سوپای ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆی بۆسەر ئێران راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بە ژمارەی هێرشەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەکات.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەدا، تەنها ئەمڕۆ 400 هێرشی ئاسمانییان بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی ئێران ئەنجامداوە و کۆمەڵێک پێگە و سەکۆی موشەکییان بە ئامانج گرتووە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، وادەی کۆتاییهێنان بە شەڕەکەیان لەگەڵ ئێراندا، نە ساڵانێکی زۆر دەخایەنێت و نە لە هەفتەیەکیشدا کۆتایی پێدەهێنرێت، بەڵکو پلانێکی چەند هەفتەییان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە داناوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، حەوت رۆژ بەسەر شەڕ و ململانێکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا تێدەپەڕێت و عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی بۆسەر ئۆفیس و ماڵەکەی، گیانی لەدەستدا. هاوکات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش لەبارەی کۆتاییهێنان بە شەڕەکەوە رایگەیاند، تەنها کاتێک کۆتایی بە شەڕەکە دەهێنن ئەگەر ئێران بەبێ مەرج خۆی رادەست بکات.
بەهۆی زیادبوونی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکانی بەحرەین، رەوشی ناوچەکە رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووەتەوە و سێنتکۆمیش هۆشداری دەدات.
سێنتکۆم رایدەگەیەنێت: ئێران 12 وڵاتی جیاوازی بۆردومان کردووە و بەردەوامیشە لە بە ئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 'سێنتکۆم' رایگەیاند، شەوی رابردوو هێزەکانی ئێران بە حەوت درۆن ناوچە مەدەنییەکانی بەحرەینیان بە ئامانج گرتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هێرشانەی ئێران قبوڵکراو نییە و بەبێ وەڵام نامێننەوە و لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکەدا لە کارکردنی بەردەوامداین بۆ نەهێشتنی ئەم مەترسییە لەسەر هاووڵاتیانی مەدەنی تەواوی ناوچەکە.
سەرۆکی ئەمریکا مەرجی کۆتایی وڵاتەکەی بۆ راگرتنی شەڕ و ئیمزاکردنی هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران راگەیاند، کە ئەویش "خۆ رادەستکردنی تەواو و بێمەرجی" تارانە.
دوای هەفتەیەک لە دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، دەبێت "سەرکردەیەکی مەزن و پەسەندکراو" بۆ ئێران هەڵبژێردرێت.
ترەمپ ئاشکرایکرد، دەبێت "بە شەخسی" بەشدار بێت لە پرۆسەی هەڵبژاردنی رابەری داهاتووی ئێراندا، هاوشێوەی ئەوەی پێشتر واشنتن لە ڤەنزوێلا ئەنجامی دا.
: ترەمپ بەڵێنی دا کە دوای خۆرادەستکردنی تاران، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی "بێوچان" کار دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئێران لە لێواری وێرانبوون و بەهێزکردنی ئابووریی ئەو وڵاتە.
لە بەرانبەردا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، تاران لە چەند وڵاتێکەوە دەسپێشخەریی بۆ گەیشتووە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.
پزیشکیان جەختی کردەوە، بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی دوودڵ نابن.
رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە راپۆرتێکی نهێنیدا ئاشکرایکرد، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە تا ئێستا، روسیا زانیاریی هەواڵگریی هەستیاری لەسەر شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستووەتە بەردەستی ئێران.
سێ لێپرسراوی باڵا کە ئاگاداری راپۆرتە نهێنی و هەواڵەگرییەکانن بە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستیان راگەیاندووە، مۆسکۆ شوێنی وردی کەشتییە جەنگییەکان و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا بۆ تاران دیاری کردووە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەم زانیارییانە بە مەبەستی یارمەتیدانی ئێران بووە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ئامانجانەی پەیوەندییان بە هێزەکانی ئەمریکاوە هەیە لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەمە یەکەمین نیشانەیە کە دەری دەخات زلهێزێکی تری جیهانی و نەیارێکی گەورەی ئەمریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ تێوەگلاوە لەم ململانێیەدا.
لەلایەکی دیکەوە، شارەزایانی سەربازی لە ناوەندە لێکۆڵینەوە جیهانییەکان ئاشکرای دەکەن، ئەو وردکارییە زۆرەی لە هێرشە موشەکییەکانی ئەم دواییەی ئێراندا دەبینرێت، بەرهەمی هاوکارییە هەواڵگرییە بۆشاییەکانی روسیایە.
دارا ماسکۆت، شارەزا لە کاروباری سەربازیی روسیا لە "دەزگای کارنیگی بۆ ئاشتی"، ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران بە شێوەیەکی زۆر ورد رادارەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، سیستمی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ، تەنانەت جوڵەی کەشییە جەنگییەکانیشی لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە دەست ئێران کەوتووە..
