پارێزگای ھەولێر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، سەبارەت بەو شەپۆلە بارانبارینەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، بەپێی ھەڵسەنگاندنی رەوشەکە، سبەینێ پێنجشەممە، پشوو نییە و لەسەرجەم دامودەزگا و فەرمانگەکانی سنووری پارێزگاکە دەوام ئاساییە.
راشیگەیاند، "لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، لەپێناو دروستنەبوونی لافاو و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی، ھەموو رێکارێک لە پاککردنەوەی رێرەوەکانی ئاوی سروشتی باران، ئاوی قورس، کەند، مەنھۆلەکان و ئاوەڕۆکانی ناوشار گیراوەتەبەر و پڕۆسەکەش تاکو ئێستا بەردەوامە".
دەشڵێت، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگاکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ ھەر ئەگەر و پێشھاتێکی نەخوازراو و مەترسی دروستبوونی لافاو.
ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەیی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم، سبەینێ پێنجشەممە شەپۆلێکی توندی بارانبارین کە لەسەروی ئاستی ئاساییەوەیە، روو لە سنوورەکەیان دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا شەپۆلەکە ھەورە بروسکەی توندی لەگەڵ دەبێت.
دەشڵێت، "بە لەبەرچاوگرتنی پێشبینییەکان، لەپێناو سەلامەتی گیانی ھەموو لایەک، بڕیاریان داوە سبەینێ پێنجشەممە رێکەوتی (٢٠٢٤/٢/١٥) لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت بەناوەندەکانی خوێندنەوە، جگە لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان پشوو بێت".
دەقی پرسەنامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی...
بەڕێزان بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی مام رەشید سندی
کۆچی دوایی پێشمەرگە و تێکۆشەری دێرین مام رەشید سندی، کەسایەتی دیاری دەڤەری بادینان لە دڵەوە نیگەرانیکردین.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم و ھاوبەشی خەمتانم.
مام رەشید سندی فەرماندەی رۆژە سەختەکانی خەبات و دۆستی دێرینی سەرۆک مام جەلال بوو، خاوەنی مێژوویەکی درەوشاوە و پڕ لە تێکۆشانە لەمێژووی خەباتی کورددا.
لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی ھەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و وزە و سەرچاوە سروشتییەکان و بازرگانیی تورکیا ئامادەی بوون، بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کرا.
دەشڵێت، ھەردوولا جەختییان لە گرنگیی پتەوکردنی ھاریکاری و ھەماھەنگی لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و سەرۆککۆماری تورکیا، لە پەراوێزی بەشداریکردنیان بوو لە لوتکەی جیھانیی حکومەتەکان کە ئێستا لە دۆبەی بەڕێوەدەچێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ وەزیری داد و سەرۆک و جێگران و ئەندامانی دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پرسی دواکەوتنی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ڕەھەندە دەستووری و یاساییەکان و ئەگەر و لێکەوتەکانی، خراونەتە بەر باس و گفتوگۆ.
سەرۆکی ھەرێم جەختی کردووەتەوە سەرۆکایەتی ھەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەموو ڕێکارێکی دەستووری و یاسایی دەگرنەبەر بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
سەرچاوەیەک لە ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان لە چەمچەماڵ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە گوندی مەملەحەی سەر بە ناحیەی سەنگاو، بەھۆی دەمەقاڵێوە شەڕ لەنێوان دوو خێزاندا ڕوویداوە و یەکێکیان تەقەی لەوەی دیکەیان کردووە، سەرەنجام ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ فیشەکی بەرکەوتووە و گیانیلەدەستداوە.
ئەوەشی خستەڕوو، تەرمی کوژراوەکە گوازراوەتەوە بۆ پزیشکی دادی چەمچەماڵ و دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە کراوەتەوە.
سەرچاوەکە راشیگەیاند، کەسی تەقەکەر بۆ شوێنێکی نادیار ھەڵاتووە و لەلایەن دادوەرەوە بەپێی ماددەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی بەرێوەبەرایەتی کەشناسی سلێمانی، لە ئەنجامی یەکگرتنی ھەردوو نزمە پاڵە پەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور لە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بەگشتی و پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی دەکات.
