سەرۆک کۆماری عیراق سەردانی زانکۆی دیالەی کرد و پشتیوانی بەردەوامی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی زانکۆکان و دووپات کردەوە.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی 4ـی 2025، سەردانێکی مەیدانی بۆ زانکۆی دیالە ئەنجامدا و لەو میانەدا لەگەڵ دکتۆر تەحسین حوسێن موبارەک سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ستافی زانکۆ کۆبووەوە.
لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ کارەکانی زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دووپاتکردەوە بەمەبەستی پەرەپێدانی پرۆگرامەکانیان وبەرزکردنەوەی ئاستی زانستی لەپێناو دابینکردنی کارمەندانی کارامە بۆ خزمەتی کۆمەڵگە لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا.
هەروەها سەرۆک کۆمار رۆڵی کارمەندانی زانستی و ئەکادیمی لە بەرەوپێشبردنی واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەرزنرخاند، لەڕێگەی دابینکردنی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و بیرۆکە بۆ چارەسەرکردنی کێشە نیشتمانییە بایەخدارە گرنگەکانی وڵات و هاووڵاتیان.
سەرۆک کۆمار داوای چڕکردنەوەی کارەکانی کرد بۆ دەستپێکردنی وۆرکشۆپی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان و قۆستنەوەی سەرچاوە مرۆیی و سروشتییەکانی عیراق بەمەبەستی باشترکردنی ژیانی هاووڵاتیان و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆیان.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد کە عیراق روبەڕوی کۆمەڵێک ئاستەنگ دەبێتەوە پێویستی بە هاوکاری جددی هەیە بۆ چارەسەرکردنیان بەتایبەتی لەبواری ئابووری و ژینگەییدا، هەروەها پارێزگای دیالە یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی قەیرانی کەمی ئاو و پێویستی بە هەوڵی دووهێندە هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەیەکی پێویست.
لەلای خۆیەوە سەرۆکی زانکۆی دیالە، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی سەرۆک کۆمار بۆ زانکۆ نیشاندا و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەم پاڵپشتییەی سەرۆک کۆمار بۆ دامەزراوە ئەکادیمییەکان دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا، "زانکۆی دیالە بە هەنگاوی خێرا بەرەو پەرەپێدانی ژێرخان ئابوری و فێرکاری هەنگاو دەنێت، لەگەڵ بەزکردنەوەی ئاستی لێکۆڵینەوەی زانستی و کرانەوه بەڕوی کۆمەڵگه لەڕێگەی دەستپێشخەری زانستی و گەشه پێدانەوه که لەگەڵ پێداویستیەکانی پارێزگا و وڵاتدا یەکبگرنەوە و بەشدار بن لەبنیاتنانی زانستی ئابووری و پێگەیاندنی کارمەندانی شایستە کەتوانای بەشداریکردنیان لەهەستانەوە ئابووری عیراقدا هەبێ".
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی نیسان 2025، داوای لەبەرپرسان و هێزە سیاسییەکانی ناوخۆیی پارێزگای دیالە کرد بۆ هاوکاری و یەکخستنی ریزەکان بۆ خزمەتی هاوڵاتیانی پارێزگاکە.
لەمیانەی دیدارەکەیدا لەگەڵ عەدنان ئەلشەمەری پارێزگاری دیالە و جێگرەکانی و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە هەموو لایەک بەرپرسیارێتی خۆیان بگرنەئەستۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشە خۆجێیەکانی پارێزگاکە و خزمەتکردنی هاوڵاتیانی بەشێوەیەکی گونجاو کەشایستەی خواستەکانیان بێت.
هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکرد کە دیالە لەڕابردوودا دوچاری ئەڵنگارییەکی گەورە هاتبوو، بەتایبەتی تیرۆر، کەهەوڵیدا هەڕەشە لە ئاشتی مەدەنی پارێزگاکە بکات، بەڵام بەهۆی خۆڕاگری خەڵکەکەیەوە نەیتوانی بە ئامانج بگات، هاوکات جەختیشی کردەوە لەگرنگی بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و چەسپاندنی بەهاکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە تێیدا، بەو پێیەی عیراقێکی بچوککراوەیە کە هەموو پێکهاتەکانی گەلی بەڕێزی عیراق لەخۆدەگرێت.
