لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی بازرگانی عێراق بڵاویکردەوە، لەسەر پێشنیازی وەزیری کشتوکاڵ بۆ ئەنجومەنی وەزارەی بۆ کاروباری ئابوری، بڕی ١٠٠ ھەزار دینار زیادکراوە بۆ نرخی ھەر تۆنێک لە گەنمی ئەمساڵ کە لە جوتیاران وەردەگیرێت.

بە گوێرەی بڕیارەکەش ئەمساڵ بۆ ھەر تۆنێک بڕی ٨٥٠ ھەزار دینار دەدرێت بەو جوتیارانەی گەنمەکانیان ڕادەستی وەزارەتی بازرگانی دەکەن.

غەریب ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، خزمەتکردنی کەرتی کشتوکاڵ و جوتیارانی ھەرێمی کوردستان دەکەن بە کاری لەپێشینەیان.

پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، نرخی وەرگرتنی ھەر تۆنێک بەرھەمی گەنمی ئەمساڵی لە جوتیاران بە ٧٥٠ ھەزار دینار خەمڵاندبوو.