قەیوم لە شوێنی هاوسەرۆكی شارەوانی میكسی سەر بە پارێزگای وان دانرا
٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
وەزارەتی ناوخۆی توركیا، قەیومی لە شوێنی هاوسەرۆكی شارەوانی میكسی سەر بە پارێزگای وانی باكووری كوردستان دانا لەدوای ئەوەی بە تۆمەتی ئەندامیەتی پەكەكە دوورخرایەوە و سزای زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، ئایڤاز هازر هاوسەرۆكی شارەوانی میكسی سەر بە پارێزگای وان، بە بڕیاری دادگای سزا قورسەكانی وان، سزای ٣ ساڵ و ١١ مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێنراو و دوابەدوای دەرچوونی بڕیاری سزادانی ئەو هاوسەرۆك شارەوانییە كوردەش، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی توركیا قەیوم لە شوێنەكەی دانرا.
شارەوانی میكس لەلایەن دەمپارتییەوە بەڕێوەدەبرێت و ئایڤاز هازر لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا و باكووری كوردستان كە ٣١ـی ئاداری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، سەركەوتنی بەدەستهێنا بوو.
لەدوای دوورخستنەوەی ئایڤاز هازریش، بەشێك لە دانیشتووانی شارۆچكەی میكس لەبەردەم شارەوانی گردبوونەوە و دروشمی " قەیوم دەچێت و گەل دێت"یان بەرزكردەوە.