دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی لەبارەی سكاڵاكەی سەرۆك كۆمارەوە دەركرد و بەپێی بڕیارەكە دەبێت حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە بانكی كردنی مووچەی مووچەخۆران.
هەروەها بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی مووچەخۆرانی هەرێم سەرپشكن لە هەڵبژاردنی بانكەكانیان بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی. هاوكات بەپێی ڕێنماییەكانی بانكی ناوەندی، بانكی حكومی و ئەهلی بەشدار دەبن لە پرۆسەكەدا.
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق، لە دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی دژی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دارایی عیراق تۆماركردووە و تیایدا، داوایكردووە وەزارەتی دارایی عیراق پابەند بكرێت بە دابەشكردنی موچەی ووچەخۆرانی هەرێم و بە بانكیكردنی موچەكانیان.
هەروەها داوایكردووە ئەنجومەنی نوێنەران پابەند بكرێت بە كاركردن بە هەمواری بڕگەی (12) خاڵی (ج) لە یاسای بودجەی گشتی عیراق.
ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانی تەسمیم و چەند پەرلەمانتار و کەسایەتییەکدا کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوەکرد، کەسایەتییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان رۆڵی بەرچاو دەگێڕن لە چەسپاندنی سەقامگیریدا.
ئەمڕۆ دووشەممە، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە سەرۆکی هاوپەیمانی تەسمیم، پەرلەمانتار، عامر فایز و پەرلەمانتار یاسین عامری و محەمەد تەقی سەید عەبدول ئەلموسەوی کوڕی سەرۆکی تایەفەی شێخیە لە عیراق و وەفدی یاوەری.
لە دیدارەکەدا سەرۆکۆ کۆمار جەختی کردەوە لە گرنگی چەسپاندنی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی لە وڵات و پتەوکردنی وتاری یەکڕیزی و برایەتی کە پێکهاتەکانی نیشتمانی عێراق بەهێز بکات. دووپاتیشی لە پێویستی وەبەرهێنانی ئەم هەمەچەشنیە وەک فاکتەرێکی بەهێز کردەوە کە پاڵپشتی یەکڕیزی کۆمەڵایەتی بکات.
سەرۆک کۆمار راشیگەیاند، کەسایەتییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان رۆڵی بەرچاو دەگێڕن لە برەودان بەم پرەنسیپانە و پتەوکردنی گیانی هاووڵاتیبوون.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رۆژی دووشەممە 17 ی شوباتی 2025 لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە محەمەد رێکان حەلبوسی سەرۆکی حزبی تەقدوم.
لەکۆبوونەوەیەکدا بارودۆخی گشتی وڵات و پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و ئابووری تاوتوێکران و سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەوە کردەوە کە قۆناغەکە پێویستی بەبەهێزکردنی چوارچێوەی هەماهەنگی و یەکگرتوویی لەنێوان هێز و کوتلە نیشتمانییەکاندایە و هەوڵدان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان کە پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکرێت و کارکردن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدانی گشتگیر.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەپێویستی یەکخستنی دیدگاکانی سەرجەم لایەنەکان کرد بەشێوەیەک پێگەی عیراق لەڕووبەڕووبوونەوەی تەحەداکانی ناوچەکە و نێودەوڵەتی بەهێزتر بکات و ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلەکەمان و گەلانی ناوچەکە بپارێزێت
لای خۆیەوە حەلبوسی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ پەرۆشی بەردەوامی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەموو پێکهاتەکان و ئاماژەی بەوەشکرد کە حزبی تەقەدوم هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرجەم هێزە نیشتمانییەکاندا پتەوتر بکات بەشێوەیەک کە سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بپارێزێت.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە بەغداد پێشوازی لە د.مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کرد و جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران کردەوە.
لە کۆبوونەوەیەکدا پێشکەوتنەکانی وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا و هەروەها بارودۆخی گشتی ناوچەکە و نێودەوڵەتی تاوتوێکران و سەرۆک کۆمار گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئاماژە پێکرد و پرۆژەیاساکانی سەرۆکایەتی بەمەبەستی تاوتوێکردن و پەسەندکردنیان بە شێوەیەک کە مافەکانی سەرجەم هاوولاتیان مسۆگەر بکات باسی لێوەکرا.
