دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ سێشەممە، جەختی کردەوە کە سوپای ئێران بەتەواوی تێکشکێنراوە، ئاماژەی بەوەش دا کە تاران چیتر خاوەنی هێزی دەریایی یان ئاسمانی نییە.
ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کردەوە سەربازییەکان بوونەتە هۆی تێکشکاندنی ئەو توانایانە بە شێوەیەکی گشتی و کوژرانی سەرکردە سەربازییەکان، ئاماژەی بەوەش کرد ئەوەی ئێستا رودەدات تەنها پێکدادانێکی سەربازی بچووکە، و ئێران هیچ دەرفەتێکی نییە لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا و هەرگیز نەیبووە.
هەروەها وتی: رژێمی ئێران لە کۆمەڵێک کەسی "نەخۆشی دەروونی" پێکهاتووە، و جەختیشی کردەوە کە رێگە نادەن ئەوانەی بە "شێت" وەسفی کردن ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا وتی، ویلایەتە یەکگرتووەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئێراندا زۆر سەرکەوتووانە کار دەکات، و جەختی کردەوە کە لە پێشینەی کارەکانیان پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکایە.
محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی کردەوە کە ئامانجی وڵاتەکەی وەک نێوەندگیر، قایلکردنی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی.
دار لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بەدواداچوونی بۆ کردووە، رایگەیاند: "ئامانجی پاکستان وەک نێوەندگیر ئەوەیە کە ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان قایل بکات بگەنە رێککەوتنێکی ئاشتی، ئەوەش شتێکە کە ناوچەکە و جیهان پێویستیان پێیەتی.
هەروەها دار وتیشی: دڵنیایین لەوەی پێشکەوتنی گەورە لە دانوستانەکاندا بەدەست هاتووە، هەوڵی زۆرمان داوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و دەستپێکردنی دیالۆگ، جەختیشی کردەوە کە: هەوڵمان داوە رێگری بکەین لەرودانی هێرش بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و سەرکۆنەی ئەو هێرشانەشمان کردووە کە کراونەتە سەریان.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند کە رێگرییان لە 51 کەشتی کردووە لە چوونە ناوەوە بۆ ئێران یان هاتنە دەرەوە لێی.
فەرماندەییەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە: هێزەکانی ئەمریکا تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامن لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی.
هەروەها ئەوەشی خستووەتە روو: داوا لە 51 کەشتی کراوە بگەڕێنەوە یان روو لە بەندەرەکان بکەنەوە، ئەوەش بە مەبەستی رێگریکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان بۆ چوونە ناو خاکی ئێران یان بەجێهێشتنی.
وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند کە ئێران هیچ جۆرە کۆنترۆڵێکی بەسەر گەروی هورمزدا نییە، هاوکات جەختیشی کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا پێشێلی سەروەریی ئاوە هەرێمییەکانی ئێران ناکەن.
وەزیر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد: دەستپێشخەریی پڕۆژەی ئازادی بە ئامانجی پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی بازرگانییە لە بەرانبەر هەڕەشە و دەستدرێژییەکانی ئێران،"
رونیشیکردەوە کە: تاران پەنا بۆ تێکدانی ئارامیی کەشتییەکان و تەقەکردن و سەپاندنی سەرانەی نایاسایی دەبات.
هەروەها رایگەیاند: لە رێگەی بڵاوکردنەوەی کەشتیی جەنگی و فڕۆکەی هێلیکۆپتەر، چاودێریی وردی گەروی هورمزمان گرتووەتە دەست بۆ دەستەبەرکردنی هاتوچۆیەکی ئارام بۆ کەشتیگەلەکان،"
و دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە "ئێران باڵادەست نییە بەسەر ئەم رێڕەوەدا."
