دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دایە ئێران لەبارەی چاندنی مینەوە، دواتر رایگەیاند 10 کەشتی ئەو وڵاتەیان لەکاتی چاندنی میندا تێکشکاندووە
سەرۆکی ئەمریکا، لەبارەی دەنگۆی چاندنی مین لە گەروی هورمزدا لەلایەن ئێرانەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و هۆشداریشی دایە ئێران لە ئەگەری ئەنجامدانی ئەو کارە.
لە سەرەتادا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی پەڕەی تایبەتیی خۆی لە تروس سۆشیاڵ ئاماژەی بەوەدا، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە ئێران لە گەروی هورمز سەرقاڵی چاندنی مینە.
ئەوشی روونکردەوە، ئەگەر بەڕاستی ئێران مینی لە گەروەکەدا چاندبێت، ئەوا ئەمریکا دەخوازێت بە زووترین کات ئەو مینانە لاببرێن، ئەگەرنا لێکەوتەی سەربازیی قورستر لەسەر ئەو وڵاتە دروستدەبێت.
لەلایەکی تریشەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا سێنتکۆم رایگەیاند، لەماوەی چەند سەعاتی رابردوودا توانیویانە 16 کەشتیی ئێران کە سەرقاڵی چاندنین مین بوون، لەلایەن هێزەکانیانەوە بەتەواویی تێکشکێنراون.
راوێژكارانی سەرۆكی ئەمریكا بە نهێنی كار بۆئەوە دەكەن ترەمپ رازی بكەن لە شەڕی ئێران بكشێتەوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی ئاشكرایكردووە، راوێژكارانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە نهێنی لە هەوڵی ئەوەدان ترەمپ رازی بكەن لە شەڕی ئێران بكشێتەوە و داوا دەكەن، سەرۆكی ئەمریكا روونی بكاتەوە كە سوپای وڵاتەكەی بەشێكی زۆر لە ئامانجەكانی لە ئێران بەدەستهێناوە.
ئەو راوێژكارانە دەیانەوێت ترەمپ هان بدەن رایبگەیەنێت كە بەرنامە موشەكییەكەی ئێرانیان شكستپێهێناوە و كەشتییەكانی ئەو وڵاتەشیان لەناوبردووە، توانای ئێرانیشیان بۆ پشتیوانیكردنی گروپەكانی ناوچەكە پەكخستووە و رێگریشیان كردووە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.
سوپای پاسدارانی ئێران وەڵامی ترەمپ دەداتەوە و دەڵێت، تا هێرشەكان رانەگیرێن رێگە بە گواستنەوەی نەوت نادەن لە گەروی هورمز.
عەلی محەمەد ناینی وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئامادەن بۆ روبەڕوبونەوەی كەشتیگەلی ئەمریكی لە گەروی هورمز، جەختیشیكردەوە، تاران رێگە بە هەناردەكردنی یەك لیتر نەوت نادات لە رێی گەروی هورمزەوە ئەگەر هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل دژی ئێران بەردەوام بن.
لەبارەی لێدوانەكانی ترەمپیشەوە كە وتبوی جەنگی ئێران لە كۆتایی نزیك دەبێتەوە بەڵام لەم هەفتەیەدا نا، وتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند، ئێران وادەی كۆتاییهاتنی جەنگ دیاری دەكات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و ڤلادمیر پوتن سەرۆكی روسیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا رەوشی ئێران و ئۆكرانیان تاوتوێكرد.
یوری ئوشاكوڤ یاریدەدەری سەرۆكی روسیا رایگەیاند، ترەمپ پەیوەندی بە پوتنەوە كردووە بۆ تاوتوێكردنی چەندین بابەتی گرنگ و پەیوەست بە پێشهاتەكانی ئێستا و رەوشی جیهان بە گشتی.
وتیشی، پەیوەندییەكە نزیكەی سەعاتێكی خایاندووە و باس لە شەڕی ئێستای ئێران و دانوستانەكان لەبارەی ئۆكراین بە بەشداری نوێنەرانی ئەمریكا كراوە.
