دوو پۆستی وزاری تر لە حکومەتی عێراق بۆ کورد یەکلابوونەوە
کوردسات نیوز
٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەست کوردسات نیوز کەوتووە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ھەردوو پۆستی وەزارەتی ژینگە و ئاوەدانکردنەوە رێککەوتن، وەزارەتی ژینگە بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان یەکلابوونەوە.
بڕیارە لە کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەراندا کاندیدانی ئەو دوو وەزارەتە بێنە ئەنجومەنەکە و متمانە وەربگرن، بەوەش لە کابینەی سودانیدا، کورد ٤ وەزارەت، شیعە ١٢ وەزارەت و سونە ٦ وەزارەتیان ھەیە.
لە کۆتاییەکانی مانگی ١٠ی ئەمساڵ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی رەھا متمانەی بەخشییە ٢١ وەزیری کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لە کۆی ٢٣ وەزیر، تەنھا وەزارەتەکانی ژینگە و ئاوەدانکردنەوە بەھۆی یەکلانەبوونەوەی کاندیدەکانیان، متمانەیان پێنەدرا. ھەر لەو کابینەیەدا، "خالید شوانی" لەسەر پشکی یەکێتی بە وەزیری داد و "فوئاد حسێن" لەسەر پشکی پارتی بە وەزیری دەرەوە ھەڵبژێردران.