سەرۆك كۆماری عیراق داوای كۆبوونەوەی هەردوو دەسەڵاتی دادوەری دەكات بۆ باسكردن لە كێشەكانی نێوانیان و چارەسەركردنی.
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، بە پشت بەستن بە ماددەی 87 دەستوری عیراق، كە سەرۆك كۆماری وەك پارێزەری دەستور لە وڵاتدا ناساندوە، سەرۆك كۆمار ، نارەزایی خۆی دەربڕیوە لە بەرامبەر دەستێوەردانەكانی ئیدارەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە كاروباری دەسەڵاتی دادوەری عیراق و بە پێشێلكاری دەسەڵاتی دادوەری وەسفی كردوە.
سەرۆك كۆمار لە راگەیەنراوەكەیدا پێشنیازی كردوە دادگای باڵای فیدراڵی عیراق و دادگای پێداچونەوەی فیدراڵی بە ئامادەبوونی كەسانی شارەزا لە دەستور و یاسا كۆببنەوە بۆ باسكردن لە كێشەكانی نێوانیان تاوەكو عیراق نەكەوێتە بۆشایی یاسایی.
ئەم هوڵوێستەی سەرۆك كۆمار لە كاتێكدایە ، كە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، نۆ دادوەری دادگای باڵای فیدراڵی كە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عیراقدا نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكرد، وەكو ناڕەزاییەك دژی فشاری حكومەت و ئیدارەی بەڕێوەبەردنی دەوڵەت بۆ سەر دادگاكە سەبارەت بە دۆسیەی خور عەبدوڵا.
سەرۆک کۆماری عیراق بەهۆی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی پێشوازی لە باڵیۆزی هەنگاریا لە عیراق کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانی داهاتوویدا.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کۆشکی بەغداد پێشوازی کرد لە ئاتیلا تار باڵیۆزی کۆماری هەنگاریا لە عێراق، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی.
لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی برەودان بە پەیوەندییه دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و هەنگاریا و کارکردن بۆ پەرەپێدانیان لە بواره جیاجیاکاندا کردەوه و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست له ئەرکه کانی داهاتوویدا .
لەلای خۆیەوە ئاتیلا تار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و دوپاتی لە پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری لەگەڵ عێراق و پتەوکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکان لە سەرجەم ئاستەکاندا.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق کۆبوەوە.
لە دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی 6ـی 2025 بەڕێوەچوو، رەوشی گشتیی عیراق و پێشهاتی ئەمنیی ناوچەکە بە هۆی بەردەوامی دەستدرێژییە ئاشکراکانی ئیسرایل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی هەرێمی و جیهانی تاوتوێ کران.
لەوبارەیەوە هەردولا جەختیانکردەوە لەسەر گرنگی رۆڵی کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و راگرتنی دەستدرێژی و سنوردارکردنی فراوانبوونی ململانێکان.
لە کۆبوونەوەکەدا، رەتکردنەوەی پێشێلکردنی سەروەری وڵات لەلایەن ئیسرایل و مەترسی بۆ سەر ئاسمانی وڵات دووپات کرایەوە، هەروەها هەردوولا جەختیان کردەوە لە پاڵپشتیی عیراق بۆ هەوڵەکانی حکومەت بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافەکانی خۆی و هەوڵی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا.
هەر لەو دیدارەدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگی یەکڕیزی نێوان هەموو هێزە سیاسییەکان و چالاکیە کۆمەڵایەتیەکان و تەئکیدیشکرایەوە لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ روبەڕوبونەوەی هەر جۆرە ئاستەنگێک کە روبەڕوی ناوچەکە دەبێتەوە.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ لە بەغداد لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دادوەر فائق زەیدان کۆبووەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا چۆنیەتی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و دەزگاکانی دادوەری و جێبەجێکردن تاوتوێکران و سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی گیانی هاوکاری بەردەوام لەنێوان دەسەڵاتی دادوەری و تەواوی دامودەزگاکانی دەوڵەت کردەوە بۆ بەشداریکردن لەپێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بەهاووڵاتیان و ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کرد، لەپاڵپشتیکردنی کاری دامودەزگاکانی دەوڵەت و بەرزکردنەوەی ئەدای دامودەزگاکانی دادوەری بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکەکانیان لەخزمەتی کۆمەڵگادا جێبەجێ بکەن.
