بەپێی فەرمانێکی وزاری، ھەموو ئەو ھاووڵاتیانەی لە ماوەی ڕابردوو تا ٣١/١٢/٢٠٢٣ بەھۆی کەمدەرامەتی یان بێئاگایی لە ڕێنماییەکان کەوتونەتە سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی، لێبوردنیان لەو سزایە بۆ دەرچووە.
ھەروەھا داوا لە ھاوڵاتیان دەکات لەمەودوا لەماوەی یاساییدا خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل بۆ کڕیار بگوازنەوە بۆ ئەوەی لە سزای دارایی و کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی بەدوور بن.
دەشڵێت، بڕیاری دوو ھێندە بوونی سزاکانی سەرپێچی ھاتوچۆ کە پێشتر بە فەرمانی وزاری دەرچوو بوو، لەبەر باری دارایی ھاووڵاتیان و تەواونەبوونی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان، ڕاگیراوە.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، بە مەبەستی نوێکردنەوەی سیستمی دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێری لە ھەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی ھاتوچۆ لە ھەرێمی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ١ سەردانی ھاوڵاتیان بۆ بەشی مۆڵەت ڕادەگیرێت.
دەشڵێت، رۆژی دواتر کە دەکاتە پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ١، ئەوانەی لە دەرەوەی شارەکان دێن، بۆ ھەفتەی داھاتوو کارەکانیان ڕابگرن نەوەک نوێکردنەوەی سیستمەکە پێویستی بەکاتی زیاتر ھەبێت.
دووپاتیشیدەکاتەوە، ھەموو ھەوڵەکانیان دەخەنە گەڕ کە ڕۆژی پێنجشەممە کاروباری خەڵک ئاسایی ببێتەوە، ھەروەھا ئەم ئاگادارکردنەوەیە ئەو ھاوڵاتیانە ناگرێتەوە کا تاقی کردنەوەی دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێری ئەنجام دەدەن.
دەقی پەیامەکە...
مفەوەز رزگار ئەحمەد، شەھیدی چەسپاندنی یاسا و دادپەروەرییە و نموونەی باڵای دڵسۆزیی و خۆنەویستییە لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی تاوانکاریدا.
پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکارە سەربەرزەکەی، ھاوڕێ و ھاوپیشەکانی دەکەم و ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ ھاوڕێ بریندارەکانی دەخوازم.
کاک رزگار شەھید ئەحمەد خەلیفە حەسەن زەنگەنە، کارمەندێکی دڵسۆز و سەرڕاست بوو، بنەماڵەکەشی نموونەی باڵای قوربانیدان و تێکۆشانن لەپێناو کوردستان.
وێڕای سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ ھێزە ئەمنییەکانی سلێمانی کە لە ماوەیەکی کەمدا تۆمەتبارانیان دەستگیرکرد، جەخت لە سەروەریی یاسا دەکەینەوە و رێگەنادەین تاوانکاران مەترسی بۆ ژیانی خەڵک دروستبکەن و ئارامیی شارە خۆشەویستەکەمان بشێوێنن.
رۆحی کاک رزگار شادبێت و خوای گەورە سەبووری و بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو خاتوو سۆزان ھادی
بەڕێز کاک نەوزاد ھادی
بەبیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی خاتوو (سۆزان ھادی مەولود) خوشکی کاک نەوزاد ھادی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، نیگەران و دڵگران بووم.
بۆ ئەم خەمە، پرسە و سەرەخۆشی لەخۆتان و خانەوادە بەڕێزەکەتان ئەکەم، خوای گەورە لە کۆچکردوو خۆش بێت و جێگەی بەھەشت بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە وانا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، حساباتی کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ تەواو بووە، ھەروەھا سەبارەت بە حیساباتی ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ و ٢٠١٩ بڕیارمانداوە لە ئەمساڵدا تەواویان بکەین و بینێرین بۆ ئەنجومەنی نوێنەران تا پەسەندکرد بکرێت.
مەشھەدانی دووپاتیکردەوە، دیوانی چاودێری دارایی وردبینی ناوی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی لە ماوەی دیاریکراودا کە ٣٠ ڕۆژە تەواو کردووە و ئەنجامی وردبینیەکەش ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە.
