د.لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ د. رەمەزان ئەبو جەناح جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری تەندروستی لیبیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەیەکدا پێشکەوتنەکانی گۆڕەپانی ناوچەکە بەتایبەتی بارودۆخی سوریا تاوتوێکرا و جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە ڕێز لە هەڵبژاردنەکانی گەلی سوریای بگیرێت و بەدوای چارەسەری سیاسیدا بگەڕێن کە کۆتایی بەنەهامەتییەکانی بهێنێت و یەکڕیزی و سەروەری سوریا بپارێزێت.
لای خۆیەوە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری تەندروستی لیبیا تەئکیدی لەسەر پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ عێراق و گەیشتن بە چارەسەرێک کە پاڵپشتی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بکات.
سەرۆک کۆماری عێراق پیرۆزبایی لە هەڵبژاردنی بەغداد دەکات، کە وەک پایتەختی گەشتوگوزاری عەرەبی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دیاری کراوە، دەشڵێت، "ئەمە داوامان لێدەکات، هەوڵی زیاتر بدەین بۆئەوەی بەغداد بکەینە جوانترین و رەونەقترین شار".
دکتۆر لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق راشیگەیاندووە، "هەڵبژاردنی بەغداد وەک پایتەختی گەشتوگوزاری عەرەبی، داوا لە هەموومان دەکات هەوڵی زیاتر بدەین بۆ ئەوەی بەغداد بکەینە جوانترین و ڕەونەقترین شار، چونکە خاوەنی ئەو میراتی شارستانی و کەلتووریەیە کە جیهانی بە بۆن و بریسکەی ڕووناک کردووەتەوە".
ئەوەشی خستووەتە روو، "سوپاس و ستایشی ئەو هەوڵانە دەکەین کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی بەغداد وەک پایتەختی گەشتوگوزار بەدی کرا و هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازین".
ئەمڕۆ میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، کە رێکخراوی عەرەبی بۆ گەشتوگوزار، بەغدادی وەک پایتەختی گەشتوگوزاری عەرەبی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ هەڵبژاردووە.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە هەڵۆ عەسکەری وەزیری ژینگە، لە سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی وەزیری ژینگە پیرۆزبایی لە وەزیر کرد، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی و لە خزمەتکردنی عیراق و گەلەکەی.
هەر لەو دیدارەدا پلان و ستراتیژییەکانی وەزارەتی ژینگە بە ئامانجی پاراستن و باشترکردنی دۆخی ژینگەیی وڵات تاوتوێ کرا، لەوبارەیەوە سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە پێویستی بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا و لێکەوتە نەرێنییەکانی لەسەر ژیان بە گشتی.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی چارەسەرکردنی دیاردەی دەردراوی غاز و بۆنی زیانبەخش کە کاریگەری لەسەر کوالێتی هەوای بەغدای پایتەخت هەیە و کارکردن بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەیان، ئاماژەیکرد بە پێویستی بەردەوامی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان وەزارەت و ئەمانەی بەغداد و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردنی هەموو جۆرە سەرپێچیەک کە زیان بە دۆخی ژینگەیی دەگەیەنن.
لای خۆیەوە وەزیری ژینگە هەنگاوەکانی وەزارەتی ژینگەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیسبوون و هەروەها پلانەکانی ئێستا و داهاتوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی ئاو ڕوونکردەوە بە شێوەیەک کە دۆخی سروشتی ژینگەیی لە وڵاتدا مسۆگەر بکات.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رۆژی هەینی ٦-١٢-٢٠٢٤ لە کۆشکی سەلام لەبەغداد پێشوازی کرد لە بەسام سەباغ وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی سوریا و وەفدی یاوەری کەلەدیدارەکەدا فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە ئامادەبوو .