بەهۆی ئەوەی ئێران خاوەنی تۆڕێکی تەواوی مانگە دەستکردە سەربازییەکان نییە، پەنای بۆ مۆسکۆ بردووە، روسیا وێنەی مانگە دەستکردە سیخوڕییەکانی خۆی دەداتە تاران کە زۆر وردترن.
ئەوەشخراوەتەڕوو، مۆسکۆ ئەو شارەزاییەی لە شەڕی ئۆکراین لە دەستنیشانکردنی ئامانجەکان بەدەستی هێناوە، ئێستا بۆ لێدانی هێزەکانی ئەمریکا پێشکەشی ئێرانی دەکات.
لەلای خۆشیەوە، نیکۆڵ گرایفسکی، توێژەر لە زانکۆی هارفارد، دەڵێت: "هێرشە تۆڵەسێنەرەوەکانی ئێران ئاستێکی بەرزی پێشکەوتنیان پێوە دیارە، تاران توانیویەتی لە هەندێک شوێندا بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ببڕێت، ئەمەش نیشانەی گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە هاوسەنگیی هێزدا."
هاوکات، ئەم جوڵە هەواڵگرییە و نهێنییە بووەتە مایەی نیگەرانیی قووڵی کۆشکی سپی، چونکە نەک هەر مەترسی لەسەر ژیانی سەربازانی ئەمریکا دروست دەکات، بەڵکو ئاماژەیە بۆ دروستبوونی بەرەیەکی نوێی جیهانی (روسیا-ئێران) دژی بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن، تا ئێستا لێپرسراوانی ئەمریکا بە رەسمی لێدوانیان لەسەر ئەم زانیارییە هەواڵگرییانە نەداوە، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئەمە واشنتن ناچار دەکات بە ستراتیژیی خۆیدا بچێتەوە.
لەگەڵ دەسپێکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە، ئێران جەخت لە پاراستنی سەروەریی خاکەکەی و بەدیهێنانی ئاشتییەکی سەقامگیر لە ناوچەکەدا دەکاتەوە.
مەسعود پزیشكیان سەرۆک کۆماری ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، چەند وڵاتێك هەوڵەكانیان بۆ نێوەندگیری دەستپێپكردووە و پابەندین بە ئاشتییەكی بەردەوام لە ناوچەكەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، درێغی ناكەین لە بەرگریكردن لە كەرامەت و سەروەری ئێران.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل چەندین هێرشی ئاسمانی بۆسەر ئێران ئەنجامدا، لەبەرانبەریشدا سوپاسی پاسداران 21 و 22ـیەمین شەپۆلی موشەكی لە ئۆپراسیۆنی " وەعد سادق 4" بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێكرد، هەروەها موشەکەکانی خەیبەر و فەتاح و خوڕەمشەهر 4ـی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد.
ئەمریكا لەگەڵ كۆریای باشور لە گفتوگۆدایە بۆئەوەی بەشێك لەو سیستمە بەرگرییەی لە كۆریا جێگیركراون بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگوازێتەوە.
چۆ هیون وەزیری دەرەوەی كۆریای باشور رایگەیاند، لەگەڵ ئەمریكا سەرقاڵی گفتوگۆن بە مەبەستی گواستنەوەی بەشێك لە سیستمی بەرگریی وڵاتەكەیان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی چۆسون دەیلی كۆریای باشور، سیستمی بەرگریی ئەو وڵاتە كە پاتریۆت و تادی ئەمریكییە و پێشتر لە واشنتۆنیان كڕیوە، لە وڵاتەكەیاندا جێگیریان كردووە.
هەربەپێی رۆژنامەكە و لێدوانەكانی پێشووی وەزیری دەرەوەی كۆریای باشور، چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ گواستنەوەی سیستمە بەرگرییەكەدا بەشێك لە كەرەستە و پێداویستی جەنگیی تریش بگوازرێنەوە، لەوانەش، فڕۆكەی سیخوڕی و چاودێریی.
پێشتریش لە هێرشەكەی مانگی شەشی ساڵی رابردووی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، ئەمریكا لە كۆی هەشت سیستمی بەرگیی پاتریۆت لە كۆریای باشور، سێ سیستمی گواستەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دواتر لە مانگی 10دا گەڕاندییەوە بۆ كۆریا.
لەیەکەم رۆژی جەنگی ئیسرائیل-ئەمریکا و ئێران تا ئێستا زیاتر لە هەزار هاووڵاتی مەدەنی لە ئێران کوژراون.