وەزیری بەرگری ئاماژەی بەوەش دا کە بەکارهێنانی هێز لەلایەن واشنتۆنەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و وتی: ئێمە خوازیاری پێکدادانی سەربازی نین، بەڵام رێگەش نادەین تاران مافی وڵاتانی تر لە تێپەڕبوون بەناو ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا زەوت بکات.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی "کاتییە" و پێویستە جیهان بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبگرێت، چونکە تاران خاڵە ستراتیژییەکانی جیهان بۆ بەرژەوەندی دارایی خۆی و هەڕەشە لە دەریاوانان بەکاردەهێنێت، و جەختی کردەوە: ئاوە نێودەوڵەتییەکان موڵکی گشتین و رێڕەوی بازرگانی بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
سەرۆكی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، ئەگەری زۆرە پێشنیازە نوێیەكەی ئێران رەتبكاتەوە و جەنگ دەستپێبكاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، رایگەیاند، بە گومانە ئەو پێشنیازە نوێیەی ئێران قبووڵ بكرێت، چونكە ئێرانییەكان هێشتا باجی ئەو تاوانانەیان نەداوە كە لە ماوەی 47 ساڵی رابردوودا بەرامبەر بە مرۆڤایەتی و جیهان كردوویانە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەگەر بێتو ئێران هەڵە بكات ئەوە هێرشی سەربازی نوێ بۆ سەر ئێران دەستپێدەكاتەوە ئەوەی ماویشە لە ناوی دەبەن.
ئەم قسانەی ترەمپ لەدوای ئەوەدێت كە میدیاكانی ئێران بڵاویانردەوە، تاران پێشنیارێكی 14 خاڵی پێشكەشی پاكستا كردووە، كە تێیدا داوای كۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەكان و دانانی سیستمێكی نوێ بۆ گەروی هورمز دەكات.
بەهۆی جیاوازی زۆر لە مەرجەکان و هەبوونی دووبەرەکی لە ناوخۆی تاران، هەوڵە نوێیەکانی ئێران بۆ ئاشتی لە لایەن واشنتۆنەوە رەتکرانەوە، ترەمپیش دەڵێت؛ ئێران دەیەوێت رێككەوتن بكات، بەڵام من بەدڵم نییە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە ململانێکانی لەگەڵ تاران رایگەیاند؛ بە دوایین پێشنیازی ئێران بۆ ئاشتی رازی نەبووە و تاران داوای کۆمەڵێک شت دەکات کە واشنتۆن ناتوانێت قبوڵیان بکات.
ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە ئێران دەیەوێت رێککەوتن بکات، بەڵام ئەو بەو پێشنیازە دڵخۆش نییە و وتی: "ئێرانییەکان لە گەیشتن بە رێککەوتن نزیک نین"، هەروەها ئاماژەی بە بوونی دووبەرەکی لە ناو سەرکردایەتی ئێران کرد و وتی، بەهۆی ئەو دابەشبوونەی لە تاران هەیە هیچ پێشکەوتنێک لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەکاندا بەدی ناکرێت.
سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند: "یان ئێرانییەکان لەناودەبەین یان دەبێت لەگەڵمان رێکبکەون، ئەوان ئەوەی دەیانەوێت لەگەڵ ئێمە بەدەستی ناهێنن". جەختیشی کردەوە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پاکستان وەک نێوندگیر بەردەوام دەبێت.
لە لایەکی ترەمپ، ترەمپ نیگەرانی خۆی بەرانبەر هەڵوێستی ئیسپانیا و ئیتاڵیا دەربڕی و هەڕەشەی بەرزکردنەوەی باجی سەر ئۆتۆمبێلی یەکێتی ئەوروپای کرد بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێککەوتنەکان. سەبارەت بە عیراقیش، پاڵپشتی خۆی بۆ سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عیراق دووپاتکردەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ترەمپ هیوای خواست بە کۆتاییهاتنی شەڕ جارێکی تر نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا دابەزێت، وتیشی، کە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ چین "بێ وێنە" دەبێت و بە ئەگەرێکی زۆریشەوە بەشداری لوتکەی گروپی حەوت لە فەرەنسا دەکات.
ماڵپەڕی ئەكسیۆس لە زاری چەند لێپرسراوێکی باڵای واشنتۆنەوە وردەكاریی چەند مەرجێكی نوێی ئەمریكا بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئێران ئاشكرا دەكات.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ماڵپەڕی ئەكسیۆس، ستیڤ ویتكۆف نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە رێگەی نێوەندگرەكانەوە لیستێكی نوێی داواكارییەكانی گەیاندووەتە تاران.
