وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، دوابەدوای بڕیاری وەزارەتی تەندروستی بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر گرتە ڤیدیۆیەکی پێشێلکردنی مافی منداڵێکی تازە لەدایکبوو لە نەخۆشخانەی (اربیل ئینتەرناشناڵ)ی ئەھلی، وەزارەتی تەندروستی لەڕێگەی تیمی پشکنین و بەدواداچوون سەردانی مەیدانی نەخۆشخانەی ناوبراویان کرد بۆ بەدواداچوونی ئەم دیاردەیە.
ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی ڕاپۆرتی ژمارە (١١٢) لە ڕێکەوتی ٢ی ٨ی ٢٠٢٣ و پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆش ڕاسپاردەکانی لیژنەی بەدواداچوون بڕیار درا بە دوورخستنەوە، سڕکردن و لەکار ڕاگرتنی ھەردوو کارمەندی نەخۆشخانە بە ناوەکانی (گ.ع.ع) و (س.ێ.م) لە کارکردن لەبواری پزیشکی و تەندروستی بۆ ماوەی شەش مانگ، لە نەخۆشخانەی ناوبراو، سەڕەڕای نەبوونی رێگەپێدانی کارکردنی ئەم دووکارمەندە لە لیستی نەخۆشخانە.
راشیگەیاند، بڕیاردرا بە داخستنی بەشی منداڵە ناکامەکان و راگرتنی نەشتەرگەری منداڵبوون لە نەخۆشخانەکە، بەھۆی نەبوونی مەرجی تەندروستی تا ڕێکخستنەوە و پەیڕەوکردنی مەج و ڕێنماییەکانی تەندروستی.
ئاشکراشیکرد، بڕیاری سزای بەڕێوبەر و نەخۆشخانە بەپێی رێنمایی پێبژاردنی سەرپێچی و ئاگادارکردنەوەی بەڕێوبەری نەخۆشخانە بۆ کارکردنی پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە بەپێی لیستی رێگەپێدرا و لە وەزارەتی تەندروستی.
لە راگەیاندراوەکەدا باسلەوەشکراوە، دۆسیەی سەرپێچی کردن و پێشێلکردنی مافی نەخۆش بۆ دادگای تایبەتمەند ھەواڵەکراوە.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە ماوەکەی ٢٥ چرکەیە، دوو پەرستار لە نەخۆشخانەیەک لە شاری ھەولێر دەردەکەون کە ئازاری منداڵێکی تازە لەدایکبوو دەدەن، ڤیدیۆکەش لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە.
پلاسخارت لە ھەولێر لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی ھەرێم کۆبووەو گفتوگۆ لەبارەی رەوشی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان لە ناوچە جیاجیاکانەوە بۆ قەزاکە کرا.
لە نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ ھەرێم و بەغداد رێککەوتنێکیان بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی شەنگال ئیمزاکرد، بە پێی رێککەوتنەکە ئیدارەیەکی ھاوبەش بۆ قەزاکە دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنی قەزاکە دەدرێتە دەست پۆلیسی ناوخۆیی و پاراستنی دەرەوەی قەزاکەش بە سوپا و ھێزی پێشمەرگە دەسپێرێت، بەڵام تا ئێستا رێککەوتنەکە جێبەجێنەکراوەو بەشێکی زۆری ئاوارەکانی قەزاکە لە کەمپەکاندا دەژین.

دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمای کوردستان...
بەڕێزان بنەماڵەو کەس وکارو خانەوادەی تێکۆشەر وفەرماندەی دێرین کاک نیاز جەلال بەگ ناسراو بەنیاز دەرگەڵەیی
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی شەھید کردنی تێکۆشەری دێرینی خەبات و کوردەواری کاک نیازمان پێگەیشت .بۆ ئەم خەمە قوڵە ماتەمینی خۆمانتان پێڕادەگەیەنین .
کاک نیاز پەروەردەی بنەماڵەیەک بوو کەلەناوچەکانی باڵەکایەتی و ڕواندز و سۆراندا نموونەی بەرخودان و تێکۆشان بوون لە ڕوبەڕوبونەوەی زوڵم وستەمی دەسەڵاتی خۆسەپێندا و لەھەڕەتی لاوێتیەوە لەنێو کۆڕی خەباتدا وەک فەرماندەیەکی بوێر و لەڕۆژە سەختەکانی ئەنفالدا پارتیزانێکی جوامێر بووە ، لەدوای ڕاپەڕینش کاک نیاز دەرگەڵەیی لە ڕیزەکانی ھێزی پێشمەرگەدا قۆتاغەکانی فەرماندەیی بڕیوە تاکو ئەرکی فەرماندەی لیوا ، پاشان ماوەیەک قائمقامی قەزای چۆمان و دواتر قائمقامی قەزای دوکان بووە .