لای خۆیەوە دادوەر زەیدان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ بایەخدان بە دامەزراوەی دادوەری و پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی بەشێوەیەک کە خزمەت بەچەسپاندن و جێبەجێکردنی یاسا و بەدیهێنانی دادپەروەری بکات.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی 6ـی 2025، لەگەڵ د. مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆبوەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لەگرنگی رۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران لە پرۆسەی یاسادانان و چاودێریکردندا کردەوە و پێویستی سودوەرگرتنی لە ماوەکانی دانیشتنی ئێستای ئەنجومەنەکە بە گرنگ زانی بەمەبەستی تەواوکردنی پڕۆژە یاساکانی پەیوەست بەداواکاری و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەرەسەندنەکانی روداوە ئەمنییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر عیراق و پێویستی پشتیوانیکردن لە دەستپێشخەرییەکان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لەسەر ئاستی ئەمنی و سیاسی و ئابووری کرا.
لای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران د. مەشهەدانی سوپاسگوزاری خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ سەردانی ئەنجومەنەکە و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا لەسەر مەسەلە یاسایی و سیاسییە جۆراوجۆرەکان و پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسا گرنگەکان کە لەقۆناغی تەواوبووندان و ئامادەن بۆ دەنگدان.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی 6ـی 2025، چاوی بە نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کەوت.
لەدیدارەکەدا پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان تاوتوێکران و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەوڵی زیاتر بدەن بۆ وەستاندنی جەنگ لە ناوچەکە و کارکردن بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ گەلانی ناوچەکە.
هەر لەدیدارەکەدا جەخت لەگرتنەبەری رێوشوێنی پێویست کرایەوە بۆ رێگریکردن لەبەکارهێنانی خاک و ئاسمانی عیراق وەک پێگەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و رەتکردنەوەی هەر پێشێلکاریەک بۆ سەروەری عیراق، هەروەها دووپاتیان لەپێویستی یەک هەڵوێستی هێزه سیاسییەکان و یەکخستنی ریزەکانیان بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی رەوشی ناوچەکە کردەوه .
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممه 16ـی 6ـی 2025 لە بەغداد، پێشوازی لە ئەحمەد سەمیر باڵیۆزی میسر لە عیراق کرد.
لەمیانی لەدیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لەقوڵی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عیراق و میسر کردەوە لەگەڵ پێویستی پەرەپێدانیان بەشێوەیەک کەخزمەت بە بەرژەوەندییه هاوبەشەکانی هەردوو گەلی برا بکات و رۆڵی هەبێت لەبرەودان بە هەلی ئاشتی لەناوچەکەدا و ئاماژەشی بەگرنگی هاریکاری و هەماهەنگی لەبارەی پرسە هاوبەشەکانەوە کرد.
سەرۆک کۆمار جەختی لەیەکخستنی هەوڵ و هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ راگرتنی ئەم جەنگە، کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و ئایندەی گەلانی دەکات، هاوکات دوپاتیشی له سەرخستن زمانی دیالۆگ و گرتنەبەری رێگاچارەی سیاسی بۆ هه موو کێشه کانی نێوان وڵاتان کردەوه، بەشێوەیەک کەئاشتی ناوچەکەو جیهانی بپارێزێت.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی میسر، پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عیراق لەبوارە جیاجیاکاندا دووپات کردەوە، و ستایشی هەوڵەکانی سەرۆک کۆماریشی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کرد.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، رۆژی پێنجشەممە 12ـی 6ـی 2025 لە بەغداد لەگەڵ عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبووەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی رەوشی سیاسی و ئابووری وڵات و هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو و چۆنیەتی مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی پرۆسەکە تاوتوێکران و سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەسەر پێویستی بەشداریکردنی سەرجەم عیراقییەکان و هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان لە کەشێکی دیموکراسیدا کردەوە لەپێناو بەدیهێنانی خواستەکانیان بۆ ئایندەیەکی ئارام و سەقامگیر.
هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا باس له پرسه جۆراوجۆرەکانی سیاسی و ئەمنی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کرا و رۆڵی عیراق و هەوڵەکانی لە پتەوکردنی بناغەکانی سەقامگیری له ناوچەکەدا هەلسەنگێنرا.
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، دوای کۆتایی هاتنی سەردانەکەی بۆ فەرەنسا و بەشداریکردن لە سێهەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانوسەکان کە لە نیس بەڕێوەچوو، گەڕایەوە عیراق.
لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا سەرۆک کۆمار لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەمی شانشینی هاشمیی ئوردن کۆبووەوە، لە دیدارەکەدا باس لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی برا و چۆنیەتی پەرەپێدانیان لە هەموو بوارەکاندا کرا، هەروەها فراوانکردنی هاریکاری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندی هاوبەشی گەلانی عیراق و ئوردن تەوەرێکی تری دیدارەکە بوو .
هاوکات سەرۆک کۆمار لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک لە سەرکردە و سەرۆکی دەوڵەتان بەشدارییان لە مەراسیمی کردنەوەی سێهەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانوسەکان کرد.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق بەشدارییان کرد لە رێورەسمی پێشوازییکردن، کە لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا رێکخرابوو بۆ رێزلێنان لە سەرۆکانی وڵاتان و وەفدەکانی بەشداربووی سێهەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانوسەکان.
ئیمانوێل ماکرۆن و بریجیت ماکرۆن ستایشی بەشداریکردنی سەرۆک کۆماری عیراق و خانمی یەکەمیان کرد لە کۆنفرانسەکەدا، کە رەنگدانەوەی پابەندبوونی عیراقە بۆ دروستکردنی پردی هاریکاری بۆ روبەڕوبونەوەی ئاستەنگەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە و پاراستنی سامانی دەریایی.
سەرۆک کۆمار بەشداری لە دانیشتنی دەستپێکی سێهەمین کۆنفرانسی زەریای نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە لە شاری نیسی فەرەنسا بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرۆکی دەوڵەتان و شاندی بەشداربوو.
لەو کۆنفرانسەدا سەرۆک کۆماری عیراق وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا جەختی لەوە کردەوە کە بەشداری عیراق لەم کۆنفرانسەدا لە باوەڕێکی قووڵەوە سەرچاوە دەگرێت، بە پراکتیکی کە فرەلایەنە و پابەندبوونیەتی بە بەهێزکردنی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کاردانەوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی، نایەکسانی ئابوری، قەیرانەکانی ئاسایشی خۆراک.
لە میانەی وتارەکەیدا بەناوی گروپی 77 و چین کە دانیشتنی ئێستای عیراق سەرۆکایەتی دەکات، سەرۆک کۆمار نیگەرانی گروپی 77 و چینی نیشاندا لە خراپبوونی ئیکۆسیستەمی دەریایی، بەردەوامی خراپتربوونی پیسبوونی دەریایی، لەوانەش پیسبوونی بە پلاستیک و پاشماوەی کیمیایی، و زیادەڕۆیی لە خراپ بەکارهێنانی سەرچاوە دەریاییەکان، هاوکای سەرۆک کۆمار داوایکرد کە هەنگاوی کاریگەر و بەپەلەی بنرێت لەگەڵ دابینکردنی بودجەی گونجاو و لە کاتی خۆیدا.
سەرۆک کۆمار و فام مینە چینە سەرۆک وەزیرانی ڤێتنام، هاوسەرۆکایەتی لوتکەی جیهانی دێڵتایان کرد، کە لە پەراوێزی سێهەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانوسەکان بەڕێوەچوو، د. لەتیف رەشید، ئاماژەی بەوەدا کە زۆنگاوەکانی عیراق کە لە لیستی کەلپوری جیهانی یونسکۆدا هاتووە، گۆڕانکارییەکی کارەساتبار بەخۆیەوە دەبینن بۆ زەوییە بێ بەرهەم و خوێییەکان.
