سەرۆککۆمارسەرۆککۆمار

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغدا پێشوازیکرد لە بەڕێوەبەری گشتی لیژنەی نێودەوڵەتی تایبەت بە کاروباری بێسەروشوێنەکان کاترین بۆمبەرگەر و وەفدی هاوڕێی .

لە کۆبوونەوەیەکدا تاوتوێی لایەنەکانی هاوکاری نێوان ICRC و عیراق کرا لە چارەسەرکردنی کێشەی بێسەروشوێنەکان و بەهێزکردنی هەوڵە مرۆییەکان لەم بوارەدا و جەختیان لەسەر پێویستی بنیاتنانی توانا بۆ کردنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و دەستنیشانکردنی روفاتی قوربانیان کردەوە بۆ ئاسانکاری گەیاندنەوەیان بە کەسوکارەکانیان.

سەرۆک کۆمار، تەئکیدی لەسەر گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی عیراق و کۆمیتەی نێودەوڵەتی کردەوە بۆ زانینی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموون و دروستکردنی کاری هاوبەشی کاریگەر لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە لەم بوارەدا کار دەکەن و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو هەلومەرجەی عیراق بەهۆی شەڕ و تیرۆرەوە پێیدا تێپەڕیوە پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە بۆ یارمەتیدانی کەسوکاری قوربانییەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی رۆڵەکانیان و چارەسەرکردنی ئەو دۆسیە مرۆییە.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پێویستی بەردەوامی کردنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ناساندنی خاوەنەکانیان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە گەڕاندنەوەی تەرمەکان بۆ کەسوکارەکانیان و دادپەروەری و قەرەبووکردنەوە بوەتە بابەتێکی بەپەلە بۆ دەستەبەرکردنی رێز و شکۆ بۆ قوربانیان و تەئکیدی لەسەر پێویستی بە دۆکیۆمێنت کردنی ئەو تاوانانە کردەوە کە لە لایەن چەتەکانی تیرۆریستان و رژێمی دیکتاتۆرییەوە ئەنجامدراون بۆ ئاگادارکردنەوەی نەوەکان لە سروشتی ئەو تاوانانە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.

لای خۆیەوە بۆمبەرگەر پابەندبوونی لیژنەکەی بۆ پشتیوانیکردنی عیراق لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێسەروشوێنەکان لە رێگەی پاڵپشتی تەکنیکی لە برەودان بە جێبەجێکردنی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی دووپاتکردەوە و پەرۆشی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە گەڕان بەدوای چارەنووسی بێسەروشوێنەکان دووپات کردەوە

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە25ـی 5ـی 2025، لەکۆشکی بەغداد، پێشوازی لە شو دۆنیۆ بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) و وەفدی یاوەری کرد.

لەمیانی دیدارەکەدا باسیان لەهاریکاری تەکنیکی نێوان عیراق و رێکخراوی (فاو) و چۆنیەتی بەرزکردنەوەی ئاستیان بۆ پشتیوانیکردنی کەرتەکانی کشتوکاڵ وبەرهەمە کشتوکاڵیەکان و باشترکردنی کوالێتی تۆو و پاراستنی بەپیتی خاک و روبەڕوبونەوەی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە ئاسایشی خۆراک کرد، جگە لە ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی تەکنیکی و تەکنەلۆژی لە نێوان هەردوولا.

سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی پابەندبون بەڕاسپاردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری بەڕێوەبردنی ئاو و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و هاوکاری نێوان وڵاتانی دراوسێ کردەوە، بەمەبەستی پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان و کارکردن بۆ پاراستنی ژینگە، بە ئاماژەدان بەوەی کە گۆڕانی کەشوهەوا ئاستەنگێکی گەورەیە بۆ ناوچەکە، بەتایبەت لە عیراق بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی روبارەکانی دیجلە و فورات و وشکەساڵی و بەبیابانبون و کاریگەرییە گەورەکانیان لەسەر کەرتی کشتوکاڵ.

سەرۆک کۆمار دووپاتی کردەوە لە پێویستی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئاو و سود وەرگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ رێکخستن و دابەشکردنی ئەم سەرچاوەیە، هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە عیراق لەئێستادا سەرنجی لەسەر بەدەستهێنانی پشکێکی دادپەروەرانەیە لە ئاو.

لەلای خۆیەوە شو دۆنیۆ، پێزانینی گەورەی خۆی بۆ ئەو پێشکەوتن و گەشەپێدانەی کە لە عیراقدا بەدی دەکرێت، چ لە شارەکان و چ لە روی کشتوکاڵدا دەربڕی، جەختیشی لە پابەندبوونی رێکخراوی (فاو)  کردەوە بۆ بەردەوامبوونی هاوکاریی دوولایەنە لە بوارە جیاوازەکاندا لە چوارچێوەی پسپۆڕی خۆیدا.

