بڕیار شوانی، نوێنەری حزبە کوردیییەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھیچ نادادپەروەرییەک لە پێکھاتەی لقی کەرکوکی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکاندا نیە، بەڵام لە فەرمانگە حکومییەکان و کۆمپانیای نەوتی باکور نادادپەروەرییەکی زۆر لەبەرامبەر کورد ھەیە و لەکۆی ١٠٩ بەڕێوەبەری فەرمانگەکان تەنھا ٢٢یان کوردن، ھەروەھا لە کۆی ١٢ بەڕێوەبەری دەستە لە کۆمپانیای نەوتی باکور ھیچ کوردێکی تێدا نیە.
وتیشی، لە ھەموو ھەڵبژاردنەکاندا کورد ٥٥%ی دەنگەکانی کەرکوکی ھەبووە و دەبوایە بەو رێژەیە پۆستەکان لای کورد بووایە کەچی ماوەی شەش ساڵە پارێزگاری کەرکوک کە مافی رەوای کوردە دوور لە دەستور و یاسا لەلایەن بریکاری پارێزگارەوە بەڕێوەدەبرێت.
نوێنەری حزبە کوردییەکانی کەرکوک داوای لە سێ سەرۆکایەتییەکان کرد دووبارە پۆستە ئیدارییەکان بەپێی شایستەی ھەڵبژاردن دابەشبکرێنەوە و بەھیچ جۆرێک بڕگەی ٣٥ لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای عێراق قبوڵناکەن و لە دادگای فیدراڵی تانەیان لێداوە.
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی "مەسرور بارزانی" سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبوونی "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆک وەزیران بەڕێوەدەچێت و سێ تەوەر لەخۆدەگرێت.
لە تەوەری یەکەمدا، دوایین پێشھاتەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٥ دەخرێتەڕوو.
لە تەوەری دووەمیشدا، تاوتوێی ئەنجامی کۆبوونەوەی رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە دەکرێت، کە تایبەت بوو بە دانانی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی تایبەت بە رێکخستنەوەی دارایی گشتی.
لە تەوەری سێیەمیش، رەشنووسی پڕۆژەیاسای وەزارەتی تەندروستی لە ھەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو.
عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، شکاندنی شکۆی دامەزراوەکانی ھەرێم ھۆکاری پووکانەوەی ھەرێم و بێ ئیعتیبارکردنیەتی و شیعاری بێ کرداریش دادی کەس نادات و ھیچ دەردێک چارەسەر ناکات، بۆیە پێویستە بۆ مانەوە و بەردەوامی ھەرێم، ھەمووان پابەندی پڕەنسیپ و یاساکان بن و ھیچ لایەنێک پەرلەمان و حکومەت بە موڵکی خۆی و حزبەکەی نەزانێت، چونکە لە ئەسڵدا ھەرێم و دامەزراوەکانی موڵکی ھەموو خەڵکین.
راشیگەیاندوە، سەپاندنی دۆخێکی تایبەت بەسەر ھەرێمدا، دژی بنەماکانی تەبایی و پێکەوەژیان و سازانی نیشتمانی و ڕێز لەیەکدی گرتن و ھیچ بەرھەمێکی لێ ناچنرێتەوە، کەواتە با عیبڕەت و پەند لە ھەڵەکانی ڕابردوو و شێوەی ئیدارەدانی خراپ وەربگیرێت و چیدی ھەرێم ئیحراجی ئەملاولا نەکرێت و بزانرێت کە بەبێ رێککەوتن و سازانی نیشتمانی لەسەر چۆنیەتیی ھەڵبژاردن و ھەموارکردنی یاساکەی و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، ھیچ چارەیەکی دیکە نییە و ھەر کەس بە دادگەریی سەغڵەت ببێ، بەستەم و زۆر سەغڵەتتر دەبێ.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، گەنم پاش وەرگرتنی نمونە و دەرچوونی لەپشکنین وەردەگیرێت، بۆ ھەرتەنێکیش بڕی ھەشت سەدو و پەنجا ھەزار دینار دەدرێت بەجوتیار.
