سێنتکۆم رایدەگەیەنێت: ئێران بە شێوەیەکی هەڕەمەکی موشەک ئاراستەی سەرانسەری ناوچەکە دەکات.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' رایگەیاند، ئێران بەردەوامە لە هەڵمەتە موشەکییەکانی و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و بێسەروبەر موشەک دەگرێتە ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم هێرشە موشەکییانە هیچ ئامانجێکی سەربازیی روون ناپێکن و تەنها دەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیری و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی لە وڵاتانی ناوچەکەدا.
هێزەکانی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە، ئەرکەکانیان بەردەوامن بۆ لەناوبردنی ئەم هەڕەشانە، هەروەها ئاماژەی بەوەکردوە: "ئیرادەی ئێمە بۆ رووبەڕووبوونەوە لە هەموو کاتێک بەهێزترە."
ئەم لێدوانەی سێنتکۆم لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکان لە نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و واشنتۆن جەخت لە پاراستنی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دەکاتەوە.
پیت هێگسێس رایدەگەیەنێت: ئامانجیان لەم جەنگەدا لەناوبردنی تەواوی تواناکانی ئێرانە و جەختیش دەکاتەوە کە رێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
پیت هێگسێس ، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاران لە رابردوودا مەبەستی دانوستان نەبووە، بەڵکو تەنیا کاتی کوشتووە بۆ ئەوەی پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات.
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، ئێران سەرقاڵی دروستکردنی موشەک و درۆنی بەهێز بووە تەنیا بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پەرەپێدانی چەکە ئەتۆمییەکانی بکات. لەبارەی قەبارەی هێرشەکانیشەوە، وەزیری جەنگ بە راشکاوی رایگەیاند، هێرشی زۆر کوشندەیان لە ناوخۆی ئێران داوە و بۆ هیچ یەکێک لەو هێرشانەش داوای لێبوردن ناکەن.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئامانجی سەرەکیی وڵاتەکەی لەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەدا روون کردەوە و ئەوەی خستەڕوو، بەشێکی زۆری هێزی دەریایی و توانای موشەکیی ئێرانیان لە ناوبردووە.
ئاشکراشیکرد، هێرشەكان بۆسەر ئێران بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسیی نەبووە و هیچ هێزێكمان لەسەر خاكی ئێران نییە .
سەرۆک وەزیرانی عیراق فەرمان بە هێزە ئەمنییەکان دەکات رێگری لە هەر کارێک بکەن کە ئاسایشی وڵات تێکبدات، و جەخت دەکاتەوە کە رێگە نادەن عیراق تێوەبگلێت لە ململانێکانی ناوچەکە.
محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ دووشەممە سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، سودانی فەرمانی دا بە دەزگا ئەمنییەکان کە رووبەڕووی هەر هەوڵێک ببنەوە کە بیەوێت ئاسایش و سەقامگیریی وڵات تێکبدات، و رێگە بە هیچ لایەنێک نەدرێت عیراق پەلکێشی ناو ئەو ململانێیانە بکات کە لە ناوچەکەدا دەگوزەرێن.
ئەنجومەنەکە جەختی کردەوە کە لەپاڵ پاراستنی مافی دەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتیانە، حکومەت بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات هێرش بکرێتە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان و دامەزراوە هەستیارەکان، و بڕیاری جەنگ و ئاشتی و جوڵەی سەربازیش تەنیا لە دەسەڵاتی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکانیدایە و رێگە نادەن خاکی عێراق بۆ هیچ ململانێیەکی دەرەکی بەکاربهێنرێت.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، مەترسییە ئابوورییەکانی بەردەوامی و فراوانبوونی جەنگەکە لە ناوچەکەدا تاوتوێ کرا. بۆ ئەم مەبەستەش، هەریەک لە وەزیری نەوت (کە هاوکات بە وەکالەت وەزیری کارەبایە) و وەزیری بازرگانی بانگهێشت کران و راپۆرتێکی گشتگیریان لەسەر دۆخی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی، وزە و ئاسایشی خۆراک خستەڕوو، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی ئەم جەنگە لەسەر عێراق.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشکرای کرد کە سێ فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی لە جۆری ئێف-15 بە هەڵە لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی کوەیتەوە خراونەتە خوارەوە، بەڵام سەرجەم فڕۆکەوانەکان سەلامەتن.
لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند کە کاتژمێر11:03ی شەوی 1ی ئازار (بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا)، سێ فڕۆکەی جەنگی لە جۆری (F-15E Strike Eagle) کە بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنەکان، لە ئاسمانی کوەیت بە هەڵە خراونەتە خوارەوە.
