کوردستانکوردستان

بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە راگرتنی دابەشکردنی نەوت و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دابەشکردنی نەوت بە ٥٠ ھەزار دینار ئاماژەی بەوەدا، تا ئەمڕۆ یەک لیتر لەو نەوتە نەھاتووە کە بڕیار بوو لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە بڕی ٥٠ ھەزار دینار بدرێتە ھاوڵاتیان، لە ئێستاشدا ھاوڵاتیان بەوھۆیەوە ئەو نەوتە وەرناگرن کە نرخەکەی ١٠٣ ھەزار و ٥٠٠ دینارە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئەو نەوتە ھات، لەسەر بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشی دەکەن، بڕیاریشدراوە دابەشکردنی نەوت لە ناو شار لە رۆژی سێشەممەوە دەستپێبکاتەوە، بە ھەمان میکانیزم. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رونکردنەوەیەکی سەبارەت بە فراوانکردنی گوندەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، گوندی کۆڵەبی یەکێک نییە لەو ٢٩ گوندەی، سنوورەکانیان بە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی فراوانکران، تەواوی رووبەری گوندی کۆڵەبی (بێجگە لە پارچە زەوی ژمارە ١١٧) بە زیادەڕەوی دادەنرێت نەوەک بە حەرەمی گوند.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ھەر خانوویەکی نوێ لەو گوندەدا دروستبکرێت بەھیچ شێوەیەک تاپۆ ناکرێت و شارەوانیش بەرپرس نییە لە ھەر زەرەر و زیانێک لە ئەنجامی دروستکردنی خانووی نوێ بەر ھاووڵاتییان بکەوێت.

لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، خانوەکانی ئەو گوندە بەر یاسای قەدەغەکردنی زیادەڕەوی ژمارە سێ ساڵی ٢٠١٨ دەکەوێت و خانووەکانیان بەپێی یاسای تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان مەرجی سەرەکیی تاپۆکردن ئەوەیە خانووەکە پێش ٣١/١٢/٢٠٢٠ دروستکرابێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو رایگەیاند، سەیوان ئیبراھیمی مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی فەرھەنگی کۆمەڵایەتی"نۆژین"، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی"دروست کردنی گرووپ بۆ تێکدانی ئاسایش" بە ١٠ ساڵ بەندکردن و بەتۆمەتی"پڕوپاگەندە دژی حکومەت"بە یەک ساڵ بەندکردن، سزا دراوە.

سەیوان ئیبراھیمی، مانگی ئابی رابردوو لە دۆسیەیەکی دیکەدا، لەلایەن دادگای تاوانەکانی شاری سنە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی"بە یەک ساڵ بەندکردن و دوورخستنەوە و لێدانی ٤٠ قامچی سزادرا، لە مانگی تشرینی دووەمی رابردووش دادگای پێداچوونەوەی سزاکان، سزای بەندکردن و لێدانی قامچیی پەسەندکرد، بەڵام سزای دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی دێزڵئاوا لە شاری کرماشان ھەڵوەشایەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژی یەکشەممە بە دە مووشەک بنکەیەکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شارۆچکەی رمێلانی رۆژئاوای کوردستان کرایە ئامانج، ھەرچەندە تائێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە ھێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام پێشتر ئەمریکا گروپەکانی نزیک لە ئێرانی بە ئەنجامدانی ھێرشەکان تۆمەتبارکردووە.

لەلایەکی دیکەشەوە روانگەی سوری بڵاویکردەوە، لە ھەمان رۆژدا درۆنێک کە ئەگەرێکی زۆر ئەمریکی بووە ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی نزیک لە ئێرانی لە نزیک سنوری عێراق و سوریا بۆردومانکرووە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەگوێرەی زانیارییەکان لە ئەنجامی ھێرشەکەدا ئەوانەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، کوژراون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی ھەفتەی رابردوو کوردسات نیوز راپۆرتێکی سەبارەت بە نوسراوی سەر دیوارەکانی ھەولێر بڵاوکردەوە، سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە چوارچێوەی جوانترکردنی سیمای شار و ڕێکخستنەوەی شۆستەو شەقامەکان لەلایەن تیمەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی پێنج، دەستکراوە بە سڕینەوەی بەشێکی زۆر لە ریکلامە بازرگانییەکان و نوسراوەکانی سەر دیوار لە شەقامەکانی سنوری شارەوانی پێنج.