روونیشیکردەوە، عیراق لە چەند دەیەی رابردوودا دابەزینێکی کارەساتباری بە ڕێژەی نزیکەی لە 40% لە هەڵڕژانی ئاوی دیجلە و فورات بەخۆوە بینیوە.
هاوکات د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، پێشوازیکرد لە وەهاگن خاتشاتوریان سەرۆک کۆماری ئەرمینیا.
لە دیدارەکەدا باس لە کارەکانی سێهەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانوسەکان و ئامانجەکانی کرا بە مەبەستی زیاتر پاراستنی ژینگە و زەریاکان و کەمکردنەوەی پیسبوون و هەروەها گرنگیدان بە سەرچاوە ئاوییەکان و پاراستنی بەردەوامییان، دەستەبەرکردنی ئایندەی نەوەکانی داهاتوو.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە شاری نیسی فەرەنسا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا کۆبووەوە و پابەندبوونی خۆی بە پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ ئاستێکی پێشکەوتووتر و پەرەپێدانی هاریکارییەکان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەلی دۆست دووپاتکردەوە، هەروەها تیشکی خستەسەر گرنگی هەماهەنگی و کاری هاوبەش بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
هاوکات سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆکی فەرەنسا بیروڕایان لەسەر بابەتەکانی کارنامەی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانوسەکان ئاڵوگۆڕ کرد، لەوانە پاراستنی سامانە دەریاییەکان لە پیسبوون و جێبەجێکردنی بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەشوهەوا و گۆڕانی ژینگە.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە شاری نیس کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە ئامادەی بوو، سەرۆک کۆمار سوپاسی ئیمانوێل ماکرۆنی کرد بۆ بانگهێشتکردنی بۆ بەشداریکردن لە سێیەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانوسەکان و هیوای سەرکەوتنی بۆ فەرەنسا و کۆستاریکا خواست لە رێکخستنی ئەم کۆنفرانسە.
سەرۆک کۆمار پەرۆشی خۆشی بۆ پەرەپیدانی پەیوەندییە نایابەکانی دوولایەنەی نێوان هەردوو وڵات دەربڕی بۆ ئاستێکی پێشکەوتووتر و پەرەپێدانی ئامرازەکانی هاریکاری بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو گەلی دۆست بکات.
ئاماژەی بە گرنگی هەماهەنگی و کاری هاوبەش کرد بۆ پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد سەبارەت بە بابەتەکانی سەر کارنامەی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقینوسەکان و راسپاردەکانی سەبارەت بە پاراستنی زەریاکان و سەرچاوە ئاوییەکان لە پیسبوونی ژینگە و چالاککردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە.
هەروەها لە کۆبونەوەکەدا بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێکرد و جەختیان لەسەر پێویستی هەوڵی نێودەوڵەتی زیاتر کردەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و زیادکردنی دەرفەتی ئاشتی.
لە بەرانبەردا ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا جەختی لەسەر قووڵی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پەرۆشی بەردەوامی فەرەنسا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاریکاری هاوبەش کردەوە و ئاماژەی بە هەوڵەکانی وڵاتەکەی کرد بۆ پشتیوانیکردنی عیراق لە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری .
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و فام مینە چینە سەرۆک وەزیرانی ڤێتنام، سەرۆکایەتی لوتکەی جیهانی بۆ دەلتاکانیان کرد کە لە شاری نیس-فەرەنسا، لە پەراوێزی کونفرانسی سێهەمی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ئۆقیانوسەکان بەڕێوەچوو.
ئەمەی خوارەوە دەقی ووتەکەی سەرۆک کۆمارە
بەڕێز سەرۆک وەزیرانی ڤێتنام
خوشکان برایانی بەڕێز..
سڵاوی خوداتان لێ بێت..
شانازییەکی گەورەیە کە لەگەڵ هاوکارم، سەرۆک وەزیرانی ڤێتنام، هاوسەرۆکایەتی ئەم لوتکە گرنگەی دەلتای ڕووبارەکان دەکەم، وەک سەرکردەی گەلانێک کەخودا هەندێک لە گرنگترین دەلتای ڕووبارەکانی پێبەخشیوون بەدرێژایی مێژوو، ئەمڕۆ بە سوپاسگوزارییەوە بۆ کەلوپوری هاوبەشمان و خەمی قووڵ بۆ داهاتوومان کۆدەبینەوە.