سێنتکۆم روونیکردووەتەوە کە لە کاتی پێکدادانی تونددا، کە هێرشی فڕۆکە، موشەکی بالیستی و درۆنەکانی ئێرانی تێدابووە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی کوەیت بە هەڵە ئەو سێ فڕۆکە ئەمریکییەی کردووەتە ئامانج.
راگەیەندراوەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە هەر شەش فڕۆکەوانەکە (تیمی فڕۆکەکان) بە سەلامەتی خۆیان هەڵداوەتە خوارەوە و رزگارکراون و دۆخی تەندروستییان جێگیرە.
هاوکات ئاماژەی بەوە کردووە کە کوەیت دانی بەم رووداوەدا ناوە و ئەمریکاش سوپاسی هەوڵەکانی هێزەکانی بەرگریی کوەیت دەکات لە پرۆسەی رزگارکردنەکە و پاڵپشتییەکانیان لەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەدا، و لە ئێستاشدا هۆکاری دروستبوونی ئەو هەڵەیە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. کەوتنەخوارەوەی ئەم سێ فڕۆکە پێشکەوتووەی ئەمریکا نیشانەی ئەوەیە کە ئاسمانی کەنداو بەهۆی چڕیی موشەک و فڕۆکەکانەوە دۆخێکی زۆر مەترسیداری تێدا دروست بووە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشدارییەکی توند دەداتە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رایدەگەیەنێت کە مەترسیی دزەکردنی تیشکی ئەتۆمی هەیە کە ببێتە هۆی چۆڵکردنی ناوچەی زۆر گەورە، هاوکات ئاشکرای دەکات کە پەیوەندییان لەگەڵ ئێران پچڕاوە.
لە وتارێکدا بۆ دانیشتنی تایبەتی ئەنجومەنی پارێزەرانی ئاژانسەکە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند کە بە وردی چاودێریی هێرشە سەربازییەکانی ئێران دەکەن بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئاماژەی بەوە کرد کە سەنتەری رووداو و فریاگوزاریی ئاژانسەکە (IEC) کارایە و تیمێکی تایبەت خەریکی هەڵسەنگاندنی دۆخەکەن. بەپێی وتەکانی، تا ئێستا هیچ بەرزبوونەوەیەک لە ئاستی تیشکدانەوە لە وڵاتانی دراوسێی ئێران تۆمار نەکراوە، و هیچ ئاماژەیەکیش نییە بۆ پێکرانی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران وەک بوشەهر و وێستگەی لێکۆڵینەوەی تاران.
بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، هەوڵەکان بۆ پەیوەندیکردن بە دەسەڵاتدارانی رێکخستنی ئەتۆمیی ئێرانەوە بێ وەڵام ماونەتەوە و پەیوەندییەکان پچڕاون، ئاژانسەکەش هیوادارە بە زووترین کات ئەو کەناڵە گرنگەی پەیوەندی دروست ببێتەوە.
بەڕێوەبەری ئاژانسەکە هۆشداریی دا کە جگە لە ئێران، چەندین وڵاتی تری ناوچەکە کە رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە وەک ئیمارات، ئەردەن، سوریا، بەحرەین، عێراق، کوەیت، عومان، قەتەر و سعودیە، خاوەنی وێستگەی ئەتۆمی یان بەرنامەی بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمین، ئەمەش هەڕەشەی سەر سەلامەتیی ئەتۆمی زیاتر دەکات و داوای دانبەخۆدادانی تەواوی لە پرۆسە سەربازییەکاندا کرد.
هاوکات ئاشکرای کرد کە بەشداریی لە دوایین گەڕی دانوستانەکانی جنێڤ کردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی، بەڵام بێئاکام بووە. لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە ناتوانن ئەگەری دزەکردنی تیشکی ئەتۆمی رەتبکەنەوە کە لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت و رەنگە پێویست بە چۆڵکردنی ناوچەیەک بکات کە هێندەی شارە گەورەکان یان گەورەتریش بێت، بەڵام ئاژانسەکە ئامادەیە بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاو.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عیراق بڕیاری دا بە درێژکردنەوەی داخستنی ئاسمانی وڵاتەکە بەڕووی سەرجەم گەشتەکاندا بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێری دیکە.
لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا کە بڵاوکراوەتەوە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عیراق ئاشکرای کرد کە بڕیاری داوە ئاسمانی عیراق بەڕووی سەرجەم فڕۆکە هاتوو، رۆیشتوو و تێپەڕبووەکاندا دابخات. داخستنەکە بۆ ماوەی 48 کاتژمێر دەبێت، کە لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئازاری 2026 دەست پێدەکات و تاوەکو 12:00ی نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت، ئەمەش وەک رێکارێکی کاتی و خۆپارێزی بۆ سەلامەتیی گەشتەکان.