بەپێی زانیاریی میدیاكانی روسیاش، لەو پەیوەندییەدا ترەمپ هەڵسەنگاندنی خۆی لەبارەی هەڵمەتەكانی ئێستای ئەمریكا و ئیسرائیل خستووەتەڕوو، بیروڕاش سەبارەت بە رەوشی ئێران ئاڵوگۆڕ كراوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵی دابەشکردنی ئێران دەدەن، سووریشن لەسەر پاراستنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیاندا.
ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سوورین لەسەر پاراستنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیاندا و هێرشیشیان نەکردووەتەسەر تورکیا و ئازەربایجان و قوبرس.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمریكا و ئیسرائیل هەوڵی دابەشكردنی ئێران دەدەن، لە هێرشەكانیشاندا جیاوازیی لەنێوان مەدەنی و سەربازییەكان ناكەن، تەنانەت ئەمریكا دەیەوێت پاساو بۆ هێرشەكانی بهێنێتەوە.
بەقائی ئەوەشی روونکردەوە، كاتێك لە وڵاتانی ناوچەكەوە هێرشیان دەكرێتەسەر پێویستە بەرگری بكەن و بەرگریكردنیش لە خۆیان، هێرشكردن نییە بۆ سەر هیچ دەوڵەتێك.
لە سەرەتای دەستپێكی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، تا ئێستا 10 كەشتی لە گەرووی هورمز یان كراونەتە ئامانج.
ئاژانسی ئاسایشیی دەریایی بەریتانیا بڵاویكردووەتەوە، لە دەستپێكی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلەوە بۆسەر ئێران، تا ئێستا 10 كەشتی لە گەرووەكەدا كراونەتە ئامانج.
رێكخراوی دەریایی نێودەوڵەتیش رایگەیاندووە، تەنها لە هەفتەی یەكەمی شەڕدا نۆ كەشتی لە گەرووەكەدا بە ئامانجگیراون، كە لە چوار هێرشیاندا حەوت كەس گیانیان لەدەستداوە.
كۆمپانیای شیكاریی كەیپلێر كە سەكۆی مارین ترافیك بەڕێوەدەبات رایگەیاندووە، ئێران ئامانجی لە داخستنی گەرووەكە كەشتییەكان نییە، بەڵكو پەكخستنی بازرگانی و ئابوریی جیهانە.
گەرووی هورمز بە رێڕەوێكی گرنگی بازرگانی لە جیهاندا دادەنرێت، بەتایبەتیش نەوت و غاز، كە گەرووەكە رێڕەوی سەرەكی تێپەڕبوونی نەوتی عیراق و وڵاتانی كەنداوە بەرەو جیهان و 20٪ی نەوتی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت.
لە بەرزبوونەوەیەكی مێژووییدا و بەهۆی بەردەوامی ئاڵۆزییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەمارۆی سەر گەرووی هورمز، نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت 115 دۆلاری تێپەڕاند، ترەمپیش دەڵێت، بەرزبوونەوەی نرخەكە كاتییە.
بەیانی ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت بەڕێژەی 30% بەرزبوونەوەی تۆماركرد و گەیشتە سەروو 115 دۆلار، ئەو بەرزبوونەوەیە لە نرخی نەوت نیگەرانی سەركردەكانی جیهانی لێكەوتووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، بەرزبوونەوەكە كاتییە و هەر كاتێك هەڕەشەی ئەتۆمی ئێران لەناوبرا نرخەكەی دادەبەزێت.
وتیشی، ئەوە باجێكە كە دەبێت لەپێناو ئاسایش و سەلامەتی ئەمریكا و جیهان بدرێت.
ئەو بەرزبوونەوەیە دوای ئەوە هات كە داخستنی گەرووی هورمز زۆرێك لە وڵاتانی ناچار كرد ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت كەمبكەنەوە.
بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش رایگەیاند، هەر زیادبوونێك بەڕێژەی 10% لە نرخی نەوتدا، 40 خاڵ بۆ سەر هەڵاوسانی جیهانی زیاد دەكات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە دیاریكردنی موجتەبا خامنەیی وەك رابەری نوێی ئێران دڵخۆش نیە و لاریجانیش دەڵێت رابەری نوێ دەتوانێت وڵات بەرێوەبەرێت .
لە یەكەم لێدوانیدا لە دوای دیاریكردنی موجتەبا خامنەیی وەك رابەری نوێی ئێران ، ترەمپ بە كەناڵی فۆكس نیوزی راگەیاندوە ، دڵخۆش نییە بە دیاریكردنی موجتەبا خامنەیی ، بەڵام هیچ لێدوانێكی تری لەوبارەیەوە نەداوە .
هاوكات عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاندووە ، سەرباری ئەو هەرەشانەی ئاراستەی دەكرا ، ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران توانی رابەری نوێ دیاریبكات و دوپاتیشیكردوەتەوە كە موجتەبا خامنەیی توانای بەرێوەبردنی وڵاتی هەیە لەم رەوشە هەستیارەی پێیدا تێدەپەریت، داواشی كردوە هەموان پێكەوە بە یەكریز لە پشت رابەری نوێ بوەستن و پاڵپشتی بكەن .
رۆژی یەكشەممە ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران كە لە 88 ئەندام پێكدێن، هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەك رابەری نوێی وڵاتـەكە راگەیاند، ئەوەش لە دوای ئەوەی لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا بۆ سەر ئێران لە رۆژی 28 ی شوبات، عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران كوژرا .
وەزیری دەرەوەی ئێڕان داواكارییەكانی بۆ ئاگربەست لە ناوچەكە رەتكردەوە و جەختی لەسەر پێویستیی گەیشتن بە رێككەوتنێكی هەمیشەیی بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێكان كردەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئێن بی سی ئەمریكی رایگەیاند، وڵاتەكەی داواكارییەكان بۆ ئاگربەست لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەتدەكاتەوە و بەردەوام دەبن لە شەڕكردن لە پێناو پاراستنی گەل و ئاسایشی وڵاتەكەیان.
ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئەمریكا و ئیسرائیل خەڵكی بێتاوان دەكوژن و هێرش دەكەنە سەر نەخۆشخانە و خوێندنگەكان، بۆیە هەر جۆرە ئاگربەستێكی كاتی لای ئەوان قبوڵكراو نییە.
وتیشی: پێویستە رێككەوتنێكی هەمیشەیی بكرێت كە بتوانێت ئاسایشی ناوچەكە بۆ ماوەیەكی درێژخایەن بپارێزێت.
رێکخراوی سی پی تی: تائێستا 296 هێرشکراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و زۆرترین هێرشیش کراوەتە سەر هەولێر و سلێمانی.
رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، نوێترین راپۆرتی خۆی لەبارەی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی ئەم دواییە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، تائێستا 196 جار هێرشکراوەتە سەر شار و شارۆچکە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، شاری هەولێر 162 جار، سلێمانی 26 جار، دهۆک پێنج جار و هەڵەبجەش سێ جار هێرشیان کراوەتەسەر و لەو هێرشانەشدا، 43 هێرشیان بۆسەر بارەگای حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بوون و 58ـی دیکەشیان بۆسەر کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بووە.
رێکخراوەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، بەهۆی هێرشەکانەوە تائێستا جوار کەس گیانیان لەدەستداوە و 19 کەسی دیکەش برینداربوون و لەو ژمارەیەش، 15 قوربانییان لە هەولێر بوون و حەوتی دیکەیان لە سلێمانی و کەسێکیش لە دهۆک.