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا و کاریگەرییەکانی لەسەرتاسەری ناوچەکە کرا و سەرۆک کۆمار پەرۆشی عیراقی بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا دووپاتکردەوە بەشێوەیەک کە یەکپارچەیی و سەلامەتی گەلەکەی بپارێزێت و هۆشداریشی دا لە ئاکامەکانی ئەم رووداوە ئەمنیانە کە پێویستی بە رێوشوێنی بەپەلە هەیە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
سەرۆک کۆمار هەڵوێستی عیراقی بۆ پشتیوانی لە یەکڕیزی و سەروەری دەوڵەتی سوریا دووپاتکردەوە و پشتیوانی لە هەر دەستپێشخەرییەک کرد کە ببێتە هۆی گەیشتن بە چارەسەرێک کە ژینگەیەکی سەلامەت و سەقامگیر بۆ هەموو خەڵکی سوریا دەستەبەر بکات و ئاماژەی بەوەشکرد کە عێراق هەموو هەوڵەکانی خۆی تەرخان دەکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە پشتگیری ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بکات.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی سوریا جەختی لەوە کردەوە کە ڕووداوەکانی ئێستای سوریا هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیری و ئاشتی و سوپاسی هەڵوێستەکانی عێراقی کرد لە پشتیوانی سوریا .
وەزیری دەرەوەی سوریا باسی ئەو پەیوەندی و ڕاوێژانەی کرد کە لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچن بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دۆخی سوریا و تەئکیدیشی لەسەر گرنگی هەماهەنگی و هاوکاری هاوبەش کردەوە بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلانی ناوچەکە.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و وەفدی هاوڕێی کرد و ئاماژەی بە پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و پاراستنی یەکڕیزی و سەروەری سوریا و سەلامەتی گەلەکەی کرد.
لە میانی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ هەینی 6-12-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو و فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیر و وەزیری دەرەوە ئامادەی بوو، باس لە پێشهاتی سیاسی و ئەمنی گۆڕەپانی ناوچەکە کرا، بەتایبەت پێشهاتی ئەمنی ئەم دواییەی سوریا و کاردانەوەی لەسەر دۆخی ناوچەکە.
سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵەکان و هەماهەنگی هاوبەش بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و پاراستنی یەکڕیزی و سەروەری سوریا و سەلامەتی گەلەکەی، هاوکات جەختیکردەوە لە گرنگی بەردەوامی راوێژ و هەماهەنگی بە شێوەیەک کە ئاشتی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بپارێزێت، هەروەها دانانی پلانێکی گونجاو بۆ ڕێگریکردن لە کاردانەوەی زیاتری ڕووداوەکان لە ناوچەکەدا.
سەرۆک کۆمار هەڵوێستی عێراقی دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆقرەی و سەقامگیری لە ناوچەکە و هەوڵەکان بە ئاراستەی ڕێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان، ڕوونیشیکردەوە کە پێشهات و ڕووداوەکانی سوریا و کاردانەوەیان لەسەر ناوچەکە بە گشتی تێڕامان و سەرنجی وردی پێویستە، ئاماژەشییکرد بە ڕۆڵی بەردەوامی عێراق لە سەرخستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
لای خۆیەوە عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ستایشی هەوڵەکانی عێراقی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و هێورکردنەوەی دۆخەکە بە شێوەیەک کە خزمەت بە گەلانی ناوچەکە و سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابوورییان بکات.
سەرۆك كۆماری عیراق لە بەغداد لەگەڵ میری ئێزدییەكان كۆبووەوە و داوای دەستەبەركردنی مافی ئێزدییەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان دەكات بۆ ناوچەكانی خۆیان.
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆشكی بەغداد، چاوی كەوت بە میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییەكان لە عیراق و جیهان.
لە دیداردەكەدا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكان تاوتوێكران، جگە لە هەوڵەكان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان و دابینكردنی پێداویستییەكانیان.
هەر لە دیدارەكەدا باس لە پێشهاتەكانی دۆخی ئەمنیی ناوچەكە كراو سەرۆك كۆمار ئاماژەی بە پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ روبەڕوبوونەوەی هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتی عیراق و هاووڵاتیانی كرد.
هەروەها جەختی لە گرنگی زیادكردنی هەوڵەكان بۆ زامنكردنی مافەكانی هەموو عیراقییەكان و ئێزیدییەكان بەتایبەتی كردەوە، بەو پێیەی ئەوان بەشێكی جەوهەری و دانەبڕاون لە گەلی عێراق.
لای خۆیەوە میر حازم تەحسین بەگ خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە پاڵپشتییەكانی سەرۆك كۆمار بۆ ئێزدییەكان.