رێکخراوی مانگی سوری ئێرانی ئاشکرایکرد، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە، هەزار و 332 هاووڵاتی مەدەنی لە ئێران گیانیان لەدەستداوە و زیانی زۆریش بە سێ هەزار و 643 شوێنی مەدەنی گەیشتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، زیانەکان سێ هەزار و 90 شوێنی نیشتەجێبوون و 528 سەنتەری بازرگانی و 14 بنکەی تەندروستی دەگرێتەوە، هەروەها تاران زۆرترین هێرشی کراوەتەسەر و نۆ بنکەی تری مانگی سووریش خاپوور بوون.
وتەبێژی سوپای ئێران رایدەگەیەنێت؛ گەرووی هورمز لەژێر هەڕەشەدایە و ئەمریکا بەرپرسیارە.
وتەبێژی سوپای ئێران رایگەیاند: "ئێمە گەرووی هورمزمان دانەخستووە، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە، ئەو گەرووە ئێستا بۆ هاتوچۆی کەشتیوانی ناجێگیر و مەترسیدارە." ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران پەلکێشی جەنگێک کراوە کە ئارەزووی نەدەکرد، بەڵام ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک.
هاوکات ئاسایشی نێودەوڵەتی دەڵێت؛ ئەم لێدوانە وەک گوشارێکی راستەوخۆ دەبینرێت بۆ سەر بازاڕی وزەی جیهانی، چونکە گەرووی هورمز رێڕەوی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتی جیهانە.
ئەم لێدوانانەی سوپای ئێران، ئاماژەیە بۆ ئەوەی تاران دەیەوێت لە رێگەی کارتی "ئاسایشی وزە و گەرووی هورمز" گوشار بخاتە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل، لە کاتێکدا جەنگەکە گەیشتووەتە ناو جەرگەی پایتەختی هەردوو وڵات.
سوپای ئیسرائیل دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی هێرشەكانی بۆسەر ئێران راگەیاند و ئاماژەی بەوەكردووە، ژێرخانی رژێمی ئێرانیان كردووەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل راگەیەنراوێكی لەبارەی هێرشەكانی ئەم بەیانییەی سەر تاران بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، چوونەتە قۆناغی دووەمی هێرشەكان بۆسەر ئێران.
لە راگەیەنراوەكەدا سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە هێرشەكانی بەیانی ئەمڕۆ هەینیدا بۆسەر تاران، ژێرخانی ئێرانمان كردووەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشكردووە، شەپۆلی بەرفراوانی هێرشمان دەستپێكردووە و بەردەوام دەبین.
بەپێی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، هێرشەکەی 28ی شوبات بۆ سەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە شارۆچکەی میناب لە باشووری ئێران، بە خوێناویترین رووداوی کوژرانی مەدەنییەکان دادەنرێت لە سەرەتای دەستپێکی شەڕەکەوە.
هەرچەندە تا ئێستا هیچ لایەنێک تا ئێستا بەرپرسیارێتی خۆی رانەگەیاندوە لە روداوەکە، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 100 کچە خوێندکار گیانیان لەدەستدا، بەڵام رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە کۆمەڵێک بەڵگە، لەوانە وێنەی نوێی مانگە دەستکردەکان و ڤیدیۆ پشتڕاستکراوەکان دەریدەخەن، کە قوتابخانەکە بە هێرشێکی ورد پێکراوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، کردنە ئامانجی قوتابخانەکە لە کاتێكدا بووە، کە بنکەیەکی دەریایی سوپای پاسداران لە تەنیشت قوتابخانەکە لە هەمان کاتدا کراوەتە ئامانج.
رۆژنامەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە لێدوانە رەسمیییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هێرشکردنە سەر ئامانجە دەریاییەکان لە نزیک تەنگەی هورمز (کە بنکەکەی سوپای پاسدارانی لێیە)، گومانەکان بەهێزتر دەکەن، کە هێزەکانی ئەمریکا ئەنجامدەری هێرشەکە بووبن.
لە بەرانبەردا، کۆشکی سپی ئاماژەی بە لێدوانەکانی کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی رۆژنامەوانی کردووە، کە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو هێرشە رایگەیاندوە "ئاگاداری کارێکی وەها نین" و ئاماژەی بەوەش کردبوو، کە وەزارەتی جەنگ سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەو بابەتە.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، کە واشنتۆن بەهۆی کورتهێنان لە کۆگاکانی سیستەمی بەرگریدا، ناچار بووە لە ستراتیژیی بەرگری ناوچەکەدا گۆڕانکاری بکات و "بەرگری لە ئیسرائیل" بخاتە پێش هەموو کارە لە پێشینەکانی تری.