لە دیدارەکەدا هەر یەک لە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی (فاو) و نوێنەری هەرێمی بۆ رۆژهەڵاتی نزیک و باکووری ئەفریقا د.عەبدو لحەکیم واعر و نوێنەری (فاو) لە عیراق د.سەلاح حاجی حەسەن، ئامادە بوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد ئەمین فارس راوێژكاری سەرۆكایەتی كۆمار لە پێنجەمین كۆنگرەی نێودەوڵەتی بەغداد بۆ ئاو وتاری د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراقی خوێندەوە و رایگەیاند، بەهۆی كاریگەرییەكانی گۆڕانكاری كەشوهەوا و كەمئاوی، كاریگەرییە خراپە مرۆیی و ژینگەییەكان زیاتربوون.

محەمەد ئەمین لە وتاری سەرۆک کۆماردا سڵاوی جەنابیان بۆ ئامادەبووان و بایەخدانی زۆری خۆی بەم کۆنفرانسە گەیاند، کە لە کاتێکی هەستیاردا دێت کە تەحەداکانی پەیوەست بە ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە ئابووری و مرۆیی و ژینگەییەکانیان لە زیادبووندایە.

راوێژکاری سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا، قەیرانی ئاو لە عیراق چیتر تەنیا دۆسیەیەکی تاکڕەهەند نییە، بەڵکو مەسەلەیەکی نیشتمانی گشتگیرە کە پێویستی بە یەکخستنی دیدگاکان و هەماهەنگی هەوڵەکانی نێوان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و کارکردن بەپێی ستراتیجی زانستی کە پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانمان بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر بکات، روونیشیکردەوە کە پێگەی عیراق وەک وڵاتێکی خوارووی ئاو لە حەوزی دیجلە و فورات تەحەدایەکی گەورە دروست دەکات بەهۆی پشتبەستنی بە ئاوی دەرەوەی سنوورەکانی، بەتایبەتی لە تورکیا و ئێرانەوە و تەئکیدیشی لەسەر پێویستی گەیشتن بە رێککەوتنی پتەو و دادپەروەرانە بەتایبەتی لەگەڵ تورکیا لەسەر پشکی ئاوی عیراق. بەشێوەیەک کە مافە مێژووییەکانی بۆ ئەم سەرچاوە گرنگانە مسۆگەر بکات.

محەمەد ئەمین فارس لە کۆتایی وتاری سەرۆک کۆمار رایگەیاند، ئەم کۆنفرانسە بە شارەزایان و پسپۆڕان و بەرپرسەکانیەوە خاڵی دەستپێکێک بۆ دیالۆگی زانستی و بەرهەمە پراکتیکی کە یارمەتیدەرە لە داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی روون بۆ ئاسایشی ئاوی بەردەوام.

 

ئەمەی خوارەوە دەقی ووتارەکەیە :

به ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

بەڕێز جەنابی سەرۆک وەزیران

خاوەن پایەکان

خوشک و برایان

سڵاو و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوداتان لەسەربێت

خۆشحاڵم کە سوپاسگوزاری قووڵی خۆم دەرببڕم بۆ بەستنی ئەم کۆنفرانسە گرنگە، کە لە کاتێکی هەستیاری وەهادا  دەبەسترێ تەحەداکانی پەیوەست بە ئاوو گۆڕانی کەش و هەوا لە زیادبووندان و کاریگەرییە ئابووری و مرۆیی و ژینگەییەکانیان دەرکەوتون .

شەرەفمەندم کە سڵاوی بەڕێز سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشیدتان پێ بگەیەنم و هیوای بەڕێزیان بۆ کۆنفرانسێکی سەرکەوتوو و بەرهەمدار بە ئێوە بگەیەنم ، بەڕێزیان بەپەرۆش بوون بۆ بەشداری کردن لەم کۆڕبەندە گرنگە و بەشداری لە کارەکانیدا  بەڵام بەڵێنەکانی پێشووی لە دانانی کات بۆ کاری تر ڕێگری لێکرد.

بەستنی پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاوی بەغدا هەنگاوێکی گرنگە بۆ تاوتوێکردنی بابەتێکی زۆر گرنگ بۆ وڵات کە ئەمەش پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی هەمووان هەیە بۆ تاوتوێکردنی ئەم دۆسیە گرنگە و هەنگاوی کرداری لەم بوارەدا بنرێت.

لای هەمووان ئاشکرایە کە دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا ئەمڕۆ قەیرانێکی جیهانییە کە ڕووبەڕووی هەموو وڵاتان و گەلان دەبێتەوە و لە عێراقدا ئەم کێشەیە گرنگییەکی گەورەی هەیە، چونکە یەکێکە لە دیارترین وڵاتان کە کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا بەتایبەتی قەیرانی ئاو  کاریگەری هەیە کە بەدەست کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو و زیادبوونی بەبیابان بوون و وشکەساڵییەوە دەناڵێنێت.

