ئاسۆ کەمال بەڕێوبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمرۆِش کەشوھەوا بە ناجێگری دەمێنێتەوە و زۆربەی کات ئاسمان ھەورەو بارانبارین بە شێوەی لێزمە باران لە شوێنە جیاجیاکان بەردەوامی دەبێت.
راشیگەیاند، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا ٣٤.١ ملیم باران لە سلێمانی باریووە، کۆی گشتی بارانبارین تائێستا گەیشتووەتە ٤١١.٩ ملیم، کە ساڵی رابردوو تا ئەمکاتە ٣٣٧ ملیم بووە، بەوپێیەش ٧٤.١ ملیم باران لە ساڵی رابردوو زیاتر باریووە.
بەڕێوبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی وتیشی، سبەینێ کاریگەری شەپۆلەی بەھێزی باران بەرەو لاوازی دەچێت، پلەکانی گەرماش بەرەو دابەزینی زیاتر دەڕوات.
کۆچەر جەمال بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئاستی ئاوی بەنداوەکە بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و ئاستی ساڵی رابردووی تێپەڕاندووە.
وتیشی، ئاستی ئاوی بەنداوەکە لەماوەی سێ رۆژدا مەترێک و ٤٠ سم بەرزبوەتەوە و بەنداوەکە لە ئێستادا دوو ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە لەکۆی حەوت ملیار مەتر سێجا کە بەنداوەکە توانای گلدانەوەی ھەیە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسی ئاساییشی میونشن لە ئەڵمانیا، لەگەڵ دەیڤد کامیرۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کۆبووەوە و سەرۆکایەتی ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت لەکۆبوونەوەکەدا ئاڵنگارییە ئەمنییەکان لە عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و گفتوگۆی نێوان ھەرێم و بەغداد بۆ چارەسەکردنی کێشەکان و ھەڵبژاردن و رەوشی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، گفتوگۆیان لە بارەوە کرا.
ھەروەھا سەبارەت بە بەئامانجگرتنی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق و کاردانەوەکان و شەڕ لە غەززە و رەوشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەی تەشەنەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەکان، مەترسی و ھەڕەشەی جددی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە دروست دەکات.
ھەر لەکۆوبوونەوەکەدا ھاریکاریی ھاوبەشی بەریتانیا و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، رەوشی ئەمنی و سیاسیی عێراق و ھەرێم و مەترسییەکانی داعش لەسەر عێراق و سووریا و پرسی کۆچی نایاسایی، تاوتوێکران، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش پابەندیی وڵاتەکەی بە بەردەوامیی ھاوکاری و پشتگیری لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و برەودان بە پەیوەندییەکان دووپات کردەوە.
بەشدار حەسەن پارێزەری گوھدار زێباری بە کوردسات نیوز راگەیاند، دوای سێ ساڵ و شەش مانگ گوھدار زێباری یەکێک لە حوکمدراوانی بادینان ئەمڕۆ ئازاد کرا، وتیشی، ئەگەر بڕیارەکەی لێخۆشبوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نەبووایە، دەبوو سێ ساڵێکی تریش لە زیندان بمێنێتەوە.
ئەیھان سەعید نوێنەری زیندانیانی بادینانیش رایگەیاندووە، رۆژنامەنووس گوھدار زێباری بە شێوازێکی ناشیرین لە بەرامبەر فاملی مۆڵی ھەولێر بەبێ ئاگاداری کەسوکاری کە لەبەردەم ئاسایش بوون ئازادکرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆژنامەنووسان شێروان شێروانی و قارەمان شوکری و سڵێمان ئەحمەد و عەباس ئاڤاشین کە تائێستا لەزیندان ماونەتەوە، مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و محەمەد شیاع سودانی ئێوارەی 15ی ئەم مانگە بۆ بەشداریكردن لە كۆنفڕانسی میونشن گەیشتنە ئەڵمانیا و كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا.
بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان، دیدار و كۆبوونەوەی دەبێت و دەربارەی دۆخی ئەمنی لە عێراق گفتوگۆیان لەگەڵدا دەكات.
هاوكات سەرۆك وەزیرانی عێراقیش تاوتوێی رەوشی عێراق و گرژی و ئاڵۆزی ناوچەكە لەگەڵ سەركردەكانی جیهاندا دەكات.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ باران بارین لە سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دووبارە چالاکدەبێتەوە و ناسەقامگیری کەشوھەوا بەردەوام دەبێت و بارانبارین بەشێوەی مامناوەند و بەخوڕ دەبێت و ھەورە بروسکەشی لەگەڵدا دەبێت.
دەشڵێت، پێشبینی دەکەن بڕی دابارین لە ناوچانەکانی ڕۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر و بەشێک لە سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکوک لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ زیاتر بێت .
وتیشی، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا، لە سەنتەری ھەولێر ١٨.٦ ملیم و لە سەنتەری سلێمانی ٤١.٢ ملیم و لە سەنتەری کەرکوک ھەشت ملیم و لە ھەڵەبجەش ٤٥.٣ ملیم باران باریوە و زۆرترین بڕی بارانیش لە یاخسەمەر باریوە کە ١٣٠.٢ ملیم بووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو کە چاودێری دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژھەڵاتی کوردستان دەکات بڵاویکردەوە، ئەو چالاکوانە خەڵکی پارێزگای ئیلامە و ناوی فاتمە شێخییە و تەمەنی ٢٢ ساڵە، دادگای ئێران تۆمەتباریکردووە بە بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەبەرامبەر ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، دادگای ئێران سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەر ئەو چالاکوانەدا سەپاندووە، بەڵام جێبەجێکردنی سزاکە بۆ ماوەی دوو ساڵ ھەڵپەسێردراوە.
نێچیرڤان بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبییە و حەدەس رایگەیاند، ھەرێمی کوردستان ترسی ھەیە لە تواناکانی بەغداد بۆ پاراستنی ھەرێم، جەختیشیکردەوە لەوەی ئەم قۆناغەی ئێستا پێیدا تێدەپەڕن قورسترە لە قۆناغی داعش، چونکە ئێستا بەرەی رووبەڕووبوونەوە نەزانراوە.
نێچیرڤان بارزانی ستایشی ھەڵوێستی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد و داواشی لە حکومەتی عێراق کرد رۆڵی سەرەکی بگێڕێت لە پاراستنی ھەرێم.
سەبارەت بە بوونی ھێزەکانی ھاوپەیمانانیش وتی، ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا بڕیار لە بوونی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەدات، نەک بە تەنھا. وتیشی دەبێت سنورێک بۆ ھەڵوێستی گروپە چەکدارەکان دابنرێت.
رەتیشیکردەوە ھیچ پەیوەندییەک لە نێوان ھەرێم و ئیسرائیلدا ھەبێت و ھیچ بارەگایەکی موسادیش لە ھەرێم نییە.
وتیشی، لێدوانەکانی ئێران سەبارەت بە بوونی ئەو پەیوەندییە دروست نین، چونکە تاران ھیچ بەڵگەیەکی لەوبارەیەوە پێشکەشی بەغداد نەکردووە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ھەرێمیش لەگەڵ تورکیا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەدا، بە تەواوەتی رەتیدەکەنەوە کە پەکەکە خاکی ھەرێم دژی تورکیا بەکاربھێنن.
سەبارەت بە رەوشی ھەرێمیش باسی لەوەکرد، بەوپەڕی شەفافیەتەوە مامەڵەیان لەگەڵ بەغداد کردووە سەبارەت بە داھاتەکان، رەوشی ئابوری ھەرێمیشی بە ئاڵۆز و قورس وەسف کرد.
دکتۆرە ھەرمێ جەلال بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی مێرگەسۆر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رووداوەکە سەعات ٣:٢٥ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی مزووری باڵا روویداوە و تیایدا ھەورەبروسکە لە "رەبایەیەکی" پێشمەرگەی داوە و پێنج پێشمەرگە تەندروستییان تێکچووە.