سەرۆك كۆماری عیراق لەگەڵ وەزیری دەرەوە كۆبووەوە و جەختیكردەوە، لە هێوركردنەوەی گرژییەكانی سوریا و سنوورداركردنی دەستدرێژی و تاوانەكان بۆ سەر گەلی فەڵەستین.
سەرۆكایەتی كۆماری عیراق بڵاویكردەوە، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە بەغداد پێشوازیكرد لە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و لە كۆبوونەوەكەدا، رووداو و پێشهاتەكانی باكووری سوریا و هەوڵەكان بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكانی ناوخۆی ئەو وڵاتە تاوتوێكرا.
لای خۆیەوە، سەرۆك كۆمار ئاماژەی بە گرنگی چڕكردنەوەی هەوڵەكان دا بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكانی سوریا و وتی، فراوانبوونی گرژییەكانی ناوچەكە لە بەرژەوەندی سەقامگیری بارودۆخەكە نابێت، داواشیكرد سنوورێك بۆ تاوان و دەستدرێژییەكانی سەر گەلی فەڵەستین دابنرێت.
لەبەرامبەردا، وەزیری دەرەوە هەوڵ و رێوشوێنە دیپلوماسییەكانی وەزارەتی دەرەوەی عیراقی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی خستەڕو، بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ گرژییەكانی ناوچەكە، بەجۆرێك خزمەت بەئاسایشی و سەقامگیری ناوچەكە بكات.
سەرۆك كۆماری عیراق و هادی عامری كۆبوونەوە و جەختیانكردەوە لەسەر پێویستی چڕكردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ و گرژییەكانی سوریا.
سەرۆكایەتی كۆماری عیراق بڵاویكردەوە، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە بەغداد پێشوازیكردووە لە هادی عامری ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر و لە كۆبوونەوەكەدا، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكان لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لەنێویاندا دۆخی سوریا تاوتوێكرا.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، جەختكرایەوە لەسەر پێویستی چڕكردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ و گرژییەكانی سوریا و دەستبەركردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ گەلی ئەو وڵاتە و ناوچەكە بە گشتی.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، تیشكخرایە سەر بارودۆخی گشتی وڵات و بەردەوامی پشتیوانیكردنی حكومەتی فیدراڵ لە جێبەجێكردنی كارنامە وزارییەكەی و هاوكات پاڵپشتیكردنی داڕشتن و دانانی یاساكان بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە گەلی عیراق بە سەرجەم پێكهاتە و مەزهەبەكانیەوە.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، مۆنیۆمێنتی شەهید تالیب سوهەیلی کردەوە و لە میانی مەراسیمێکدا، کە ئەمڕۆ شەممە، رێکەوتی ٣٠-١١- ٢٠٢٤ لە هۆڵی شاهانە لە کازمییە بەڕێوەچوو، سەرۆک کۆمار وتارێکی پێشکەش کرد کە تێیدا جەختیکردەوە لەوەی "دامەزراندنی ئەم پەیکەرە دەربڕینی پێزانین و شانازییە لە لایەن گەلەوە بۆ شەهیدە قوربانیدەرەکان کە لە ویژدانی گەلدا بە پێکهاتە جیاوازەکانیەوە دەژین"، ئاماژەیکرد بۆ ئەوەی کە وانەی مێژوو کە ئەم پاڵەوانانە بەخشیویانە بریتییە لە ویستی گەورەی گەل بۆ دیموکراسی و ڕێگریکردن لە گەڕانەوە سەرکوتکاری دەسەڵات و ستەمکاری و دیکتاتۆری کە ئازاریان بۆ گەل و وڵات هێناوە.
دەقی وتارەکەی سەرۆک کۆمار:
به ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ئامادەبوانی بەڕێز
کەسوکاری شەهید تاڵیب ئەلسوهەیل
سڵاوتان لێبێت .
ئەمڕۆ ئێمە بە شانازییەوە لەم مەراسیمەدا ، لە مەراسیمی کردنەوەی مۆنۆمێنتی یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی نیشتیمانی لە ئەرکی دژایەتیکردنی ڕژێمی ستەمکاردا ڕادەوەستین، ئەویش شەهید تالیب سوهەیلە کە ساڵی 1994 لە بەیروت بە دەستی هەواڵگری دیکتاتۆرییەت تیرۆر کرا.
