سەرۆكی یەكێتی لە ئەڵمانیا لەگەڵ چەند لێپرسراوێكی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆبووەوە جەختیان لە گرنگی بەردەوامی پاڵپشتی ئەڵمانیا بۆ کوردستان کردەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی دامەزراوەی فریدریش ئیبەرت كە یەكێكە لە سەنتەرە بەناوبانگەكانی لێكۆڵینەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، لەنێویاندا ئەلیزابێس براون، بەڕێوەبەری هاوكاری نێودەوڵەتی و بەرپرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا و ریچارد پرۆبست، جێگری سەرۆكی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا كۆبووەوە.

لە كۆبونەوەكەدا سەرۆكی یەكێتی تیشكی خستەسەر سەركەوتنی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو هەروەها باسی لە گرنگی بەردەوامی پاڵپشتی ئەڵمانیا بۆ كوردستان كرد.

لە بەشێكی تری كۆبونەوەكەدا باس لە مەترسی و جموجۆڵی پاشماوەكانی داعش لە هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە كرا.

لەلایەکی دیکەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ کریستوفر هیوسگن، سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونیخ و راوێژکاری پێشووی سیاسەتی دەرەوەی ئەنجیلا مێرکڵ و باڵیۆزی ئەڵمانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرلین کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر رۆڵی ئەڵمانیا لە پاڵپشتیکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە کوردستان و عیراق و زیادکردنی دەرفەتەکانی هاوبەشی ئابووری ئەڵمانیا لە کوردستان و عیراق.
 

71e6a01f-40ad-46ab-8ded-3ea448efac6c.jpg