 ئەمەش پێویستی بە هاوکاری نزیک لەنێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت و پسپۆڕ و ئەکادیمیستەکان هەیە بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و بەرەنگاربوونەوەی بەبیابان بوون و وشکەساڵی، لەڕێگەی ستراتیجی کاریگەر بۆ بڵاوکردنەوەی ڕووپۆش و دارستان کردن.

بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە قەیرانی ئاو لەعیراقدا چیتر تەنیا دۆسیەیەکی کەرتێک نییە بەڵکو مەسەلەیەکی نیشتمانی گشتگیرە و پێویستی بەیەکخستنی دیدگاکان و هەماهەنگی هەوڵەکانی نێوان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و کارکردن بەپێی ستراتیجی زانستی  هەیە کە پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانمان بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر بکات.

عێراق ڕووبەڕووی تەحەدایەکی گەورەتر دەبێتەوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و دابەزینی داهاتی ئاو و زیادبونی بەبیابان بوون و وشکەساڵی، کە پێویستی بە هەنگاوی خێرا هەیە لەسەر چەند ڕێبازێک کە لە بەهێزکردنی هاوکاری ناوچەیی لە دۆسیەی ئاو دەستپێدەکات، تا چالاککردنی دیپلۆماسی ئاو بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی عێراق و چاکسازی لە سیاسەتی ناوخۆیی بەکارهێنان و بەڕێوەبردنی ژیرانەی سەرچاوەکان.

لەم چوارچێوەیەدا، پێگەی عێراق وەک وڵاتێکی خوارەوە لە حەوزی دیجلە و فورات تەحەدایەکی گەورە دروست دەکات، چونکە پشت بە ئاو دەبەستێت کە لە دەرەوەی سنوورەکانی، بەتایبەتی لە تورکیا و ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت.

لێرەدا بە ڕوونی جەخت لەسەر پێویستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ناچاری و دادپەروەرانە دەکەینەوە، بەتایبەتی لەگەڵ تورکیا، لەسەر دابەشکردنی ئاوی عێراق لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، بۆ ئەوەی مافە مێژووییەکانی ئەو وڵاتە لەسەر ئەم سەرچاوە گرنگانە مسۆگەر بکرێت.

 

پێویستە لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنی تورکی لەئەولەویاتی سەرەکی ئەجێندای سیاسەتی ئاوی عێراقدا بێت و کاری جددی لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسی و یاساییەکانەوە بکرێت بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کە پشکی پێویست بۆ عێراق مسۆگەر بکات و بەوەش یارمەتیدەر بێت لەدابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتوان و پڕۆژەکانی کشتوکاڵ و گەشەپێدان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کەمی ئاو کە وڵات بەدەستیەوە دەناڵێنێت.

ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە کەلتووری عەقڵانی بەکارهێنانی ئاو لە کەرتە جیاوازەکاندا دابمەزرێنرێت، هەروەها خێراترکردنی مۆدێرنکردنی سیستەمی ئاودێری و کشتوکاڵی، هاوتەریب لەگەڵ ئاستەنگە نوێیەکان و کەمکردنەوەی پاشەڕۆ و زیادکردنی کارایی.

لەم چوارچێوەیەدا، داوا لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو و دەزگاکانی پاڵپشتی دەکەم کە کارەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ نەهێشتنی زیادەڕەوی بۆ سەر ڕووبارەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی ئاو.

خوشک و برایانی بەڕێز ...

ئێمە زۆر پشت بەم کۆنفرانسە دەبەستین، لەگەڵ شارەزایان، پسپۆڕان و بەرپرسەکانی، بۆ ئەوەی ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ دیالۆگی زانستی و بەرهەمی پراکتیکی کە یارمەتیدەر بێت لە داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی ڕوون بۆ ئاسایشی بەردەوامی ئاو.

لە کۆتاییدا بەناوی بەڕێز سەرۆک کۆمارەوە سڵاو و پێزانینی خۆم بۆ هەموو ئەوانە دووپات دەکەمەوە کە بەشدارییان لە ئامادەکردن و ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسەدا کردووە و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

سڵاو و دروود و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوای گەورەتان لەسەربێت

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغدا پێشوازیکرد لە سەرۆکی هاوپەیمانی عومقی وەتەنی خالید ئەسەدی و وەفدی هاوڕێی .

لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار ستایشی سەرکەوتنی لووتکەی عەرەبی لەبەغدا کرد و بڕیار و راسپاردە گرنگەکانی بەتایبەتی پەیوەست بەمەسەلەی فەلەستین کە رەنگدانەوەی پێگەی عیراقی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە و رۆڵی گرنگ و بنیاتنەرانەی لەبەرەوپێشبردنی ئاشتی لەناوچەکەدا  ئاماژە پێکرد و گرنگی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری کە خاڵی دەستپێکی سەرەکییە بۆ چەندین پرۆگرامی گەشەپێدان و وەبەرهێنان و بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە ڕۆڵی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەبێت لەچارەسەرکردنی کێشەکان و کۆکردنەوەی بیروبۆچوونی وڵاتان.

سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەسەر گرنگی کاری هاوبەش و هاریکاری و هەماهەنگی نێوان هێزە سیاسییەکان کردەوە لەپێناو دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان و باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان لەڕێگەی بەدیهێنانی گەشەپێدانێکی گشتگیر.

جەنابیان باسی لەو هەوڵانە کرد کە خراوەتە گەڕ بۆ ئامادەکردنی سەرجەم مەرجەکانی سەرکەوتنی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان و رەنگدانەوەی خواستەکانی عیراقییەکان لە هەموو پێکهاتەکان و هەڵبژاردنەکان لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان بە ئازادی و شەفافییەت.

لای خۆیەوە ئەسەدی پشتیوانی هاوپەیمانێتی بۆ یەکڕیزی و پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات و باشترکردنی بارودۆخی گوزەرانی هاووڵاتیان دووپاتکردەوە و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی جەنابی سەرۆک کۆمار دەربڕی لەبرەودان بە یەکڕیزی نیشتمانی و کاری هاوبەشی نێوان هێزە سیاسییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی 5ـی 2025، لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە د. مایکل ویلیام موڵنکس سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی و وەفدی یاوەری کرد.

لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە پێویستی سود وەرگرتن لە شارەزایی وڵاتانی پێشکەوتوو لە دامەزراندنی زانکۆکان لەسەر بنەمای زانستی رەسەن کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە گەشەپێدانی ئەکادیمی و پرۆگرامی داهێنەرانە کە هاوتەریبێت لەگەڵ پێشکەوتنە زانستییەکاندا، نوێنەرایەتی هێزێکی بزوێنەری راستەقینە بۆ پێشکەوتن و پشتیوانی لە بزووتنەوەی گەشەپێدانی هەمەلایەنەی وڵات دەکات.
هەروەها سەرۆک کۆمار ستایشی هەوڵەکانی ستافی زانکۆی ئەمریکی و بەشداریکردنیان لەدەرچوونی پۆلێک خوێندکارانی شارەزای لەبوارە پسپۆڕییەکانیاندا کرد، هاوکات دەستخۆشی لەشێوازی وانەوتنەوەکانی زانکۆ و ئەو پرۆگرامە مۆدێرنانەی کرد کە بە خوێندکاران دەوترێتەوە.
لەلای خۆیەوە سەرۆکی وەفدەکە، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ گرنگیدانی سەرۆک کۆمار دەربڕی بە پەرەپێدانی بواری مرۆیی و ئەکادیمی و پەروەردەیی  لە عیراقدا و بانگهێشتی سەرۆک کۆماری کرد بۆ بەشداریکردن لەئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی خولی 2024-2025ـی زانکۆی ئەمریکی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ بەشداری کۆڕبەندی ئابووری دێلفی لە شاری سلێمانی کرد.

لە میانەی کۆڕبەندەکەدا کە کۆمەڵێک لێپرسراو و کەسایەتی لە هەرێمی کوردستان و عیراق و دیپلۆماتکارانی وڵاتانی دراوسێ و عەرەبی و بیانی ئامادەی بوون، سەرۆک کۆمار وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کۆڕبەندە وەرچەرخانێکی گرنگە لە رێڕەوی عیراقدا و رەنگدانەوەی گەشەسەندنی ناسینی ڕۆڵی عیراق و هەرێمی کوردستان لە بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و گەشەپێدان لە ناوچەکە و جیهاندا.

سەبارەت بە لووتکەی عەرەبی کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، سەرۆک کۆمار رایگەیاند "لوتکەی عەرەبی کاریگەری هەبوو لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی، چونکە گفتوگۆی چڕوپڕ لەسەر زۆر بابەت ئەنجامدرا لەوانە کێشەی فەلەستین و کەمکردنەوەی ئازارەکانی گەلی فەلەستین"، تەئکیدی لەوە کردەوە ، لوتکەی عەرەبی کە لە بەغدا بەڕێوەچوو بەرجەستەکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە کە عیراق بەخۆیەوە بینیوە، ئاماژەی بە پێویستی بەردەوامی هەوڵدان بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کرد بۆ بنیاتنانی عیراقێکی خۆشگوزەران و سەقامگیر.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە بەتایبەتی مەسەلەکانی پەیوەست بە یاسای نەوت و گازەوە بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ پێشکەوتنی بواری ئابووری و سوودی بۆ گەلی عیراق ببێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئێوارەی ئەمڕۆ کۆتایی کارەکانی 34مین لوتکەی ئاسایی عەرەبی راگەیاند.