دەسەڵاتەکە روونیکردووەتەوە کە ئەم بڕیارە بە پشتبەستنە بە هەڵسەنگاندنی بەردەوامی دۆخی ئەمنی و لە ژێر رۆشنایی پێشهاتەکان و گرژییەکانی ناوچەکە دراوە. هەروەها جەختی لەوەش کردووەتەوە کە بڕیارەکە دوای پێداچوونەوەیەکی گشتگیر دراوە و بەپێی گۆڕانکارییەکان دووبارە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێتەوە، و هێڵەکانی فڕۆکەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لە هەر نوێکارییەک ئاگادار دەکرێنەوە.
عەلی لاریجانی، بەرپرسی باڵای ئێرانی هێرشێکی توندی کردە سەر سەرۆکی ئەمریکا و رایگەیاند کە ترەمپ خیانەتی لە دروشمی "ئەمریکا لە پێشەوەیە" کردووە.
لە کاردانەوەیەکدا سەبارەت بە پێشهاتە خێراکانی ناوچەکە، عەلی لاریجانی رەخنەی توندی لە دۆناڵد ترەمپ گرت و رایگەیاند کە ناوبراو خیانەتی لە دروشمی "ئەمریکا لە پێشەوەیە" کردووە، تەنیا بۆ ئەوەی پەیڕەوی لە دروشمی "ئیسرائیل لە پێشەوەیە" بکات. لاریجانی ئاماژەی بەوە کرد کە خەیاڵپڵاوییەکانی ترەمپ تەواوی ناوچەکەی راکێشاوەتە ناو جەنگێکی ناپێویستەوە، و ئێستاش بە هەق نیگەرانە لە کەوتنەوەی قوربانیی زیاتر لە ریزەکانی ئەمریکادا. هەروەها وتیشی: "بەڕاستی زۆر جێگەی داخە کە ئەو سامانی نەتەوەیی و خوێنی ئەمریکییەکان دەکاتە قوربانی بۆ بەرەوپێشبردنی خواستە فراوانخوازییە نایاساییەکانی ناتانیاهۆ".
ئەم لێدوانە توندەی لاریجانی لە کاتێکدایە کە ترەمپ پێشتر پشتڕاستی کردەوە کە 3 سەربازی ئەمریکی لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێراندا کوژراون.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاشکرای کرد کە ئۆپەراسیۆنی هێرشکردنە سەر ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک دواخراوە بەهۆی هۆکاری کەشوهەوا و پێدانی دوایین دەرفەت بە رێککەوتنی دیپلۆماسی.
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی، واشنتۆن و تەلئەبیب پلانیان هەبوو هەفتەیەک پێشتر هێرش بکەنە سەر ئێران، بەڵام بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و پێویستیی هەماهەنگیی سەربازیی زیاترەوە، هێرشەکە دواخرا.
راپۆرتەکە دەڵێت ئەم دواخستنە کاتی زیاتری بە دۆناڵد ترەمپ دا بۆ ئەوەی بڕیار لە نێوان بژاردەی سەربازی و دیپلۆماسیدا بدات، و دوایین دەرفەت بە گفتوگۆکانی جنێڤ بدات. لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە ئامانجی سەرەکیی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و سەرکردە باڵاکانی تر بوون لە کاتی کۆبوونەوەی هەفتانەیاندا لە رۆژی شەممە.
بەرپرسێکی هەواڵگریی ئیسرائیلیش ئاماژەی بەوە کردووە کە یەکێک لە هۆکارەکانی دواخستنەکە بۆ ئەوە بووە کە هەستێکی وایان پێ بدەن کە هێرشەکە نزیک نییە، تاوەکو دڵنیایی بدەنە سەرکردەکان و خامنەیی نەچێتە ناو پەناگە و ژێرزەمینەکانەوە.
هاوتەریب لەگەڵ ئامادەکارییە سەربازییەکان، نێردراوەکانی ئەمریکا (جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف) لە جنێڤ پێشنیازێکی کۆتاییان خستە بەردەم تاران بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 10 ساڵ لە بەرامبەر پێدانی سووتەمەنیی ئەتۆمیی بێبەرامبەر بۆ مەبەستی مەدەنی. بەڵام دوای ئەوەی تاران پێشنیازەکەی رەتکردەوە، ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشە سەربازییەکە هەڵکرد کە لەو کاتەدا تەواوی هێزەکان لە ئامادەباشیی تەواودا بوون.