دەلتاکان چیرۆکی خودی شارستانیەتی مرۆڤ دەگێڕنەوە. دەلتای میزۆپۆتامیا کە دیجلە و فورات لەگەڵ کەنداوی عەرەبیدا یەکدەگرنەوە، پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر شایەتحاڵی لەدایکبوونی نووسین و یاسا و کۆمەڵگەی شارستانی بووە.
بەهەمان شێوە دەلتای میکۆنگ بە زەوییە بەپیتەکەی خۆراک شارستانیەتی ڤێتنامیی دابینکردوە، ئەم دیمەنە سروشتیانە تەنها تایبەتمەندی جوگرافی نین؛ بەڵکو لانکی کلتوورەکانمانن، بناغەی ئاسایشی خۆراکمانن و شادەماری ژیانی ئابووریمانن.
قورئانی پیرۆز بەجوانی باس لە بەیەکگەیشتنی ئاوە پیرۆزەکان دەکات، کە دەلتا نوێنەرایەتی ئێرادەی خودایی دەکات، ئەو شوێنانەی کە خودا قەدەری وابوە کە ئاوی شیرین و خوێ بە هاوئاهەنگی کۆببنەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە ڕووبەڕووی هەڕەشەی بێ وێنە دەبینەوە کە پێویستی بەهەنگاوی بەپەلەی نێودەوڵەتی هەیە، گۆڕانی کەشوهەوا بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا خێراتر دەکات و پاڵدەنێت بە ئاوە سوێرەکان بۆ ناوەوەی وڵات و هەڕەشە لەو هاوسەنگییە تایبەتمەندیە ووردەی نەوەکانی پێشوو کۆمەڵگەکانمان دەکات.
لەعێراق، زۆنگاوە دێرینەکانمان کە لەلیستی کەلەپوری جیهانی یونسکۆدان، بە شێوەیەکی کارەساتبار دەگۆڕێن بۆ زەوییە وشکەکانی بەخوێ داپۆشراو.
پیسبوون ئاڵنگاریەکی دیکەی بەرچاوی هەیە ، ڕژانی بەرهەمە پیشەسازی و کشتوکاڵیەکان و پاککردنەوەی ئاوی پاشەڕۆکان بەشێوەیەکی پێویست نیە، پیسبوونی هەمان ئاوە کە باوباپیرانمان لایان پیرۆز بووە.
لە هەردوو ناوچەی دەلتای میکۆنگ لە ڤێتنام و زۆنگاوەکانی باشووری عێراق، کاریگەریی وێرانکەری پیسبوونی ئاو لەسەر ڕاوەماسی و کشتوکاڵ و تەندروستی مرۆڤ دەبینین، ڕەنگە لەهەمووی گرنگتر دابەزینی ڕیژەی لێشاوی ئاوە لە سەرچاوەکەیەوە بێت کەهەڕەشە لەبونی خۆی دەکات.
عێراق لە چەند دەیەی ڕابردوودا دابەزینێکی کارەساتباری بەخۆیەوە بینیوە بە ڕێژەی نزیکەی ٤٠% لە لێشاوی ئاوی ڕووباری دیجلە و فورات کەمی کردوە، دروستکردنی بەنداو لە وڵاتانی سەرەووی ڕوبارەکان و زیادەڕۆیی لە دەرهێنانی ئاو، ڕووبارە گەورەکانمانی کردووە بە چەمێکی بچووک.
ڤێتنام ڕووبەڕووی ئاستەنگی هاوشێوە دەبێتەوە، چونکە پێشهاتەکانی سەرەوەی دۆڵی میکۆنگ شێوازی لێشاوی سروشتی دەگۆڕن، ئەم ئەزموونە هاوبەشانە پشتڕاستی دەکەنەوە کە پاراستنی دەلتا پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی و گفتوگۆی جددی و بەپەلە لە نێوان وڵاتانی سەرەوە و خوارەوە هەیە.
داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە دەلتاکان وەک ژێرخانی سەرەکی پێویست بۆ ئاسایشی خۆراکی جیهانی و کەشوهەوا و پاراستنی جۆراوجۆری زیندەیی بناسن.
چارەسەرەکانیش بریتین لەکارا کردن و باشترکردنی ئاودێری و بەڕێوەبردنی یەکگرتووی ئاوەوە هەتا گواستنەوە بۆ وزەی نوێبووەوە، ئەوەی ئێستا پێویستمانە ئیرادەی بەکۆمەڵە بۆ جێبەجێکردنیان ، لە کۆتاییدا با لەبیرمان بێت کە پاراستنی دەلتاکان لە وڵاتەکانماندا پاراستنی کەلەپوری مرۆیی هاوبەشمانە، داهاتووی لانکی ڕافیدەین و بەپیتی ڕووباری میکۆنگ پەیوەستە بەو ئەگەرانەی ئەمڕۆ بڕیاری لێ دەدەین.
سوپاستان دەکەم.
سێیەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانوسەکان لە شاری نیسی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت و سەرۆک کۆماری عیراق وتارێکی تێدا پێشکەشکرد.
لە سێیەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانووسەکان سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند، پێویستە ئۆقیانووسەکان وەک میراتێکی مرۆیی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق دەشڵێت: بەشداری عیراق لەم کۆنفڕانسە لە سۆنگەی گرنگیدانییەتی بە کاری هاوبەش بۆ پاراستنی ژینگە.
وتیشی، نیگەرانین لە پیسبوونی ژینگە ئاوییەکانمان، ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ هەندیک لە وڵاتان ئۆقانووسەکان سەرچاوەی ژیانکردنە.
سەرۆک کۆمار ئەوەشی خستەڕوو، لە عیراق ئاستی هەردوو روباری دیجلە و فورات کەمبووەتەوە، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە، لەوانە گۆڕانی کەشوهەوا، نەبوونی سیاسەتێکی یەکگرتووی ئیداری و یاسایی بۆ رووبارەکانی سنووربەزێن، هەروەها دابەزینی رێژەی ئاوی عیراق لە وڵاتانی سەرەوەی روبارەکانەوە، کە بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمی کشتوکاڵی و بەرهەمی ناوخۆیی گشتی.
د.لەتیف رەشید راشیگەیاند، داوای فراوانکردنی هاوبەشی کاریگەر لە نێوان حکومەتەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، کەرتی تایبەت، و دامەزراوە توێژینەوەکان دەکەین، پشتیوانی دارایی داهێنەرانە و بەردەوام بۆ پاراستنی ئۆقیانوسەکان، هەروەها هەماهەنگی و هاوکاری بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ئاو، رووبار، و دەریاچەکان کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەمووان بکات.
ئەمەی خوارەوە دەقی وتاری سەرۆک کۆمارە لە دانیشتنی کردنەوەی کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانوسەکان:
خاوەن شکۆ و پایەداران
خوشک و برایانی بەڕێز
سڵاو و دروود و ڕەحمەتی خوای گەورەتان لەسەربێت.
خۆشحاڵین ئەمڕۆ بەشداری لەم کۆنفرانسە گرنگە دەکەین کە شاری نیس میوانداریی دەکات، سێیەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ زەریاکان، کە پلاتفۆرمێکی تایبەتە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیدەکان و پەرەپێدانی هاوکاری نێوان وڵاتەکانمان لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریە هاوبەشەکان و داڕشتنی ئایندەیەکی سەقامگیرتر و دادپەروەرانەتر، بەتایبەتی کە سەرچاوەکانی ئاو بە زەریاکانیشەوە کێشەیەکی مرۆیی، ئاسایش و گەشەپێدانن و لەهەمان کاتدا چەندین ساڵە لە دەرەوەی چەتری پاراستنی یاسایی پێویست ماونەتەوە.
بەشداری عێراق لەم کۆنفرانسەدا دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕی قووڵمان بە گرنگی کاری هەمەلایەنە و پابەندبوون بە بەهێزکردنی هاوبەشی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی و نایەکسانی ئابووری و قەیرانی ئاسایشی خۆراک.