لای خۆیەوە د.مەشهەدانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ هەوڵەکانی لە بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی لە وڵات و پەرۆشی بۆ پاراستنی مافەکانی گەل .
جەختیشی کردەوە لە هەوڵی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بەرەوپێشبردنی ئەرکەکانی بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی عیراق و گەلەکەی بەدی بهێنێت.
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق سێ یاساكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی پەسەند كرد.
سەرۆكایەتی كۆمار بڵاویكردەوە، د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق ئیمزای لەسەر یاساكانی باری كەسێتی و لێبوردنی گشتی و گەڕانەوەی ماڵ و موڵك بۆ خاوەنەكانیان كردووە و پەسەندی كردوون.
ئەوەش دوای ئەوەدێت كە رۆژی سێشەممەی رابردوو دادگای باڵای فیدراڵی عیراق ئەو سكاڵانەی رەتكردەوە كە لە دژی یاساكان تۆمار كرابوون.
ڕۆژی 21ی مانگی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەیەك پاكێج دەنگی لەسەر سێ یاساكە دا و بەدوای خۆیدا كاردانەوەی لێكەوتەوە، هەر سێ یاساكەش لەلایەن كورد و شیعە و سوننەكانەوە پشتگیریی لێكران.
دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەسەر سکاڵاکەی سەرۆک کۆمار تایبەت بە موچەی موچەخۆرانی هەرێم، بۆ 18ی ئەم مانگە دواخرا.
بڕیار بوو ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای فیدڕاڵی عیراق لەبارەی سکاڵایەکی د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق کۆببێتەوە، کە دوو رۆژ بەر لە ئێستا لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە، لەسەر سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دارایی عیراق تۆماری کردبوو.
سكاڵاكەی سەرۆك كۆمار لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عیراقە بە خەرجكردنی موچە کە لە چوار خاڵ پێكهاتووە، کە داوایکردووە، فەرمانێكی وەلائی خێرا دەربکرێت بۆ پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عیراق بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
هاوکات، پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عیراق بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە شێوەیەكی بەردەوام و بەبێ وەستان، هەروەها جێبەجێكردنی بەبانكیكردنی موچە بەپێی رێنماییەكانی بەبانكیكردن، بە جۆرێک هاوشێوەی ئەو رێكارانە بێت كە حكومەتی عیراق دەیگرێتە بەر.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی شوباتی 2025 پێشانگەی نێودەوڵەتی پەرتوکی نەجەفی بە ئامادەبوونی پارێزگاری نەجەف، ئەندازیار یوسف کەناوی و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا دکتۆر حوسێن عیساوی و ژمارەیەک لە بەرپرسان کردەوە.
سەرۆک کۆمار لەوتەیەکدا کە لەکردنەوەی رێوڕەسمەکەدا پێشکەشی کرد، جەختی لەوە کردەوە کە شاری نەجەف پایتەختی زانست و ئەدەب و شاری زانایانە و لەسەر خاکەکەی ناوەندێکی زانستی دامەزراوە کەتەمەنی زیاتر لە هەزار ساڵە و خوێندنگەکانی زانایانی گەورە و نووسەرانی پێگەیاندوە و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەنجامدانی ئەم بۆنەیە لەسەر خاکی نەجەف مانایەکی تایبەتی هەیە.
ئەمەی خوارەوە دەقی وتاری بەڕێزیانە :
به ناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
خوشکان و برایان
سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت
ئەمڕۆ لە شاری پیرۆزی نەجەف، شاری زانست و زانایان کۆدەبینەوە، بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکانی پێشانگەی نێودەوڵەتی پەرتوکی نەجەف لە چوارەهەمین چالاکیەکانیدا، ئەم پێشانگایە لەخولەکانی پێشوویدا بەشدارییەکی جەماوەری بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، شەرەفی ئەوەمان هەبوو کە سپۆنسەری چالاکیەکانی بکەین، و بەپەرۆشین لەم خولەیشدا سپۆنسەری بکەین، بەهۆی کاریگەرییە مرۆیی و کلتوورییەکانی لەسەر کۆمەڵگە.
