەوە تائێستا، ھێزەکانیان ٢٩ ھەزار ھێرشی ئاسمانیان کردووەتەسەر کەرتی غەززە، ھەروەھا دوو ھەزار شوێنیش لە سوریا و لوبنان و کەناری رۆژئاوا کراونەتە ئامانج.

بەگوێرەی ئامارەکان، بەھۆی بەردەوامی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە تائێستا زیاتر لە ٢٩ ھەزار کەس لە کەرتی غەززە کوژراون کە نزیکەی نیوەیان منداڵ بوون، ھەروەھا زیاتر لە ٦٩ ھەزار کەسیش برینداربوون، ئەمە جگە لەوەی لەو ماوەیەدا ٦٥٠ ھەزار کەس لە غەززە بێ ماڵوحاڵ بوون و ٩٠٠ ھەزار کەسیش ئاوارە و دەربەدەربوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ماجد ئەنساری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕەخنەی لە لێدوانەکانی بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرت کە تیایدا داوای لە قەتەر کردبوو فشاربخاتەسەر حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، جگە لە ھەوڵێکی نوێی خۆی بۆ درێژکردنەوەی شەڕ ھیچی دیکە نییە.

ئەنساری باسی لەوەشکردووە، لەیەکەم رۆژی ھەڵگیرسانی شەڕەوە قەتەر ھەوڵی نێوەندگیری داوە و بە پێویستی زانیوە بارمتەکان ئازادبکرێن.

ھاوکات رۆژنامەیەکی ئیسرائیلییش لەسەر زاری ناتانیاھۆوە بڵاویکردەوە، جگە لە قەتەر کەس ناتوانێت فشار لە حەماس بکات بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان، بەوتەی رۆژنامەکە، قەتەر میوانداری سەرکردەکانی حەماس دەکات و لە ڕووی داراییەوە ھاوکاری دەکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بینی غانتس وەزیری ئەنجومەنی جەنگی ئیسرائیل رایگەیاند، دەبێت جیھان و سەردەکانی بزوتنەوەی حەماسیش بزانن ، ئەگەر تا مانگی رەمەزان بارمتەکان نەگەرێنەوە ماڵەکانیان، ئەوا شەر بەردەوام دەبێت و ھێرشە زەمینییەکان شاری رەفەحیش دەگرنەوە .

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ھێرشی زەمیینی بۆ رەفەح بە شێوەیەکی  رێکخراو دەبێت و سەرەتا کارئاسانی بۆ گواستنەوەی مەدەنییەکان دەکەن لەو شارە لە رێی دانوستان لەگەڵ ھاوبەشە ئەمریکی و میسرییەکانیانەوە ئەوەش بەو ئامانجەی بەپێی توانا ژمارەی قوربانییە مەدەنییەکان کەمبکەنەوە.

وەزیری ئەنجومەنی جەنگی ئیسرائیل راشیگەیاندوە، دەبێت چەکدارانی حەماس خۆیان رادەست بکەن و بارمتەکانیش ئازاد بکەن، بەو شێوەیش دانیشتوانی غەززە دەتوانن جەژنی رەمەزان بگێڕن .

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جۆزێپ بۆرێل رێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە کۆنگرەی میونشن بۆ ئاسایش رایگەیاند، رەوشی ئێستای کەناری خۆرئاوا ئاستەنگێکی گەورەیە لەبەردەم بەدیھێنانی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و پێویستە یەکێتی ئەوروپاش پشتیوانی دەستپێشخەری وڵاتانی عەرەبی بکات بۆئەوەی دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین کەرتی غەززە و کەناری خۆرئاواش بگرێتەوەو لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا بن.

وتیشی، ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەناری خۆرئاوا لە فەڵەستین چڕبووەتەوە و رەوشی ئەو ناوچەیەش بەشێوەیەک ھەڕەشە و مەترسی لەسەرە کە ھیچی کەمتر نییە لە مەترسییەکانی سەر غەززە و ئەگەر رێگری لێنەکرێت لە ھەر کاتێکدا بێت زۆر بە خراپی دەتەقێتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ھەفتانەیدا و لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردسات نیوز لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق رایگەیاند، پەیوەندی ئێران و عێراق لە باشترین بارودۆخی خۆیدایە لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و ھاوکاری ئەمنی و لە بەرەوپیشچوونی بەردەوامدایە.