لەلای خۆیەوە، پارێزگاری دیالە، بە گەرمی بەخێرهاتنی خۆی بۆ سەردانی سەرۆک کۆمار بۆ پارێزگاکە دەربڕی و وێڕای بەرزنرخاندنی پەرۆشی بەڕێزیان بۆ گوێگرتنی راستەوخۆی لەپێداویستییەکانی خەڵکەکەی، هەروەها کورتەیەکی گشتگیری لەبارەی دۆخی پارێزگاکە پێشکەش کرد و پێداچونەوەی بەدیارترین ئاستەنگەکان کرد کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لەگەڵ دیدگای ئیدارەکەی بۆ زاڵبوونیان بەسەر ئاستەنگەکان و باشترکردنی دۆخی پارێزگاکە و خزمەتکردنی خەڵکەکەی.
نوێنەرانی پارێزگای دیالە و ئەندامانی ئەنجوومەنیش، پێزانینی خۆیان بۆ سەردانی سەرۆک کۆمار دەربڕی و جەختیان لەوە کردەوە کە ئامادەبوونی بەرێزیان پاڵپشتێکی بەرچاوە بۆ خەڵکی پارێزگاکە و پەیامێکی خەمخۆری دەوڵەتە بۆ بارودۆخی شارەکەو پابەندبوونیان دووپاتکردەوە بۆ کارکردن بە هاوبەشی لەگەڵ ئیدارەی ناوخۆیی پارێزگاکە بۆ باشترکردنی دۆخی پارێزگاکە و بەرزکردنەوەی سەقامگیری و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵکەکەی.

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، بەبۆنەی یادی 127ساڵەی رۆژنامەگەری کوردییەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و تیایدا باس لە گرنگی پاراستنی مافەکانی رۆژنامەنووسان دەکات و جەخت لە دابینکردنی روبەری ئازاد بۆ ئازادی رادەربڕین دەکاتەوە:
دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆمار:
له رۆژی رۆژنامەگەری کوردیدا پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی رۆژنامەنووسانی کوردستان و عیراق دەکەین. ئەم دەرفەتە دەقۆزینەوە بۆ وەبیرهێنانەوەی میراتی رۆژنامەوانی دەوڵەمەند و درێژخایەنی گەلەکەمان و رۆڵی رۆژنامەگەری لەدۆکیۆمێنتکردنی مێژوو و گەیاندنی رووداو و هەواڵەکان و تیشک خستنە سەر بابەتە گرنگەکانی ژیانی هاووڵاتیان و تەئکیدکردنەوە لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی ئازادی رۆژنامەگەری و پاراستنی مافەکانی رۆژنامەنووسان و دابینکردنی ئەوپەڕی روبەری ئازاد بۆ ئازادی رادەربڕین لەپێناو پەرەپێدانی یەکڕیزی و هاوخەباتی نێوان خەڵک و پتەوکردنی رۆحی نیشتمانی.
هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر بۆ رۆژنامەگەری کوردی دەخوازین و هەموو هەوڵێک بۆ ئاشکراکردنی راستیەکان و پەروەردەکردنی کۆمەڵگا و پتەوکردنی دیموکراسی و بڵاوکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان بەرز دەنرخێنین. هەمیشە سەرکەوتوو سەرفراز بن.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە عیرفان سدیق باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق کە رۆزی کیف جێگری باڵیۆزی بریتانیا لە عیراق ئامادەی بوو بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی.
لە میانی دیدارەکەدا ئەمڕۆ لە بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان عیراق و شانشینی یەکگرتوو و ئاماژەیکرد بە پێویستی پەرەپێدانی ئاسۆی هاریکاریی و هەماهەنگی هاوبەشی هەردولا لەسەر بابەتەکانی جێی بایەخی هاوبەش.
لای خۆیەوە باڵیۆزی بەریتانیا ستایشی بەهێزبونی پەیوەندیی نێوان عیراق و بریتانیای کرد و ویستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەکاندا دوپاتکردەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتی دۆست بکات.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، بەهۆی کۆچی دوایی پاپا فرانسیس، پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە، "بە کۆچی دواییان هەموو جیهان کەسایەتییەکی ئایینی و مرۆڤدۆستی بێهاوتای لە دەستدا کە لە ماوەی ژیانیدا خزمەتێکی گەورەی بە پرسەکانی ئاشتی و لێبوردەیی ئایینی کردووە".
دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆمار
بە خەمێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی پاپا فرانسیسمان پێگەیشت کە کاریگەرییەکی لەبیرنەچووی بەجێهێشت لە پابەندبوون بە هەڵوێستە مرۆییەکان و ڕەتکردنەوەی جەنگ و توندوتیژی و بانگەشەی ئاشتی و پێکەوەژیان لە نێوان هەموو گەلاندا.
بە کۆچی دواییان هەموو جیهان کەسایەتییەکی ئایینی و مرۆڤدۆستی بێهاوتای لە دەستدا کە لە ماوەی ژیانیدا خزمەتێکی گەورەی بە پرسەکانی ئاشتی و لێبوردەیی ئایینی کردووە.
سەرەخۆشی لە کڵێسای کاسۆلیکی و مەسیحییەکان و هەموو جیهان دەکەین بەبۆنەی کۆچی دوایی کەسایەتی پیرۆزیان و بەزەیی و سۆز بۆ ڕۆحیان.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ سەید عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبووەوە.
لە میانی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ لە بەغداد بەڕێوەچوو ، باس لە پێشهاتی دۆخی سیاسی و گشتی وڵات کرا، هەروەها ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی وڵات تەوەرێکی تری دیدارەکە بو کە تیایدا جەختکرایەوە، لەسەر پێویستی پشتیوانیکردن لە هەموو رێکار و ئامرازەکان بۆ سەرخستنی هەڵبژاردن و بەدیهێنانی ویستی هاووڵاتیان.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی 4ـی 2025 لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە محەممەد ئەحمەد یەماحی سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی و وەفدی یاوەری کرد.
سەرۆک کۆماری عیراق جەختی لەپێویستی کارەکانیان کرد کە وەک سەکۆیەک بۆ لێکنزیکبوونەوە و دیالۆگ لە نێوان لایەنە جیاوازەکاندا و بزوێنەرێک بۆ دەستپێشخەرییەکانی خزمەت بە ئاسایشی نەتەوەیی عەرەب و رەنگدانەوەی نیگەرانییەکانی هاووڵاتیانی عەرەب.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە عیراق لە ماوەی پێشودا روبەڕوی رژێمێکی دیکتاتۆر و جەنگ و تیرۆر بوەوە، ئێستاش رۆڵی سەرەکی خۆی بەدەستهێناوەتەوە، بەو پێیەی سەقامگیری ئەمنی لە هەموو شارەکاندا هەبوو، و شایەتحاڵی گەشەسەندنە لە خزمەتگوزاری و پڕۆژەکانی وەبەرهێناندا، هەروەها جەختیکردوە کەدەرگاکانی عیراق کراوەن بەڕوی براکانیدا و پەرۆشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموو وڵاتانی برا و دۆست، هەروەها هیوای خواست کە زۆرێک لە کۆمپانیاکان لە عیراق کاربکەن.
هاوکات باسی لەڕۆڵی سەرۆکایەتی کۆمار کرد لە پێشکەشکردنی چەندین رەشنووسی یاسای پەیوەست بە داواکاری هاووڵاتیان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان، ئەمە جگە لەهەوڵەکانی بۆ ئازادکردنی هەزاران دەستگیرکراو کە سزاکانیان بەسەرچووبوو.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد کە میوانداریی بەغداد بۆ کارەکانی پەرلەمانی عەرەبی و کۆبوونەوەکانی لیژنەکانی پەرلەمانی عەرەبی گوزارشتە لە پابەندبوونی عیراق بۆ پشتیوانی کردن لە کاری هاوبەش و چەسپاندنی رۆڵی سەرەکی خۆی لە لەچوارچێوەی سیستمی ناوچەکەدا.
دوپاتیٍشی کردەوە لە پێویستی هەستانی پەرلەمانە عەرەبییەکان بە بەرپرسیارێتی خۆیان سەبارەت بە دەستدرێژییە بەردەوامەکان، گەمارۆی ناڕەوا و بارودۆخی توندی مرۆیی لە کەرتی غەززە، بە فشارکردن بۆ راگرتنی پەرەسەندنەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕ و رێگەدان بە چونە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان.
لەلای خۆیەوە یەماحی، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ ئەو پێشوازییە گەرم و میواندارییە بەخشندەیە و ستایشی رۆڵی پێشەنگی عیراقی کرد لە پشتیوانیکردنی دۆزی نەتەوەیی و بەهێزکردنی رێگاکانی هاوبەشی عەرەبی.