شاری نەجەف پایتەختی زانستی و ئەدەبی و شاری زانایانە لەسەر خاکەکەی ئەو ناوەندە ئایینیە هاتەکایەوە کەتەمەنی زیاتر لە هەزار ساڵە، و خوێندنگەکانی گەورە زانایان و نووسەرانی پێگەیاندوە، لەم ڕوانگەیەوە پێمان وایە کەئەنجامدانی ئەم چالاکیە لەسەر خاکی نەجەف مانایەکی تایبەتی هەیە.
رژێمی پێشوو سەرنجی خستبوە سەر نەجەف، نەک بۆ چاودێری بەڵکو وەک دوژمنایەتیکردن و زۆریش هەوڵیدا بڵێسەی زانستی نەجەف بکوژێنێتەوە، لەڕێگای بەئامانجگرتنی زانایان و نووسەران و تەنانەت خوێنەرانی شارکە، بەڵام ئەم ئامانجگرتنە هاندەرێک بوو بۆ خەڵکی نەجەف بۆ ئەوەی ڕوو لە خوێندنەوە و نووسین بکەن، لەبەر ئەوەیە کەنەجەف هەر وەک چۆن هەموو عێراق بەملکەچ نەکردن مانەوە .
سوپاسی بەرپرسیارانی ئەم چالاکییە زانستییە نوێبووەوە دەکەین و هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو لایەکیش دەخوازین کەشوێنپێی پێشینەکانیان لە هەڵگرتنی ئاڵای خوێندنەوە و ڕۆشنبیری و داهێناندا گرتوەتەبەر.
سڵاوی خوداتان لێ بێت.
ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی عیراق لەبارەی سکاڵاکەی سەرۆک کۆمار تایبەت بە موچەی موچەخۆرانی هەرێم کۆدەبێتەوە، کە دوو رۆژ بەر لە ئێستا تۆماری کردبوو.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای فیدڕاڵی عیراق لەبارەی سکاڵایەکی د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق کۆببێتەوە، کە دوو رۆژ بەر لە ئێستا لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە، لەسەر سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دارایی عیراق تۆماری کردبوو.
سكاڵاكەی سەرۆك كۆمار لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عیراقە بە خەرجكردنی موچە کە لە چوار خاڵ پێكهاتووە، کە داوایکردووە، فەرمانێكی وەلائی خێرا دەربکرێت بۆ پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عیراق بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
هاوکات، پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عیراق بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە شێوەیەكی بەردەوام و بەبێ وەستان، هەروەها جێبەجێكردنی بەبانكیكردنی موچە بەپێی رێنماییەكانی بەبانكیكردن، بە جۆرێک هاوشێوەی ئەو رێكارانە بێت كە حكومەتی عیراق دەیگرێتە بەر.
سەرۆک کۆمار د.لەتیف رەشید، لە بەغداد پێشوازیکرد لە حەسەن محەمەد زەمان باڵیۆزی کوەیت لە عیراق و باسیان لە هەوڵی زیاتری نێودەوڵەتی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی کرد.
لە دیدارەکەی نێوانیاندا، هاریکاری هاوبەش و پەرەپێدانی پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کرا، هاوکات سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پەرۆشی عیراق بۆ پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانەو فراوانکردنی هاریکاری ئابووری نێوانیان، ئاماژەشی بە زیاد بوونی دەرفەتی وەبەرهێنان کرد لە عیراق.
سەرۆک کۆمار تیشکی خستە سەر، پێویستی هەوڵی زیاتری نێودەوڵەتیی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی.
لە بەرامبەردا باڵیۆزی کوەیت ئاماژەیکرد بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو وڵات و جەختیکردەوە لە هەوڵەکانی دەوڵەتی کوەت بۆ فراوانکردنی هاریکاری دوولایەنە لە بوارە جیاوازەکاندا.