وتیشی، دوو لە پێشمەرگەکان پێویستییان بە چوون بە نەخۆشخانە نەبووە و سێ پێشمەرگەکەی دیکەش تەندروستییان جێگیرە و لەچەند سەعاتی داھاتوودا رەوانەی ماڵەوە دەکرێنەوە.
دەقی پرسەنامەکە...
ھەڤاڵ قائد سمۆ بۆزانی، لێپرسراوی کۆمیتەی ئەلقوش
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی کاکە لیھاتی کوڕی بەڕێزتانم پێگەیشت
بۆ ئەم گەورەیە خەمە پرسە ھاوخەمیی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە، کەسوکار و بنەماڵە سەربەرزەکەتان دەکەم و ھاوبەشی خەمتانم.
خوای گەورە کاکە لیھات بە بەھەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
نیوەرۆی ئەمرۆ پێنچ شەمە ١٥ی ٢ی ٢٠٢٤وەفدێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاراس محەمەد ئاغا ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی حەوتی نەینەوا بەھاورێیەتی وەفدێکی مەڵبەند بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری کەسایەتی و کەسوکاری خوالێخۆشبوو لە گوندی بۆزان بەشداریان لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی (لیھات قاید سمۆ بۆزانی ) کورەکەی ھەڤاڵ قاید سمۆ بەرپرسی کۆمیتەی ئەلقوش.
ھاوکات لە مەراسیمەکەدا ھەڤاڵ ئاراس محەمەد ئاغا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی سەرەخۆشی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گەیاندە کەسوکار و خانەوادە و خزمانی بۆزانی ھاوکات ھیوای خواست دواناخۆشیان بێت و خوای گەورە بەرەحمی خۆی لەگەل بکات و سەبوری ھەڤاڵ قاید و بنەماڵە تیکۆشەرەکەیان بدات .
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ھەرێم، لە میانی کۆنفرانسەکەدا نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان، دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت و دەربارەی دۆخی ئەمنی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئاساییش و سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەکە و جیھان گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکات.
دەشڵێت، بەئامانجی برەودان بە پەیوەندییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ھاریکاریی ھاوبەش لەبواری ئەمنیدا، سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتان گفتوگۆ دەکەن.
پەیامنێری کوردسات نیوز ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو لە گوندی قۆریتانی سنوری قەزای کۆیە، بەھۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە، شەڕ لەنێوان دوو دراوسێ دروستبووە و سەرەنجام بە فیشەک کەسێک کوژراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کەسەی کوژراوە ناوی "عەباس مەولود"ە و کارمەندی ھێزەکانی ئاسایشی ھەولێرە و بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی تەرمەکەی گەیەندراوەتە پزیشکی دادی ھەولێر.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکانی کەشوھەوا، رۆژی پێنجشەممە، بارانی بەخوڕ تەواوی ناوچەکانی ھەرێم دەگرێتەوە و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیش رایگەیاند، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، بارانی بەخوڕ ناوچەکانی ھەولێر و دھۆک و ڕاپەڕین و سۆران دەگرێتەوە، دواینیوەڕۆش دەگاتە سلێمانی و ھەڵەبجە و کەرکووک، بارانەکەش با و ھەورەتریشقەی لەگەڵدا دەبێت.
ھەروەھا ھۆشدارییش لەبارەی خۆپارێزی و بەرچاوڕوونیی کەشەکە بە ھاووڵاتییان دەدات و داوادەکات، لەو ناوچانەی نزمن و ئەگەری کۆبوونەوەی ئاو ھەیە، دوور بکەونەوە، بۆ دووربوون لە ھەورەتریشقەش، سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکرێت و لە ڕێگە سەرەکییەکان ھۆشیار بن و گەر زۆر پێویست نەبێت ڕێگا بەکار نەھێنرێت و بە ڕێنمایی دەزگا خزمەتگوزارییەکان پابەند بن.