ماڵپەڕەكە ئاشكرایكردووە، واشنتۆن داوایكردووە ئێران هیچ چالاكییەكی ئەتۆمی لەو وێستگە ئەتۆمییانەدا دەستپێبكاتەوە كە پێشتر بۆردومان كرابوون و داواشیكردووە، تاران پابەند بێت بەوەی هیچ بڕە یۆرانیۆمێكی پیتێندراو بۆ دەرەوەی وڵات نەگوازێتەوە، تا ئەو كاتەی دانوستانەكان بەردەوامن.
هەروەها بە پێی زانیارییەكانی ماڵپەڕەكە واشنتۆن داوای راگرتنی پرۆسەی نۆژەنكردنەوە و پەرەپێدانای وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێرانی كردووە تا ئەو كاتەی هەردوولا دەگەنە رێككەوتن.
ئەوەش لە كاتێكدایە، دەسەڵاتدارانی ئێران پێشنیازێكی نوێیان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن پێشكەش بە ئەمریكا كردبوو.
واشنتۆن گرێبەستێكی 100 ملیۆن دۆلاری بۆ پوچەڵكردنەوەی مینەكانی ئێران لە گەروی هورمز ئیمزا دەكات.
هێزی دەریایی ئەمریكا هەنگاوێكی نوێ بۆ روبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی ئێران لە گەروی هورمز دەنێت و پەنا بۆ تەكنەلۆژیای زیرەكیی دەستكرد دەبات، لەو چوارچێوەیەدا گرێبەستێكی بە بەهای نزیكەی 100 ملیۆن دۆلار لەگەڵ كۆمپانیای ئەمریكی دۆمینۆ داتا لاب ئیمزا كردووە، بە مەبەستی پەرەپێدانی سیستمێكی پێشكەوتوو بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانكردنی مینە چێندراوەكانی ئێران لە گەروی هورمز.
ئەم تەكنەلۆژیا نوێیە توانایەكی بێپێشینە دەداتە هێزە دەریاییەكانی ئەمریكا تاوەكو بە خێراییەكی زۆر و ورد، شوێن و جۆری ئەو مینانە دیاری بكەن كە لە كەنداو جێگیر كراون.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوە كردبوو پڕۆسەی پاككردنەوەی گەرووی هورمز لە مینە چێندراوەكانی ئێران كارێكی ئاڵۆزە و رەنگە چەندین مانگ بخایەنێت، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت بە پشتبەستن بە زیرەكیی دەستكرد، ئەو ماوەیە زۆر كەم بكرێتەوە و سەلامەتیی هێڵە بازرگانییەكان زیاتر پارێزراو بێت.
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن ئاشكرای كردووە، چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ ئێران پێشنیازێكی نوێ پێشكەش بكات.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا پێشنیازەكەی ئێرانی رەتكردەوە لەبارەی كردنەوەی گەروی هورمز و لابردنی گەمارۆكانی سەر ئەو وڵاتە، تۆڕیی هەواڵی سی ئێن ئێن ئاشكرای كردووە، چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ ئێران لەڕێی نێوەندگری پاكستانەوە پێشنیازێكی نوێ پێشكەش دەكات.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، دانوستانەكان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە و لە قۆناغێكی باشدان.
لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترەپ ئاماژەی بەوەكرد، ئێران بەهۆی لاوازبوونی سەرجەم توانا سەربازی و ئابورییەكانی، ئێستا پێگەی لە دانوستانەكاندا لاوازبووە و پێویستە بە زوویی رێككەوتن بكات.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، وڵاتی پاکستان وەک نێوەندگیری رەسمی بۆ گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتۆن دەمێنێتەوە، هاوکات ئاماژە بەوە دەکەن کە گەیشتن بە ئەنجامی خێرا لەو دانوستانانەدا کارێکی واقیعی نییە.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا رایگەیاند؛ وڵاتەکەی هەوڵدەدات لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە بگاتە رێڕەوێک کە تێیدا کۆتاییهاتنی تەواوەتی مەترسییەکانی جەنگ مسۆگەر بکات.