قالیباف لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاویکردوەتەوە، کە ئەمریکییەکان بەهۆی کەمیی یەدەگی بەرگرییەوە ئەم بڕیارەیان داوە و پێی وایە باجدەرانی ئەمریکی سەرسام دەبن کاتێک بزانن ستراتیژی "سەرەتا ئیسرائیل" لە ئەجێندای بەرگری وڵاتەکەدایە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هۆشدارییەکی توندی داوەتە واشنتۆن و دەڵێت؛ بەجێهێشتنی بەرژەوەندییەکان و سەربازانی ئەمریکا بەبێ بەرگری لە ناوچەکە، دەرئەنجامی خراپی دەبێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردوە، کە لێکەوتەکانی ئەم سیاسەتە تەنها لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قەتیس نامێنن، بەڵکو کاریگەرییەکی فراوانتری هەرێمی و نێودەوڵەتییان دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای فراوانبونی گرژییەکانی ناوچەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە کۆتایی مانگی شوباتەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 هەزار هاووڵاتیی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەڕاونەتەوە بۆ ئەمریکا
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم ئامارە تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە،کە گەیشتوونەتەوە ناوخۆی ئەمریکا و ئەو هاووڵاتییانە ناگرێتەوە کە چوونەتە وڵاتانی دیکە یان هێشتا لە رێگەی گەڕانەوەدان.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە لەسەر راسپاردەی مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پڕۆسەی گواستنەوەکە لە رێگەی گەشتی ئاسمانی تایبەت و گواستنەوەی وشکانییەوە چڕتر کراوەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کارئاسانیکردن بۆ هاووڵاتییەکانی فۆرمێکی تایبەت بە رەوشی نائاسایی بۆ هاووڵاتییانی لە پێنج وڵاتی ناوچەکە (کوێت، بەحرەین، ئیمارات، قەتەر و عەرەبستانی )کارا کردووە، تاوەکو راستەوخۆ زانیارییان پێبگات سەبارەت بە گەشتەکان و رێکارە ئەمنییەکان.
لە کۆتاییدا وەزارەتەکە جەختی کردوەتەوە، کە تیمەکانیان بە شێوەی 24 سەعاتی کاردەکەن و تا ئێستا هاوکارییان پێشکەش بە زیاتر لە 10 هەزار ئەمریکی لە دەرەوەی وڵات کردووە، کە پێدانی ڕرێنمایی ئەمنی و ئاسانکاری سەفەر لەخۆ دەگرێت.
د.لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و فایق زەیدان سەرۆکی دادگای فیدراڵی کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتی ئەمنی و سیاسیی سەر گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان کرد لەسەر دۆخی ناوخۆی عیراق.
دەقی راگەیەنراوەکە....
سەرۆکایەتییەکان لە کۆشکی بەغداد کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی
سەرۆکایەتییەکان ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوەبرد لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتی ئەمنی و سیاسیی سەر گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان کرد لەسەر دۆخی ناوخۆی عێراق.
ئامادەبووان باسیان لەو میکانیزمانە کرد کە حکومەت گرتویەتیە بەر بۆ ڕێگریکردن لە پەلکێشکردنی وڵات بۆ ناو گێژاوی ململانێ دەرەکییەکان، هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ ڕێوشوێنەکانی حکومەت بۆ ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی سەروەری وڵات و دەستەبەرکردنی سەلامەتی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان دووپاتکردەوە.
سەرۆکایەتییەکان جەختیشیانکردەوە لەسەر پێویستی پاراستنی ڕۆڵی سەرەکی و هاوسەنگی عێراق لە بەرەوپێشبردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا.
ئامادەبوان هەڵوێستی پتەوی عێراقیان دووپاتکردەوە لە دژی بەکارهێنانی خاکەکەی وەک شوێنێک بۆ هێرشکردنەسەر وڵاتانی دراوسێ یان هەڕەشەکردن بۆ ئاسایشی وڵاتەکانیان. هەروەها ئیدانەی ئەو هێرشانەیان کرد کە شار و پارێزگاکانی عێراقیان کردۆتە ئامانج بە هەرێمی کوردستانیشەوە و بە پێشێلکردنی سەروەری نیشتمانییان دایەقەڵەم.
لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر پێویستی وەستاندنی دەستبەجێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەکە و ڕێزگرتن لە سەروەری و سەربەخۆیی دەوڵەتان.
داواشیان لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد کە بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی ململانێکان بەرەو پەرەسەندن نەچن.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پەنابردن بۆ دانوستان و چارەسەری دیپلۆماسی باشترین ڕێگایە بۆ ئەوەی ناوچەکە لە کاردانەوەی جددی ململانێکان لەسەر هەردوو ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ڕزگار بکات.
