غەریب ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، بەغداد سوورە لەسەر وەرگرتنەوەی ١٠٠٪ی داھاتی نانەوتی ھەرێم و گەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی عێراق و دواتر دابەشکردنی بەسەر پارێزگاکاندا، بەڵام تائێستا ھەرێم ئامادەنییە ١٠٠٪ی ئەو داھاتە رادەستی بەغداد بکات.
ئەوەشی خستەتەڕوو، تەنھا رێگاچارە لەئێستادا بۆ ھەرێمی کوردستان رازیبوونە بە داواکەی بەغداد و گەیشتنە بە رێککەوتن.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە دەشڵێت، رازینەبوونی ھەرێم بە داواکەی بەغداد بۆ رادەستکردنی تەواوی داھاتی نانەوتی، تەنھا دواکەوتنی مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی لێدەکەوێتەوە.
بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی پەروەردە، لە ھەردوو خولی یەکەم و دووەمی ئەمساڵدا ٤٧ ھەزارو ٦٩٢ خوێندکار لە پۆلی ١٢ی ئامادەیی دەرچوون کە رێژەکەیان دەگاتە ٤٥٪ و پۆینت ٨٩.
وەزارەتی پەروەردە تا رۆژی ٢٢ی ئەم مانگەی وەک ماوەی پەڵپدانی لە ئەنجامەکان بۆ خوێندکاران داناوە، کە دەتوانن لە رێگەی ئەو لینکەی دایانناوە خوێندکاران پەڵپ لە ئەنجامەکان بگرن.
دەشڵێت، لە پێش کۆتایی ئەم مانگە داتا و کۆنمرەی ھەموو قوتابیان و خوێندکاران پێشکەش بە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکەن.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پێشبینی دەکرێت سبەینێ ھەینی و دوو سبەی ئاسمانی ھەرێم نیمچە ھەور بێت و لە ناوچە شاخاویەکان ھەوری تەواو بێت.
دەشڵێت، ئێوارەی رۆژی شەممە بەھۆی چڕ بوونەوەی ھەورەکان لە ناوچە شاخاویە سنوریەکانی ھەولێر، ئەگەری کەمێک نمە باران و ھەورە بروسکە ھەیە ھەروەھا پلەکانی گەرما یەک پلە نزم دەبنەوە.
رەنج پشدەری چالاکوانی بواری کۆچبەران رایگەیاند، ئەو کۆچبەرە کوردو ئەفغانیانە ژمارەیان ٨١ کۆچبەرەو بەھۆی شەپۆلی زۆرەوە لەدەریایی ئیجە گیریانخواردوەو داوای بەھاناوەچون دەکەن.
وتیشی، ئەو کۆچبەرانە ژن و منداڵیشیان لەگەڵدایە، بەھۆی ناجێگری دۆخی کەشوھەواوە گیریان خواردووە، بەڵام تائێستا سەرجەم کۆچبەرەکان سەلامەتن.
ئەو چالاکوانەی بواری کۆچبەران ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان رێکخراوەکان و ھێزی دەریایی یۆنانیان ئاگادارکردووەتەوە و بڕیارە بچن بەھانایانەوە.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم رایگەیاند، وەفدی حکومەتی ھەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مووچە و شاستە داراییەکانی ھەرێم گەڕاوەتەوە بەغداد و شەوی رابردوو لە باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
ھاوکات پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەکانی وەفدی حکومەتی ھەرێم و عێراق لە بەغداد بەردەوام دەبن.
بە پێی زانیارییەکانیش، تەنھا ناکۆکی لەنێوان ھەرێم و بەغداد مابێت لەسەر بابەتی رادەستکردنی داھاتە نانەوتییەکانە کە حکومەتی فیدراڵ داوای رادەستکردنی تەواوی داھاتەکەی لە ھەرێم دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش وەفدێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و چەند رۆژێک وردبینیان بۆ داھاتە ناوخۆییەکان کرد.
ھاوکات پێشەوا ھەورامانی وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی یەکشەممەی داھاتوو وەفدێکی دیکەی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر رەشنووسی یاسای نەوت و غازی فیدڕاڵی، سەردانی بەغداد دەکات و لەگەڵ وەزارەتی نەوت کۆدەبێتەوە.