سەرۆک کۆماری عیراق بەناوی حکومەت و گەلی عیراقەوە و بەناوی خۆشیەوە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی بەڕێزان و خاوەن شکۆ و پایەبەرزانی بەشداربوی لوتکەکە کرد بۆ  بەشداریکردنیان  لەکارەکانی ئەم لوتکەیەدا، هەروەها ستایشی ئەو هەوڵانەی کرد کە ئەنجامدراون و بووە هۆی بڕیار و راسپاردە بەنرخەکان کە خزمەت بە مەسەلەی عەرەبی و ناوچەیی دەکات و هەروەها لە بەهێزکردنی میکانیزمەکانی کاری هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان لە سەروو هەموویانەوە کێشەی فەلەستین و پەرەسەندنەکانی سوریا و لوبنان و لیبیا و یەمەن و سودان و سۆماڵ و چەند پرسێکی دیکە کە کاریگەری لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە هەیە.

د.لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەدا کە ئامانج لە لوتکەی ئەمڕۆی کۆمکاری عەرەبی یەکخستنی هەوڵەکانمان و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی کاری هاوبەشە بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلانی ناوچەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ هەینی لەبەغداد، پێشوازی لە مەحمود عەباس سەرۆکی فەلەستین و وەفدی یاوەری کرد.

لە میانی دیدارەکەدا باسیان لە پەیوەندیی مێژوویی برایانەی نێوان عیراق و فەلەستین کرد، هەروەها رێگاکانی بەهێزکردنیان لەبوارە جیاجیاکاندا، لەگەڵ هەڵوێستی پشتیوانی نەگۆڕی عیراق بۆ دۆزی دادپەروەرانەی گەلی فەلەستین.

سەرۆک کۆمار پشتیوانی تەواوی عیراقی بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی گەلی فەلەستین دووپات کردەوە، لە پێش هەموویانەوە مافی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان و جەختی لەوەش کردەوە کە دەستدرێژی بەردەوام بۆ سەر کەرتی غەززە پێویستی بەهەڵوێستێکی یەکگرتوو و بەهێزی عەرەبی هەیە کە گوزارشت لەنیشاندانی ئیرادەیەکی هاودەنگی و پشتیوانی کاریگەر بۆ گەلی فەلەستین بکات.

هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کەلوتکەی عەرەبی زەمینەیەکی گونجاو خۆش دەکات بۆ ئاراستەکردنەوەی هاودەنگی عەرەبی بەرەو پشتیوانیکردن لەدۆزی فەلەستین و داڕشتنی هەڵوێستێکی کاریگەر کە مافەکان بپارێزێت و خۆڕاگری گەلی فەلەستین لەبەرامبەر داگیرکاریدا بەهێزتر بکات.

لەلای خۆیەوە مەحمود عەباس، پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی چەسپاوی عێراق سەبارەت بە دۆزی فەلەستین دەربڕی و دەستخۆشی لە میوانداریکردنی لە لوتکەی عەرەبی و ئەو پلاتفۆرمە ستراتیژییەی کە نوێنەرایەتی دەکات بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی فەلەستین بە جیهانی عەرەبی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازیکرد لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و وەفدی یاوەری کە سەردانی عیراقیان کردوە بۆ بەشداریکردن لە کارەکانی لوتکەی عەرەبی لە بەغداد لە کۆبوونەوەی 34 ـەمینی خۆیدا.

له سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار شانازی خۆی به بەشداریکردنی له کارەکانی لوتکەی عەرەبی دەربڕی و ستایشی ئاستی هاوکاری بنیاتنەر و پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان عیراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و رۆڵی مرۆیی کرد لە رێگەی رێکخراو و دەزگاکانی کارکردن لەو وڵاتەدا.

هاوکات د. لەتیف رەشید ئاماژەی بە گرنگی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لە بەرەوپێشبردنی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیری لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارەساتی ژینگەیی و سروشتی و گۆڕانی کەشوهەوا و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و بڵاوکردنەوەی بەهاکانی خۆشەویستی و هاوکاری و لێبوردەیی لەنێوان گەلاندا.

لە کۆبوونەوەکەدا تەوەرەکانی لووتکەی عەرەبی لە بەغداد و ئەو بڕیار و راسپاردانە تاوتوێ کرا کە دەردەچن بۆ بەهێزکردنی دەرفەتی ئاشتی لە ناوچەکە بەمەبەستی بەدیهێنانی ئاوات و هیواکانی گەلان.

سەرۆک کۆماری عیراق جەختی لەوەکردەوە کە بەستنی کۆبوونەوەکە لە بەغداد ئاماژەیە بۆ رۆڵی سەرەکی عیراق لە ناوچەکە و پشتیوانی بۆ هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتی ببێتە هۆی پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری و رێزگرتن لەسەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان و هیوای خواست کە لوتکەی بەغداد بە بڕیارێک دەربچێت کە پرۆسەی کاری هاوبەشی عەرەبی بەهێز بکات و پاڵپشتی هاوخەباتی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بکات.