بەبۆنەی کردنەوەی مۆنۆمێنتەکەوە ئاهەنگ دەگێڕین و یادی ژیاننامەی پیاوێک دەکەینەوە کە لەڕیزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەپێناو ئازادی عێراقییەکان و دیموکراسیدا قوربانی بەنرخی داوە و تێکۆشاوە
ئێستا دیکتاتۆرییەت نەماوە و لاپەڕەکانی مێژووی داخراون و یادەوەری مێژوو ڕۆڵی قارەمانانەی پاراستووە و گەلان مێژوو یادەوەری قوربانییەکانیان بەرز دەنرخێنن.
دانانی ئەم مۆنۆمێنتە دەربڕینی سوپاسگوزاری و شانازی خەڵکە بەو شەهیدەو قوربانیدانەکانی کە لە ویژدانی گەلەکەمان بە پێکهاتە جۆراوجۆرەکانییەوە دەژین ، ئەو وانەیەی مێژوو بۆ ئەم قارەمانانەی دەپارێزێت ئەوەیە کە سووربوونی گەل بەردەوامە بۆ دێموکراسی و ڕێگریکردن لە گەڕانەوە بۆ قۆرخکاری دەسەڵات و تاکڕەوی و ستەم و دیکتاتۆرییەت و نەهامەتییەکانی کە بۆ خەڵک و وڵاتیان هێناوە.
گرنگترین وانە ، پەرەپێدانی ئازادییەکان، تەرخانکردنی دادپەروەری و بەشداری دادپەروەرانە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەر بنەمای دێموکراسی، ئەمەش ئەرکی هەموومانە لە پێناو خزمەتکردن بە پێشکەوتنی وڵات و بەرەوپێشچوون بەرەو پێگەی ڕاستەقینەی خۆی لە دەوڵەتێکی دێموکراسی لەسەر بنەمای پاراستنی ئازادییەکان و پابەندبوون بە دادپەروەری کە مافەکانی هەمووان مسۆگەر دەکات.
ڕەحمەتی فراوان بۆ شەهید سوهەیل و سەرجەم شەهیدانی گەل و قوربانیانی دەستی ستەم.
ئێمە و خێزانەکانیان دەبێت هەموومان شانازی بە قوربانیدان و قارەمانێتییەکانیانەوە بکەین.
سڵاو و دروود و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوای گەورەتان لەسەربێت
سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی، جەخت لەسەر پێویستی هەماهەنگی زیاتری نێوان لایەنەكان لەپێناو ئاسایش و سەقامگیریی عیراق دەكەنەوە.
د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە بەغداد پێشوازی لە عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی كرد و باسیان لە رەوشی سیاسی و ئابووری عیراق كرد و پێویستی پاڵپشتیكردنی حكومەت بە گرنگ وەسف كرا، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرنامەی خزمەتگوزاریی جێبەجێبكات و پێویستی هاووڵاتیان لە هەموو بوارەكاندا دابینبكات.
جەختیشكرایەوە لەسەر پێویستی راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە ناوچەكەدا، بەشێوەیەك كە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە بپارێزێت و بڕیاری ئاگربەست لە لوبنان یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزكردنی ئاسایش و ئارامی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، باس لە گرنگی یەكخستنی هەوڵەكان و هەماهەنگی هاوبەش كرا لەنێوان هێزە نیشتمانییەكان بۆ چەسپاندنی پاراستنی سەروەریی عیراق و چەساپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە بەغداد پێشوازی لە موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد.
لەکۆبوونەوەکەدا بارودۆخی ناوچەکە و چۆنیەتی هەماهەنگی نێوان دەزگاکانی یاسادانان و جێبەجێکردن تاوتوێکرا بەمەبەستی بەهێزکردنی رۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێری ئەنجومەنی نوێنەران و پشتیوانیکردن لە ڕێڕەوەکانی بەرنامەی حکومەت لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان و بەدیهێنانی خواستەکانیان.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە تاوتوێکران و جەخت لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست کرایەوه بۆ بەرەوپێشبردنی ڕەوشی ئاسایش و سهقامگیری لەعیراقدا.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراو بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی لە عیراق پێشوازیکرد لە تارق عەبدوڵا فەرەج باڵیۆزی کوەیت لە عیراق.