د لەتیف رەشید لە بەغداد پێشوازیکرد لە وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی دانا ئەحمەد مەجید و لەو دیدارەدا سەرۆک کۆمار تەئکیدیکردەوە لەسەر پێویستی پەیڕەوکردنی میتۆدی دیالۆگی دیموکراسی بۆ چارەسەرکردنی کێشە نیشتمانیەکانی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە د لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی بەغداد لەگەڵ دانا ئەحمەد مەجید و وەفدی یاوەری کۆبووە و لە کۆبونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی سیاسی و ئابووری عیراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی تاوتوێکران و سەرۆک کۆمار گرنگی هەوڵدانی لایەنە سیاسییە کوردییەکانی بۆ گەیشتن بە چارەسەری ریشەیی بۆ کێشەکانی هەرێم خستەڕوو.
هاوکات جەختی کردەوە لە، هەنگاوی پراکتیکیی بەرەو لێکتێگەیشتن و کاری هاوبەش و یەکڕیزی لەپێناو پێشکەشکردنی خزمەت بە هاووڵاتیان و دەستەبەرکردنی مافەکانی سەرجەم هاووڵاتیان.
سەرۆک کۆمار لەو دیدارەدا ئاماژەی بە پێویستی پەیڕەوکردنی میتۆدی دیالۆگی دێموکراسی بۆ چارەسەرکردنی کێشە نیشتیمانیەکانی کوردستان و گرتنەبەری ئامرازی هاوبەش بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزیی نیشتیمانی و بەهێزکردنی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی قۆناغەکە دا.
لە بەرانبەردا ئەندامانی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان سوپاسی سەرۆک کۆماریان کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی و پەرۆشییان بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد وەک براکانیان لە پێکهاتەکانی تری عیراق دووپاتکردەوە لەپێناو بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێم و وڵات بەگشتی.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە بارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە سکاڵای یاسایی لە دادگای فیدڕاڵی عیراق، لەسەر سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دارایی عیراق تۆمارکرد.
سكاڵاكەی سەرۆك كۆمار لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عیراقە بە خەرجكردنی موچە.
سكاڵاكەی سەرۆك كۆمار كە دادگای باڵای فیدراڵی عیراق بڵاویكردووەتەوە لە چوار خاڵ پێكهاتووە و داوادەكرێت فەرمانێكی وەلائی خێرا بە پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عیراق بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
هاوکات، پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عیراق بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە شێوەیەكی بەردەوام بەبێ وەستان.
سكاڵاكەی سەرۆك كۆمار بۆ جێبەجێكردنی بەبانكیكردنی موچەیە بە پێی رێنماییەكانی بەبانكیكردن .
لە سکاڵاکەدا هاتووە، بەبانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی ئەو رێكارانە بێت كە لە حكومەتی عیراق دەگیرێنەبەر.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە ئەسعەد ئەلعیدانی پارێزگاری بەسرە کرد و و جەختی لە پێویستیی هەوڵدان کردەوە بۆ ئەوەی بەسرە ببێتە ژینگەیەکی گونجاو بۆ بازرگانان و وەبەرهێنان.
لە میانی دیدارەکەدا پێداچوونەوە بە بارودۆخی ئەمنی و ئابووری و سیاسی پارێزگاکە کرا و سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوە کرد کە پارێزگای بەسرە و هەڵکەوتەی جوگرافیای کە رۆژهەڵات بە رۆژئاوا دەبەستێتەوە، یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ببێتە ژینگەیەکی گونجاو بۆ بازرگانان و وەبەرهێنان، ئەوەش پێویستی بە کارکردنی زۆر هەیە بۆ گەشەپێدان و گەشەکردنی بە شێوەیەک کە لەگەڵ پێگەی ئابووری و کلتووری و کۆمەڵایەتییەکەیدا بگونجێت.