وتیشی، ئەوان چاوەڕێدەکەن بەمزووانە بەغداد مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێم بنێرێت، چونکە ھیچ پاساوێکیان بۆ حکومەتی عێراق نەھێشتووەتەوە کە بیکاتە بیانوو بۆ نەناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم.
"زێدان محەمەد ئەمین" برای "گوھدار زێباری" بە کوردسات نیوزی وت، بەپێی بڕیاری دادگا، ئەمڕۆ دوارۆژی گوھدار زێبارییە لە زیندانی چاکسازی گەورانی ھەولێر و ئازاد دەکرێت.
وتیشی، دوای ئەوەی ھەموو رێکارە یاساییەکان تەواودەبن، دەیگەڕێننەوە گوندی "ھەشتکا" لە ئاکرێ.
گوھدار زێباری رۆژنامەوان و چالاکوانێکی بادینانە و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی بە ٦ ساڵ زیندانی سزادرا، بەڵام بە بڕیاری سەرۆکایەتی ھەرێم سزاکەی کەمکرایەوە.
بە ئازادبوونی گوھدار زێباری، تەنھا شێروان شێروانی رۆژنامەنووسی بادینان لە زیندان دەمێنێتەوە، کە لە ماوەی رابردوودا ٤ ساڵی دیکە زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سێ رۆژە ئاوی زێی بچووک لەلایەن ئێرانەوە بە تەواوەتی گیراوەتەوە و ئەو ئاوەی بۆی دەچێت تەنھا لە کانی و سەرچاوە بچووکەکانەوەن، تا ئێستاش دیار نییە کە ئێران کەی ئاوەکە بەردەداتەوە.
وتیشی، گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک کاریگەری لەسەر دانیشتووانی قەڵادزێ دروستکردووە و چەندین گەڕەک کێشەی ئاوی خواردنەوەیان بۆ دروستبووە. ھەوەرھا کاریگەری لەسەر چەندین پڕۆژەی کشتوکاڵ و حەوزی ماسی دروستکردووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشکرد، ھەر بەھۆی گرتنەوەی ئاوەکە، ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان کەمبووەتەوە و، چونکە بەشێک لە ئاوەکەی لە زێی بچووکەوە بۆ دەچێت.
نەبیل مەرسومی، پسپۆڕی ئابوری ئاشکرایکردوە، تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم شەش مەرجی بۆ حکومەتی عێراق دیاریکردوە مەرجی یەکەمیشی راگرتنی ئەو رێککەوتنەیە کە لەماوەی رابردوودا لە نێوان عێراق و ئێراندا کراوە بۆ ئاڵوگۆڕی نەوت بەرامبەر بە غاز لەبەرئەوەی تورکیا و ھەرێم گرێبەستی پەنجا ساڵەیان کردووە.
مەرجی دووەمی تورکیا تایبەتە بە بابەتی قەرەبووکردنەوەی عێراق لەبەرامبەر رێگەدانی بە ھەناردەی نەوتی ھەرێم کە بڕەکەی ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە، مەرجی سێیەمیش کشاندنەوەی سکاڵای دووەمە کە بەغداد بۆ قەرەبووکردنەوەی لە ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٢ لە دادگای نێوبژیوانی تۆماری کردووە.
مەرجی چوارەمی تورکیا بەردەوامبوونی ئەو داشکاندنەیە کە لە نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆی کراوەو بۆ ھەر بەمیلێک نەوت ١٣ دۆلارە. بەوتەی نەبیل مەرسومی تورکیا داواشیکردوە، پێدانی کرێی گواستنەوەی نەوت بە کۆمپانیای بوتاش بەردەوام بێت کە بۆ ھەر بەرمیلێک حەوت دۆلارە ، مەرجی شەشەمیش کە تورکیا بۆ عێراقی دیاریکردووە، بریتییە لەوەی عێراق تێچووی چاککردنەوەی ھێڵی نەوتی عێراق – تورکیا لە ئەستۆ بگرێت.