جەختیشی کردەوە، پرۆسەی گفتوگۆکان کاتی دەوێت و چاوەڕوانییەکان بۆ ئەنجامی خێرا لە جێی خۆیاندا نین.
لەلایەکی ترەوە، رۆژنامەی "وۆل ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە؛ ئێران لەبەردەم فشارێکی توندی سەربازی و ئابوریدایە و نەیتوانیوە گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی بشکێنێت.
رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەی كۆتاییهێنان بە گەمارۆكانی سەر گەروی هورمز دەكات و دەڵێت، ئێران و وڵاتانی كەنداو چارەنوسیان هاوشێوەیە.
موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، وڵاتانی زلهێزی جیهان بە چاوچنۆكییەوە لە گەروی هورمز دەڕوانن و ساڵانێكی دورودرێژە چاوی چاوچنۆکییان لەسەر گەرووەكە نەبڕاوە.
دەشڵێت: ئێران و وڵاتانی دراوسێ لە كەنداو چارەنوسیان هاوشێوەیە.
موجتەبا خامنەیی هەڕەشەی كۆتاییهێنان بە دەستدرێژی و گەمارۆكانی سەر گەروی هورمزیش دەكات و دەڵێت: ئەمریكا توانای پاراستنی بنكەكانی خۆی نییە لە ناوچەكە، نەك پاراستنی هاوپەیمان و لایەنگرانی.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان جەخت لە بەردەوامی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی دەکاتەوە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاشکرایدەکات، کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن و تاران بە کراوەیی ماونەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، وڵاتەکەی پابەندە بە بەردەوامبوون لە ئاسانکاری بۆ گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و کەمکردنەوەی پێکدادانەکان.
ئیسلام ئاباد ئاماژەی بەوەکردووە، لەگەڵ چەندین دەوڵەتی ناوچەکە لە پەیوەندیدایە بۆ چەسپاندنی ئارامی و دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی ئاگربەست.
ئەم هەوڵانەی پاکستان لە چوارچێوەی نێوەندگیرییەکی چالاکدایە بۆ میوانداریکردنی خولێکی نوێی دانوستانەکان لەنێوان هەردوو لایەندا.
ئەم جوڵە دیپلۆماسییانەی پاکستان دوای ئەوە دێت، کە لە 28ی شوباتی رابردوو گرژییە سەربازییەکان لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران لەلایەکی تر پەرەی سەند، بەڵام لە 8ـی نیساندا و بە نێوەندگیری حکومەتی پاکستان، هەردوولا گەیشتنە رێککەوتنی "ئاگربەستێکی کاتی".
بەهۆی زیادبوونی فشارەکان و دەنگۆی گەمارۆدانی دەریایی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هێرش دەکاتە سەر راوێژکارانی واشنتۆن و هۆشداری لە گەیشتنی نرخی نەوت بۆ 140 دۆلار دەدات.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکی تونددا وەڵامی ئەو دەنگۆ و پێشنیازانە دەداتەوە کە باس لە گەمارۆدانی دەریایی و هێرشکردنە سەر بیرە نەوتەکانی ئێران دەکەن.
قالیباف بە شێوازێکی تەنزئامێز ئاماژەی بەوەکردووە، سێ رۆژ بەسەر هەڕەشەکاندا تێپەڕی و هیچ بیرە نەوتێک نەتەقییەوەتەوە.
وتیشی: "دەتوانین ئەو کاتە بۆ 30 رۆژ درێژ بکەینەوە و پەخشی راستەوخۆی بیرە نەوتەکانیش نیشان بدەین."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هێرشیکردە، سەر راوێژکارانی ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو جۆرە ئامۆژگارییە بێمانایانەی دەدرێنە واشنتۆن، نرخی نەوتیان گەیاندووەتە 120 دۆلار و لە وێستگەی داهاتووشدا نرخەکەی دەگاتە 140 دۆلار. جەختیشی کردەوە کە کێشەکە تەنها لە تیۆرییەکاندا نییە، بەڵکو لەو عەقڵییەتەدایە کە هاندەری گەمارۆدانی ئێرانە.