هەروەها سەرۆک کۆمار دووپاتی لە گرنگی چەسپاندنی سەقامگیری ئەمنی لە پارێزگا و هەوڵدان بۆ باشترکردنی واقیعی خزمەتگوزاری شارەکە و گرنگیدان بە پڕۆژە گرنگ و وەبەرهێنانەکان بۆ گەیشتن بەگەشەسەندنی بەردەوام و هەمەچەشن کردەوە، هاوکات پشتیوانی سەرۆکایەتی کۆماری بۆ هەموو هەوڵەکانی بەئامانجی باشترکردنی بارودۆخی ژیانی هاووڵاتیان دووپاتکردەوە.
لەبەرانبەردا، ئەلعیدانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی پلانەکانی حکومەتی خۆجێی بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکانی خستەڕوو کە ئامانج لێی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بۆ هاووڵاتیان و هەوڵ و پەرۆشی سەرۆک کۆماریشی بەرزنرخاند بۆ پەرەپێدانی واقیعی پارێزگاکە بە شێوەیەک کە خزمەت بە دانیشتووانی بەسرە بکات.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لە بەغداد پێشوازیکرد لە شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران .
لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و ئابووری وڵات تاوتوێ کرا، هاوکات باس لە چۆنیەتی پەرەپێدانی ئاستی هەماهەنگی نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران کرا، بۆ یاسادانان و دەرکردنی یاسا گرنگەکان بە شێوەیەک کە ویستی گەل بۆ خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بەدیبهێنێت.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە، کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە چەسپاندنی بناغەکانی هاریکاریی هاوبەش هەیە لە نێوان هەموو هێز و پێکهاتە نیشتمانییەکان، بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە عیراق و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی.
لای خۆیەوە شاخەوان عەبدوڵڵا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک کۆمار لە پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی دەربڕی و جەختیکردەوە، لەسەر پەرۆشی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکە نیشتمانییەکانی لە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی.
سەرۆک کۆماری عیراق د.لەتیف رەشید، جەختی لەوە کردەوە کە پێگەی جوگرافیای عیراق رۆڵێکی سەرەکیی پێبەخشیوە لەناوچەکەدا، ئەمە جگە لەوەی خاڵێکی بەیەکگەیشتنی ئابووری و کلتوورەکانە.
سەرۆک کۆمار لە ووتارێکیدا کە ڕۆژنامەی واشنتۆن تایمز لە 4ی شوباتی 2025 بڵاویکردەوە، دەڵێت : " ئێمە لەپێشینەی کارەکانمان گرنگی بە نیشتەجێبوون و چاودێری تەندروستی و رەخساندنی هەلی کار دەدەین، نەک خەرجکردنێک بۆ جەنگ کەتێچووی زۆر و بێهودەیە، و سەرنجمان لەسەر گەشەپێدانی بەردەوام و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانە".
دەقی ووتارەکەی سەرۆک کۆماری عیراق:
سیاسەتی دەرەوەی عیراق لەسەر بنەمای دیالۆگ دامەزراوە نەک جەمسەرگیری.
هەڵکەوتەی جوگرافیای عیراق وەک خاڵێکی بەیەکگەیشتنی ئابووری و کلتوورەکان، هەمیشە ڕۆڵێکی سەرەکیی لەناوچەکەدا پێبەخشیوە.
لە جیهان زۆرجار بەهۆی بەرژەوەندیی کێبڕکێیەکان و ململانێی دەسەڵاتەوە دابەشبووە، سیاسەتی دەرەوەی عیراق رێگایەکی جیاواز لەسەر بنەمای دیالۆگ و هاوکاری و رێزگرتنی یەکتر پەیڕەو دەکات، سیاسەتێکە کە هەوڵدەدات پرد دروست بکات نەک دووبەرەکی قووڵ بکاتەوە، هەروەها لەڕێگەی هاوبەشییەوە ئاڵنگاریەکان چارەسەر بکات نەک رووبەڕووبوونەوە. ئەم رێبازە یەکێک بوو لەگرینگترین تەوەرەکانی وتارەکەم لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی ئەمساڵ لەداڤۆس، کەتێیدا داوای ڕوونکردنەوەم لێکرا لەبارەی دیدگاکەمان.