تاران جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە دوو دەیەی رابردوودا لێکۆڵینەوەی وردیان لە شکستەکانی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکەدا کردووە.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بۆ ماوەی دوو دەیەیە لێکۆڵینەوەیان لە شکستەکانی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای وڵاتەکەیان کردووە و وانەکانیان لە ستراتیژی سەربازی خۆیاندا بەکارهێناوە.
ئاماژەی بەوەکرد، بۆردومانکردنی تاران هیچ کاریگەرییەکی لەسەر توانای جەنگی ئێران نابێت، چونکە سیستمێکی بەرگری لامەرکەزییان هەیە کە رێگەیان پێ دەدات کات و شێوازی کۆتاییهاتنی جەنگەکان دیاری بکەن.
سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆکی ئیمارات و میری قەتەر، جەخت لەسەر بەکارهێنانی دیپلۆماسی و دیالۆگ دەکەنەوە بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕ.
سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆکی دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و میری دەوڵەتی قەتەر بە تەلەفون تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، لە میانی دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەر یەک لە شێخ محەمەد کوڕی زاید ئال نەهیان سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری دەوڵەتی قەتەر، ئەمڕۆ دوایین پێشهاتی ناوچەکە لە بەر ڕۆشنایی شەڕی بەردەوام و کاردانەوەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری وڵاتان تاوتوێ کرد.
لە هەردوو پەیوەندییەکەدا جەختکرایەوە، لەسەر پێویستی گرتنەبەری دیالۆگ و رێگەی دیپلۆماسی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و دانانی کاری لە پێشینە بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان و رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی جەنگ، بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری گەلانی ناوچەکە و بەرژەوەندییە باڵاکانیان بپارێزێت.
هەرسێ سەرکردە پابەندبوونیان بە پتەوکردنی هاریکاری و هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەرسێ وڵاتەکە دووپاتکردەوە، هەروەها فراوانکردنی ئاسۆی هاریکارییەکان بە شێوەیەک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ پەیوەندی قووڵی برایەتی نێوان هەرسێ وڵات و پاڵپشتی ئاشتی و سەقامگیری جیهانی دوپاتکردەوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، تەواوی هێزی سەربازییان بۆ شەڕی دژی ئێران بەگەڕ خستووە و هێرشەکان چڕتر دەبنەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر شاری تارانی پایتەختی ئێران چڕتر بکەنەوە.
ناتانیاهۆ وتیشی: هێزەکانیان ئێستا بە توندی لە دڵی تارانی دەدەن، و ئەم هێرشانە لە رۆژانی داهاتوودا چڕتر دەبن.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوەشکردەوە، سوپای وڵاتەکەی بە بەکارهێنانی "تەواوی تواناکانی" دەستیکردووە بە هەڵمەتێکی سەربازی بێوێنە، بە ئامانجی پاراستنی بوونی ئیسرائیل و داهاتووی وڵاتەکەی.
ناتانیاهۆ سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری ئەو ئیسرائیلییانە کرد کە لە ئەنجامی هێرشە موشەکییەکانی ئێراندا کوژراون، و ئاماژەی بەوەش دا کە ئیسرائیل بە "رۆژانی سەخت"دا تێپەڕ دەبێت.
ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە، خزمەتگوزاری فریاکەوتنی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە لە ئەنجامی هێرشێکی موشەکی بۆ سەر شارۆچکەی "بەیت شیمش"، نۆ کەس کوژراون.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: 48 فەرماندەی باڵای ئێران لە یەک هێرشدا کوژراون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە هێزەکانیان گورزێکی کوشندەیان لە سەرکردایەتی سەربازیی ئێران وەشاندووە.
ترەمپ ئاشکرایکرد، لە یەک هێرشی ورد دا، 48 فەرماندە و سەرکردەی باڵای ئێران کوژراون.
سەرۆکی ئەمریکا ئەم ئۆپەراسیۆنەی بە "سەرکەوتنێکی گەورە" بۆ ئاسایشی ناوچەکە و جیهان وەسف کرد.
هەرچەندە ترەمپ وردەکاری زیاتری دەربارەی شوێن و کاتی هێرشەکە نەخستە ڕوو، بەڵام جەختی لەوەکردەوە، سوپای ئەمریکا ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هەر کاردانەوەیەک و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی لە ناوچەکەدا
وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، تاران بۆ راگرتنی گرژییەکان هەنگاو دەنێت.
عەباس عراقچی بە هاوتا عومانییەکەی تاگەیاندووە، وڵاتەکەی دەستپێشخەرییە جدییەکان بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری قبوڵ دەکات.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عومان، رەوشی ناوچەکەی تاوتوێ کرد و جەختی لەسەر هەڵوێستی وڵاتەکەی کردەوە.