راشیگەیاندوە، ھەڵمەتەکە لەسنوری ھەموو شارەوانیەکانی سەر بە سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر جێبەجێدەکرێت و سزای ھەموو ئەو کەس و شوێنانە دەدرێت، ریکلامەکانیان لەسەر دیوار و گەڕەک و کۆڵانەکان دەنوسن یاخود تابلۆی نایاسایی لە شەقامە گشتیەکاندا ھەڵدەواسن کە ببێتە ھۆی نیشاندانی سیمایەکی ناڕێکی ناشارستانی لە شاری ھەولێر.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا ١٥١ ملیۆن لیتر نەوت بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەشکراوە، لە ھەولێر نزیکەی ٦٠ ملیۆن لیتر نەوت و لە سلێمانی ٥٩ ملیۆن لیتر و لە دھۆک ٣٢ ملیۆن لیتر نەوت بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەشکراوە.

راشیگەیاندوە، ٧٥٦ ھەزار خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپی سوودمەند بوون، کە دەکاتە زیاتر ٥٨٪ی کۆی ژمارەی خێزانەکانی ھەرێم و ھەر خێزانێکیش بڕی ٢٠٠ لیتری وەرگرتووە.

ھەر بەرمیلێک نەوتی سپی بەنرخی ١٠٣ ھەزار و ٥٠٠ دینار دراوە بە ھاووڵاتییان، بەو پێیەش بەھای نەوتی دابەشکراو ٧٨ ملیار و ٢٤٦ ملیۆن دینار بووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تیمی پارێزەرانی رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد رۆژنامەنووسی ئاژانسی ڕۆژنیوز ئاماژەیان بەوەکردووە، دوای ئەوەی لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دوای گەڕانەوەی لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن ئاسایشی دھۆکەوە ئەو رۆژنامەنوسە دەستگیرکراوە، تائێستا ھیچ زانیارییەکیان لەسەری نییە.

دەشڵێت، نزیکەی ٤٠ رۆژە سلێمان ئەحمەد دەستگیرکراوە، لەو ماوەیەشدا زیاتر لە ١٠ جار ھەوڵی بینینییان داوە، بەڵام ڕێگرییان لێکراوە، ئەوەش پێشێلکردنی یاسایە و پێویستە پارێزەری ھەبێت و دۆسییەکەی بخوێنرێتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکە... 

بەڕێزان ئەنجومەنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان 

بەبۆنەی رۆژی جیھانی خاوەن پێداویستی تایبەتەکانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لەئێوە و ھەموو خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان دەکەم.

ئێوەی بوێر و پڕ ھیوا بۆ ژیان واتانکردوە توێژێکی خۆشەویست و رێزلێگیراوی کۆمەڵی کوردەواری بن, لەم ساڵیادەدا دووپاتی دەکەینەوە کە ھیچ ئاستەنگێک نابێتە رێگر لەبەردەم ئیرادە و خواستی ئێوەدا، تەنیا  دەبێ لێتان تێبگەین و دەرگاکان زیاتر بەڕووتاندا واڵا بکەین، چونکە باوەڕی تەواومان بەوە ھەیە کە ھەمووان یەکسانین لەماف و ئەرکەکاندا.

بە ئەوپەڕی توانامانەوە پشتگیری و پشتیوانتان دەبین بۆ بەدیھێنانی داخوازی و ئامانجەکانتان. 

قوباد تاڵەبانی 
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتەکە، لە قۆناغێکی دیکەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕی زیاتر لە ٩٠٠ ھەزار دۆلاری بۆ (١٠٠) دەرچوو و کاندیدی تواناسازی خەرجدەکات.

ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دڵنیایی دەدات کە ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ دابینکردنی شایستەی دارایی بۆ سەرجەم دەرچوان و کاندیدانی بەرنامەی تواناسازی و تەواوکردنی پرۆسەی خوێندنیان بە سەرکەوتوی و گەڕانەوەیان بۆ ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی خزمەتکردن بە سێکتەری خوێندنی باڵا و زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکان و دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوا لە دەرچوان و کاندیدانی تواناسازی دەکات لە ڕێکەوتی ٤/١٢/٢٠٢٣ بە دواوە سەردانی دیوانی وەزارەت بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی رێوشوێنە کارگێڕیی و داراییەکان.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت، دەرچوان و کاندیدانی تواناسازی ئەوانەی ناویان لە لیستی ھاوپێچ ھاتووە پێویستە لە ڕێکەوتی ٤/١٢/٢٠٢٣ بە دواوە سەردانی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی/ بەڕێوەبەرایەتی تواناسازی بکەن لەگەڵ ھێنانی ئەم دۆکیۆمێنتانەی خوارەوە:

١) پشتگیری شوێنی کار کە بەردەوامە لە خزمەتی بێ پچڕان دوای بەدەستھێنانی بڕوانامەکەی.

٢) ئەگەر کاندید (٥) ساڵ خزمەتی کردبوو لە شوێنەکەی، ئەوا پشتگیری (٥) ساڵ خزمەت لەگەڵ خۆی بھێنێت.

٣) ئەگەر کاندید خۆی ئامادە نەبوو بەھەر ھۆکارێک، ئەوا وەکیلەکەی دەتوانێت سەردان بکات.

٤) ئەگەر کاندید لە کەرتی تایبەت بێت، پێویست دەکات خۆی ئامادەبێت.

بۆ بینینی لیستی سودمەندان کلیک لەسەر ئەم لینکە بکەن

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٣/١٢/٢٠٢٣ لە شاری سلێمانی دەرباز کۆسرەت رەسول لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداری کرد لە پرسەی خاتوو (عائیشە عەبدولواحید) دایکی ھەڤاڵ نەرمین عوسمان و خوشکی شەھیدی سەرکردە جەعفەر عەبدولواحید.

لەمیانی بەشداریکردنی لە پرسەکەدا دەرباز کۆسرەت رەسول پرسەو سەرەخۆشی و ھاوخەمی خۆی ئاراستەی خانەوادەی کۆچکردوو کردو ھیوای خواست ئەمە دواکۆست و ناخۆشیان بێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، لانیکەم ١٢٢ بەندکراو لە گرتووخانەکانی ئێران لەسێدارەدراون، ئەو ژمارەش ٤٤ حاڵەتی لە مانگی تشرینی یەکەم زیاترە، واتا ئامارەکانی لەسێدارەدان ٥٦.٥% زیادیکردووە.

رێکخراوی ھەنگاو دەشڵێت، ١١ کەس لەوانەی لەسێدارەدراون، بەندکراوی سیاسی و ئایینی بوون، زۆرینەی ئەوانەشی لەسێدارەدراون بە کوشتنی بەئەنقەست یاخود ماددەی ھۆشبەر تۆمەتبار کراون.

راشیگەیاند، ٢٣ کەس لەوانەی لەسێدارەدراون بەلووچ بوون، ١٩ کەسیشیان بەندکراوی کورد و ھەشت بەندکراویان تورک بوون.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی لەڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدە ئەھلییەکان کۆبوونەوە و بەپێی نرخی سوتەمەنی لە بازاڕەکاندا نرخی ھەر سەعاتێک بۆ یەک ئەمپێڕ ٤٤ دینارە،‌ بەمەش نرخی یەک ئەمپێڕ کارەبای موەلیدەی ئەھلی لە ناوشاری سلێمانی لەنێوان (١٠.٠٠٠) بۆ (١١.٠٠٠) دینارە، بەوپێیەی موەلیدەکان لە نێوان (٢٢٥ بۆ ٢٥٠) کاتژمێر کاریان کردوە، بەھۆی جیاوازی کارکردنیان، نرخی ئەمپێڕێک کارەبای موەلیدەی گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە جیاواز دەبێت.

ڕاشیگەیاند، ھەندێک شوێن بەرنامەی کارکردنی موەلیدەکانیان لە (٧)ی بەیانی بۆ (١)ی شەوە، نرخی ئەمپێریان (١٢.٠٠٠ بۆ ١٣.٠٠٠ ) دینار. ئەو موەلیدانەش کە کارکردنیان ٢٤ کاتژمێرییە نرخی ئەمپێریان (١٣.٠٠٠ بۆ ١٤.٥٠٠) دینارە.

کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە،خشتەی کارپێکردنی موەلیدە بۆ مانگی دوانزە گۆڕانکاری تێدادەکرێت و موەلیدەکان تەنیا لەنێوان ١ی پاشنیوەڕۆ تا ١ی شەو ئەگەر کارەبای نیشتیمانی کۆژایەوە کار دەکەن، بەیانیانیش لەکاتژمێر ٧:٠٠ تا ٨:٠٠ی بەیانی کاردەکەن. رۆژانی ھەینی و پشووە فەرمییەکان بەیانیان کارناکەن لەبری ئەوە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ کاردەکەن.

لەڕاگەیەندراوەکەدا باسیان لەوەکردووە، لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدە ئەھلییەکان، لەکۆنووسەکەدا جەختیان لەوە کردوەتەوە کە لەکاتی کوژاندنەوەی کارەبای نیشتیمانی نابێت کارپێکردنی موەلیدە و پێدانی کارەبا بەھاوڵاتیان لە ١٠خولەک زیاتر بخایەنێت، بەپێچەوانەوە خاوەن موەلیدەکە سزا دەدرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی نوسراوێکی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، کە ئاڕاستەی دادگای فیدڕاڵی کراوە، میکانیزمی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، بە پشت بە داتای ئەو دەنگدەرانە دیاری دەکرێت کە تۆماری بایۆمتەرییان ھەیە، ئەوەش بە پشتبەستن بە یاسای ژمارەی چواری ساڵی ٢٠٢٣.