عیراق لەمێژووی هاوچەرخی خۆیدا ئاڵنگاری گەورەی بەخۆوەبینیوە. وڵاتەکەمان سەرەڕای زۆری توانای ماددی و مرۆیی، بەهۆی دیکتاتۆرییەت و جەنگ و چەوسانەوە تووشی ماڵوێرانییەکی بەرفراوان بووە، رژێمی بەعس و لەو جەنگانەیدا کاریگەری قووڵی بەجێهێشت، کەبوە هۆی وێران کردنی ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئیفلیج کرد و پێشکەوتنی لەبوارە گرنگەکانی وەک فێرکردن و تەندروستی و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان تێکدا، هەروەها سزاکان و دابڕان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم ئازارەی گەورەتر و ئاڵنگاریەکانی ئاڵۆزتر کرد.
رووخانی سەدام حسێن لە ساڵی 2003 کۆمەڵێک ئاڵنگاری نوێی هێنایە ئاراوە، وەک دابەشبوونی سیاسی، جەنگی تائیفی و سەرهەڵدانی داعش لە ساڵی 2014، ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە یەکێک لە تاریکترین لاپەڕەکانی مێژوومانی هێنایە ئاراوە، کە رووبەرێکی بەرفراوانی خاکی داگیرکرد، شوێنەوارە کەلەپورییەکانی پیس کرد و خەڵکی سیڤیلی بێتاوانی کردە ئامانج و کۆمەڵگەی مەدەنیی وێران کرد، بەڵام عیراق بەیەکڕیزی و قوربانیدانێکی یەکجار زۆر، توانی تا ساڵی 2017 ئەم هەڕەشەیە تێکبشکێنێت و خاکی خۆی و هیواکانی بەدەست بهێنێتەوە،کەم وڵات هەیە توانیبێتی شکست بە هەڕەشەیەکی تیرۆریستی بەم قەبارەیە بێنێت و ئەم شەڕە نەک تەنها عیراق و ناوچەکە بەڵکو هەموو جیهانیش هێورکردووە.
بەڵام ئەم سەرکەوتنە گەورەیە بەنرخێکی گەورەتر بەدەستهات، دەیان هەزار هاووڵاتی سیڤیل گیانیان لەدەستداوە، ملیۆنان کەس ئاوارەبوون، ژێرخانی ئابوری زیاتر لەناوچووە، خزمەتگوزارییەکان وەستاون، سەرچاوەی ئابووریمان لەکار کەوت، بەڵام هەشت ساڵی رابردوو وەرچەرخانێکی گرنگ بوو، بەو پێیەی عیراق پێشکەوتنی بەرچاوی لەبوارەکانی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدان بەدەستهێناوە، هەنگاوە نراوە بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییە ئابوورییەکان، پێشکەوتن لەدەستەبەرکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، کشتوکاڵ، فێکردن، هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری .
ئێمە لەپێشینەی کارەکانمان گرنگی دەدەین بەنیشتەجێبوون و چاودێری تەندروستی و ڕەخساندنی هەلی کار، نەک خەرجکردن بۆ جەنگ کە تێچووی زۆر و خەرجییەکی بێهودیە، سەرنجمان دەخەینە سەر گەشەپێدانی بەردەوام و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان، پێشکەوتنی ئەمنی هاندانی وەبەرهێنان و گەشەی ئابووری بووە، بۆ نموونە پاراستنی ژینگە و مۆدێرنکردنی سیستمی ئاو و کشتوکاڵی بەردەوام بووەتە لەپێشینەکانی کار لە وڵاتێکدا کە بۆ کشتوکاڵ زۆر پشت بەرووبارەکان دەبەستێت، لەهەمان کاتدا ئێمە بەهاوسەنگی لەگەڵ گۆڕانکاری دیجیتاڵی و مۆدێرنکردنی ژێرخانی ئابوریمان هەنگاودەنێن، هەروەها کاردەکەین بۆ رەخساندنی دەرفەتی ئابووری بۆ راستکردنەوەی ئەو ئاستەنگە درێژخایەنانەی کە وڵات رووبەڕووی بووەتەوە.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵێکی بنەڕەتی هەیە لەم گۆڕانکاریانەدا، بەو پێیەی ناوچەکە ماوەیەکی زۆرە قۆرغکراوبوو، ئێستا کاتی پێکهێنانی هاوبەشی و قازانجی هاوبەشە، پاڵپشتیکردنی ئەم ناوچەیە تەنها ئیمتیازێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو وەبەرهێنانێکی ژیرانەیە لەسەقامگیری و خۆشگوزەرانی جیهانیدا.