ئەمڕۆ، لەگەڵ گۆڕانی خێرای کەشوهەوا، بەرزبوونەوەی ئاستی پیسبوونی دەریا و لەدەستدانی سیستەمە ژینگەییەکان، ڕووبەڕووی تەحەدایەکی گەورە دەبینەوە کە پێویستی بە کاری یەکلاکەرەوە و هاوکاری جیهانی راستەقینە هەیە لەسەر بنەمای زانست و دارایی بۆ پاراستنی زەریاکان و سەرچاوەکانی ئاو.
زەریا و دەریاکان تەنها کۆمەلەی ئاو نین بەڵکو سیستەمی بایۆلۆجی ئاڵۆزن کە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە سەقامگیرکردنی کەشوهەوا و دابینکردنی خۆراک و دابینکردنی هەلی کار و ڕێکخستنی سووڕی ئاو لەسەر هەسارەکەمان .
ئاسایشی زەریاکان چیتر کێشەیەکی ژینگەیی نییە بەتەنها بەڵکو بۆتە کێشەی ئاسایشی نێودەوڵەتی و مرۆیی بۆ زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بەتایبەتی ئەوانەی بەدەست کەمی سەرچاوەی ئاو و بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکانەوە دەناڵێنن و پێوەرە زانستییەکان ڕوون بوونەتەوە بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی بەرزبوونەوەی خێرای پلەی گەرمی ئاو و خراپتربوونی دیاردەی ترشبوون و دابەزینی زەریاکان. کۆگای ماسی و زیادبوونی پیسبوونی پلاستیک و ماددە کیمیاوییەکان .
لەعیراقدا ڕووبەڕووی تەحەدایەکی گەورە دەبینەوە بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات بەهۆی چەند کاریگەرییەکەوە لەوانە گۆڕانی کەشوهەوا و نەبوونی سیاسەتێکی کارگێڕی و یاسایی یەکگرتوو بۆ ڕووبارەکانی سنوور و کەمبوونەوەی داهاتی ئاو لەوڵاتانی سەرەوە کە بووەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی ئاوارەبوونی ناوخۆ و دەرەکی و کەمبوونەوەی بەشداری بەرهەمی کشتوکاڵی لەبەرهەمی ناوخۆیی.
بەڕێزان
زەریا و دەریاکان تەنها سەرچاوەیەکی سروشتی نین بەڵکو میراتی هاوبەشی مرۆڤن، بۆیە پێویستە کاری بەکۆمەڵ خێراتر بکرێت بۆ بەدەستهێنانی بەشێک لە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لەڕێگەی برەودان بە داهێنان، پشتیوانی لە ئابووری شین و بنیاتنانی تواناکان، بەتایبەتی لە وڵاتانی گەشەسەندوو و دوورگە بچووکەکان کە لە ڕیزی پێشەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای دەریایدان.
ئەوەی ئەمڕۆ لەم کۆنفرانسەدا پێویستمانە ڕێکەوتنێکی بەکۆمەڵە بۆ داڕشتنی ستراتیژێکی جیهانی بۆ پاراستنی زەریاکان و بەهێزکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی پلانی کارکردن لەسەر بنەمای پەیماننامەی دەریایی.
لەم ڕوانگەیەوە، ئێمە ئەمڕۆ داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین بەشداری ئەم پەیماننامەیە بکەن و بەشدارییەکی کاریگەر بکەن لە چالاککردنی بڕگەکانی، سەرەڕای ئەمانەی خوارەوە:
- فراوانکردنی کاری هاوبەشی کاریگەر لە نێوان حکومەتەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، کەرتی تایبەت و دامەزراوەکانی توێژینەوە.
- پاڵپشتی داهێنان و بەردەوامی دارایی بۆ پاراستنی زەریاکان و بەهێزکردنی خۆڕاگری مانەوەیان.
- بەدیهێنانی یەکخستن لە نێوان وەزارەتەکانی ئاو و ژینگە و ئابووری شین لە هەموو وڵاتان.