لەھەردوو خولی یەکەم و دووەمی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ئەندامێکی چالاکی ئەنجومەنەکە بووە.
زۆر بەداخەوە ئەمشەو ھەڤاڵ نیاز لەماڵەکەی خۆیدا لەلایەن دەستێکی ڕەشەوە شەھید کرا و گەیشتە کاروانی شەھیدانی کورد و کوردستان .
لەیەزدانی مەزن داواکارین ڕۆحی پاکی شەھید نیاز بەبەھەشتی بەرین شاد بکات و سەبوری بەکەس و کاری ببەخشێت .
انا للە وانا الیە راجعون
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان ھونەرمەند و ھونەردۆستانی کوردستان
بەڕێزان خانەوادەی کۆچکردوو (شکور خەیات)
بەبیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی (شکور خەیات)، نیگەران و دڵگران بووم.
کۆچکردوو (شکور خەیات) مامۆستا و مەقامبێژی بەسەلیقە و شارەزا و ساباتی رەسەنایەتی کە بەچریکەی گەرمیان ناسرابوو، کۆچکردنی جێگای داخە.
لەم بۆنە غەمناکەدا پرسەو سەرەخۆشی لەخێزان و خانەوادەکەی و ھەموو ھونەرمەند و ھونەردۆست و ھاوڕێیانی دەکەم و ھاوبەشی خەمتانم.
خوای گەورە لێی خۆش بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە و انا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
دەقی پەسەنامەکە...
شەھیدکردنی فەرماندە و پێشمەرگەی دێرین ھەڤاڵ نیاز دەرگەڵەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی ناوەندی لە دڵەوە نیگەرانیکردین.
بۆ ئەم خەمە قووڵە پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵە سەربەرزەکەی دەکەم کە نموونەی باڵای خەبات و تێکۆشانن لەپێناو کوردستان.
کاک نیاز لە بنەماڵەیەکی دیار و خەباتگێڕی دەڤەری باڵەکایەتی بوو، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی بە ئەوپەڕی راستگۆییەوە رادەپەڕاند. شەھیدکردنیشی لە رووداوێکی گوماناویدا مایەی نیگەرانی ئێمەیە و ھەموو لایەنە ئەمنییەکانیش راسپێردراون بەزووترین کات تاوانباران ئاشکرا بکەن و رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە
خوای گەورە ھەڤاڵی کۆچکردوومان بە بەھەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پەیامەکە...
بەڕێزان بنەماڵەی ھونەرمەندی دیاری کوردستان (شکور خەیات)
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی ھونەرمەندی بەئەزموون و مەقامبێژی ناسراو (شکور خەیات)م پێگەیشت.
شکور خەیات خاوەنی دەنگێکی رەسەن و مامۆستایەکی لێھاتووی مۆسیقا و مەقام بوو، ئەو خزمەتە مەزنەی پێشکەشی کەلتوور و ھونەری کوردی کردووە بۆ ھەمیشە لە یادەوەریماندا بەزیندوویی دەمێنێتەوە.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە، ھونەرمەندان و ھاوڕێیانی دەکەین و لەخوای گەورە داواکارین سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پەیامەکە...
بەڕێزان: خانەوادەو کەسوکاری شەھید نیاز جەلال بەگ دەرگەڵەیی
بەڕێزان: خزمانی دەرگەڵە
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی شەھیدبوونی تێکۆشەرو پێشمەرگەی دێرین، فەرماندەو کەسایەتی دیارو ناسراوی کوردستان، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی ھەڤاڵ (نیاز جەلال بەگ دەرگەڵەیی)م بیست، دڵگران و خەمباری کردم، ھاوبەشی خەمتانم.
ھەڤاڵ نیاز جەلال بەگ دەرگەڵەیی کەسایەتییەکی دیارو ناسراو بوو، تێکۆشەرێکی گەورەی دەڤەرەکە بووەو لە خانەوادەیەکی تێکۆشەرو ناسراو و دیاری ناوچەکە بوو، ژیان و گیانی خۆی تەرخان کرد بۆ خزمەتی یەکێتیی و کورد، ھەمیشە خۆی بە خزمەتکاری خەڵک دەزانی و پەیوەندییەکی بەھێزی کۆمەڵایەتی لەگەڵ سەرجەم چین و توێژەکان ھەبوو.