سیاسەتی دەرەوەی عیراق لەسەر بنەمای دیالۆگ و هاوکارییە نەک دابەشبوون. بەرەوپێشبردنی گفتوگۆ بەو مانایە نییە کە لایەنێک هەڵبژێرین، بەڵکو ئەو رێگایە هەڵدەبژێرین کەیارمەتیمان دەدات رووبەڕووی ئاستەنگەکان ببینەوە، ئێمە زۆر کارمان کردووە بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەروەها زۆر بەپەرۆشبووین بەشێک بین لەچارەسەرەکانی ململانێ ناوچەییەکان، بەڵام هێشتا لە هەندێک بواردا ئاڵنگاری هەیە، لەوانە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا سەرەڕای پتەویی ئابووریی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنقەرە، بەڵام رووبەڕووی نیگەرانی دەبینەوە سەبارەت بەهەندێک سیاسەت کە کاریگەرییان لەسەر سەروەری و سەرچاوەکانی عیراق هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بە ئاو، ئێمە پابەندین بەچارەسەرکردنی ئەو کێشانە لەرێگەی دیالۆگەوە، کاردەکەین بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش عیراق لەپشتیوانیکردنی نەگۆڕی خۆی بۆ دۆزی فەلەستین دەمێنێتەوە، ئێمە ئەو دەستدرێژییە مەحکوم دەکەین کەدژی خەڵکی مەدەنی دەکرێت، داوای دادپەروەری و مافی چارەنووسیشیان بۆ دەکەین، هەروەها پێشوازی لە ئاگربەست و پاڵپشتی هەنگاوەکان دەکەین بۆ ئاشتییەکی بەردەوام، شەڕانگێزی قازانج بەهیچ لایەک ناگەیەنێت، تەنها بازنەیەکی رق و کینە دروست دەکات کە هەرگیز کۆتایی نایەت.
هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ سوریا و لوبنان دەردەبڕین، و ئاواتەخوازین حکومەتێکی گشتگیر و بنکە فراوان پێکبهێنن لەگەڵ سەقامگیری لەسەرتاسەری ناوچەکەدا، ئێمە بەشێوەیەکی راستەوخۆ ناسۆریەکانی ژیانمان لەژێر دەسەڵاتە ستەمکارەکاندا دیوە و لەهەمووی گرنگتریش عێراق رەتیدەکاتەوە ببێتە ئامرازێکی ململانێی زلهێزەکانی ناوچەیی یان جیهانی.
زۆرجار پرسیار دەکرێت دەربارەی کاریگەریی وڵاتانی دیکە لەکاروباری ناوخۆی عیراقدا، بەپێویستیشم دەزانم جیهان دڵنیا بکەمەوە کەعیراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و سەربەخۆیە، کەس ناتوانێت پێمان بڵێت چی بکەین، لە هەمان کاتدا هەوڵدەدەین پەیوەندییەکی باش لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان دروست بکەین، لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆمان.
سیاسەتی دەرەوەی ئێمە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و دیدگەی گەلەکەمان بۆ ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دامەزراوە، بەبێ ئەوەی لەژێر کاریگەری فشاری دەرەکیدا بێت.
دیدگەی عیراق هاوتەریبە لەگەڵ بەڵێنی سەرۆک ترەمپ کە "ئاشتیخوازی بێت و "هەموو جەنگەکان رابگیرێت" ئێمە هەوڵ بۆ ئاشتی و دیالۆگ دەدەین، نەک بەردەوامی ململانێکان یان دەستێوەردانی دەرەکی، ئامانجمان پەرەپێدانی هاوکاری و فێربوونە لەئەزمونی ئەوانی دیکە، لەهەمان کاتدا هاوبەشکردنی وانەکان وسودوەرگرتنمان لەئاڵنگاریەکانمان.