باسی لەوەشکردووە، بۆ ئەمساڵ لەسنوری پارێزگاکانی ھەرێم بڕی تەنھا سێ سەد وحەفتاو پێنج ھەزارتەن گەنم وەردەگیرێت.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم دەڵێت، چل ملیار دینار خراوەتە سەر حساب بانکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم بۆ گەنمی ئەمساڵ، راستەوخۆ چەند ڕۆژ دوای وەرگرتنی گەنم لەجوتیاران چەکەکانیان پێدەدرێت لەماوەیەکی کەمدا لەبانکەکان شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.
حیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە کۆڕبەندی ئابووری قەتەر رایگەیاند، لە بارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکییەوە، لەناوخۆی عێراق ھیچ جۆرە کێشە و گرفتێک نەماوە و ھەموو رێککەوتنێکیش لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا کراوە.
وتیشی، ئەوەی ماوەتەوە چاوەڕوانی وەڵامی کۆتایی تورکیان، چونکە پێیان وتراوە لیژنەیەکی ھونەری پشکنین بۆ بۆری گواستنەوەی نەوت دەکات بۆئەوەی دڵنیابن بەھۆی بومەلەرزەکەی چەند مانگی رابردووەوە زیانی بەرنەکەوتووە.
وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەشکرد، حکومەتی عێراق بە پلان و بەرنامە کار بۆ رێکخستنەوە و زیاتر گەشەپێدانی پیشەسازی نەوت و زیادکردنی بەرھەمھێنان دەکات بەتایبەتیش کەرتی غاز، دەیەوێت رێگاکانی ھەناردەکردنی نەوتیش ھەمەجۆر بکات لە پێناو داھاتی زیاتر و گەشەپێدانی کۆی ئابووری عێراق.
مەسرور بارزانی لە میانی کردنەوەی ١٣ھەمین پێشانگای بیناسازیی و ئاوەدانکردنەوە لە ھەولێر بەشداری پانێڵێکی کرد و رایگەیاند، ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بڕیارە بۆ کەمدەرامەتان لە ھەرێمی کوردستان دروستبکرێن، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بتوانن سوود لەو پڕۆگرامەی حکومەت وەربگرن کە ئێستا خراوەتە تەندەر.
لەبارەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدان، مەسرور بارزانی راشیگەیاند، ئەوان ھەندێک بەرنامەیان ھەبووە کە چۆن بتوانن یەکەی نیشتەجێبوون بێبەرامبەر بۆ کەسوکاری شەھیدان دابینبکەن، لە سنوری دھۆک وایانکردووە لە ھەولێر پڕۆسەکە خەریکە تەواودەبێت و لە ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکەیش وادەکەن، ھەموو کەسێک ببێتە خاوەنی خانووی خۆی یان جێگەی خۆی.
سەرۆک وەزیرانی ھەرێم راشیگەیاند، پێداچوونەوە بە ماستەرپلانی شارەکان دەکرێت و جەختیشی لەوەکردەوە، لە دروستکردنی باڵەخانەدا پێویستە رێژەی سەوزایی، کوالێتی و ئاسانکاری بۆ ھاتووچۆی کەمئەندام لەبەرچاو بگیرێت بە تایبەتی لە شوێنە گشتییەکاندا.
دەقی پرسەنامەکە:
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو خاتوو خدیجە رسول پیرداوود
بەبیستنی هەواڵى کۆچی دوایی خاتوو (خدیجە رسول پیرداوود) خێزانی خوالێخۆشبوو (مەلا محەمەد بەحرکەیی) کەسایەتی کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەروەر، نیگەران و دڵگران بووم.
بۆ ئەم خەمە پرسەو سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم. خواى گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت و جێگاى بەهەشت بێت، سەبورى و دڵنەواییش بەهەموو لایەک ببەخشێت.
انا لله و انا الیه راجعون
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
غەریب ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی دووشەممە وەک پەرلەمانتارانی یەکێتی سەردانی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیان کرد و داوایانکرد بڕیاری قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکان پارێزگای ھەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕینیش بگرێتەوە کە لە ناوخۆدا ئاوارەبوون و یان پێشتر ئاوارەی ئێران بوون و تائێستا نەگەڕاونەتەوە.