لە دیدارەکەدا کە لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆک کۆمار بەخێرهاتنی باڵیۆزی کوەیتی کرد و بەبایەخەوە باسی لەپەیوەندیی پتەوی نێوان عیراق و کوەیت کرد، داوایشیکرد ئەو پەیوەندییانە بەهێزبکرێن و پەرەیان پێ بدریت لە بوارە جیاجیاکاندا.
هەروەها سەرۆک کۆمار باسی لە هەوڵ و دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی لە ناوچەکە کرد بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری بەتایبەت لە لوبنان و فەلەستین بەرقەرار بکات و نیگەرانی خۆی نیشاندا لە بەردەوامی گرژی سەربازیی و بۆردومانکردنی خەڵکی مەدەنی، هەروەها باڵیۆزی کوەیتی راسپارد کە سڵاوی خۆی بە میری کوەیت و گەلی کوێتی برا بگەیەنێت.
لای خۆیەوە باڵیۆزی کوەیت سوپاسی سەرۆک کۆماری بۆ ئەو پێشوازیە گەرم و پاڵپشتی بەردەوامی کرد لەپەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.
د.لەتیف رەشید سەرۆك کۆماری عیراق لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە د.باسم بەدری سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری کرد و دووپاتیکردەوە، کە پێویستە دادپەروەری بنەمای کاری دەستەکە بێت بە جۆرێك مامەڵەی لەگەڵ سەرجەم دۆسییەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان بێت.
لەو دیدارەدا، بنەماکانی کاری دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و میکانیزمەکانی کارکردنی لەسەر دۆسییە جیاوازەکان تاووتوێکران، لەم چوارچێوەیەدا سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە، پێویستە دادپەروەری بنەمای کاری دەستەکە بێت بەجۆرێك مامەڵەی لەگەڵ سەرجەم دۆسییەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان بێت و هاوکات گرنگی سەربەخۆیی کاری دەستەکەی دووپاتکردەوە.
لای خۆیەوە د.باسم بەدری پوختەیەکی لەبارەی کار و چالاکییەکان و قۆناغەکانی مێژووی دەستەکە لە بارودۆخە سیاسییە جیاوازەکاندا پێشکەشکرد و دووپاتیکردەوە، سورن لەسەر بەدیهێنانی دادپەروەری بەوپەڕی شەفافیەت و دادپەروەرییەوە.
د.لەتیف رەشید سەرۆك کۆماری عیراق پێشوازی لە عەلی موئەیەد سەرۆکی کۆمیسیۆنی راگەیاندن و پەیوەندییەکان و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران کرد و جەختیکردەوە لەسەر پێویستی هەوڵدان بۆ خستنەڕووی وێنەی راستەقینەی عیراق و دەستنیشانکردنی لایەنە نێگەتیڤەکان و دۆزینەوەی چارەسەر.
لەو دیدارەدا، کە سروشتی کارکردنی کۆمیسیۆن و چۆنێتی گەیاندنی لایەنە ئیجابییەکان لە کەرتە جیاجیاکانی وڵاتدا تاووتوێکران و سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە "لەسەر پێویستی هەوڵدان بۆ خستنەڕوی وێنەی راستەقینەی عیراق و دەستنیشانکردنی لایەنە نێگەتیڤەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ خاڵە نێگەتیڤەکان".
هەروەها جەختیکردەوە لەسەر بایەخی پیشاندانی وێنەی راستەقینەی سەقامگیریی ئاسایش و سیاسی لە عیراقدا، ئەرکی کۆمیسیۆنیشە بەدواداچون بکات بۆ ئەو هەواڵ و بابەتە چەواشەکارانەی لەلایەن هەندێك لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە بەمەبەستی ئیبتیزاز و سوکایەتیکردن بە دامودەزگاکانی دەوڵەت.
هاوکات تەئکیدیکردەوە لەسەر گرنگی پاراستنی سەربەخۆیی کۆمیسیۆنەکە.