بەپێی نوسراوێک بە پشتبەستن بە یاسای ژمارەی ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان، ھەر پارێزگایەکی عێراق دەبێت بە یەک بازنە و ھەر بازنەیەکیش بەپێی ژمارەی دانیشتووانەکەی ژمارەی کورسییەکانی بۆ دیاری دەکرێت، بەو پێیەش ھەرێمی کوردستان بۆ سێ بازنەی ھەڵبژاردن دابەش دەکرێت.

کۆمیسیۆن دەشڵێت، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان ١١١ کورسییە، لەو ژمارەیە ٤١ کورسیان لە پارێزگای سلێمانی و ٣٤ کورسی لە پارێزگای ھەولێر و ٢٥ کورسی لە پارێزگای دھۆک دەبێت، ١١ کورسیش تایبەتن بە پێکھاتەکان، بەجۆرێک پێنج کورسی بۆ کلدانی و ئاشورییەکان، پێنج کورسی بۆ تورکمان، کورسییەکیش بۆ ئەرمەنییەکان تەرخان دەکرێن.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گروپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاندووە، لە بەرامبەر ئەو ھێرشانەی کراونەتەسەر خەڵکی غەززە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەندامانی گروپەکەیان ھێرشیان کردوەتەسەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لە ھەولێر. 

ئاماژەی بەوەشکردوە، ھێرشەکە بە درۆن ئەنجامدراوە و بەشێوەی راستەوخۆ ئامانجەکەیان پێکاوە. 

سەرەتای ئەم مانگە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە سودانی کرد دامەزراوە و سەربازەکانی ئەمریکا لە عێراق بپارێزێت. 

لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق رایگەیاند، پابەندن بە پاراستنی راوێژکارانی ھاوپەیمانان لە عێراق، بەڵام ھەر چالاکییەکی سەربازی لە عێراق ئەنجام بدرێت، رەتدەکرێتەوە و قبوڵ کراو نییە. 


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
لەمیانی سەردانەکەیدا شاڵاو کۆسرەت رەسول باسی لە رۆڵی خزمانی کاکەیی کرد لەبزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد بەگشتی و لەناوچە کوردستانییەکان بە تایبەتی.

لە درێژەی قسەکانیدا شاڵاو کۆسرەت رەسول گوتی وەک یەکێتیی ئامانجمانەو خەبات دەکەین لەپێناو ئەوەی کەرکووک وەک شارێکی کوردستانی شاری پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان بێ و ھەمووان بە ئازادی تێیدا بژین، داواشی لە خزمانی کاکەیی کرد بەشداری کارا بکەن لە ھەڵبژاردن و دەنگ بە نوێنەری راستەقینەی خۆیان بدەن لە لیستی ھاوپەیمانی کەرکووک ھێزو ئیرادەمانە بە ژمارە ١٤٢.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
لەو سەردانەدا لەلایەن ئەمیری ھۆزەکەوە و خزمانیەوە پێشوازیکران، ھاوکات چاویانکەوت بە ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی و پیاوماقوڵانی خزمانی جحیش و "شێخ مەزھەر عەلاوی جحیش" کاندیدی ژمارە حەوتی ھاوپەیمانیی _ یەکێتی خەلکی نەینەوا، لە وتەکیشیدا ئاراس محەمەد ئاغا رۆڵی خزمانی جحیشی لە خەبات و قوربانیدان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و ھاوکاری خەڵکی دەڤەرەکە بەرزنرخاند و رایگەیاند، ھاوپەیمانیی خەڵکی نەینەوا بەرنامەی جیاوازی ھەیە بۆ خزمەتکردنی دانیشتوانی نەینەوا بەھەموو پێکھاتە و نەتەوە جیاوازەکانی بەشێوەیەک گشت سێکتەرەکانی ژیان بگرێتەوە .

لای خۆشیانەوە خزمانی جحیش ستایشی ھەوڵ و کۆششەکانی یەکێتی و ئاراس محەمەد ئاغا_یان کرد و رایانگەیاند، وەک ھەمیشە لە خزمەتی رێبازەکەی سەرۆک مام جەلالدا دەبن و یەکێتی بەحزبی خۆیان دەزانن، پشتگیری و پشتیوانی خۆیان بۆ لیستی ھاوپەیمانیی _ یەکێتی خەلکی نەینەوا و کاندیدانی دووپاتکردەوە .

ھەمان رۆژ ئاراس محەمەد ئاغا لەبارەگای کۆمیتەی ئازادی عەیاچیە، چاویکەوت بە ژمارەیەک کادر و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی، لە کۆبوونەوەیەکدا ئاراس محەمەد ئاغا جەختی لە گرنگی و بایەخی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا کردەوە و وتی، "پێویستە ھەموومان بەجۆش و خرۆشێکی زۆر کاربکەین بۆ سەرخستنی ھاوپەیمانیەکەمان چونکە تاکە لیستە دەتوانێت مافە رەواکانی دانیشتوانی نەینەوا بەدەستبھێنێت".
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...349350351352353...926