سێنتکۆم راگەیەنراوێکی لەبارەی شوێنی هێرشە موشەکیی و درۆنییەکانی ئێرانەوە بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بە بەکارهێنانی هاووڵاتیانی مەدەنی وەک قەڵغانێک دەکات.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم" لەبارەی شوێنی هێرشە موشەکیی و درۆنییەکانی ئێرانەوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئێران بەمەبەست موشەک و درۆنەکانی لەو ناوچانەوە هەڵدەدات کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی مەدەنین.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بەکارهێنانی ئەو شوێنانەی زۆرینەی مەدەنین بە مەبەستە و ئێران گوێ بە سەلامەتیی هاووڵاتیانی مەدەنیی وڵاتەکەی نادات، سەرەڕای ئەوش، هێرشەکانیشی بۆسەر وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی هەڕەمەکین و هاووڵاتیانی بێتاواان بە ئامانج دەگرێت.
سێنتکۆم لە راگەیەنراوەکەیدا داواش لە هاووڵاتیانی ئێران دەکات، پێویستە لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە، چونکە ئەگەری هەیە لە کاتی بە ئامانجگرتنی پێگە و بنکە سەربازییەکانی ئێران، زیان بەر هاووڵاتیانی مەدەنیش بکەوێت.
بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە، وەک رێکارێک بۆ پاراستنی فڕۆکە مەدەنییەکان، وەزارەتی گواستنەوەی عیراق دەستیکردوە بە شاردنەوەی فڕۆکەکان لە شوێنی پارێزراودا.
لە کاتێکدا ئاسمانی ناوچەکە و عیراق بووەتە مەیدانی تەراتێنی موشەک و درۆنەکان، گەشتە ئاسمانییەکان بە تەواوەەتی راگیراون، وەزارەتی گواستنەوەی عیراق بڕیاریداوە، فڕۆکە مەدەنییەکانی بباتە شوێنی پارێزراو.
مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری نوسینگەی راگەیاندنی وەزارەتەکە ئاشکرای کردوە، کە ئامانجی ئەم هەنگاوە پاراستنی ئاسایشی گەشتیارییە لە کاتێکدا لە ناوچەکەدا شەڕ بەردەوامی هەیە.
ناوبراو جەختیشیکردەوە، کە دابەشکردنی فڕۆکەکان لە شوێنی پارێزراودا بۆ ئەوەیە، کە لە لایەک لە مەترسیی موشەکەکان دوور بن و لە لایەکی تریش ئامادەیی تەواویان هەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان، ئەگەر رەوشەکە گونجا و مەترسییەکان رەوینەوە.
شەوی رابردوو چەند شارێكی هەرێمی كوردستان و عیراق كرانە ئامانج و دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە زۆربەی ناوچەكان بیسترا.
لە درێژەی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە و لە چوارچێوەی هێرشە موشەكی و دۆرنییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا و ئیسرائیل، شەوی رابردوو لە هەولێر بە درۆن هێرشكرایە سەر هۆتێلی ئەرجان رۆتانا هیچ زیانێكی ماددی لێنەكەوتەوە، لە سلێمانیش بنكەی هێزەكانی ئەمریكا لە ناو فەرماندەیی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە كرایە ئامانج و تەنها زیان بەر كۆگایەك كەوتووە لەناو فەرماندەیی.
هەر لە درێژەی هێرشەكاندا، لە بەغداد هێرشكرایە سەر بنكەی ئاسمانی ڤیكتۆریا لەناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد و لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە بەرپەرچی هێرشەكان درایەوە، بەپێی سەرچاوەكانیش بە درۆن هێرشكراوەتە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە، لە باشوری شاری موسڵیش دەنگی تەقینەوەی گەورە بیستراوە.
هەر شەوی رابردوو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد لە پەیامێكدا رایگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە میلیشیاكانی نزیك لە ئێَران هێرش بكەنە سەر ئەو هۆتێلانەی ئەمریكی و بیانییان تێدایە، بۆئەو مەبەستەش داوا هاووڵاتیانی ئەمریكی كرد عیراق بە جێبهێڵن یان خۆیان بپارێزن، داواشی لە هاووڵاتیانی كرد بە رێگەی وشكانی خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئوردن و كوەیت و سعودیە و توركیا و عیراق بەجێبهێڵن.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا جەختی لەسەر گۆڕینی ستراتیژی وڵاتەکەی بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ کردەوە و رایگەیاند کە پێویستە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا کار بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی بکرێت.