هەروەها تاوتوێی قەیرانی ئاو و پێویستی هەوڵی هاوبەش بۆ دەستەبەرکردنی بەشێکی دادپەروەرانە و پێویست بۆ عیراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی سەرەوەی ئاو کرا و هەروەها دۆسیەی یەزیدی و پێویستی بەردەوامی لێکۆڵینەوەیان کرد بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان و چارەسەرکردنی ئەم کێشە مرۆییە.

لای خۆیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر گرنگی رۆڵی زیندووی عیراق و هەوڵەکانی بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کردەوە و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانەکەی بۆ عیراق و بانگهێشتکردنی بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی لە بەغداد.

هەروەها سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هیوای سەرکەوتنی لوتکەی بەغداد و بەدیهێنانی ئامانجەکانی لە بەهێزکردنی هاریکاری و هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان وڵاتانی عەرەبی دەربڕی بەمەبەستی خزمەتکردن بە پرۆسەی گەشەپێدانی بەردەوام و پشتیوانیکردن لە هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند، نەبوونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆری لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم و پارێزگاکاندا دروست کردووە و بە تێپەڕاندنی یاساکە کێشەکان چارەسەر دەبن.

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "الشرق" باسی لە دوایین پێشهاتەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکرد، کاردەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەڕێوەبردن و بواری دارایی و هەنگاوی گرنگیان ناوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر.

لەبارەی هەڵبژاردنەکانی پێنج مانگی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە باسی لەوەکرد، "خوازیاری سەرکەوتنی هەڵبژاردنین، هەروەها سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەشداری تێدا بکەن و ئەنجامەکانی نوێنەرایەتی عیراقییەکان بکات، هاوکات بە پاکی و روونی بەڕێوەبچێت".

د. لەتیف رەشید لەبارەی بەڕێوەچوونی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغداد باسی لەوەکرد، بەڕێوەچوونی لوتکەکە لە بەغدا گرنگە بۆ چارەسەری گرفتەکانی فەڵەستین و سودان و لوبنان و سوریا، کە لە لوتکەکەدا لێیان دەکۆڵرێتەوە و بڕیار و راسپاردەی تایبەتیان بۆ دەردەکرێت.

وتیشی، گەلی فەڵەستین پێویستی بە پاڵپشتی هەمووان هەیە، گرنگە کۆتایی بە کوشتار بهێرنرێت و پێداویستی و هاوکارییە مرۆیی و تەندروستییەکانیان پێ بگەیەنرێت، هەروەها مافەکانیان دەستەبەر بکرێت.

لەبارەی دۆخی سوریاوە سەرۆک کۆمار ئەوەی خستە روو، "پێشوازی لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا دەکەین، بانگهێشتنامەی رەسمیمان بۆ ئەحمەد شەرعی سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا ناردووە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هیوای ئاسایش و سەقامگیری بۆ گەلی سوریا دەخوازین و بەئومێدین سیستمێکی دیموکراسی هەبێت کە نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا بکات".

دوایین قۆناغی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران یەکێکی دیکە بوو لەو پرسانەی سەرۆک کۆماری عیراق باسی لێوەکرد و روونیکردەوە، "پێشوازی لە دانوستانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەکەین، پشتیوانی لە سەرکەوتنیان دەکەین و ئامادەین هەموو هەوڵێک بدەین بۆ سەرخستنی و گەیاندنی بە ئەنجامێکی ئەرێنی".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی 5ـی 2025 لە کۆشکی سەلام، پێشوازی لە وەفدێکی رەسمی راگەیاندکارانی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی  کرد.

سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە میوانداریکردنی بەغداد بۆ لووتکەی عەرەبی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی سەرەکی و هەوڵە جەمسەرییەکانی بۆ پتەوکردنی کاری هاوبەش بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی روبەڕوی ناوچەکە دەبنەوە و پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان برایان بەشێوەیەک کە بەرژەوەندیی گەلەکانمان بپارێزێت ودوپاتیشی کردەوە کە لوتکەی عەرەبی باس لەپرسە چارەنووسسازەکان دەکات و پەسەندکردنی ئەو بڕیارانەی کەیارمەتیدەربن لەگەیشتن بەئاشتی و سەقامگیری بۆ گەلانی ناوچەکە.

هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەڕۆڵی سەرەکی میدیا کرد لەبەدیهێنانی پەیوەندی نێوان جەماوەر و داڕێژەرانی سیاسەت و ئاگادارکردنەوەی رای گشتی لەو پلان وستراتیژە خوازراوانەی کەئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام و خواستی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە بۆ خۆشگوزەرانی .

سەرۆک کۆمار پشتیوانی عیراقی بۆ گەلی فەلەستین و مافی ڕەوای چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیانی دووپاتکردەوە.