سەرۆک کۆماری ئێران جەختدەکاتەوە، هەوڵەکان بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر تاراندا بێ ئەنجام بووە و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی سنوردارکردن و گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و سەرکۆنەکراوە و دان پێدانانە بە شکست.
پزیشکیان ئاماژەی بەوەکرد، "دوژمن" شێوازەکەی گۆڕیوە و پەنای بۆ سەپاندنی فشارە ئابورییەکان و گەمارۆی دەریایی بردووە دژی حکومەت و گەلی ئێران. وتیشی: "ئاوە هەرێمییەکان جێگەی سەپاندنی بڕیاری تاکلایەنە نین، بەڵکو بەشێکن لە سیستمی نێودەوڵەتی و پاراستنی ئاسایشەکەی تەنها لەڕێگەی هەماهەنگییەوە دەبێت."
سەرۆک کۆماری ئێران جەختی کردەوە، بوونی هێزە بیانییەکان لە ناوچەکەدا، تەنها دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان و ناسەقامگیرکردنی ئاوە هەرێمییەکان، ئەوەشی خستەڕوو، بوونی ئەو هێزانە هیچ خزمەتێک بە ئاسایشی ناوچەکە ناکات.
بڕیارە ئەمرۆ سەرۆكی ئەمریكا، تاوتوێی پلانێكی نوێ بۆ دەستپێكردنەوەی هێرشی سەربازی دژ بە ئێران بكات.
ماڵپەڕی ئەكسیۆس لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە، بڕیارە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ كارنامەیەكی سەربازی دەربارەی پلانە نوێیەكان بۆ هێرشكردنە سەر ئێران پێبگات كە لە لایەن براد كوپەر، فەرماندەی سێنتكۆمەوە ئامادەكراوە.
راشیگەیاندووە، پلانەكەی براد كوپەر بریتییە لە هێرشێكی كورت و بەهێز بۆ سەر ژێرخانەكانی ئێران، بە ئامانجی ناچاركردنی تاران بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و نیشاندانی نەرمی زیاتر لە دۆسیە ئەتۆمییەكەیدا.
پێشبینی دەكرێت پلانەكە ئەگەری بڵاوكردنەوەی هێزی زەمینی و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی هێزە تایبەتەكان بۆ دەستبەسەرداگرتنی كۆگاكانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران و كۆنترۆڵكردنی بەشێك لە گەروی هورمز لەخۆبگرێت.
بەهۆی داڕمانی ئابوری و تێکشانی هێزە سەربازییەکان، سەرۆکی ئەمریکا داوایەکی بەپەلە ئاڕاستەی لێپرسراوانی ئێران دەکات و داوای خۆ بەدەستەودانی تاران دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، داوای لە ئیران دەکەم ئێستا خۆیان بەدەستەوە بدەن، دەشڵێت "تەنها شتێک کە پێویستە ئێران بیکات ئەوەیە بڵێت ئێمە خۆمان بەدەستەوە دەدەین."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی توانیویەتی "سوپای ئێران تێکبشکێنێت و هێزە دەریاییەکانیان لەناو ببات"، هەروەها وتیشی تاران ئێستا تەنها خاوەنی رێژەیەکی زۆر کەمی کارگەکانی دروستکردنی موشەکە.
ترەمپ باسی لە داڕمانی ئابوریی ئێران کرد و وتی: "ئابورییەکەیان لە لێواری هەرەسهێناندایە و دراوەکەیان هیچ بەهایەکی نەماوە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، کە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا تاوتوێی دۆسیەی ئێرانی کردووە و ئاماژەی بەوەکرد، پوتن "ئارەزووی پێشکەشکردنی هاوکاری دەکات" و ئەویش نایەوێت تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هاوکات پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ پوتین بە "زۆر باش" وەسف کرد.
سەبارەت بە جەنگی ئۆکراین، ترەمپ رایگەیاند، پێشنیازی ئاگربەستێکی کاتی کردووە و بە وردی لەگەڵ پوتن باسیان لەو قەیرانە کردووە.