- ئامادەکردنی نەخشەی دەریایی و هایدرۆلۆجی نیشتمانی نوێکراو کە جێبەجێ بکرێت.
- پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی و تەکنەلۆژیا لە بوارەکانی شیرین کردنی ئاو و پاراستنی سیستەمی ژینگەیی.
- چارەسەرکردنی بۆشایی یاسایی لە دەریای بەرز و پەرەپێدانی هاوکاری لە بەڕێوەبردنی حەوزە هاوبەشەکان و ئاوی داخراو و نیمچە داخراو.
- کارکردن بۆ پاراستنی زەریا و دەریاکان، کە بەرپرسیارێتییەکی تەکنیکی، ئابووری و مرۆییە کە دەکەوێتە سەر شانی هەموومان، بۆ ئێستا و داهاتوو پێکەوە.
- هەماهەنگی و هاوکاری بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر ئاو و ڕووبار و دەریاچەکان کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەمووان بکات.
لەکۆتایدا...
دەمەوێت سوپاسی حکوومەتی فەڕەنسا و کۆستاریکا و سکرتاریەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسە نێودەوڵەتییە.
سڵاو و دروود و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوای گەورەتان لەسەربێت
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق سبەینێ یەکشەممە هەشتـی حوزەیرانی 2025 بە سەردانێکی رەسمی بەرەو فەڕەنسا بەڕێدەکەون.
مەبەستی سەفەرەکە بەشداریکردنە لە سێهەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانووسەکان کە لە شاری نیسی فەڕەنسا لە رێکەوتی 9 تا 13ی شەش بەڕێوەدەچێت.
وابڕیارە لەم سەفەرەدا، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی دیکە یاوەری سەرۆک کۆمار دەکەن.
سەرۆك كۆماری عیراق لە لە پەیامێكدا پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە هاووڵاتیانی عیراق دەكات و داوای بەهێزكردنی یەكڕیزی نەتەوەی عیراقی دەكات.
دكتۆر لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە پەیامێكدا رایگەیاندوە، بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلەكەمان دەكەین.
سەرۆك كۆماری عیراق ئاماژەی بەوەش كرد، لەم بۆنە پیرۆزەدا جەخت لە پتەوكردنی یەكڕیزی نیشتمانی و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگاریەكاندا بە گیانێكی برایەتی و نیشتمانپەروەری دەكەینەوە لەگەڵ بەردەوامی كاركردن بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی و باشتركردنی بارودۆخی ئابوری و خزمەتگوزاری.
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربان، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران پیرۆزبایان لە یەکترکرد و جەختیان لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان کردەوە.
سەرۆک کۆمار د. لەتیف رەشید، بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربان، لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بە تەلەفۆن قسەیانکرد و پیرۆزباییان لە یەکتر کرد.
لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوولا جەختیانکردەوە لە سەر پتەوکردنی پەیوەندیی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی لە بوارە جیاجیاکاندا بۆ هێنانەدی بەرژەوەندیی هاوبەش و هەردوو سەرۆک هیوایان خواست کە ئەم بۆنەیە ببێتە هۆی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ هە دوو گەلی دۆست.
سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە راوێژکاری نوێی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق کرد و باسیان لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عیراق و ئەمریکا و چۆنیەتی گەشەپێدانیان لەبوارە جیاجیاکاندا کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە کۆشکی بەغداد، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی کرد لە ستیڤن فەیگن راوێژکاری نوێی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق.
لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە ستیڤ فەیگن کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا، هەروەها ئاماژەی بە گرنگی ئەو سەقامگیرییە کرد کە عیراق بەخۆیەوە دەبینێت لە بوارەکانی سیاسی، ئەمنی، ئابوری، گەشەپێدان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان. کە ئەمەش رێخۆشکەرە بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەپێناوی خزمەتی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان .
لەو بارەیەشەوە، راوێژکاری نوێی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق ستایشی رۆڵی جەمسەری عیراقی کرد لە چەسپاندنی بنەماکانی ئاسایش و ئاشتی ناوچەکە.