لای خۆیەوە سەرۆکی کۆمیسیۆن و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران سوپاسی خۆیان بۆ رێنماییەکانی سەرۆك کۆمار دەربڕی و جەختیان لەسەر پەرۆشیی خۆیان و سەرجەم کادرانی کۆمیسیۆنی راگەیاندن و پەیوەندییەکان کردەوە، بەمەبەستی بەدواداچون بۆ کاری کەناڵەکانی راگەیاندن.
د.لەتیف رەشید سەرۆك کۆماری عیراق دوپاتیکردەوە، کە هەڵبژاردنی بەغداد وەک پایتەختی گەشتیاریی عەرەبی بۆ ساڵی 2025 دەبێتە مایەی دەرخستنی ناسنامە مەزنەکەی و بەرجەستەکردنی مێژووە درەوشاوەکەی و شارستانێتییەکەی، سەرەڕای بەهێزکردنی پێگەی لەسەر نەخشەی ناوچە گەشتیارییەکان.
ئەم وتەیەی سەرۆك کۆمار لە میانی پێشوازیکردنی هات لە د.بەندەر بن فەهد ئال فەهید سەرۆکی رێکخراوی گەشتیاریی عەرەبی و وەفدی یاوەری، لە دیدارەکەدا لە بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەوەکرد، کە ئاسایش و سەقامگیریی عیراق بۆتەهۆی بەهێزکردنی کەرتی گەشتیاری، کە خاوەنی فرەچەشنیی گەشتیارییە، هەروەها پێشوازی کرد لە پێشنیاری دامەزراندنی ئەکادیمیای گەشتیاریی عەرەبی لە بەغداد.
هەر لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگی هاوئاهەنگی و هاریکاری بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنە گەشتیاری و کەلەپورییەکان و پێشخستنی ئاستی گەشتیاری.
لە بەرامبەردا وەفدی میوان رونکردنەوەیەکی چڕوپڕی لەبارەی سروشتی کارەکانی رێکخراوەکە و هەوڵەکانی لە ماوەی رابردودا پێشکەش کرد، هەروەها ئەو چالاکی و پرۆژانەی خستەڕوو، کە جێبەجێی کردون بۆ پاڵپشتی لە بەرنامەی پەرەپێدانی گەشتیاری لە ناوچەکەدا، هاوکات وەفدی میوان پێشکەوتنە ئەرێنییەکانی عیراق و توانای رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکانی بەرزنرخاند.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، پێشوازی لە د.مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کرد و جەختیکردەوە لەسەر گرنگی کارکردن بۆ پەسندکردنی ئەو یاسایانەی راستەوخۆ پەیوەندییان بە کار و بژێوی هاووڵاتیانەوە هەیە.
لە میانی دیدارەکەدا، کە رۆژی سێشەممە لە بەغداد بەڕێوەچوو، رەوشی سیاسیی وڵات و میکانیزمەکانی هاوئاهەنگی نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پێشکەشکردن و پەسندکردنی پرۆژە یاسای گرنگ، تاووتوێکران. لەم چوارچێوەیەدا سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر گرنگی کارکردن بۆ پەسندکردنی ئەو یاسایانەی راستەوخۆ پەیوەندییان بە کار و بژێوی هاووڵاتیانەوە هەیە لەپێناو مسۆگەرکردنی ژیانێکی ئازاد و ئارام و شکۆمەندانە بۆیان.
هەر لە دیدارەکەدا باس لە پێشهاتەکانی بارودۆخی ئیقلیمی کرا بەتایبەت دەستدرێژییەکانی سەر هەردوو گەلی فەڵەستین و لوبنان، لەم بارەیەوە جەخت لە گرنگی هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان کرایەوە بۆ راگرتنی جەنگ.
لەلایەن خۆیەوە د.مەحمود مەشهەدانی سوپاسی سەرۆك کۆماری کرد بۆ پاڵپشتی و بەهێزکردنی هاریکاری نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران، هەروەها پەرۆشیی ئەنجومەنەکەی دووپاتکردەوە بۆ بەدواداچونی ئەو پرۆژە یاسایانەی لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە پێشکەشکراون بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەریان و پەسندکردنیان.