عراقچی لەو پەیوەندییەدا ریگەیاند، ئێران پێشوازی لە هەر هەوڵێکی "جدی و راستەقینە" دەکات کە ئامانجی راگرتنی گرژی و ئاڵۆزییەکان بێت لە ناوچەکەدا.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، تاران ئامادەیە بۆ کارکردن لەپێناو گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئارامی بۆ ناوچەکە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان.
سەرۆک کۆماری ئێران رایدەگەیەنێت: کوژرانی عەلی خامنەیی کارەساتێکی گەورەیە و ئەنجوومەنی کاتیی دەستی بەکارەکانی کردووە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە ئاراستەی گەلی وڵاتەکەی کرد، کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە دەستی ئیسرائیل و ئەمریکا بە "کارەساتێکی گەورە" وەسف کرد.
پزیشکیان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە ئەم روداوە بۆ ئێران قورسە، بەڵام رێبازی رێبەران بۆ دادپەروەری بەردەوام دەبێت و بە کۆچی ئەوان ئەم کاروانە ناوەستێت.
وتیشی: ئەمریکا و ئیسرائیل جگە لە سەرشۆڕی، هیچ دەستکەوتێکی تریان لەم کارەیاندا نابێت.
سەرۆک کۆماری ئێران ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی مادەی 111ـی دەستوری وڵات، لە ئەمڕۆوە "ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کاتیی" کارەکانی دەستپێکردووە بۆ ئەوەی بەردەوامی بە رێبازی رێبەری پێشوو بدات. هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران بە توندی وەڵامی هەر هێرشێک دەدەنەوە و بنکەکانی دوژمن تێکدەشکێنن.
سەرۆك كۆماری عیراق پەیامی سەرەخۆشیی ئاڕاستەی ئێران دەكات و جەخت لەوەدەكاتەوە كە هەڵوێستی عیراق نەگۆڕە و لەگەڵ راگرتنی شەڕ و زمانی گفتوگۆدایە.
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق، بەبۆنەی كوژرانی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران و چەند لێپرسراوێكی تری باڵای ئەو وڵاتە پەیامێكی هاوخەمیی ئاڕاستەی ئێران كردووە و رایگەیاندوە، عیراق لەم رەوشە سەختەدا لەگەڵ گەلی ئێراندایە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەم بارودۆخەی ناوچەكەی پێدا تێپەڕ دەبێت، جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی عیراق دەكەینەوە بۆ راگرتنی شەڕ و پێویستی بەكارهێنانی زمانی گفتوگۆ، بۆ ئەوەی رێگری لە هەڵكشانی قەیرانەكان بكرێت و رێگری بكرێت لە هەر گرژییەك كە ببێتە هۆی قوڵكردنەوەی قەیرانەكان و دروستكردنی مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری گەلانی ناوچەكە.
سەرۆك كۆمار راشیگەیاندووە، عیراق ساڵانێكی زۆرە بەدەست شەڕ و ململانێكانەوە دەناڵێنێت، بۆیە پێمان وایە چارەسەری دیپلۆماسی و سیاسی باشترین رێگەیە بۆ ئەوەی ناوچەكە لە كارەساتی زیاتر بپارێزین.
نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان پەیامێکی سەرەخۆشی ئاڕاستەی گهل و حكوومهت و سهركردايهتيى ئێران دهكات.
دەقی پەیامەکە
پرسه و سهرهخۆشيى قووڵمان ئاراستهى گهل و حكوومهت و سهركردايهتيى ئێران دهكهين بۆ شههيدبوونى خوالێخۆشبوو ئايهتوڵڵا عهلى خامهنهيى، ڕابهرى باڵاى كۆمارى ئيسلاميى ئێران و زاناى ديارى ئايينى، هاوسۆز و هاوبهشى خهميانين. له خواى مهزن داواكارين گيانى به بهزهيى و ميهرهبانيى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنهوايى به ههمووان ببهخشێت.
لهم كاته سهختهدا، جهخت لهسهر گرنگيى پاراستنى ئارامى و سهقامگيرى و چارهسهركردنى ئاشتیيانهى كێشهكان دهكهينهوه. بۆ ئهم مهبهسته داوا له كۆمهڵگهى نێودهوڵهتى دهكهين ئهركى خۆى له ڕاگرتنى شهڕ و پێكدادان و گێڕانەوەى سهقامگيرى بۆ ناوچهكه جێبهجێ بكات.
نێچيرڤان بارزانى
سهرۆكى ههرێمى كوردستان
2026/3/1