سەبارەت بەپرسی سوریا، سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی رێزگرتن لە ئیرادەی گەلی سوریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە کردەوە و ئاماژەی بە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر بە شێوەیەک کەخزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات، هەروەها هیوای سەرکەوتنی بۆ دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خواست.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پێویستی کۆتایی هێنان بە ململانێکانی سودان و یەمەن کرد و دوپاتی لەوە کردەوە کە عیراق پشتیوانی لە سەقامگیری هەردوو وڵات و ئاشتی لە ناوچەکەدا دەکات.

سەرۆک کۆمار تیشکی خستە سەر ئەو سەقامگیرییە ئەمنی و ئابووری و سیاسیەی کە ئێستا لە عیراق بەرقەرارە لەگەڵ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە وجیهان .

سەرۆک کۆمار داوای لە میدیاکاران کرد وێنایەکی راستەقینەی سەقامگیری ئەمنی لە عیراق و پێکەوەژیانی نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عیراقی بگەیەنن و جیهانیش ئاگاداربکەنەوە لەو هەنگاوە گەورانەی کەلەبواری چەسپاندنی سیستمی دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤدا بەدەستهاتون.

لەلای خۆیانەوە ئەندامانی وەفدەکە سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و پەرۆشییان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی برایەتی و هاوکاری نێوان گەلان لەڕێگەی کاری میدیاییەکانیانەوە بەمەبەستی گەیاندنی راستی روداوەکان بە هەموو جیهان دووپات کردەوە.

هەروەها وەفدەکە هیوای سەرکەوتنیان بۆ لووتکەی بەغداد و بەدیهێنانی ئامانج  و خواستەکانی گەلان بۆ ئاشتی  و خۆشگوزەرانی دەربڕی و سوپاسی هەوڵەکانی عیراقیان لەبەستنی کۆنگرەکە و میوانداریکردنی براکانی کرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتی کۆماری عیراق کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی.

سەرۆکایەتی کۆماری عیراق راگەینراوێکی لەبارەی کۆنگرەی 12ی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێشوازی لە بڕیاری کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەین بۆ گرتنەبەری رێگەچارەی ئاشتی و دیموکراسی بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێی چەکداری. 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بڕیارە بە هەنگاوێکی مێژوویی و جددی دەزانین بەرەو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ کە زەمینە بۆ گفتوگۆی راستەقینە و بنیاتنەر خۆش دەکات و یارمەتیدەر دەبێت لە دروستکردنی بناغەیەکی گونجاو بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمەلایەنە و بەردەوام، کە کۆتایی بە دەیان ساڵ لە ململانێ و کارەسات و ئازارەکان بهێنێت و قۆناغێکی نوێی پرۆسەی سیاسی و دیپلۆماسی و پەرلەمانی دەستپێدەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە، وەک پێشتر دووپاتمان کردوەتەوە، کە تاکە رێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ململانێکان دانیشتن لەسەر مێزی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن. بۆیە پشتیوانی خۆمان بۆ هەموو هەوڵەکانی ئاشتی نوێ دەکەینەوە.

لە کۆتاییشدا راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئامانج لەم هەوڵە راگرتنی شەڕ و ماڵوێرانی و بەدیهێنانی پێکەوەژیانە لە چوارچێوەی چەسپاندنی دیموکراسی و دەستەبەرکردنی مافی هەمووان و پێکەوە کارکردن، بۆ هێنانەدی ویستی گەلانی ناوچەکە بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی پتەو و ئەرێنی لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر و بەرژەوەندی هاوبەش و پاراستنی سەروەری و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی ناوچەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لە کۆشکی سەلام، پێشوازی لە محەمەد کازم ئال سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عیراق کرد.

لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی پەرەپێدانی بوارەکانی هاوکاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات و هەماهەنگی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە و جیهان کردەوە.

هاوکات سەرۆک کۆمار دووپاتی لە پشتیوانی عیراق بۆ هەموو ئەو دەستپێشخەرییانە کردەوە، کە سەقامگیری و هاوبەشی بەهێزکردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی گەلانی ناوچەکە بەهێزتر دەکەن.

لەلای خۆیەوه باڵیۆزی ئێران گرنگیدانی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکان لەگەڵ عیراق نیشاندا و جەختیشی لە پابەندی تاران بە درێژەدانی هەماهەنگی و راوێژ لەبارەی پرسه جۆراوجۆرەکانی بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا کردەوه.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم کۆبوونەوە و باسیان لە پێشهاتە سیاسی و ئابورییەکانی وڵات و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمان کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ موسەننا سەمەڕائی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم کۆبووەوە و لە دیدارەکەدا باسیان لە پێشهاتە سیاسی و ئابورییەکانی وڵات و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمان و رێگاکانی دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی هەڵبژاردن کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک کۆمار جەختی لە پێویستی هاوکاری نێوان هێزە سیاسییەکان کردەوە لەپێناو هەڵبژادنێکی ئازاد لە کەشێکی دیموکراسیدا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە رۆڵەکانی گەلەکەمان بکات و خواستەکانیان لە گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی بەدی بهێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

چاوپێكەوتنی سەرۆك كۆماری عیراق لەگەڵ كەناڵی " حەدەس"ـی سعودی، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دوایین پێشهاتە نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆییەكان و تێڕوانینی عیراق بەرانبەریان.