وتیشی کاردەکەن بۆ جێبەجێکردنی ھەموو بەشەکانی رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق، بۆ رێگریکردن لە گروپە چەکدارەکان تا نەبنە مەترسی لەسەر ئاسایشی سنورەکان.

لەبارەی پرسی دەرکردنی ھێزە بیانییەکان لە عێراق، کەنعانی دەڵێت بوونی ھێزە بیانییەکان لە عێراق یارمەتیدەر نابێت بۆ سەقامگیربوونی ئاسایش و دەبێت حکومەت و گەلی عێراق بڕیار لەسەر ھێزە بیانییەکان بدەن.

باسی لەوەشکرد، پشتیوانی لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن بۆ دەرکردنی ھێزە بیانییەکان و ھیزە عێراقییەکان توانای پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان ھەیە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مایک تێرنەر سەرۆکی لیژنەی ھەواڵگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، بەپێی زانیارییە ھەواڵگرییەکان روسیا سیستمێکی بەرگری مووشەکیی دژە مانگی دەستکردی گەشەپێداوە کە جۆرێکە لە چەکی ئەتۆمی و ئەوەش ھەڕەشە و مەترسییەکی جددییە لە بواری ئاسمانی و گەردوونیدا بۆسەرجەم ئەو وڵاتانەی مانگی دەستکرد رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکەن بە ئەمریکاشەوە.

وتیشی، لەئێستادا ئیدارەی ئەمریکا بەسەرپەرشتی جەیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیستمەی روسیا و لە چەند رۆژی داھاتووشدا بە مەبەستی گفتوگۆی زیاتر لەسەر ئەو پلانە لەگەل لێپرسراوانی کۆنگرێسی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.

لە بەرامبەریشدا سێرگی ریابکۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا ئەو زانیارییانەی ئەمریکای رەتکردووەتەوە کە وڵاتەکەی بە نیازیی جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی دژە مانگی دەستکرد بێت لە گەردووندا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەحیا سەریع وتەبێژی سەربازی حوسییەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کەشتییەکی بارھەڵگری بەریتانیان بە ناوی "روبیمار" لە کەنداوی عەدەن بە چەند مووشەکێک کردووەتە ئامانج و بەھۆی ئەو زیانە گەورەیەی بەریکەوتووە، مەترسی نقومبوونی لەسەرە، بەڵام تیمی کەشتییەکە بە سەلامەتی چونەتە دەرەوە. 

وتیشی، حوسییەکان ھەروەھا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکایان لە حودەیدە خستووەتە خوارەوە.

کۆمپانیای ئمبری بەریتانیش بۆ ئاسایشی دەریایی رایگەیاند، ئەو کەشتییە ئاڵای "بیلیز"ی لەسەرە و لە بەریتانیا تۆمارکراوە و لوبنان بەڕێوەی دەبات، لە گەرووی بابولمەندەب دووچاری ئەو ھێرشە بووە، بەڵام تیمەکەی سەلامەتن. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمپانیای ئێمپری بەریتانی رایگەیاند، کەشتیەک کە خاوەنەکەی ئەمریکییە و ئاڵای یۆنانی ھەڵکردووە دووجار لە رۆژھەڵاتی عەدەنی یەمەن لە ماوەی دوو سەعاتدا ھێرشکراوەتەسەری، بەڵام تیمی ناو کەشتیەکە ھیچ زیانێکی گیانیان پێنەگەیشتووە. 

مدیایەکی نزیک لە حوسییەکان رایگەیاند، ئەمریکا و بەریتانیا بۆردومانی چەند پێگەیەکی حوسییەکانیان لە شاری حودەیدیەی یەمەن کردووە.

میدیایەکی بەریتانیاش ئاماژەی بەوەکردووە، کەشتیەکی وڵاتەکەیان لە نزیک عەدەن ھێرشکراوەتەسەری و موشەکەکان لە نزیک چەند مەترێک لە کەشتیەکە کەوتوونەتە خوارەوە.

ھاوکات، یەحیا سەریع وتەبێژی سەربازی حوسییەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کەشتییەکی بارھەڵگری بەریتانیان بەناوی "روبیمار" لە کەنداوی عەدەن بەچەند مووشەکێک کردووەتە ئامانج و بەھۆی ئەو زیانە گەورەیەی بەریکەوتووە، مەترسی نقومبوونی لەسەرە، بەڵام تیمی کەشتییەکە بە سەلامەتی چونەتە دەرەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی کاروانێکی ھاوکاری سەربازییان رەوانەی بنکەیەکیان لە "خراب جبیر" لە ریفی رمێڵان لە باکوری حەسەکە کردووە، کە لە ١٧ بارھەڵگر پێکھاتبوو. 