پزیشکیان رایگەیاند، ئەوان سوپاسگوزاری گەلەکەیانن و پێویستە ناکۆکیەکانیان وەلانێین و بە توندی بەرگری لە وڵاتەکەیان بکەن.
سەرۆک کۆماری ئێران جەختیشیکردەوە، دوژمن دەبێ بزانێ کە خەونەکانی بۆ تەسلیم بوونی ئێمە نایەتە دی.
ناوبارو ئاماژەی بەوەکرد، کە دوابەدوای کۆبوونەوەی "ئەنجومەنی کاتیی رێبەری"، بڕیارێکی نوێ دراوە و بە هێزە چەکدارەکانی ئێران راگەیەندراوە، کە لەمەودوا نابێت هیچ هێرشێک یان موشەکبارانێک دژی وڵاتانی دراوسێ ئەنجام بدەن، مەگەر لە حاڵەتی بەرگری لە خود و لە کاتی هێرشکردنە سەر ئێراندا بێت.
سەرۆک کۆماری ئێران دووپاتی کردەوە، کە ئارەزوو دەکەن کێشەکان لە ڕرێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکەن و کۆتایی بە گرژی و ململانێکان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەریان بهێنن.
تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، هێزی دەریایی ئەمریکا سێیەمین گروپی هێرشبەری کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئێران ئامادە کردووە و بڕیارە بەم زووانە رەوانەی ناوچەکەیان بکات.
بەپێی زانیارییەکانی ئەم کەناڵە، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جۆرج دەبڵیو بوش" رۆژی پێنجشەممە سەرجەم مەشق و راهێنانە سەربازییە پێویستەکانی پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسەرکەوتوویی کۆتایی پێهێناوە و ئێستا لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ جوڵەکردن بەرەو دەریای ناوەڕاست.
هاوکات لەگەڵ ئەم ئامادەکارییانە، کەشتیی گەورەی فڕۆکەهەڵگری "جیراڵد ئاڕ فۆرد"یش دوای تێپەڕبوونی بە کەناڵی سوێسدا، رۆژی پێنجشەممە گەیشتووەتە ناو ئاوەکانی دەریای سوور، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو بەڵێنەی پێشتر کاربەدەستانی ئەمریکا دابوویان بۆ رەوانەکردنی هێزی زیاتر و پتەوکردنی پێگەی سەربازیی خۆیان لە ناوچەکەدا بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تاران.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت؛ ئامانجیانە هەموو سکۆ موشەکییەکانی ئێران تێکبشکێنن و لە ئێستاشدا هیچ نیازێکیان بۆ گفتوگۆ نییە.
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا عەرەب و ئەوروپییەکانی، ستراتیژیی نوێی وڵاتەکەی سەبارەت بە جەنگی ئێران ئاشکرا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکان تا تێکشکاندنی تەواوی تواناکانی تاران بەردەوام دەبن.
روبیۆ رایگەیاند، ئامانجیانە هەموو ئەو شوێنانە تێکبشکێنن کە موشەکی لێوە ئاراستە دەکرێت، هەروەها کۆگا ستراتیژییەکان و کارگەکانی بەرهەمهێنانی چەک و درۆن لەناوبەرن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری داوە کە رەنگە ئەم جەنگە "چەند هەفتەیەکی تر" بەردەوام بێت تا گەیشتن بە ئامانجەکان.
رووبیۆ تیشکی خستووەتەسەر داهاتووی سیاسیی ئێران و ئاماژەی بەوە کردووە،بە رەسمی ئەمریکا داوای "گۆڕینی رژێم" ناکات، بەڵام دەیەوێت "سەرکردایەتییەکی جیاواز" لە داهاتوودا حوکمی ئێران بکات.
ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا هیچ نیازێک بۆ گفتوگۆ لەگەڵ تاراندا نییە، چونکە بە هەر جۆرە دانوستانێک لەم قۆناغەدا، زیان بە ئامانجە سەربازییەکانمان دەگەیەنێت."