یەماحی هەروەها جەختی لەپەرۆشی پەرلەمانی عەرەبی بۆ قووڵکردنەوەی هاوکاری و راوێژ لەگەڵ عیراق و کراوەیی بەرامبەر دیدگا و دەستپێشخەرییەکانی کردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرەکانی لە بەهێزکردنی هاودەنگیی عەرەبی و بەهێزکردنی پێگەی ناوچەکە.
سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی هەروەها ستایشی هەڵوێستی پاڵپشتیکاری عیراقی لەبارەی پرسە عەرەبییەکان کرد و پاڵپشتیی پەرلەمانی بۆ هەوڵەکانی عیراق بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەی دوپات کردەوە.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی 4ـی 2025 لەکۆشکی بەغداد، پێشوازی لە خالد بەتال نەجم وەزیری پیشەسازی کرد.
لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە عیراق خاوەنی سەرچاوەیەکی بەرفراوان و هەمەچەشنەیە کە دەتوانرێت وەبەربهێنرێت لە پاڵپشتیکردنی ئابووری عیراق و پەرەپێدانی پیشەسازی ناوخۆیی. هەر لە دیدارەکەدا پلانە ستراتیژییەکان بەئامانجی هاندانی کاری کارگەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆیی تاوتوێ کرا و تێیدا سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی ئەم کارە لە بەهێزکردنی دۆخی ئابووری کردەوە و ئاماژەیشی بە پێویستی هاندان و پشتیوانی کەرتی تایبەت کرد بۆ ئەوەی بتوانێت شانبەشانی کەرتی گشتی بەشداری بکات لە گەیشتن بە گەشەسەندنی بەردەوام لە وڵاتدا.
لەلای خۆیەوە وەزیری پیشەسازی ، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ گرنگیدان و ڕێنماییە بەنرخەکانی سەرۆک کۆمار دەربڕی و ڕونکردنەوەیەکی سەبارەت بەکارەکانی وەزارەت و پڕۆژە بەردەوامەکان و پلانەکانی بۆ بەهێزکردنی کەرتی پیشەسازی لەعیراقدا خستەڕوو.

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، لە کەنیسەی سەیدەت نەجات لە بەغداد، بە ئامادەبوونی رەیان کلدانی ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی بابیلون و ئیڤان فایەق جابرۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەران بەشداری لە قوداسی جەژنی قیامەی کرد.
سەرۆک کۆماری عیراق پیرۆزبایی جەژنی قیامەی لە برایانی مەسیحی کرد و هیوای ئاشتی و خێرو خۆشەویستی بۆ خواستن.
د.لەتیف رەشید، جەختیکردەوە لەسەر ئەو راستیەی کە سروشتی کۆمەڵی عیراق بە یەکگرتوویی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە جیادەکرێتەوە کە بە پێی دەستوورێک زامنی یەکسانی و دادپەروەری و رێزگرتنی یەکتری دەکات.
لە بەرانبەردا قەشە مار ئەفرام یوسف عەبا، سەرۆکی قەشەکانی ئەبرەشیەی سریانی کاسۆلیک لە بەغداد، پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری عیراق لە مەراسیمەکە وەک پارێزەری دەستوور و پشتیوانیکردنی هەموو مەزهەب و ئایینەکانی وڵات، بۆ چەسپاندنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و برایەتی و یەکگرتوویی لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای عیراقیدا.
دکتۆر لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، لە پەیامێکی تایبەتدا پیرۆزبایی لە دانیشتوانی هەڵەبجە کرد بە بۆنەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بەپارێزگا بوونی شارەکەیان.
لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، سەرۆک کۆمار ستایشی هەوڵەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقی کرد و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کاربکەن بۆ تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە پارێزگاکەدا بەمەبەستی پەرەپێدان و گەشەپێدانی.
دەقی پەیامەکەی د. لەتیف رەشید:
بە بۆنەی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجەوە پیرۆزبایی گەرم ئەکەین، لەرۆژی دەنگدانی پەرلەمان بەیاننامەیەکی فەرمی سەرۆکایەتی کۆمارمان دەرکرد، پێمان باشبوو بە تایبەتر پیرۆزبایی لەخەڵکی هەڵەبجە بکەین.