دوای گەیشتنی ئەو ھاوکارییانەش، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە"، مەشقی سەربازی ھاوبەشیان دەستپێکردووە، مەشقەکە لە بنکەی ھاوپەیمانان بووە لە تل بیدر لە باکوری حەسەکە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یولیا ناڤالنایا ھاوسەری ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی دیاری ئۆپۆزسیۆنی روسیا رایگەیاند، پوتن ناڤالنی ھاوسەری و باوکی منداڵەکانی کوشت و ئەو دەیەوێت بەو کارەی ھیوا و ئازادی و داھاتوویان بکوژێت. 
دەشڵێت، ناڤالنی لە زیندان دووچاری مامەڵەی خراپ بووەوە و کۆشەگیرکرابوو، دەسەڵاتدارانی روسیا دەستەوەستان بوون لە راگرتنی، بۆیە پوتن کوشتی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، درێژە بە کارەکانی ھاوسەرەکەی دەدات و بەردەوام دەبێت لەپێناو وڵات و ھاووڵاتیان و روسیا و داوای یەکڕیزی دەنگی ئۆپۆزسیۆن دەکات و لە دژی پوتن و دەستەکەی دەجەنگێت کە دەیانەوێت وڵاتەکە وێرانبکەن، داوای سزادانی پوتنیش دەکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی جەلال و ئاکۆ لەلایەن ھێزە حکومەتییەکانی ئێرانەوە لە سنووری ھەنگەژاڵی بانە دەستبەسەرکراون، دوای ئەشکەنجەدان و لێدان، لە پشتەوە تەقەیان لێکرا و لە ئەنجامدا ئەو دوو کۆڵبەرە برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی سەلمان ئەمیری کە خەڵکی مەریوان بەھۆی بەربوونەوە لە بەرزایییەکانی سنووری نەوسوود بەسەختی برینداربوو، بەھۆی ناجێگیری رەوشی تەندروستی لە نەخۆشخانەی پاوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی کرماشان گواستراوەتەوە و نەشتەرگەری بۆ کراوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سیسی لە میانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی نەوتی میسر وتی، ڕێڕەوی کەشتیوانی کە ساڵانە نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار داھاتی ھەیە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەڕێژەی ٤٠ بۆ ٥٠٪ دابەزیووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئابووری میسر بەھۆی کۆرۆنا و شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا و ناسەقامگیری سنوورەکانی لیبیا و سودان و کەرتی غەززە و دووچاری قەیران بووە.

لای خۆیەوە، لیوا ئوسامە ڕەبیع سەرۆکی دەستەی نۆکەندی سوێس ڕایگەیاند، داھاتی ھێڵی کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە ٨٠٤ ملیۆن دۆلارەوە کە لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا تۆمارکرابوو بۆ ٤٢٨ ملیۆن دۆلار لە ماوەی ھەمان مانگی ئەمساڵدا دابەزیووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ناتانیاھۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل دەبێت ئۆپراسیۆنەکەی بۆ سەر شاری رەفەح ئەنجامبدات و بچێتە ئەو شارەوە، چونکە ئەگەر ئەوە نەکەن بە مانای دۆڕاندنی جەنگ دێت لەبەرامبەر بزووتنەوەی حەماس، بۆیە تەنانەت ئەگەر رێککەوتن لەسەر رزگرکردنی ئەو بارمتانە بکرێت کە لە غەززە ماون، دەبێت ئەو ئۆپراسیۆنە بکرێت.

 ناتانیاھۆ بەڵێنیشیدا بە لەناوبردنی تەواوەتی بزووتنەوەی حەماس، چونکە ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو ئەو ئۆپراسیۆنەیان دژی ئیسرائیل ئەنجامداوە. 

ئەو لێدوانەی ناتانیاھۆ لەکاتێکدایە پلانی ئیسرائیل بۆ ھێرشکردنە سەر رەفەح نیگەرانی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە، ئەمریکاش داوای لێکردووە ئەو ئۆپراسیۆنە ئەنجام نەدات.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...165166167168169...535