لەدوای بڕیاری دادگای نێوبژیوانی لە بەرژەوەندی سکاڵایەکی عێراق کە دژی رێگەدانی تورکیا بە ھەناردەی نەوتی ھەرێم لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠١٨ تۆماری کردبوو، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئادارەوە بۆ تورکیا راگیراوەو ھەوڵەکانی عێراق بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ تورکیا بێئەنجام بوون.
فیدراسیۆنەکە لە راگەیەنراوێکدا کە ئاڕاستەی دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان و نوێنەری وڵاتان و رایگشتی کردووە رایگەیاندووە، دوای چوار ساڵ زیندانیکردن، لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا، دادگای ھەولێر جارێکی دی سزای چوار ساڵی دیکە زیندانی بەسەر ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی)دا سەپاند.
دەشڵێت، بڕیاروایە لە داھاتوویەکی نزیکدا، دادگای پێداچوونەوەی ھەولێر وەک پلەی کۆتایی حوکمەکە، چاو بەدۆسیەکەدا بخشێنێتەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەوە وەربگرێت، بۆیە پێویستە بەرلە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە، لە رێگەی ھەوڵدانی بەیەکەوەیی و دروستکردنی فشاری بەکۆمەڵ کارێک بکرێت کە دادگا پێداچوونەوە بە دۆسیەکەدا بکات و بڕیاری ئەرێنیشی لەبارەوە بدات.
فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ لەسەر ئەو پرسە داواشیان لە نوێنەرایەتی وڵاتان و رێکخراوەکان کردووە، چالاکی و فشارەکانیان بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی و بڕیاربەدەستانی ھەرێم و دەسەڵاتی دادوەری چڕتر بکەنەوە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆماری عێراق:
برای بەڕێز کاک مەسعود بارزانی
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
سڵاوی خودای گەورەتان لێ بێت
بەبۆنەی حەفتا و حەوتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، خۆشحاڵم کە گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان بکەم و لە ڕێگەی ئێوەوە پیرۆزبایی لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی و بنەماڵەی شەھیدان و تەواوی ئۆرگانەکان و ئەندامان و پێشمەرگە و جەماوەری حیزبە تێکۆشەرەکەتان و ھەموو گەلەکەمان دەکەم.
لە کاتێکدا دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبیردەھێنیەوە، لەم قۆناغە گرنگەدا لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لەعێراق لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش ھەیە.
لە پێناوی پتەوکردن و پەرەپێدانی بنەماکانی دیموکراسیەت لە واقیعی عێراقدا و جێبەجێکردنی مادە دەستوورییەکان بۆ دڵنیابوون لە بەدیھێنانی خواست و ئارەزووەکانی گەلی عێراق. ئێمە ئیلھاممان لە گیانی خۆڕاگری و ئەو ویستە بەھێزی حزبە تێکۆشەرەکەتان وەرگرتووە، بە ئامانجی بەدیھێنانی ئاشتی وئارامی و چەسپاندنی سەقامگیری و سەروەری یاسا و مسۆگەرکردنی مافەکانی ھاوڵاتیان و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ژیانێکی شکۆمەند لە کوردستان و ھەموو عێراق.
لەخودای گەورە داواکارین کە حیزبە تێکۆشەرەکەتان بەردەوام بێت لە ڕێبازەکەی لە پێناوی یەکڕیزی گەلی عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە و ھیوای تەندروستی و سەرکەوتنی ھەمیشەییتان بۆ دەخوازم .
سڵاو لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنیدا
نەمری بۆ شەھیدان
لەتیف جەمال ڕەشید
سەرۆک کۆمار
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی:
بەڕێزان خانەوادەی کاک محەمەد حاجی موشیر
بەبیستنی هەواڵى کۆچی دوایی کەسایەتی دیاری جاف (محەمەد حاجی موشیر)، نیگەران و دڵگران بووم.
کۆچکردوو ڕۆڵەی بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و جوامێری کوردایەتی و نەبەردی یەکێتی و برای شەهیدی سەرکردەمان (شەوکەتی حاجی موشیر) بوو، کۆچکردنی جێگای ئەسەفی هەموومانە.
بۆ ئەم خەمە، پرسەو سەرەخۆشی لەخێزان و خانەوادە نیشتمانپەروەرەکەتان دەکەم و هاوبەشی خەمتانم.