ئەمە هەنگاوێکی یاسایی و کارگێڕی دروستبوو بۆ گەشەپێدانی هەڵەبجە، دەستخۆشی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەکەین و ئاشکرایە هەر لە کۆنەوە هەڵەبجە مەڵبەندێکی رۆشنبیری و کلتوری پێشکەوتوو بوە و شاری هونەر و ئەدیب و شاعیران بوە، خەڵکەکەی لێوەشاوە و نیشتمان پەروەرن ، خاکەکەی بە پیت و ناوچەیەکی دڵڕفێن و گەشتیاریە.
بە هەموو توانامانەوە پشتگیری لەپارێزگای هەڵەبجە دەکەین و خزمەتی هەڵەبجە و زیاتر ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی دەکەین.
بێگومان کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تاوانێکی جینۆسایدە، هەموو هەوڵێک لە کۆڕی نێودەوڵەتیدا ئەدەین، بۆ ئەوەی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە بەشێوەیەکی یاسایی بە جینۆساید بناسرێت .
خەڵکی تێکۆشەرو بەوەفای هەڵەبجە، دڵنیاین ئێوەش لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی و وەبەرهێنەری شارەکەتان و تەواوی وڵاتەکەمان کۆشش دەکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتری شارەکەتان، گیانی شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی وڵاتەکەمان شاد بێت و هەڵەبجەش هەمیشە شاری ئاشتی وهونەرو جوانی بێت.
د. لەتیف جەمال رەشید
سەرۆک کۆماری عیراق
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی 4ـی 2025 لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و وەفدی یاوەری کرد.
لەدیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لەگرنگی سەقامگیرکردنی ناوچەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان لەڕێگەی بەردەوامی هاوکاری نێوان عیراق و تورکیا و وڵاتانی دیکەدا کردەوە، هاوکات پەرۆشی عیراقی بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری و هەماهەنگی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دووپاتکردەوە.
لەلای خۆیەوە نوح یڵماز، سڵاوی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیای، گەیاندە سەرۆک کۆماری عیراق و دووپاتی لەخواستی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ عیراق و فراوانکردنی بوارەکانی راوێژکردن لەبارەی پێشهاتەکانی ناوچەکە بەشێوەیەک کە پشتیوانی لە سەقامگیری و خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی 4ـی 2025 لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە شێخ عەبدولڕەحمان بن حەمەد ئال ثانی وەزیری رۆشنبیری دەوڵەتی قەتەر کرد، بە ئامادەبوونی د. ئەحمەد فەکاک ئەلبەدرانی وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارەکان.
لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لەگرنگی پتەوکردنی پەیوەندییه کلتوورییەکانی نێوان عیراق و قەتەر کردەوه و ستایشی ئەو جوڵانەوە کلتوورییەى نێوان هەردوو وڵاتی کرد، کە هەنگاوێکە بۆ نزیکبوونەوەی هەردوو وڵاتی برا.
هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد کە عیراق بە کەلەپووری شارستانیەتی دێرینییەوە پەرۆشی هاوبەشیەکی جۆراوجۆر لەگەڵ برایان و دۆستەکانی دەکات.
لەلای خۆیەوە وەزیری رۆشنبیری قەتەر، سڵاوی سەرکردایەتی قەتەری گەیاندە سەرۆک کۆماری عیراق و ئاماژەی بەوەدا کەسەردانەکەی بۆ بەغداد لە چوارچێوەی پەرۆشی بۆ پتەوکردنی هاوبەشی کلتوری لەگەڵ عیراق و بەردەوامی هەماهەنگی هاوبەش بۆ رێکخستنی چالاکییە رۆشنبیری و هونەرییەکاندا دێت.
سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاند، بە پارێزگابوونی هەڵەبجە هەنگاوێكی نیشتمانیی گرنگە بۆ رێزگرتن لە قوربانیدان و بەرەوپێشبردنی بەهاكانی دادپەروەری.
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و گفتوگۆیان لەسەر بەپارێزگابوون هەڵەبجە كرد.
سەرۆك كۆمار رایگەیاند، دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هەنگاوێكی نیشتمانی گرنگە و رەنگدانەوەی پابەندبوونی دەوڵەتە بەرانبەر ڕێزگرتن لە قوربانیان و بەرەوپێشبردنی بەهاكانی دادپەروەری، سەرۆكایەتی كۆماریش لەگەڵ هەموو لایەنەكان هەوڵیداوە بۆ پەسەندكردنی ئەم پرۆژە یاسایە.
لەكۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە لە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و هاریكاری نێوان هێزە سیاسییەكان لەپێناو پشتیوانیكردن لە سەقامگیری و ئاوەدانكردنەوە و پەسەندكردنی یاساكانی پەیوەست بە گوزەرانی هاووڵاتیان.
لای خۆیەوە هەرێم كەمال ئاغا رایگەیاند، فراكسیۆنی یەكێتی پابەندە بە كاركردن لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسیەكان لەپێناو یەكڕیزیی و لێكتێگەیشتنی نیشتمانیی.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، بەبۆنەی سەری ساڵی ئێزدییەکانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردوەتەوە و هیوای جەژنێکی پڕ لە خێر و ئارامییان بۆدەخوازێت و رایدەگەیەنێت، " هیوادارین هەموو ئەوانەی کە ئاوارەو دەربەدەر بون بە زوترین کات بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ئاسایش و سەقامگیری لە شەنگال بچەسپێت".
دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆمار
گەرمترین پیرۆزبایی لە ڕۆڵەکانی ئێزیدیمان دەکەین بە بۆنەی سەری ساڵی ئێزیدی، هیوای جەژنێکی پڕ لە خێر و ئارامییان بۆ دەخوازین.
ئەمرۆ سەری ساڵی نوێی ئێزیدیەکانە، هیوادارین هەموو ئەوانەی کە ئاوارەو دەربەدەر بون بە زوترین کات بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ئاسایش و سەقامگیری لە شەنگال بچەسپێ و چارەنوسی ئەوانەشی کە بێ سەروشوێنن دەرکەوێت.
بۆیە لەو سۆنگەوە پشتگیری تەواو و بەردەوامی خۆمان بۆ ئەو هەوڵانە دووپات دەکەینەوە.
چارەسەرکردنی ئەم مەسەلە هەڵپەسێردراوانە ئەرکێکی نیشتمانییە و ڕێزلێنانێکە بۆ ئەو قوربانییە گەورەی کە ئێزیدییەکان و هێزە ئەمنییە قارەمانەکانمان لە هەموو پێکهاتەکان داویانە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشی تیرۆریستی و پووچەڵکردنەوەی پیلانە قێزەونەکانیان.
د.لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پەیامێکی لە نەبیە بەڕەی سەرۆکی پەرلەمانی لوبنانەوە پێگەیشت.
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی عەلی ئەدیب حەبحاب باڵیۆزی لوبنان لە عیراق، پێشوازیکرا لە "قەبلان قەبلان" نێردەی سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان، پەیام و سڵاوی نەبیە بەڕی، گەیاندە سەرۆک کۆمار.
لەپەیامەکەدا باس لەپەیوەندییەکانی عێراق و لوبنان و چۆنیەتی کاراکردنی میکانیزمەکانی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتی برا کراوە.
سەرۆک کۆماریش لەڕێگای قەبلانەوە سڵاو ڕێزی خۆی گەیاندە سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان و ئاماژەیدا بە قووڵایی پەیوەندیی برایانە و هاوکاریی نێوان هەر دوو وڵات وجەختیشی کردەوە لەپێویستی پێشخستنیان بۆ ئەوەی بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کلتووریش بگرێتەوە بەشێوەیەک کەخزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل بکەن و بناغەکانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا چەسپێنێت.
سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆكی حزبی پێشكەوتن كۆبوونەوە و دووپاتیان كردەوە، پێویستە هەڵبژاردن رەنگدانەوەی ویستی گەلانی عیراق بێت بۆ دیاریكردنی نوێنەرەكانیان.
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە بەغداد پێشوازی كرد لە محەممەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی پێشكەوتن و لە كۆبوونەوەكەدا جەختیكردەوە لە لێكتێگەیشتن لە نێوان هێزە سیاسییەكان بۆ پشتیوانیكردن لە پێشكەوتنی وڵات و چڕكردنەوەی هەوڵەكان لەپێناو بەرژەوەندی نیشتمانی.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا د. لەتیف رەشید و محەممەد حەلبوسی باسیان لە ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كرد و دوپاتیان كردەوە پێویستە بەشێوەیەك بێت ڕەنگدانەوەی ویستی گەلانی عیراق بێت بۆ دیاریكردنی نوێنەرەكانیان، هەروەها پاڵپشتیان بۆ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەئامانجی سەرخستنی ئەو پڕۆسە دیموكراسییە دووپاتكردەوە.