سەبارەت بە ناوخۆ ئامادەبوانی کۆبونەوەکە باسیان لە گرنگی و پەلەکردن کرد بۆ تەواوکردنی مەرجە دەستوورییەکان و پتەوکردنی یەکێتی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەلومەرجی هەنووکەیی و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و باشترکردنی بارودۆخی ژیان و خزمەتگوزارییە گشتیەکان بۆ هاووڵاتیان و پێشخستنی پرۆسەی چاکسازی و گەشەپێدانی بەردەوام.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان جەختیانکردەوە لەسەر پێویستی پاڵپشتیکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بە ئامانجی دامەزراندنی یاسا و ڕێسا و لێپرسینەوە لەو کەسانەی دەنگۆ بڵاودەکەنەوە لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییە ڕاستەوخۆیەی لەسەر ئاشتی مەدەنی و ئاسایشی ناوخۆ دروستی دەکەن بەگوێرەی ڕێکارە یاسایی و دادوەرییەکان.
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگ لەسەر پڕۆژەبڕیارێک دەدات بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی زیاتر بۆ سەر ئێران.
پڕۆژەبڕیارەکە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو ململانێیە دەکات مەگەر ئەوەی کۆنگرێس رەزامەندی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە بدات. بەڵام هەوڵەکانی پێشوو شکستیان هێناوە و روون نییە کە سەرکەوتنی ئەم بڕیارە تا چەند گۆڕانکاری لە جەنگەکەدا دەکات.
دیموکراتەکان پێیان وایە کە ترەمپ کۆنگرێسی پەراوێز خستووە و پاساوی گۆڕاوی بۆ جەنگەکە هێناوەتەوە. لە بەرامبەردا، زۆربەی کۆمارییەکان دەڵێن رێگری لە بڕیارەکە دەکەن، بەڵام رەنگە هەڵوێستیان بگۆڕن ئەگەر جەنگەکە فراوانتر بێت.
ئەم دەنگدانە پێنج رۆژ دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە هێرشکردنە سەر ئێران کرد، و ئێرانیش لە بەرامبەردا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە کەنداو. لەو کاتەوە، بەشێک لە یاسادانەران لە دڵەڕاوکێدان و چاوەڕێن بزانن چ رۆڵێکیان دەبێت لەم هێرشانەی کە بەردەوامن.
لەم بارەیەوە، سیناتۆر تیم کەین، نوێنەری دیموکراتەکان لە ڤێرجینیا کە سپۆنسەری پڕۆژەیاساکەیە، رایگەیاند: "پێویستە هەموو سیناتۆرێک بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆی رابگەیەنێت کە ئایا لە بەرژەوەندیماندایە کوڕ و کچەکانمان بنێرینە ناو ململانێیەکەوە دژی ئێران". هەروەها وتی: "نزادەکەم هاوپیشەکانم دەنگ بدەن بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە مەترسیدار و بێپێویستە کە تا ئێستا بووەتە هۆی لەدەستدانی شەش سەرباز و برینداربوونی چەندانی دیکە".
مەسعود پزیشکیان لە پەیامێکدا بۆ سەرکردەی وڵاتانی دراوسێ رایدەگەیەنێت کە تاران هەوڵی دیپلۆماسیی داوە بۆ رێگریکردن لە جەنگ، بەڵام هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ناچاریان دەکات بەرگری لە خۆیان بکەن.
لە بڵاوکراوەیەکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، مەسعود پزیشکیان، پەیامێکی ئاراستەی پاشا و سەرۆکی وڵاتانی دۆست و دراوسێی ئێران کردووە و رایگەیاندووە کە پێشتر لەگەڵ ئەواندا و لەرێگەی دیپلۆماسییەوە هەوڵی تەواویان داوە بۆ ئەوەی جەنگ هەڵنەگیرسێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەم وڵاتەکەیدا نەهێشتووەتەوە جگە لە بەرگریکردن لە خۆیان.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک کۆماری ئێران دڵنیایی دەداتە وڵاتانی ناوچەکە کە رێز لە سەروەرییان دەگرن، و جەختیش دەکاتەوە کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت بە هەوڵی هاوبەشی هەموو وڵاتەکان پێکەوە بەدی بێت. ئەم لێدوانە نەرمەی پزیشکیان وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ هێورکردنەوەی وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە، تاوەکو دڵنیایان بکاتەوە کە ئێران نیازی هێرشکردنە سەریانی نییە و دەیەوێت بە هاوبەشی ئاسایشی ناوچەکە بپارێزن.