خواى گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت و جێی بەهەشت بێت، سەبورى و دڵنەواییش بەهەموو لایەک ببەخشێت.
انا لله و انا الیه راجعون
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی:
بەڕێز کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەڕێزان جێگران و سەرکردایەتی پارتی
بە بۆنەی یادی ٧٧ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و ئەندامان و جەماوەری پارتی دەکەم و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
لەم یادەدا جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی خێرای کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان لەڕێگەی گفتوگۆی بنیاتنەرانەوە. بۆ ئەو مەبەستەش ھەم خەڵک و ھەم دۆستان و خەمخۆرانی گەلەکەشمان، چاویان لە ھەنگاوی کردەییە لەلایەن جەنابی کاک مەسعود بارزانی و جەنابی سەرۆک بافڵ و سەرۆک و سەرکردایەتی لایەنەکانی دیکە، بۆ ئەوەی بە یەکڕیزی و یەک گوتاریی نێوان لایەنە کوردستانییەکان بتوانین پێگەی ھەرێمی کوردستان بەھێز بکەینەوە و پێکەوە باشتر داکۆکی لە مافە دەستورییەکانی ھەرێم بکەین.
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
لە راگەیەنراوێکیدا د.نەرمین مەعروف باسلەوەدەکات، کۆبوونەوەکەیان لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکانیاندا بووە بۆ مافەکانی ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و گفتوگۆیان لەبارەی ژمارەیەک پرسەوە کردووە، لەوانەش کێشەی خاوەندارانی ٢٥ دیناری کە نزیکەی ٣٠ ساڵە قەرەبوونەکراونەتەوە.
دەشڵێت، باسیان لەدابینکردنی دۆلار بە نرخی رەسمی بۆ بازرگانانی خاوەن بازرگانی بچووک و مامناوەندا لە ھەرێم کردووەو لەگەڵ کردنەوەی لقی سلێمانی بانکی ناوەندی و دووبارەکردنەوەی لقەکانی بانکی رەشید و رافیدەین لە ھەرێم.
د.نەرمین مەعروف باس لەوەدەکات، پارێزگاری بانکی ناوەندی سەرەڕای ھەڵوێستی ئەرێنی ھاوکات بەڵێنیداوە کاری جددی لەسەر پرسەکان بکەن و لەئایندەیەکی نزیکدا جێبەجێیبکەن.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، گۆھدار زێباری کە بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی تاکو ئێستا ئازاد نەکراوە و کاتی ئازادبوونیشی نادیارە.
ھەروەھا، بڕیاربوو تیمی پارێزەرانی بادینان و کەسوکاری گۆھدار زێباری کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەسەر پرسی ئازادنەبوونی ناوبراو و رۆژنامەنووس شێروان شێروانی ئەنجامبدەن، بەڵام ئاسایشی ھەولێر رێگەی بە ئەنجامدانی کۆنگرەکە نەدا.
پێشتر کارزان دزەیی لە تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان بە کوردسات نیوزی راگەیاندبوو، گۆھدار زێباری گواستراوەتەوە بۆ ئاسایشی ھەرێم و چاوەڕێی تەواوبوونی رێکارەکان بۆ ئازادبوونی.
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان...
کەسوکارو خانەوادەی سەربەرزی شەھیدی سەرکردە کاک شەوکەتی حاجی موشیر
بەڕێزانمان لە خزمانی عەشیرەتی یاروەیسی جاف
بەداخ و خەمێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی کۆمەڵایەتی و دیاری عەشیرەتی یاروەیسی جاف ( محەمەد حاجی موشیر ) برای شەھیدی سەرکردە کاک شەوکەتی حاجی موشیرمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە پرسەو ھاوخەمی خۆمان ئاڕاستەی ئێوەو بنەماڵە تێکۆشەرو سەربەرزەکەتان دەکەم کە لە قۆناغەکانی خەباتی کوردایەتی و شۆڕشی نوێ رۆڵتان دیارو بەرچاوە .
لەخوای گەورە داواکارین گیانی کۆچکردوو بەبەھەشتی بەرین شادبکات ، سەبووری و ئارامیش بە ھەموولایەک ببەخشێت .
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان