توێژینەوەیەکی نوێ هۆشداری دەداتە دایکان و باوکان کە رێگە نەدەن منداڵەکانیان پێش تەمەنی هەرزەکاری مۆبایلی زیرەک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن، چونکە مەترسیی گەورەی بۆ سەر تەندروستیی دەروونییان دەبێت.
بەپێی توێژینەوەیەک، کە لە گۆڤاری "گەشەپێدانی مرۆیی و توانا مرۆییەکان" (Journal of the Human Development and Capabilities) بڵاوکراوەتەوە، بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک لەلایەن منداڵانی خوار تەمەن 13 ساڵەوە، دەتوانێت زیانێکی گەورە بە تەندروستیی دەروونییان بگەیەنێت.
توێژینەوەکە، کە لەلایەن رێکخراوی "سەیپیەن لابز" (Sapien Labs) ئەنجامدراوە و پشتی بە داتای نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە 163 وڵات بەستووە، دەریخستووە کە بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک لەو تەمەنەدا پەیوەستە بە زیادبوونی بیری خۆکوشتن، نائارامیی سۆزداری، کەمبوونەوەی بڕوابەخۆبوون و دابڕان لە واقیع، بەتایبەتی لەنێو کچاندا.
هەروەها دەرکەوتووە هەرچەندە منداڵ لە تەمەنێکی کەمتردا ببێتە خاوەنی مۆبایلی زیرەک، ئەگەری تێکچوونی باری دەروونی زیاتر دەبێت. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم منداڵانە زیاتر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن، تووشی تێکچوونی خەو و گێچەڵی ئەلیکترۆنی دەبنەوە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ خێزانەکانیاندا لاواز دەبێت.
تارا تیاگاراجان، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند: "ئەم دەرەنجامانە پێویستییان بە گرتنەبەری رێکاری بەپەلە هەیە بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی منداڵانی خوار 13 ساڵ بە مۆبایلی زیرەک، هەروەها دانانی رێسای وردتر بۆ ئەو ژینگە دیجیتاڵییەی گەنجان تێیدا دەژین."
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە پێدانی مۆبایلی زیرەک بە منداڵ پێش تەمەنی 13 ساڵی بیرۆکەیەکی خراپە و ئامۆژگاری دایکان و باوکان دەکات کە رێگە بە منداڵەکانیان نەدەن تا تەمەنی 16 ساڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن.
جۆناسان هایت، دەرونناسێکی کۆمەڵایەتی بەناوبانگ، لە کتێبە پڕفرۆشەکەیدا "نەوەی دڵەڕاوکێ" (The Anxious Generation) پێشنیازی کردبوو کە پێویستە تا تەمەنی 16 ساڵی چاوەڕێ بکرێت ئینجا رێگە بە منداڵان بدرێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن.
سەرەڕای ئەم هۆشداریانە، زۆرێک لە دایکان و باوکان دەترسن منداڵەکانیان لە رووی کۆمەڵایەتییەوە داببڕێن ئەگەر لەو تۆڕانەدا بوونیان نەبێت. بۆیە شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە دایکان و باوکان بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ کاربکەن بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەم دیاردەیە.
هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر، ئەو نەخۆشییەی بە بکوژە بێدەنگەکە دەناسرێت، دووەم هۆکاری گیانلەدەستدانە لە جیهاندا.
رۆژی 28ی تەمموزی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانیی هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر دانراوە، وەک رۆژێک بۆ زیادکردنی هۆشیاری لەسەر نەخۆشییەکە، کە تیایدا لە سەرانسەری جیهانەوە هەڵمەتەکانی هۆشیاری و بڵاوکردنەوەی زانیاری و توێژینەوەی نوێ بەڕێوەدەچن.
هۆکاری دیاریکردنی رۆژەکە دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی لەدایکبوونی د. باری بلومبێرگی زانای ئەمریکی، کە ئەو بوو لە ساڵی 1952دا هەوکردنی ڤایرۆسی جۆری B دۆزیەوە و دواتریش پێکوتەی بۆ دانا.
جگەر یەکێکە لە ئەندامە سەرەکییەکانی جەستە، کە کێشی بە گشتی لەنێوان 1.2 بۆ 1.6 کیلۆگرامدایە، لەش لە زۆرینەی ژەهرە مەترسیدارەکان رزگار دەکات و بەرپرسە لە دەردانی چەندین ئەنزیم، جگە لە کۆکردنەوەی شەکر و چەوری و پرۆتینەکان بۆ بەکارهێنانەوەیان لەکاتی پێویستدا.
چەند ڤایرۆسێک دەبنە هۆکاری هەوکردن لە جگەردا و پێنج جۆر لە هەوکردنی جگەر هەیە کە A, B, C, D, E و هەریەکەیان دەبێتە هۆکاری دەرکەوتنی چەند نیشانەیەک و شێوەی گواستنەوەی نەخۆشییەکە و توندییەکەیان جیاوازە، بەڵام ئەوەی کوشندەیە هەوکردنی جگەرە لە جۆریB و C، کە دەبنە هۆی نەخۆشیی درێژخایەن "سیرۆسیسی جگەر" و شێرپەنجە.
لە رێگای کوتانەوە دەتوانرێت رێگە لە هەندێک لە جۆری هەوکردنەکانی جگەر بگیرێت.
جۆرەکانی هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر:
جۆری A
لە رێگای ئاو و خواردنی پیس، هەروەها بەرکەوتن بە پیسایی و پاشەڕۆی کەسی توشبوو دەگوازرێتەوە، توشبوون بەم جۆرەی هەوکردنی جگەر کاتییە و بە وەرگرتنی چارەسەری پێویست نەخۆشەکە چاک دەبێتەوە، لە منداڵاندا زیاتر باوە.
جۆری B
جۆرێکی مەترسیدارە و هەندێک جار نیشانەکانی بەشێوەی کتوپڕ دەردەکەون، بە بەرکەوتن بە شلەی جەستەی کەسی توشبوو دەگوازرێتەوە وەک "خوێن، لیک، دەردراوەکانی جەستە".
ئەم جۆرەی هەوکردن پێکوتەی تایبەت بە خۆی هەیە و لەرێگەی پێکوتەکەوە رێگری لە توشبوونی دەکرێت.
جۆری C
بەهەمان شێوە جۆرێکی مەترسیداری هەوکردنی جگەرە، بە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە دەکرێت چارەسەر بکرێت ئەگەر نیشانەکانیشی قورس بن، بەڵام لە ئەگەری بەردەوام پشتگوێخستن و وەرنەگرتنی چارەسەردا دەکرێت ببێتە هۆی توشبوون بە شێرپەنجە.
بەهەمان شێوە بە بەرکەوتن بە شلەی جەستەی کەسی توشبوو ڤایرۆسەکە دەگوازرێتەوە و لە نیشانە دیارەکانی "زەردویی، تا، شەکەتی و رشانەوە و ئازاری ناوسک، نەمانی ئارەزووی خواردن و گۆڕانی رەنگی میز".
جۆری D
بەبێ توشبوون بە هەوکردنی جگەر لە جۆری "بی" کەسەکە توشی نابێت، ئاستی مەترسییەکەشی لە هەمان ئاستی جۆری "بی"دایە و بە هەمان رێگاکانی ئەویش دەگوازرێتەوە.
جۆری E
لە رێگای ئاو و خۆراکی پیسەوە دەگوازرێتەوە و بە گشتی لەو وڵاتە کەمدەرامەتەکاندا باوە، هاوشێوەی هەوکردنی جگەرە لە جۆری "ئەی".
دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە
دیاریکردنی نەخۆشییەکە لە رێگەی پشکنینی خوێنەوە دەبێت، بەڵام هۆشیاری بەرانبەر نیشانەکان هاوکاری سەرەکییە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە.
لەدوای ئەوەشی پزیشکی پسپۆڕ بە تەواوی نەخۆشییەکە و جۆرەکەی دەستنیشانکرد، پزیشک دیاری دەکات چ چارەسەرێک بدات بە نەخۆشەکان.
خۆپاراستن
باشترین رێگەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە، وەرگرتنی پێکوتەیە لەکاتی خۆیدا.
هەروەها پاکوخاوێنی جەستە و خۆراک و ئاو، دەبێت دڵنیابیتەوە لەوەی چ خۆراکێک و لەکوێ دەیخۆیت، هەروەها دڵنیابیتەوە لە پاکی ئەو سەرچاوەی ئاوەی بەکاریدەهێنیت بۆ خواردنەوە.
پێویستە بەر لە بەکارهێنانیان سەوزە و میوە بە جوانی بشۆردرێنەوە.
هەروەها پێویستە هەرگیز دەرزی و سرنج،فڵچەی ددان و گوێزانی کەسانی دیکە بۆ هیچ مەبەستێک بەکارنەهێنرێت.
هاتوچۆی سلێمانی هۆشدارییەکی تایبەت بەو شۆفێرانە بڵاوکردووەتەوە کە بەردەوام بە تیژڕەوی شۆفێری دەکەن و چەند راستییەکی زانستی لەو بارەیەوە خستووەتە روو.
هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاندووە، ئەگەر شۆفێری لە خێرایی 30 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا بکەیت، ئەوا نزیکەی 9 مەتر دەبڕی لەیەک چرکەدا، هەروەها ئەگەر خێراییەکەت بەرزبکەیتەوە بۆ 100 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، ئەوا 28 مەتر دەبڕیت لەیەک چرکەدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر بە خێرایی 70 کیلۆمەتر شۆفێری بکەیت لە سەعاتێکدا، ئەوا مەترسییەکەی بەراورد بە 65 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا چوار هێندەیە، ئەگەرچی نێوانی ئەو دوو ژمارەیەش هێندە زۆر نییە، بەڵام مەترسییەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
هاتوچۆی سلێمانی ئەوەشی خستووەتە روو، ئەگەر لە خێرایی 100 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا توشی روداوی هاتوچۆ ببیت بەبێ پشتێنی سەلامەتی و لە جامی ئۆتۆمبێلەکەتەوە بپەڕیت، ئەوا وەک ئەوە وایە لە باڵيخانەیەکی 13 بۆ 14 نهۆمییەوە بکەویتە خوارەوە، کە گریمانەی گیانلەدەستدان لەو جۆرە روداوانەدا دڵنیاییە.
هاتوچۆی سلێمانی لە کۆتاییدا دەشڵێت، دوو رێگا هەیە بۆ شۆفێریکردن، لەکاتی شۆفێریدا دوو رێگە هەیە یان رێگای نایاسایی و نەپارێزراو، یان رێگای یاسایی و پارێزراو، لەدەست شۆفێراندایە کامیان هەڵبژێرن.
زانایانی زانکۆی هارڤارد لە نوێترین توێژینەوەدا باسیان لە هۆکارێکی تایبەت بە دایکانەوە کردووە لە دیاریکردنی رەگەزی کۆرپەلەدا و ئاماژە بەوە دەکەن، زیادبوونی تەمەنی دایکان پەیوەندی هەیە بە دیاریکدنی رەگەزی کۆرپەلەوە.
ئەگەرچی لە رابردوودا دیاریکردنی رەگەزی کۆرپەلە رێژەیەکی یەکسانی هەبوو لەنێوان رەگەزی نێر و رەگەزی مێ'دا، بە جۆرێک، دایکان تەنها خاوەنی کرۆمۆسۆمی X و باوکانیش خاوەنی هەریەک لە کرۆمۆسۆمیX وY 'ن. کە ئەگەر باوکەکە کرۆمۆسۆمی X بدات بە دایکەکە ئەوا رەگەزی کۆرپەلە مێ دەبێت و ئەگەر کرۆمۆسۆمی Y بدات بە دایکەکە ئەوا رەگەزی کۆرپەلە نێر دەبێت.
ئێستا زانایانی زانکۆی هارڤارد باس لەوەدەکەن، تەمەنی دایکیش دەتوانێت بەشدار بێت لە دیاریکردنی رەگەزی کۆرپەلەدا، بە جۆرێک ئەگەر کەسێک بۆ یەکەمجار لە تەمەنی 28 ساڵی بەدواوە ببێت بە دایک، ئەوا ئەگەری ئەوەی منداڵەکانی لەدوای منداڵی یەکەم دەیبێت هەمان رەگەز بن بە رێژەی 43٪ـە.
هەروەها ئەگەر کەسێک بۆ یەکەمجار لە تەمەنی 23 ساڵی ببێت بە دایک، ئەوا ئەگەری ئەوەی منداڵەکانی دیکەی هەمان رەگەزی منداڵی یەکەم بن کەمدەبێتەوە بۆ 34٪.
ئەگەرچی زاناکان هۆکارەکەیان روون نەکردووەتەوە، بەڵام ئاماژەیان بەوەکردووە، هۆکارەکەی پەیوەندی بە گۆڕانکارییە فسیۆلۆجییەکانی جەستەی دایکەکەوە هەیە، کە بەگوێرەی هەڵچوونی تەمەنی دەگۆڕێت و کاریگەریی دروست دەکات.
زانایانی زانکۆی هارڤارد ئەوەشیان روونکردووەتەوە، "سەرەڕای گەیشتن بەو ئەنجامە لە توێژینەوەکەماندا، دەبێت ئەوەمان لەیاد بێت کەسەکان وەڵامندانەوەی جەستەیان بۆ گۆڕانکارییە فسیۆلۆجییەکان جیاوازە و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ جەستەی خۆتدا دەکرێت هاوکار بێت".
تەندروستیی عێراق بڵاویکردەوە، دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان و 16 توشبوونی نوێی تای خوێنبەربوون تۆمار کراون، بەوەش ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە 30 کەس و توشبوونیش گەیشتە 231 کەس.
سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عیراق رایگەیاندووە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان و 16 توشبوونی نوێی پەتای تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمارکراون، کە ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە لە پارێزگای زیقار و واست بوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا ژمارەی توشبووان بۆ ساڵی 2025 لە عیراقدا گەیشتووەتە 231 کەس.
بەپێی وتەی سەیف بەدر، لە هەرێمی کوردستان ژمارەی توشبوون بە پەتاکە بەم جۆرەیە: دهۆک- یەک گیانلەدەستدان و سێ توشبوون، هەولێر و سلێمانی هەریەکی یەک توشبوو".
پەتای تای خوێنبەربوون، ئەو پەتایەی ئێستا یەخەی عیراقی گرتووە و بەپێی دوایین ئامارە رەسمییەکان، 14 حاڵەتی توشبوون و دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی پەتاکەوە تۆمار کراون.
پەتای تای خوێنبەربوون پەتایەکی ڤایرۆسییە، گواستراوەیە و بەهۆی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، کە لەنێوان مرۆڤەکانیشدا درمە و دەگوازرێتەوە.
ئەگەر نەخۆشییەکە لە سەرەتادا دیاریبکرێت، ئەوا چارەسەرەکەی ئاسانتر دەبێت. بۆیە باشترین شت ئەوەیە هاووڵاتیان هۆشیار بن بەرامبەر بە نەخۆشییەکە و نیشانەکانی، هەروەها رێگاکانی خۆپاراستن لێی جێبەجێ بکەن.
هۆکارەکانی توشبوون:
ئەم پەتایە لە رێگای بەرکەوتن بە ئاژەڵ و مێرووی هەڵگری ڤایرۆسەکەوە دەگات بە مرۆڤ، هەروەها بەشێوەیەکی زیاتر مێشوولە، گەنە، مشک و شەمشەمەکوێرە هۆکاری گواستنەوەین.
هەروەها بەهۆی سەربڕین و خواردنی گۆشتی ئاژەڵی توشبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ مۆڤ.
بەدەر لەو هۆکارانەی دیکە، لەنێوان مرۆڤەکانیشدا بەهۆی کارکردن و تێکەڵبوونی کەسانی توشبوو و بەکارهێنانی دەرزی و ئامێری کەسی توشبوو، یانیش پەیوەندی جەستەیی لەگەڵ کەسی توشبوودا، هەروەها کارکردن و مانەوە لەو شوێنانەی مشکیان تێدایە، لەگەڵ بەرکەوتن بە خوێن یان هەر شلەیەکی دیکەی کەسیتوشبوو، دەگوازرێتەوە و بڵاو دەبێتەوە.
بۆ خوێندنەوەی زانیاری تەواو لەسەر نیشانەکان و رێکاری خۆپارێزی کلیک لێرە بکە
دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم راپۆرتێکی لەبارەی مەترسییەکانی زیادبوونی خۆڵبارین لە عیراق و زیانەکانی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، زیانەکانی خۆڵبارین لە عیراق رۆژانە بە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
خۆڵبارین یەکێکە لەو دیاردانەی سروشت کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژینگە و شێوەی ژیان و تەندروستی و خۆراک و خاک دروست دەکات و زیانەکانی لە رووی ئابووریشە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرێت.
لە راپۆرتەکەی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمدا ئاماژە بەوەکراوە، تێچوونی ئابووری گەردەلولەکانی خۆڵبارین لە عیراق و وڵاتانی عەرەبی زۆرە، بەوپێیەی سەرچاوەی رێژەی 80٪ی خۆڵی جیهان لە بیابانەکانی باکوری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوەیە.
بەپێی راپۆرتەکە، تێچووی ساڵانەوەی رووبەڕووبوونەوەی گەردەلولەکانی خۆڵبارین لە عیراق و وڵاتانی عەرەبی ساڵانە بە 150 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
ناوچە عەرەبییەکان ئەم بەهارە ئاژاوەیەکی گەورەیان بەخۆیانەوە بینیوە
ئەوەش هاتووە، رێکخراوی کەشناسیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە، ناوچە عەرەبییەکان ئەم بەهارە ئاژاوەیەکی گەورەیان بەخۆیانەوە بینیوە و لە عیراقیش زریانی بەهێز رویداوە، کە بەهۆیەوە نەخۆشخانەکان پڕ بوون لەو نەخۆشانەی گرفتی هەناسەدانیان هەیە.
دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم راشیگەیاندووە، لە چەند ساڵی رابردوودا رێژەی و خۆڵبارین لە عێراق زیادیکردووە و روانگەی "عیراقی سەوز" زیانەکانی خۆڵبارینی بە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار لە رۆژێکدا خەمڵاندووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی لە گەردەلولەکانی خۆڵبارین بەرکەوتووە و تەنها لە ساڵی 2023دا 158 رۆژ خۆڵبارین تۆمار کراوە.
باس لەوەشکراوە، رێکخراوی کەشناسیی جیهانیی داوای لە سەرجەم وڵاتان کردووە کە خۆڵبارین بخەنە ناو ئەجێندای جیهانی و نیشتمانییەوە، چارەسەر هەیە بەڵام پێویستی بە "بڕیار و بودجەی بەکۆمەڵ" هەیە بۆ فراوانکردنیان.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی کەشناسیی جیهانیی، خۆڵبارین کاریگەری لەسەر 330 ملیۆن کەس و 150 وڵات لە جیهاندا هەیە، ئەگەرچی گەردەلولەکان بوونەتە دیاردەیەکی ناسراو، بەڵام دەبێت هەنگاوی کرداریی و مەبەستدار و هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەیان بدرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی.
هاوکات، بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی گەردەلولەکانی خۆڵبارینەوە ساڵانە حەوت ملیۆن کەس پێشوەختە گیان لەدەست دەدەن، یان توشی گرفت و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و دڵ دەبنەوە، ئەوە جگە لە کەمبوونەوەی بەرهەمی دانەوێڵە و بوون بە هۆکارێک بۆ دیاردەی کۆچکردن.
وەزارەتی تەندروستیی عیراق رایگەیاند، تەنها لە هەفتەی رابردوودا 17 توشبووی نوێی تای خوێنبەربوون تۆمارکراو و کەسێکیش بەهۆی پەتاکەوە گیانی لەدەستداوە.
سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عیراق رایگەیاند، هەفتەی رابردوو 17 توشبووی نوێی پەتای تای خوێنبەربوون تۆمارکراون، کە بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە توشی پەتاکە بوون گەیشتە 184 کەس.
باسی لەوەشکرد، لەو 17 کەسەی هەفتەی رابردوو کەسێکیان گیانی لەدەستداوە و بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 24 کەس.
ژمارەی توشبوون و گیانلەدەستدان بە پەتاکە لە عیراق بەم جۆرەیە:
زیقار: 60 توشبوو، یەک گیانلەدەستدان
بەغداد: 34 توشبوو، شەش گیانلەدەستدان
واست: 17 توشبوو، یەک گیانلەدەستدان
بەسڕە: 13 توشبوو، یەک گیانلەدەستدان
موسەنا: 11 توشبوو، یەک گیانلەدەستدان
میسان: 11 توشبوو
دیالە: هەشت توشبوو، سێ گیانلەدەستدان
نەینەوا: حەوت توشبوو
کەرکوک: پێنج توشبوو، چوار گیانلەدەستدان
دیوانیە: چوار توشبوو، یەک گیانلەدەستدان
دهۆک: سێ توشبوو، یەک گیانلەدەستدان
نەجەف و بابل: هەریەکێکیان دوو توشبوو، یەک گیانلەدەستدان
سلێمانی و هەولێر: هەر یەکێکیان دوو توشبوو
کەربەلا و ئەنبار و سەڵاحەدین: یەک توشبوو
تەندروستیی سلێمانی رێنماییەکانی قوربانیکردنی بڵاوکردووەتەوە، بە جۆرێک کە قوربانییەکە بەشێوەیەکی تەندروست ئەنجام بدرێت و هاووڵاتیان لە مەترسی توشبوون بە پەتای تای خوێنبەربوون دوور بخاتەوە.
دەقی رێنماییەکان:
1- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕخانانەدا بێت كە رێگەپێدراون و پزیشكی ڤێنتەرنەی سەرپەرشتی دەكات.
2- لەكاتی سەربڕینی ئاژەڵ و كەوڵكردن یان پارچە پارچەكردنی گۆشتەكەی جل و بەرگی خۆپارێزی وەك (دەستكێش، جزمە، سەدریەی پلاستیك، ماسكی دەموچاو) بەكاربهێنرێت.
3- نابێت خانەوادە یان خەڵك كۆببنەوە لە چواردەوری قەساب و نابێت هاوكاری بكەن لەكاتی سەربڕینی ئاژەڵ و پارچە پارچەكردنی گۆشتەكەی.
4- بەبێ دەستكێش مامەڵە لەگەڵ جەستەی ئاژەڵی سەربڕاو مەكە و دوای پۆشینی دەستكێش و كەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەكە پارچە پارچە بكە.
5- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەكان و دانانی كیسی داخراو فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت.
6- بەكارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچە پارچەكردنی تایبەت بەگۆشت و شتن و پاكژكردنەوەی تەختە و چەقۆكان دوای بەكارهێنانیان.
7- پاككردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەكەی لێ سەردەبڕێت و بەتایبەت ئەوشوێنانەی خوێنی لێیە بەماددەی كلۆریینی روونكراوە.
8- باشتر وایە گۆشت ماوەی 12 بۆ 24 كاتژمێر لەناو ساردكەرەوە هەڵبگیرێت پاشان بەكاربهێنریت، بەڵام گۆشتی كوڵاو هیچ كێشەی نییە و سەلامەتە و نابێتە هۆی توشبوون بە تای خوێن بەربوون.
9- ئەگەر ئاژەڵ گەنەی هەبوو باشتر وایە نەكڕێت یان سەری نەبڕێت بۆ دووربوون لە نەخۆشی تای خوین بەرببوون، چونكە نەخۆشیەكە دەگوازرێتەوە.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی عیراق، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، نزیكەی 50 كەس بەهۆی تای خوێنبەربوون لە عیراق گیانیان لەدەستداوە.
سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق رایگەیاند، ئەمساڵ 273 توشبووی تای خوێنبەربوون تۆماركراون و 49یان گیانیان لەدەستداوە، زۆرترین توشبووش لە پارێزگای زیقار تۆماركراوە كە ژمارەیان 113 كەس بووە و 26یان گیانیانلەدەستداوە، دواتر پارێزگای میسان دێت بە 31 توشبوو و سێ حاڵەتی گیانلەدەستدان، لە واستیش 24 توشبوو و دوو گیانلەدەستدان هەبووە.
وتیشی، ئەگەر توشبوو گەیشتە حاڵەتی خوێنبەربوون، ئەگەری گیانلەدەستدان زۆر بەرز دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا دامەزراوە تەندروستییەكان ئامادەن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەموو جۆرە حاڵەتێكدا و تائێستاش هیچ ڤاكسین یاخود چارەسەرێك بۆ ئەو نەخۆشییە نییە.
نەخۆشی بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیان، بەپێی جۆری نەخۆشییەکە و ئاستەکەشی نیشانەکانی دەگۆڕێت، بەڵام شۆفێریکردن بەهۆی ئەوەی کارێکی هەستیارە و راستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانی شۆفێر و سەرنشین و شۆفێرەکانی دیکەوە، بۆیە پێویستە لەکاتی شۆفێریدا کەسەکان لە ئاگایی تەواو و تەندروستییەکی جێگیردا بن.
یەکێک لەو گرفتانەی رووبەڕووی شۆفێران دەبێتەوە هەندێک جار توشبوونە بە نەخۆشییەکانی گوێ یان ئەو جۆرە نەخۆشیانەی دیکەی کاریگەریی لەسەر هۆشی شۆفێر دروست دەکات.
لەوبارەیەوە پێشڕهو بورهان پسپۆڕی نهخۆشییهكانی بیستن و گێژبوون و ئاخاوتن بە رادیۆی رەسمی هاتوچۆی سلێمانی راگەیاندووە، ئەو شۆفێرانەی کێشەی سستی دەمارەکانی گوێیان هەیە پێویستە بیستۆک بەکاربهێنن، ئەگەر لە هەردوو گوێیاندا ئەو گرفتەیان هەیە دەبێت بیستۆک بۆ هەردوو گوێیان بەکار بهێنن.
لەبارەی ئەو کەسانەشی گرفتی ناهاوسەنگی و گێژبوونیان هەیە، رێنماییان دەکات، ئەگەر لەکاتی شۆفێریدا هەستیان بەوە کرد خەریکە گێژ دەبن، ئەوا پێویستە دەستبەجێ لابدەنە لایەکی شەقامەکە بەر لەوەی تەندروستییان بە تەواوی تێک بچێت، تاوەکو هەست بە باشبوون دەکەنەوە و تەندروستیان جێگیر دەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر شۆفێران دۆخی تەندروستیان ناجێگیر بوو و هەستیان بەوە کرد زوو زوو تەندروستییان تێک دەچێت، ئەوا باشترین رێنمایی ئەوەیە، بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و سەرنشینان و شۆفێرانی دیکەی سەر شەقام، تاوەکو بەرەو باشبوون دەچن شۆفێری نەکەن.

ئیلۆن مەسک، ئەو گەنجەی بە داهێنانەکانی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، جارێکی دیکە جیهانی سەرسام کردووە بە باسکردنی رۆڵی سەرەکی رۆبۆتەکان لە داهاتووی زانستی پزیشکیدا.
ئیلۆن مەسک ملیاردێری ئەمریکی و خاوەن و جێبەجێکاری کۆمپانیای سپەیس ئێکس و سەرۆکی تێسلا باس لەوەدەکات، لەماوەی چەند ساڵێکی کەمدا رۆبۆتەکان تواناکانی پزیشکێکی باش تێدەپەڕێنن لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریدا، هەروەها تەنها لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا توانای باشترین پزیشکەکانی ئەو بوارە تێدەپەڕێنن.
مەسک باسی لەوەشکردووە، یەکێک لە کۆمپانیاکانی بەناوی "نیورالینک" بۆ تەکنەلۆجیای تایبەتمەند بە مێشک و دەمار، رۆبۆتێکی بەکارهێناوە بۆ چاندنی چەند ئەلیکترۆکۆدێک لە مێشکدا، کە ئەوە زۆر ئەستەم بووە بۆ مرۆڤەکان بتوانن لەو ماوە کەمەدا و بەو وردییە ئەو کارە بکەن.
داهێنانەکانی مەسک لە بواری تەکنەلۆجیادا لەماوەی ئەم چەند ساڵەی کۆتاییدا وای کردووە، مەسک لە پێشەنگی بوارەکەدا بمێنێتەوە و رۆژ بە رۆژ میدیاکان بە بابەتی سەرسوڕهێنەرەوە سەرقاڵ دەکات.
لەماوەی رابردووشدا توانیویەتی لەرێگای چاندنی چیپی بچووک لە مێشکی مرۆڤەکاندا، توانای گفتوگۆ و قسەکردن بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو کەسانەی توانای قسەکردنیان نییە.
Robots will surpass good human surgeons within a few years and the best human surgeons within ~5 years. @Neuralink had to use a robot for the brain-computer electrode insertion, as it was impossible for a human to achieve the required speed and precision. https://t.co/ipPhQK8z1j
— Elon Musk (@elonmusk) April 27, 2025
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە حکومەتی هەرێم چەند رێنماییەکی تایبەت بە خۆپاراستن لە خۆڵبارین بڵاوکردەوە و باس لەوە دەکات، پێویستە ماسک بەکاربهێنرێت.
ماوەی دوو رۆژە شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و عیراقی گرتووەتەوە و کەشناسیش پێشبینی دەکات، ئەمڕۆ و سبەینێ خۆڵبارینەکە بەردەوام بێت.
لەوبارەیەوە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە حکومەتی هەرێم رێنماییەکانی کاتی خۆڵبارینی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، تاوەکو دەتوانیت لە ماڵەوە بمێنەرەوە و مەیە دەرەوە، هەروەها ئاو زۆر بخۆرەوە.
رێنماییەکان:
-پێویستە دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەت دابخەیت.
-راهێنانی قورس ئەنجام مەدە.
-ئەگەر هەستت بە بێتاقەتی و هەناسەتەنگی کرد، سەردانی پزیشک بکە.
-خۆڵبارین کاریگەریی دەکاتە سەر دەم و چاو و لوت، بۆیە بەکارهێنانی ماسک پێویستە.
-خۆڵبارین مەترسیدارە بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵ و رەبۆیان هەیە، هەروەها بۆ منداڵ و ژنانی دووگیان.
ئەگەر لەناو ئۆتۆمبێلدا بوویت و خۆڵبارینێکی چڕ بوو:
-لە لایەکی شەقامەکەوە بوەستە و دڵنیابە لەوەی ئۆتۆمبێلەکەت ناجوڵێ، هەروەها هێمای چواری دابگیرسێنە.
-لەناو ئۆتۆمبێلەکەتدا بمێنەرەوە .
-پەنجەرەکان دابخە.
-هەوای ناو ئۆتۆمبێلەکەت دابگیرسێنە.
بەڕێوەبەریی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، بەشێکی هۆکاری گیانلەدەستدان لەو کەسانەی کە نەشتەرگەریی دابەزاندنی کێش ئەنجام دەدەن بە سەرجەم جۆرەکانییەوە، پەیوەندی بە نەخۆشخانەکانەوە هەیە. وتیشی، ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە رێک دەخەنەوە و پسپۆڕی پزیشکەکان دیاری دەکەن.
سەباح هەورامی بەڕێوەبەریی گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی بەشێکی هۆکاری گیانلەدەستدان لەو کەسانەی نەشتەرگەریی دەکەن بۆ بڕینی گەدەیان یان دەرهێنانی چەوریی و راکێشانی پێست، پەیوەندی بە نەخۆشخانەکان و نەگونجاوی شوێنەکەوە هەیە بۆ ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە.
باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییانە پسپۆڕی دیاری کراوی نییە، تێکەڵاوییەک لەنێوان پسپۆڕییەکان و دەستنیشانکردنی کاری پزیشکەکاندا روویداوە و هەر پزیشکێکی نزیک لەو پسپۆڕییە بە مافی خۆی دەزانێت ئەنجامی بدات.
وتیشی، لە ئێستادا بەشێکی زۆری پسپۆڕییەکان ئەو نەشتەرگەرییە بۆ نەخۆشەکان ئەنجام دەدەن، کە هەندێک جار رێگای نازانستی و شێوەی نەگونجاو بەکاردەهێنن، کە بەهۆیەوە گیانلەدەستدان یان چەندین زیانی لاوەکی لێدەکەوێتەوە.
بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، بە دەیان سکاڵا هەیە لەسەر ئەو بابەتانە، چەندین کەسیش بە سزا گەیەنراون، یان رەوانەی دادگا کراون، هەشە بێتاوانی سەلمێنراوە و ئازاد کراوە.
سەباح هەورامی وتیشی، بڕیاریان داوە ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە رێک بخەنەوە و پێویستە لە چەند شوێنێکی تایبەتی نەخۆشخانەکاندا ئەنجام بدرێت و پسپۆڕی ئەو پزیشکانەشی رێگەیان پێدەدرێت ئەنجامی بدەن، دیاری بکرێت، جگە لەوەی دەبێت نەخۆش بەر لە بڕیاردان بۆ نەشتەرگەریی، لیژنەی تایبەت بیبینێت.
ئەمڕۆ هەر پزیشکێک لە هەر نەخۆشخانەیەک ئەو نەشتەرگەرییەی ئەنجام دابێت، توندترین سزا دەدرێت
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەشی باس لەوە دەکەن، ئەمڕۆ نەشتەرگەریی بڕینی گەدە ئەنجام درابێت لە چەند نەخۆشخانەیەک، ئەوەی روون کردەوە، لیژنەکان ئەمڕۆ بەسەر نەخۆشخانەکاندا دەگەڕێن، هەر پزیشکێک لە هەر نەخۆشخانەیەک ئەو نەشتەرگەرییەی لەمڕۆدا ئەنجام دابێت، ئەوا بە توندترین شێوە سزای دەدەن.
بەشێکی پزیشکەکان ئامانجیان کێبڕکێی ماددیە
بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ئەوەشی نەشاردەوە، کە بەشێکی پزیشکەکان بۆ کێبڕکێی ماددی نەشتەرگەرییەکە بە زوویی و لە شوێنی نەگونجاودا ئەنجام دەدەن.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ چوارشەممە، ژنێکی تەمەن 36 ساڵ، دوای رۆژێک لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوری گیانی لەدەستدا، کە خاوەنی سێ منداڵ بوو و دانیشتووی بەریتانیا بوو.
لەدوای ئەوەشەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە تەواوی ئەنجامدانی سەرجەم نەشتەرگەرییەکانی دابەزاندنی کێشی لە نەخۆشخانەکاندا قەدەغە کرد، تاوەکو ئەو کاتەی بە یاسا و رێکاری گونجاو ئەو کارە رێکدەخەنەوە. راشیگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەخۆشخانەکەش و پزیشکەکەش پێکهێناوە.
گیان لەدەستدان بەهۆی ئەو نەشتەرگەرییەوە لە هەرێمی کوردستان چەند جارێکە دووبارە دەبێتەوە، لە 14ی مانگی یەکی ئەمساڵیشدا، ژنێکی تەمەن ٤١ ساڵ دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی سلێمانی نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوری بۆکرا، گیانی لەدەستدا، کە خاوەنی دوو منداڵ بوو.
پەتای تای خوێنبەربوون، ئەو پەتایەی ئێستا یەخەی عیراقی گرتووە و بەپێی دوایین ئامارە رەسمییەکان، 14 حاڵەتی توشبوون و دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی پەتاکەوە تۆمار کراون.
پەتای تای خوێنبەربوون پەتایەکی ڤایرۆسییە، گواستراوەیە و بەهۆی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، کە لەنێوان مرۆڤەکانیشدا درمە و دەگوازرێتەوە.
ئەگەر نەخۆشییەکە لە سەرەتادا دیاریبکرێت، ئەوا چارەسەرەکەی ئاسانتر دەبێت. بۆیە باشترین شت ئەوەیە هاووڵاتیان هۆشیار بن بەرامبەر بە نەخۆشییەکە و نیشانەکانی، هەروەها رێگاکانی خۆپاراستن لێی جێبەجێ بکەن.
بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ماوەی دوو هەفتە و زیاتر بخایەنێت و هێشتا نەخۆشییەکە دیاری نەکرابێت و چارەسەری وەرنەگرتبێت، ئەگەری هەیە نیشانەکان توند ببن، بەتایبەت ئەگەر خوێن لەژێر پێستدا بڵاوببێتەوە ئەگەری گیانلەدەستدانی نەخۆشەکە هەیە.
رێژەی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لەنێوان 15٪ بۆ 30٪دایە.
هیچ پێکوتەیەکی دیاریکراوی نییە، نیشانەکانیشی لەرێگای پێدانی دەرمانی تایبەتەوە کەمدەکرێنەوە.
هۆکارەکانی توشبوون:
ئەم پەتایە لە رێگای بەرکەوتن بە ئاژەڵ و مێرووی هەڵگری ڤایرۆسەکەوە دەگات بە مرۆڤ، هەروەها بەشێوەیەکی زیاتر مێشوولە، گەنە، مشک و شەمشەمەکوێرە هۆکاری گواستنەوەین.
هەروەها بەهۆی سەربڕین و خواردنی گۆشتی ئاژەڵی توشبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ مۆڤ.
بەدەر لەو هۆکارانەی دیکە، لەنێوان مرۆڤەکانیشدا بەهۆی کارکردن و تێکەڵبوونی کەسانی توشبوو و بەکارهێنانی دەرزی و ئامێری کەسی توشبوو، یانیش پەیوەندی جەستەیی لەگەڵ کەسی توشبوودا، هەروەها کارکردن و مانەوە لەو شوێنانەی مشکیان تێدایە، لەگەڵ بەرکەوتن بە خوێن یان هەر شلەیەکی دیکەی کەسیتوشبوو، دەگوازرێتەوە و بڵاو دەبێتەوە.
نیشانە سەرەکییەکانی نەخۆشییەکە:
-دڵتێکەڵهاتن و هێڵنجدان و رشانەوە
-ئازاری جومگەکان
-سکچوون
-تا
-هیلکی و لاوازی
نیشانە توندەکان کە مەترسییان لەسەر ژیان هەیە:
-بێهۆشبوون
-ناڕێکی لە ئیشوکاری کۆئەندامی دەمار
-پەککەوتنی جگەر
-پەککەوتنی گورچیلە
-پەککەوتنی هەناسەدان
-خوێنبەربوونی ژێرپێست
باشترین رێگاکانی خۆپارێزی:
-داپۆشینی گۆشت لەناو دەفری سەرقەپاتدا.
-بەباشی پاککردنەوەی سەتڵی خۆڵ و خاشاک و باشترە ئەگەر ئەو سەتڵانە سەریان هەبێت.
-دانانی پەردەی گونجاو بۆ دەرگا و پەنجەرەکان کە مێروو و خشۆکەکان پێیدا تێپەڕ نەبن.
-بەباشی کوڵاندنی گۆشت و خۆراکەکانی دیکە.
-بڕینی لقوپۆپی زیادەی دارەکان و دوورخستنەوەی گژوگیا لە ماڵەکان.
-دوورخستنەوەی دار و خشت و کەرەستەی کەڵەکەبوو لە ماڵەکان، کە لانیکەم 40 مەتر و زیاتر.
-پاراستنی پاکوخاوێنی جەستەیی و زوو زوو شۆردنی دەستەکان.
-بڕینی چیمەنی ماڵەکان.
-پێویستە هەر ئاژەڵێک کە سەر دەبڕدرێت قڕتێکەرەکان و گەنەی لەسەرنەبێت و تەنها لە کوشتارگەکاندا ئاژەڵ سەرببڕدێت، بۆئەوەی پشکنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕینیشی بۆ بکرێت.
-نابێت بەهیچ جۆرێک ئاژەڵ لەناو ماڵ و گەڕەکەکاندا سەر ببڕدڕێت.
توێژینەوەیەکی یابانی نهێنییەکی زانستیی نوێ لەبارەی زوو هەستان لە خەو و مانەوە بە چالاکی و تەندروستیی ئاشکرا دەکات و ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ مانەوەی جەستەتان بە تەنسروستیی رێگە بدەن تیشکی خۆر لەخەو هەڵتان بستێنێ.
توێژەران لە زانکۆی ئەوساکا مترۆبۆلیتان توێژینەوەیەکیان لەسەر 19 بەشداربوو ئەنجام داوە لەبارەی کاریگەریی بەرکەوتنی رووناکی سروشتی لەسەر کوالێتی خەو و لەخەو هەستان.
توێژەران نموونەی توێژینەوەکەیان کردووە بە سێ بەشەوە، بەشیکیان 20 خولەک بەر لە هەستان لە خەو رووناکی سروشتی "تیشکی خۆر" لێیداون، بەشێکیان زیاتر لە 20 خولەک و بەشێکیشیان هیچ رووناکییەک نەچووەتە ژوورەکانیانەوە.
لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا، ئەو زانا یابانیانە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، ئەو کەسانەی 20 خولەک بەر لە هەستان لە خەو رووناکی سروشتی لە ژوورەکانیانی داوە، خەوێکی باشتریان هەبووە و لەکاتی هەستان لە خەویشدا جەستەیەکی چالاکیان هەبووە، هەروەها هیچ هەستێکی خەواڵوویی و شەکەتی جەستەیان نەبووە.
لە بەرامبەردا گروپی دووەم کە زیاتر لە 20 خولەک رووناکی سروشتی چووەتە ژوورەکانیانەوە، کەمتر چالاک بوون بەراورد بە گروپی یەکەم، ئەمەش هاوشانی ئەوە دەبێتەوە کە زانست دەڵێت، بەرکەوتنی زۆر بە تیشکی خۆر کاریگەریی لاوەکی و زیانی دەبێت.
گروپی سێیەمی توێژینەوەکەش کە لە ژوورێکی تەواو تاریکدا خەوتوون و هیچ رووناکییەکی سروشتی نەچووەتە ژوورەکانیانەوە، ئەگەرچی کاتی تەواویش خەوتبن، بەڵام هێشتا هەستیان بە تێکشکاوی جەستەیان کردووە و خەواڵوو بوون، نەیانتوانیوە بە چالاکییەوە رۆژەکانیان دەست پێ بکەن و بچنە سەر کار.
توێژەرانی توێژینەوەکە ئەوەشیان خستووەتە روو، لە دەرئەنجامی ئەو توێژینەوەیەوە دەیانەوێت بگەن بە داهێنانی سیستمێکی زیرەک، کە بەپێی کات و وەرزەکان کۆنتڕۆڵی چوونە ناوەوەی رووناکی سروشتی و تیشکی خۆر بکات بۆ ژوورەکان.
بۆیە ئەو توێژینەوەیە ئاڕاستەیان دەکات بەوەی، دیزاینێکی زیرەکانە بۆ ژووری نوستن بکەن، کە رووناکی سروشتی و تیشکی خۆر وەک بەشێکی سەرەکی ژوورەکە لەبەرچاوبگیرێت.
هەورەبروسکە، دیاردەیەکی سروشتییە و بە گشتی لە وەرزی زستاندا، بەهۆی بوونی تەزووی بای هەڵکشاو زیاتر روو دەدات.
هەورەبروسکە کرداری خاڵیبوونەوەی کارەباییە، کە لەنێوان بەشەکانی پەڵەهەورێک یان دوو پەڵەهەوری باراناوی بارگە جیاواز، یان لەنێوان پەڵەهەور و باڵەخانەیەک، یان مرۆڤ، درەخت و ئاژەڵ و هەر شتێکی دیکە لەسەری زەوی روو دەدات.
لەناو هەورە باراناوییەکاندا گەردیلە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکان دابەش دەبن، بەجۆرێک بارگە پۆزەتیڤەکان دەچنە سەرەوەی هەورەکان و بارگە نێگەتیڤەکان لە بەشی خوارەوەی هەورەکان دەبن، ئەگەر ئەو بارگانە لە هەورەکەدا لەیەکتر نزیک ببنەوە هەورە بروسکە لەناو هەورەکاندا روو دەدات، کە ئەمەیان مەترسیدار نییە لەسەر مرۆڤ و زیندەوەران و زەوی.
لە دۆخێکدا ئەگەر ئەو هەورانە لە زەوی نزیک ببنەوە کە زەوی بارگەی موجەبە، ئەوا بارگەکە لە زەویدا بەتاڵ دەبێتەوە، کە ئەمە ئەو بروسکەیەیە مەترسی دروست دەکات.
ساڵانە هەورە بروسکەکان دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەس لە جیهاندا، یان بەهۆی بروسکەوە بە سەتان رووداوی ئاگرکەوتنەوە روودەدەن.
بروسکە گەرمییەکەی 30 هەزار پلەی سیلیزییە، کە دەکاتە زیاتر لە پێنج ئەوەندەی گەرمی رووبەری خۆر، لوتکەی تەزووەکەشی دەگاتە 30 هەزار ئەمپێر.
چۆن خۆت لە بەرکەوتن بە هەورەبروسکە دەپارێزیت؟
باشترین کار بیکەیت ئەوەیە لە ماڵەوە بمێنیتەوە و دووربیت لە دەرگا و پەنجەرەوە، ئەگەر لە دەرەوەش بوویت باشترە لە سەرجەم ئەو شتانە دوور بکەویتەوە کە درێژ و بەرزن، هەروەها بچۆ ژێر پرد، یانیش لە ناو ئۆتۆمبێلەکەتدا بمێنیتەوە، بەڵام هەرگیز چەتر بەکارمەهێنە بۆ خۆپاراستن.
دەبێت بە هەموو شێوەیەک لە درەختەکان و ئاو دووربکەویتەوە، چونکە ئاو گەیەنەرێکی بەهێزە و درەختەکانیش سەرچاوەیەکی باشی خاڵیبوونەوەی بارگەی هەورەکەن.
خۆ ئەگەر لە دەشتودەرێکی تەختدا بوویت، باشترین کار ئەوەیە لە هەموو دار و درەخت و کانزا و هەر شتێکی دیکە دووربیت کە لە دەورتدا هەیە، بەپێی توانا خۆت گرمۆڵە بکە و با سەرت بەرز نەبێت تەنها قاچەکانت لەسەر زەوی بن، ئەگەر چەند کەسێکیش بوون، ئەوا با دووری نێوانتان لە 30 مەتر کەمتر نەبێت.
یاسای 30 بە 30 جێبەجێ بکە
یاسای 30 بە 30 بریتییە لەوەی، کە ئەگەر بروسکە روویدا، ئەوا تاوەکو 30 بژمێرە، ئەگەر گەیشتیتە ژمارە 30 یان بەر لە گەیشتن بە ژمارە 30 گوێت لە دەنگەکەشی بوو، ئەوا مانای ئەوە دەگەیەنێت هەورەکە زۆر نزیکە و بایی ئەوەندە مەترسیدارە کە پێویست بکات بە زوویی خۆت بپارێزیت.