وتیشی، لەو دوو سنورەدا سەدان خێزانی ئاوارەی شنگال، نەینەوا و ناوچەکانی دیکە ھەن کە دوای ھێرشەکانی داعش نیشتەجێبوون و بەھۆی دابیننەکردنی پێداویستییەکانیان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕیاریداوە بەمەبەستی ھاندانی ئاوارەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، بۆ ھەر خێزانێک زەوی نیشتەجێبوون یان ھاوکاری داراییان پێبدرێت، لەم بارەیەوە پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی یەکێتی ئەوەی خستەڕوو، وەزیری کۆچ و کۆچبەران پێشوازی و پشتیوانی خۆی بۆ داواکارییەکەیان دەربڕیووە تاوەکو بڕیارەکە ئاوارەکانی کوردستانیش بگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، ئامارێک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا ٣٨٥ ھەزار سەرپێچی تۆمارکراوە، وەک تۆمارکردنی سەرپێچییەکان ئامارەکە دروستە، بەڵام لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا نییە، بەڵکو لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکەوە ئەو ئامارە تۆمارکراوە و بەشێوەی تێست بووە، واتا ھیچ کام لەو سەرپێچییانەی کە تۆمارکراون و دەکرێن لەلایەن کامێراکانی چاودێری خێرایی پۆینت تو پۆینت، لە رێگەی تاسڵوجە-دوکان ھەژمار ناکرێن.
راشیگەیاند، ئەو ھەڵەیەی روویداوە لە پێدانی زانیاری بووە لەلایەن فەرمانبەری بەشی ئاماری کۆمپانیای جێبەجێکاری کامێراکان، واتە ئاماری سەرپێچییەکان تەنھا لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا نەبوون، بەڵکو بە درێژایی تێستی کامێراکان بووە لە ساڵی رابردووەوە تائێستا و لەسەر ھیچ شۆفێرێکیش ھەژمار نەکراوە.
ئەو روونکردنەوەی لەکاتێکدایە بەختیار محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتووچۆی سلێمانی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، تەنھا لە رۆژی دووشەممە لە رێگەی دوکان- تاسڵوجە ٣٨٥ ھەزار و ٢٠٠ سەرپێچی ئۆتۆمبێل تۆمارکراوە.
وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاویکردەوە، دادگای فیدراڵی ئەمریکا سزای روس رۆجیو تەمەن ٥٤ ساڵی خەڵکی ویلایەتی پێنسلڤانیای داوە بەھۆی ئەشکەنجەدانی ھاووڵاتیەکی وڵاتی ئیستۆنی لە ساڵی ٢٠١٥ لە ھەرێمی کوردستان.
ھەروەھا ئەو کەسە ھەوڵیداوە کارگەیەکی دروستکردنی چەک بە نایاسایی لە ھەرێمی کوردستان دروستبکات.
سزای ئەو کەسە کە دادگا بۆی بڕیوەتەوە بریتییە لە زیندانیکردنی ھەتاھەتایی و چەندین تۆمەتی دیکەشی ھەیە لەوانە ناردنی چەک بۆ عێراق بێ رەزامەندی وەزارەتی دەرەوە و بەقاچاغبردنی کەلوپەل و سپیکردنەوەی پارە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ماڵیکیان لە گوندی خەڵەف لە سنوری ناوچەی بارێ لە سنوری قەزای شنگال بۆردومانکردووە، بەڵام ھێشتا زیانەکانی ئەو بۆردومانە نەزانراون.
بۆردوومانەکەی ئەمڕۆ لە کاتێکدایە، کە رۆژی ١٦ی ئەم مانگە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ماڵێکی لە کۆمەڵگەی خانەسۆر لە سنوری شنگال بۆردوومانکرد و بەھۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، دوای رووداوەکەش، لیژنەیەکی ئەمنی لە سوپای عێراق و پۆلیس و ئاسایشی نیشتمانی پێکھێندران و دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە شوێنی بۆردومانەکە کرد.
سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی دەشڵێت، پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی دیاری کراوی خۆی ئەنجامبدرێت و داواشمان کردوە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی کۆمسیۆنێک بێت جێگای متمانەی هەموو لایەنەکان بێت.