لە دەستپێكی چاوپێكەوتنەكەدا د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لەبارەی لوتكەی عەرەبییەوە، كە بڕیارە رۆژی 17ـی ئەم مانگە لە بەغدادی پایتەخت بەڕێوەبچیت وتی، لە سنوری وڵاتانی عەرەبی كێشە و گرفتێكی زۆر هەیە و  بڕیارە لە لوتكەكەدا، ئەو كێشەو گرفتانە تاوتوێ بكرێن و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت، وتیشی، بانگهێشتنامەی رەسمییان ئاڕاستەی سەرجەم سەرۆكی وڵاتانی عەرەبی كردووە بۆ بەشداریكردن لە لوتكەكە لەنێویاندا سەرۆكی سوریا.

هەر لە چاوپێكەوتنەكەدا د.لەتیف رەشید لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی سوریاوە رایگەیاند، سوریا هاوسێیەكی گرنگە بۆ عیراق و رۆڵی سەرەكی دەگێڕێت لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكەدا، بەڵام وەكو عیراق نیگەرانن لە ئاسایشی سەر سنوری نێوانیان و بۆ ئەوەش داوای هەماهەنگی ئەمنی لە سوریا دەكەن.

لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا، سەرۆك كۆماری عیراق سەبارەت بە دانووستانەكانی ئەمریكا و ئێران ئاماژەی بەوەدا، ئومێدەوارن دانوستانەكان سەركەوتوو بن، چونكە شكستهێنانی كاریگەری نەرێنی لەسەر تەواوی ناوچەكە دەبێت، وتیشی، وەكو عیراق پەیوەندییەكی پتەویان لەگەڵ هەریەك لە ئەمریكا و ئێران هەیە.

لە درێژەی چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ كەناڵی " حەدەس"، د.لەتیف رەشید تیشكی خستەسەر بەشێك لە پرسە مشتومڕ هەڵگرەكانی ناوخۆی عیراق، لەنێویاندا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران، كە بڕیارە رۆژی 11ـی مانگی 11ـی 2025 بەڕێوەبچێت، لەوبارەیەوە سەرۆك كۆمار وتی، ئامادەكاری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ هەڵبژاردنەكە دەستیپێكردووە و ئومێدەوارن هەڵبژاردنەكە لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت، وتیشی، وەكو ئەركی سەرۆك كۆمار داوا لە هەموو هێزە سیاسییەكانی عیراق دەكات بەشداری هەڵبژاردن بكەن.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان بەغداد و هەولێر، د.لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەدا، پەیوەندییەكانی نێوان بەغداد و هەولێر لە ئاستێكی باشدایە و هەردوولا بەردەوام لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان، لەوانەش مووچە.

هاوكات، لەبارەی ئاستەنگەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان سەرۆك كۆمار روونیكردەوە، هۆكاری تەكنیكی لەپشت دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستانەوەیە، جەختیشیكردەوە، لە پێویستی یاسای نەوت و گاز بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییە داراییەكانی نێوان بەغداد و هەولێر و لەهەمان كاتدا دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان.

لە كۆتایی چاوپێكەوتنەكەشدا، سەرۆك كۆماری عیراق دڵنیایی دایە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە، كە رێگەنادەن هیچ گروپێكی چەكداری خاكی عیراق بەكاربهێنێت بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق بەبۆنەی هەڵبژاردنی رۆبەرت فرانسیسی ئەمریكی بە پاپای نوێی ڤاتیكان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم لە جێبەجێکردنی ئەرکە مرۆڤدۆستانە گەورەکەی بۆ سەرکەوتن لە پێناو ئاشتی و چەسپاندنی بەهاکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان گەلانی هەموو جیهاندا.

دەقی  پیرۆزباییەکە.... 

پیرۆزبایی گەرمی دڵسۆزانە ئاراستەی پاپا لیۆ چواردەهەم دەکەم drprevost‬ بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک گەورەی قەشەکان و پاپای کڵێسای کاسۆلیکی و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم لە جێبەجێکردنی ئەرکە مرۆڤدۆستانە گەورەکەی بۆ سەرکەوتن لە پێناو ئاشتی و چەسپاندنی بەهاکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان گەلانی هەموو جیهاندا.

‏هەروەها شانازی زۆر بەپەیوەندی نزیکی نێوان عێراق و ڤاتیکان دەکەین و پەرۆشی خۆمان بۆ پتەوکردنی هاریکاری و کاری هاوبەش دوپات دەکەینەوە که ببێته هۆی سەقامگیری و ئاسایش و پێکەوەژیان و نەهێشتنی شەڕ و ململانێکان له جیهاندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...1617181920...43