بەداخەوە لە رووداوێکدا شەھید کرا، پرسەو سەرەخۆشی و ھاوخەمی قووڵی خۆم ئاراستەی خانەوادە تێکۆشەرەکەتان و سەرجەم ھەڤاڵ و ھاوڕێکانی کاکە نیاز جەلال بەگ دەرگەڵەیی دەکەم، ھیواخوازم ئەمە دواکۆست و ناخۆشی ھەموو لایەک بێت، خوای گەورە سەبووری ھەموومام بدات و کۆچکردوو جێگای بەھەشتی بەرین بێت.
کۆسرەت رەسول عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
خانەوادەی گوھدار زێباری لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، رەوشی تەندروستی گوھدار زێباری لە ئاسایشی گشتی ھەولێر زۆر نا جێگیرە، چوار رۆژە لە مانگرتن بەردەوامە و تا ئێستا ھیچ چارەسەرێکی پزیشکی و بەدەنگەوە چونی لایەنی پەیوەندیداری نەبووە، گوشارێکی زۆریشی لەسەرە مانگرتنەکەی بشکێنێت، بەڵام گوھدار زێباری بەردەوامە لەمانگرتن تا ئازادبوونی.
لە بەشێکی تری رونکردنەوەکەدا ھاتووە، لەئێستادا گوھدار زێباری لە ھۆڵێکدایە ١٦٠ کەسی تری تێدایە و رەوشی لەناو زیندان لە مەترسیدایە، لەبەرئەوەش داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کونسوڵخانە و لایەنە نێودەوڵەتیەکان دەکەن، بەزووترین کات بە ھانای گوھدار زێباریەوە بڕۆن، چونکە رەوشی تەندروستی بەرەو خراپتر دەچێت، ھەر حاڵەتێکی نەخوازراویش لەسەر تەندروستی گوھدار زێباری ڕووبدا لە ئەستۆی دەزگای ئاسایشە.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تاکو رۆژی ١٨ی ئەم مانگە، لە ٥٣ بنکەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدان لە پارێزگای ھەولێر، ٢٦٠ ھەزار و ٤٠ کەس تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە، کە دوو ھەزار و ٢١٦ کەسیان ئاوارەن، نۆ ھەزار و ٨٨ کەسیان لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٥ن.
جومانە غەلای وتیشی، لە ٧٩ بنکەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگای سلێمانی، ٦١ ھەزار دەنگدەر تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە، کە ٧٣٨ کەسیان ئاوارەن، ھەشت ھەزار و ٨٠١ کەسیان دەنگدەری لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٥ن.
باسی لەوەشکرد، لەبارەی پارێزگای دھۆکیش، لە ٤١ بنکەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران ئەو پارێزگایە، ٢٨ ھەزار و ٥٨٤ دەنگدەر تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە، کە ھەزار و ٣٦٧ کەسیان ئاوارەن، پێنج ھەزار و ٦١٤ کەسیان دەنگدەری لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٥ن.
د. بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، سەبارەت بە کێشەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ دووەمجار لە ھەفتەکەدا لەگەڵ (عەلی عەلاق) پارێزگاری بانکی ناوەندیی کۆبوونەتەوەو ھاوڕابوو لەگەڵیان کە سلێمانی لە سەرجەم پارێزگاکانی تری عێراق زیاتر ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدایە.
وتیشی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی بەڵێنیدا لە نزیکترین کاتدا نوسینگەیەکی بانکی ناوەندیی لە سلێمانی بکرێتەوەو بە پێی رێنماییەکان رێژەیەکی بەرچاو دۆلار بۆ سلێمانی دابین بکرێت ھەروەھا، پاڵپشتی کردنەوەی لقی ھەردوو بانکی رەشید و رافیدەینە لە سلێمانی، بەڵام تاکو ئێستا حکومەتی ھەرێم رەزامەندی دەرنەبڕیوە.
د. بڕیار راشیگەیاندوە، پارێزگاری بانکی ناوەندیی پشتیوانی داواکاری مۆڵەتدان بە نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی کردوو جەختی کردەوە لە ھەڵوێستی قوباد تاڵەبانی کە پاڵپشت بووە بۆئەوەی بانکی ناوەندی چالاکیەکانی خۆی بھێنێتە سلێمانی و خزمەت پێشکەش بەھاوڵاتیان بکات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کوردسات نیوز لە پۆلیسی سلێمانییەوە دەستی کەوتوون، تەرمی ئەو ژنە شەوی رابردوو لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزراوەتەوە، کە بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کوژراوە.
ھەر بەپێی زانیارییەکان، ژنەکە دایکی چوار منداڵە و بە رەگەز عەرەبە، بەڵام بکوژەکەی دەستگیرنەکراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەش دەستیپێکردووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، گفتوگۆ و دانووستانی نێوان وەفدی حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر داھاتە نانەوتییەکانی ھەرێم و خەرجی کۆمپانیاکان و پشکی ھەرێم بەردەوامە و تاکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.