جومانە غەلای بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە، کە کۆمیسیۆن بە نوسراو بەرپرسانی ھەرێمی ئاگادار کردبێت لە وادەیەک بۆ بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
راشیگەیاند، لەئێستادا چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکەن لەسەر ئەو سکاڵای کە کراوە تایبەت بە شێوازی ھەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان کە بڕیارە لە ٤ی شوبات دادگا لەسەر ئەو پرسە کۆببێتەوە.
پێشەوا ھەورامانی، وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، قسەکانی ناسر کەنعانی جێگەی سەرسوڕمانە و وەفدی حکومەتی عێراقی و ئەنجومەنی نوێنەران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سەردانی شوێنی ھێرشکەیان کردووە و شاھیدی ئەوەن کە پەلامارە مووشەکیەکەی ئێران تاوانێک بووە دژی خەڵکی مەدەنی و ژن و منداڵ ئەنجامدراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، شانازی بەو کارەوە دەکەن کە لە دژی ھاووڵاتیانی بێتاوانی کوردستان ئەنجامیانداوە و پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی عێراق و ھەرێمی کوردستان و بنەماکانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی و رێککەوتنەکان بوو.
پێشتر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ھێرشەکەی سەر ھەولێر دژی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق نەبووە و بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان بێدەنگ نابن.
لە چەند رۆژی رابردوودا ژووری بازرگانی ھەولێر داوای لە ھاووڵاتیان و بازرگانان کرد، بایکۆتی کاڵای ئێرانی بکەن و ھاوردەی نەکەن، لە بەرامبەردا ژووری بازرگانی تاران دەڵێت، پەیوەندییە درێژخایەنەکانی نێوان ئێران و ھەرێمی کوردستان، بەرھەمی ھەزاران ساڵ پەیوەندیی کولتوورییە و نابێت ھەلومەرجە جیاوازەکان کار بکەنە سەر پەیوەندییە ئابورییەکان.
دەشڵێت، بازرگانی ھەردوو وڵات کە مێژوویەکی دێرینی ھەیە، یەکەمجار نییە کە ھەوراز و نشێوی تێدەکەوێت بەھۆی سیاسەتی جیھانییەوە.
ژووری بازرگانی تاران ئاشکراشیکرد، ساڵی ڕابردوو قەبارەی بازرگانی ھەردوولا نزیکەی سێ ملیار دۆلار بووە.
بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، ٢٣ کامێرای چاودێری تیرژِەوی لە ناو شاری سلێمانی جێگیر کراون و سەعات ١٠ی بەیانی رۆژی سێشەممە، دەخرێنەکار و سەرپێچی خێرایی تۆمار دەکەن.
ھاوکات داوا لە شۆفێران دەکات، پابەندی ئەو خێراییە دیاریکراوانەبن لەسەر شەقامەکان بەپێی ھێما و تابلۆکانی ھاتووچۆ بۆیان دیاریکراوە.
راشیگەیاندووە، ئەو کامێرایانە سیستەمی خاڵ بۆ خاڵ نییە و بە سیستەمی یەک خاڵ خێراییەکان تۆمار دەکات.
تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بریتیبوون لە :
ھەڵسەنگاندن و راڤەکردنی دۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان و عیراق لەلایەن سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی یەوە .کە یەکێتی لەگەڵ یەکریزی و تەبایی و رێکخستنی ناوماڵی کوردە، ھەروەک لەگەڵ تەبایی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و حکومەتی فیدرالە کە خزمەت بە سەقامگیریی سیاسی و ئیداری و خزمەتگوزاری لەھەرێم و ناوچەدابرێنراوەکان و ھەموو عیراق دەگەیێنێت.
ھەڵسەنگاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان وسەرکەوتنە گەورەو مێژووییەکەی یەکێتیی لە کەرکوک ،موسل ،خانەقین و سلاح الدین کە بەرھەمی یەک تیمی و ھەماھەنگی ئۆرگانەکان وشەونخۆنی یەکێتییە دڵسۆزەکان و وەفاداری جەماوەری حزبی شەھیدان بوو .سەبارەت بە پێکھێنانی ئیدارەی نوێی کەرکوک و ناوچەدابرێنراوەکانیش، کۆبوونەوە دووپاتی کردەوە کە پشت دەبەستێت بە سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال ، لەگەڵ ھەموو ھێزە کوردستانی و عیراقییەکان دانوستان دەکات و ھێڵی سوور بەرامبەر ھیچ پێکھاتەێیک نییە بۆ گەیشتن بە پێکھێنانی ئیدارەیێکی بنکەفراوانی خزمەتگوزار لە کەرکوک و ناوچە دابرێنراوەکانی دیکە بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و مەزھەبی و سیاسی.
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خۆئامادەکردن بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی کوردستان ،کە گەرەکە ھەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف ئەنجامبدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوە ھێڵە گشتییەکانی نەخشەرێگایەکی نوێی بۆ سەرکەوتنی یەکێتی لەو ھەڵبژاردنەدا خستەروو.
دوای ھەڵسەنگاندنی کۆنفرانسی راگەیاندنی یەکێتی کەئەنجامی کۆنفراسەکە بە ئەرێنی ھەڵسەنگێردرا، ئامادەکارییەکانی بەستنی کۆنفرانسی مەکتەبی رێخستن تاوتوێ کرا کەبریارە لە مانگی داھاتوودا ئەنجامبدرێت.
دوا تەوەری کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتی تایبەتکرا بە پرسی بایکۆتی مامۆستایان لەسنوری پارێزگاکانی سلێمانی ، ھەڵەبچە، ئیدارەی گەرمیان و راپەرین، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ھەمیشە پشتگیری خۆی بۆ مافی مامۆستایان وفەرمانبەرانی ھەرێم دەربڕیووە و بۆ ئەو مەبەستە بەبەردومی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەکتەبی سیاسی و تیمی یەکێتی لە حکومەت ھەموو تواناکانی خۆیان خستووەتەگەر لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران بەگشتی و سەردانە بەردەوامەکانی شاندی باڵای یەکێتی بۆ بەغداد گەواھی بۆ ئەو راستیە دەدات، بەڵام ئەنجامی ماوەی زیاتر لە سێ مانگ خۆپیشاندان و بایکۆتی مامۆستایان، دەریخستووە کە بەردەوامی بایکۆت تەنھا لەم سنورە، جگە لەوەی سلێمانی و دەوروبەری و خوێندکارانی ئەم دەڤەرە زەرەرمەندی سەرەکی دەبن، ھیچ ئەنجامێکی دیکەی لێ بەدینەھاتووە، مەترسی فەوتانی یەک ساڵی خوێندنی لەسەر ئەم دەڤەرە دروستکردووە، کە کاریگەریێکی زۆر نەرێنی لە بواری زانستی، پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، مەعنەوی و مێژوویی بەسەر ئەم دەڤەرە بەجێ دێڵێت، بۆیە کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان بە ئەرکی حکومەتی ھەرێم و مامۆستایان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و سەکۆکانی میدیا دەزانیین کە ئەم ئەرکە مێژووییە ھاوبەشە جێبەجێبکەن. دەست خۆشی لەو مامۆستا بەرێزانە دەکەین کە بە گیانێکی بەرپرسیارانە گەراونەتە قوتابخانەکان، لەھەمان کاتدا داوا لە مامۆستا بەرێزەکانی دیکە دەکەین کە کۆتایی بەبایکۆت بێنن و بەشێوازێکی دیکە بەرگری لە مافەرەواکانی خۆیان بکەن، چونکە دەکرێ لەئایندەدا دواکەوتنی مووچە قەرەبوو بکرێتەوە. بەڵام لەدەستدانی ساڵێک لەپرۆسەی خوێندن بەھیچ شێوەیەک قەرەبوو ناکرێتەوە و دەبێتە بەشێک لە مێژوویەکی ناخوازراو بۆیە خۆمان بەبەرپرسیار دەزانین لە چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵی مناڵەکانمان و ھەق نییە لەمە زیاتر رێگا بدرێت پرۆسەی خوێندن دوابکەوێت.
باھەموومان پێکەوە بیر لەسلێمانی و دەورووبەری و لە ئایندەو چارەنووسی نەوەکانی ئەم دەڤەرە بکەینەوە .
ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سلێمانی - ٢٢/١/٢٠٢٤
دەقی پەیامەکە...
بەڕیزان ئەندامانی دووەمین کۆنفرانسی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان
بەناوی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتیەوە پڕ بەدڵ پیرۆزبایی کۆتاییھاتنی کارەکانی دووەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەندامانی کۆنفرانس و لایەنگرانی بزوتنەوەکە دەکەین. بە ھیواین بڕیار و راسپاردەکانی کۆنفرانس ببێتەمایەی بەدیھاتنی ئەو ئامانجانەی بزوتنەوەکەی لە پێناودا دروستبوو.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
٢٢-١-٢٠٢٤
دەقی پەیامەکە...
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی ھونەرمەند و رۆژنامەنووس حەمید سابیر، ئەندامی ئەنجوومەنی راوێژکاری بۆردی راگەیاندنمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵە سەربەرزەکەی، ھاوڕێیان و ھەڤاڵانی بۆردی راگەیاندن دەکەم.
لەخوای گەورە داواکارم ھەڤاڵی کۆچکردوومان بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
دەقی پەیامەکە...
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو حەمید سابیر
بەبیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی (حەمید سابیر ) راگەیاندنکار و ھونەرمەند، ئەندامی ئەنجومەنی راوێژکاری مەکتەبی راگەیاندن و بیر و ھۆشیاری، نیگەران و دڵگران بووم.
بۆ ئەم خەمە، پرسە و سەرەخۆشی لەخۆتان و خانەوادە تێکۆشەرەکەتان ئەکەم، خوای گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت و جێگەی بەھەشت بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە وانا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
ناوەندی راگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات بڵاویکردەوە، لە ١٥ی ئەم مانگەدا ھێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج خاڵێکی ھێزەکانی سەر بە تورکیایان لە گوندی "سەیادە" ئەنجامدا و چواریان کوژران.
لە بەری عەین عیساش لە ١٧ی ئەم مانگە، ھێزەکانیان بە چەکی قورس بەربەستێک و بنکەیەکی ھێزەکانی تورکیایان لە گوندی "شرکراک" کردە ئامانج، بەڵام زیانەکانی نەزانراوە. لە ھەمان رۆژدا، دوو ئۆپراسیۆنی دیکە ئەنجامدراوە دژی ھێزەکانی تورکیا لە گوندی تینا و گرێ سپی.
بە گشتیش، ھەسەدە ٨ ئۆپراسیۆنی سەربازییان ئەنجامداوە، تێیدا ١٧ چەکداری گروپەکانی نزیک لە تورکیا و ٢ سەربازی تورکیاشیان کوشتووە.
بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە بەردەوامی ھەوڵەکانیان لە بەرەنگاربوونەوە و نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکان، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا سێ بازرگانی ماددە ھۆشبەرەکان کە دوانیان بیانیین دەستگیر بکرێن و ھاوکات بڕی ٢٥ کیلۆ و ٨٠٠ گرام ماددەی ھۆشبەر لە جۆری کریستاڵ لە شارۆچکەی سیدەکان و سەنتەری شاری ھەولێر دەستیبەسەردا گیرا .
ئاشکراشیکرد، "ئەو باندەی دەستگیکراون پێکھاتەی باندێکی مەترسیداری بازرگانیکردنن بە ماددە ھۆشبەرەکان و لەکاتی ھەوڵدان بۆ دەستگیرکردنیان، یەکێک لە بازرگانەکان رووبەڕووی تیمەکانیان بووەتەوە و دواتر بە برینداری دەستگیرکرا".
ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، ساڵی ٢٠٢٣ وەبەرھێنەرانی سلێمانی خۆبەخشانە ١١٦ ملیار دیناریان بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگاکە تەرخانکردووە و بەوەش تەواوی کەرتەکانی وەک ئابووری و پیشەسازی لە سلێمانی بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە.
وتیشی، ساڵی رابردوو سلێمانی یەکەمی سەر ئاستی عێراق بووە لەبەرەوپێشچوون و پەرەسەندن و بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراقیش، سلێمانی کەمترین رێژەی بێکاری تێدایە.