گەشتی عیراق دوورودرێژ و سەخت بوو، بەڵام ئیرادەمان بە چەقبەستوویی ماوەتەوە، ئێمە سوورین لەسەر بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش و بەشداریکردن لە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ناوچەکە، لەچەند ساڵێکی ئاشتیدا عیراق ئەوەی بەدەست هێناوە کە لەدەیان ساڵی ئاڵۆزیدا نەیتوانیوە بەدەستی بهێنێت.
ئەمڕۆ عیراق کراوەیە لەبەرانبەر دەرفەتەکان، چ لەبواری کار و چ لەنێوەندگیری دیپلۆماسیدا و هەوڵدەدات رۆڵێکی سەرەکی لەسەقامگیری ناوچەکەدا بگێڕێت، ئامانجمان ئەوەیە کەهەموومان سوود لەئاشتی و دادپەروەری و گەشەپێدانی بەردەوام وەربگرین، عیراق ئامادەیە نەک تەنها بۆ سەرکردایەتیکردن و بەشداریکردن، بەڵکو بۆ ئامێزگرتنی ئایندەیەکی گەش لەسەر بنەمای هیوا و پێشکەوتن و لەو روانگەیەشەوە چالاکانە بەشداری دەکات لە داڕشتنی جیهانێکی باشتر.
د.لەتیف رەشید
سەرۆک کۆماری عیراق
سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ شای ئوردن دۆسیەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشبردنی ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکه تاوتوێکرد
ئەمڕۆ د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم بن ئەلحوسێن شای ئوردن گفتوگۆی کرد لەسەر ئەو هەوڵانەی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان لە ناوچەکە و سەقامگیرکردنی ناوچەکە ئەنجام دراوە.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا د.لەتیف رەشید و شای ئوردن پشتیوانی پتەوی خۆیان بۆ مافی گەلی فەلەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لەسەر بنەمای بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان دووپاتکردەوە، کە ئەمەش بنەمایەکە بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و گشتگیر لە ناوچەکەدا.
لەگفتوگۆکەیاندا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گرنگی هەماهەنگی هاوبەشیان تاوتوێکرد، بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکان و قوڵکردنەوەی هاوکاری نێوانیان.
د.لەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە شاندێکی زانکۆی کۆیە کرد بە سەرۆکایەتیی د.محەمەد حەسیب صدیق سەرۆکی زانکۆ و جەختیکردەوە لە پاڵپشتی بۆ هەموو هەوڵێک کە پێداویستی پرۆفیسۆر و وانەبێژ و خوێندکاران دابین بکات.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە شاندی میوان کرد بە بۆنەی بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی زانستی بەرز لە بواری ئەکادیمیا بۆ ساڵی 2024 و ستایشی ڕۆڵی کارگێڕی و ستافی وانەوتنەوەیکرد لە پەرەپێدانی توانا و ئاستی زانکۆکە.
لای خۆیەوە سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی کاراکردنی هەماهەنگی نێوان زانکۆکانی عیراق و هاوتاکانیان و پەرەپێدانی میکانیزمی پەیوەندیکردن و ئاڵوگۆڕی شارەزایی و هاوبەشی نێوان خۆیان و وڵاتانی پێشکەوتوو، جەختیکردەوە لە پاڵپشتی بۆ هەموو هەوڵێک کە پێداویستی پرۆفیسۆر و وانەبێژ و خوێندکاران دابین بکات و نەهێشتنی ئاستەنگ و کێشەی بەردەمیان.
لە بەرامبەردا ئەندامانی وەفدەکە باسێکی گشتگیریان سەبارەت بە پلان و بەرنامە و پڕۆژەکانی پەرەپێدانی زانکۆکە پێشکەش کرد و سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ڕێنماییەکانی سەرۆک کۆمار و گرنگیدانی بە بواری پەروەردە دەربڕی.