دەقی روونکردنەوەکەی فراکسیۆنی ئازادی:
سەبارەت بە دانیشتنی ئەمرۆی دووشەمە رێکەوتنی ٢٢ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٣ ی پەرلەمانی کوردستان
فراکسیۆنی ئازادی نیگەرانی خۆی دەردەبرێت لە بارەی ئەو گرژی و ئالۆزیەی کە لە دانیشتنەکە رویدا لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان پێویستی بە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆی دیموکراتیانە هەیە لە نێوان لایەنە سیاسیەکان
وە ئیستاش داوا لە هەموو فراکسیۆنەکان دەکەین بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەل ئەم بارودۆخە هەنوکەییە بکەن و دەتواندرێ بە رێگای دیالۆگێکی نیشتیمانی چارەسەری گرفتە سیاسیە و یاساییەکان بکرێت هەر لەم بارەیەوە فرکسیۆنی ئازادی وەک پێشتر ڕای گەیاندوە کە پێویستە هەلبژاردن لە وادەی دیاری کراوی خۆی ئەنجامبدرێت و لەگەل درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نەبووە و داواشمان کردوە کۆمسیۆنی هەلبژاردن و راپرسی کۆمسیۆنێک بێت جێگای متمانەی هەموو لایەنەکان بێت نەک بە شێوەی قۆرخکاری لە نێوان پێنج لایەن کارا بکرێتەوە
لە کاتێکدا هەندێک فراکسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان کشاونەتەوە و دەیانەوێت لە کۆمسیۆن بمێننەوە و بەردەوام بن کە ئەمە دوو فاقیەتە لە سیاسەتدا
لە هەمانکاتدا سەر لەبەری ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە حزبی شیوعی و فراکسیۆنی ئازادی لەگەل ئەم شێوە کۆمسیۆنە بێت و جەخت لە کۆمسیۆنێکی ئازاد و سەربەخۆ دەکەینەوە
د.محی الدین حسن
سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی
٢٢ی ئایاری ٢٠٢٣
فراکسیۆنی ئازادی لە لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت کۆبوونەوەی پەرلەمان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم رایگەیاند، ھەرێمی کوردستان پێویستی بە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆی دیموکراتیانە ھەیە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا، بۆی داوا لە ھەموو فراکسیۆنەکان دەکات بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو رەوشە ھەنوکەییە بکەن، چونکە دەتواندرێت بە رێگای دیالۆگێکی نیشتیمانی چارەسەری گرفتە سیاسیە و یاساییەکان بکرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، فراکسیۆنی ئازادی لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نەبووە، پێویستە ھەڵبژاردن لە وادەی خۆی ئەنجامبدرێت، داواشیانکردووە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی کۆمسیۆنێک بێت جێگای متمانەی ھەموو لایەنەکان بێت، نەک بەشێوەی قۆرخکاری لەنێوان پێنج لایەن کارابکرێتەوە، لەکاتێکدا ھەندێک فراکسیۆن لە پەرلەمان کشاونەتەوە و دەیانەوێت لە کۆمیسیۆن بمێننەوە و بەردەوام بن، ئەوەش دوو فاقیەتە لە سیاسەتدا، بۆیە جەخت لە کۆمسیۆنێکی ئازاد و سەربەخۆ دەکەنەوە.
ئارێز عەبدوڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەوەی لە پەرلەمانی کوردستان روویدا پێچەوانەی گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی ھەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتییە و زیانی زۆری بە سازانی نیشتمانی گەیاند.
راشیگەیاند، بەشێکی زۆری پێکھاتەکان لەژێر فشاردا بەشداری کۆبوونەوەکەی پەرلەمانیان کردووە و پارتی پێکھاتەکانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەھێنێت و ئەوەی روویدا بە تەواوی پرسی پێکھاتەکانی خستە ژێرپرسیارەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە چێشتخانەیەکی چەمچەماڵ دەمەقاڵێ لەنێوان گەنجێکی تەمەن ٢٢ ساڵ و چەند کەسێکی دیکە روویداوە و دواتر لە دەرەوەی چێشتخانەکە گەنجەکە لەلایەن ئەو کەسانەوە کوژراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کوژراوەکە پێشەی پێشمەرگە بووە و خەڵکی گوندی گوڵمکی سنوری ناحیەی ناوشوانە و دانیشتووی چەمچەماڵە.
ھاوکات سەرچاوەیەک لە پۆلیسی بەڵگەو تاوانی چەمچەماڵ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رووداوەکە لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی روویداوە و سکاڵا لەسەر شەش کەس تۆمارکراوە.
ئاشکراشیکرد، ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە ناسراون و کوژراوەکە و تەقەکەرەکانیش خزمی یەکترن، بەڵام تائێستا تەقەکەرەکان دەستگیرنەکراون.