ئەوەشی خستەڕوو، خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکانی نێوان وەفدی ھەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق داھاتە نانەوتییەکانی ھەرێمە، کە بەغداد داوای ٪١٠٠ی ئەو داھاتە دەکات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە گەنجینەی عێراق و دواتر بەسەر پارێزگاکاندا دابەشبکرێتەوە، بەڵام ھەرێم ئامادە نییە ٪١٠٠ی ئەو داھاتە رادەست بکات.
پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی، ئەگەر وەفدی ھەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق بگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر ناکۆکییەکانی نێوانیان، ئەوا بەغداد مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێم دەنێرێت.
لەچەند مانگی رابردوودا چەند جارێک وەفدی ھەرێم بۆ گفتوگۆ لەسەر مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێم سەردانی بەغدادیان کردووە و رۆژی سێشەممەش بۆ ھەمان مەبەست سەردانی بەغدادیان کرد، بەڵام تاکو ئێستا گفتوگۆکانیان بەردەوامە و نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.
گوھدار زێباری کە بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، رۆژی رابردوو دوای نزیکەی سێ ساڵ لە زیندانیکردنی ماوەی سزاکەی تەواوبوو، بەڵام تائێستا ئازادنەکراوە و کاتی ئازادبوونیشی نادیارە.
ھەروەھا، بڕیاربوو تیمی پارێزەرانی بادینان و کەسوکاری گوھدار زێباری کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەسەر پرسی ئازادبوونی ناوبراو و رۆژنامەنووس شێروان شێروانی ئەنجامبدەن، بەڵام ئاسایشی ھەولێر رێگەی بە ئەنجامدانی کۆنگرەکە نەدا.
پێشتر "کارزان دزەیی" لە تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، گوھدار زێباری گواستراوەتەوە بۆ ئاسایشی ھەرێم و چاوەڕێی تەواوبوونی رێکارەکان بۆ ئازادبوونی.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی لە چەند پەیجێکی نافەرمی ھەواڵێکی ناڕاست بەمەبەستی بەلاڕێدابردنی روداوی تەقەکردنەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، سەرلەبەری ئەم جۆرە ھەواڵانە دوورن لە راستییەوە.
راستی رووداوەکەش دەخاتەڕوو و دەڵێت، سەعات ٤:١١ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەرەکی مامۆستایان لە شاری رانیە دەستڕێژی گولـلە لەماڵێک کرا، دەستبەجێ ھێزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی ڕانیە، بنکەی پۆلیسی ڕزگاری و بەھەماھەنگی ھێزەکانی ئاسایشی ڕاپەڕین گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە کرا، بەڵام کەمێک دوای رووداوی تەقەکردنی یەکەم رووداوێکی تری تەقەکردن لە گەڕەکێکی کێوەڕەشی شارەکە روویدا، لەوکاتەشدا ھێزەکان کە سەرقاڵی کۆنترۆڵ کردن و لێکۆڵینەوە بوون لە رووداوی تەقەکردنی یەکەم، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوی تەقەکردنی دووەم و بارودۆخی رووداوی تەقەکردنی دووەمیش کۆنتڕۆڵکرا.
ئاشکراشکرد، لەگەڵ گرتنەبەری رێکاری یاسایی، دوو کەس لە سەر ھەردوو رووداوی تەقەکردنەکە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، کە ھەردووکیان کارمەندی ھێزە ئەمنییەکانن و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
گوھدار زێباری کە بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، رۆژی رابردوو دوای نزیکەی سێ ساڵ لە زیندانیکردنی ماوەی سزاکەی تەواوبوو، بەڵام تائێستا ئازادنەکراوە و کاتی ئازادبوونیشی نادیارە.
تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان بە کوردسات نیوزیان راگەیاند، ئازادکردنی گوھدار زێباری بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە و تائێستاش ھۆکارەکەی رووننەکراوەتەوە.
بڕیاریشە لە چەند سەعاتی داھاتوودا تیمی پارێزەرانی بادینان و کەسوکاری گوھدار زێباری، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەسەرپرسی ئازادبوونی ناوبراو و رۆژنامەنووس شێروان شێروانی ئەنجامبدەن، بەڵام لەبەردەم دادگای ھەولێر ژمارەیەکی زۆر ھێزی ئەمنی جێگیرکراون، سەرەڕای ئەوەی شەوی رابردوو لەلایەن ئاسایشی ھەولێرەوە رێگریان لێکرا کۆنگرەکە ئەنجامبدەن.