لەژێر رۆشنایی ڕاپۆرتەکەی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی سلێمانیدا، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی داواکارییەک ئاڕاستەی ھاووڵاتییانی دانیشتووی سنووری پارێزگای سلێمانی دەکات کە پارێزگاری لە ئاوەڕۆی ماڵ، شەقام، گەڕەک و کۆڵانەکانیان بکەن و بەخاوێنی رایبگرن.
داواشدەکات، لەئەگەری ڕوودانی دۆخی نەخوازراودا، پەیوەندی بە سەنتەری فریاکەوتن بە ژمارە ١٠٠ وە بکەن، بەمەبەستی بەھاناوەچوونیان لەڕێگای تیمەکانەوە.
لیژنەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە پارێزگای بەسرە لەگەڵ عەلی رەزا کۆنای باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و کونسوڵی ئەو وڵاتە لە بەسرەو وەفدێکی باڵای وەزارەتی گواستنەوەی تورکیا کۆبووەتەوە و سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە داوایان لە باڵیۆزی تورکیا کردووە ھەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ ھەڵگرتنی ئابلۆقەی سەر فرۆکەخانەی سلێمانی.
زەھرە ئەلبەجاری سەرۆکی لیژنەکە رایگەیاند، لیژنەکەیان بەدواداچوونیان کردوەو فرۆکەخانەی سلێمانی ھیچ گرفتێکی تەکنیکی و ئیداری نییە و داوای کرد تورکیا پێداچونەوە بەبڕیارەکانی سەبارەت بە فرۆکەخانەی سلێمانی بکات.
لای خۆیەوە، کاروان یاروەیس ئەندامی لیژنەکە داوای کرد وەک دەستپێشخەرییەک بۆ قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی، تورکیا ئابلۆقەی سەر فرۆکەخانەی سلێمانی لاببات، کە زیاتر ھاوڵاتیان لێ زیانمەندن.
دانیال ھاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ھێزە تایبەتەکانیان لە ئۆپراسیۆنێکی ئاڵۆزدا توانیویانە دوو بارمتە ئازاد بکەن، کە تەمەنیان ٦٠ ساڵ و ٧٠ ساڵە و لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە رفێندرابوون.
وتیشی ماوەیەکی زۆرە ئامادەکارییان بۆ ئەو ئۆپراسیۆنە کردووە و ھێشتا ١٣٤ بارمتە لە غەززە ماون.
ئاژانسی رۆیتەرزیش لە راگەیەندراوێکی نەخۆشخانەی "شیبا"وە لە ئیسرائیل بڵاویکردەوە، دوو بارمتەکە رەوانە نەخۆشخانە کراون و پزیشکانیش جەختیانکردووەتەوە لەوەی لە حاڵەتێکی باشدان.
لێپرسراوێکی ئەمریکیش بە تۆڕی ئێن بی سی راگەیاند، ھێشتا بۆشایی گەورە ھەیە لە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان لەنێوان حەماس و ئیسرائیل و پێویستە بەزووترین کات وردەکارییەکانی ئەو رێککەوتنە تەواو بکرێن.
ئاماژەی بەوەشدا، پێشکەوتنی بەرچاو ھەیە لەرێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە و رەنگە لە ماوەی ھەفتەیەکدا رابگەیەندرێت.

دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان بنەماڵە و کەسوکاری شێخ نوری شێخ فەخرەدینی تاڵەبانی
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی دیاری ئاینی و کۆمەڵایەتی (شێخ نوری شێخ فەخرەدینی تاڵەبانی) باوکی شەھید دکتۆر ھەڵمەتمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە، خزمانی شێخانی تاڵەبانی و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم کە نموونەی باڵای خەبات و تێکۆشانن لەپێناو کوردستان.
لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
کۆڵبەرێکی کورد لە سنوری بانەی رۆژھەڵاتی کوردستان کوژرا.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو ئاشکرایکرد، شەوی رابردوو کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی بانە کە تەمەنی ٢٠ ساڵە بە ناوی سەیوان سەحیحی لەکاتی کۆڵبەری لە سنووری سارداوی شاری بانە بە تەقەی ھێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.
ئەو کۆڵبەرە خەڵکی گوندی بلەکە بووە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی شاری بانە رادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو، لە ساڵی رابردوودا لانی کەم ٢٢ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و ١١٦ کۆڵبەری دیکەش برینداربوون.

بەپێی نوسراوێکی ھۆبەی چاودێری و ئاڵوگۆڕی دراو و شتومەکی ئاسایشی سلێمانی، پێنج بریاری نوێ بۆ بازاری ئالوگۆڕی دراو دەرکراوە، کە بەپێی بریارەکان لەمەودوا نابێت جیاوازی بکرێت لەنێوان دۆلاری چاپی کۆن و نوێ، کاتێک دراو وەرناگیرێت کە (ساختە، دڕاو و تەواو ژاکاو) بێت، ھەروەھا لەکاتی وەرگرتنی حەواڵە داوای کەفیل نەکرێت و بدرێت بەو کەسەی کە بەناویەوە ھاتوە یاخود بریکارنامەی ئەو کەسەی پێ بێت کە بەناویەوە ھاتوە.
ھەربەپێی بریارەکان، دەبێـت ئەو کەسەی حەواڵە وەردەگرێت پێناسی پێ بێت، مامەڵەکردنیش راستەوخۆ و روبەڕو دەبێت و مامەڵەکردن بەدراوی ئەلیکترۆنی بەھەموو شێوەیەک رێگەپێنەدراوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ رایگەیاند، لە دەوروبەری سەعات ١ی شەوی ڕابردوو، تۆمەتبارێکی داواکراو بە شێوەیەکی ھەڕەمەکی تەقەی بەسەر یاریگای نێودەوڵەتی زاخۆ کردبوو، دەستبەجێ تیمەکانیان لەنزیک ڕووداوەکە توانییان تۆمەتبار دەستگیر بکەن.
بەوتەی پۆلیسی زاخۆ، تۆمەتبارەکە لەکاتی دەستگیرکردنیدا سێ نارنجۆک و چەکێکی جۆری کڵاشینکۆف و دەمانچەیەکی پێ بووە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
بەوتەی پۆلیس، لە چەند رۆژی ڕابردوودا ئەو تۆمەتبارە دوو جار بە شێوەی ھەڕەمەکی و بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت تەقەی کردبوو.
دوای ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبار دێرین ئەحمەد لەلایەن دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دەرچوو، ئەمڕۆ ھێزێکی ئاسایش دەستیان کرد بە ڕووخاندن و تێکدانی ئەو ماڵ و خانووانەی کە تۆمەتبار بە زێدەڕەویی دروستی کردبوون.
دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، کوێخا دێرین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە بەتۆمەتی داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و ھەڕەشە لە سەرمایەدارێکی سلێمانی.
ھەروەھا دادوەر بڕیاریداوە دەست بگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی تۆمەتبار دێرین ئەحمەد و رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی کە بە زیادەڕۆیی کرابوونە سەر موڵکی گشتی.
لە کۆتایی مانگی ڕابردوو لە بەردەم یانەی کۆمەڵایەتی سلێمانی بە فەرمانی دێرین ئەحمەد تەقە لە ھاوڵاتی "ئەحمەد کامیل فەقێ" سەرمایەدار کراو بریندارکرا.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کە لە ھەرێم کاردەکەن بەدیھاتووە، دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتیش، بەندە بە دەستپێکردنەوەی بەرھەمھێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێم.
جەختی لەوەشکردوەتەوە، گفتوگۆکان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی کارەکانیان لە ھەرێم راگیراوە، بە ئاڕاستەیەکی باش دەڕوات، بەمنزیکانە لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم دەگەنە رێککەوتن.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە ٢٥ی ئاداری ساڵی رابردوەوە، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھان راگیراوە.