حکومەتی فەڕەنسا ڕایگەیاند، بەسەر شەپۆلی سێیەمی ڤایرۆسی کۆرۆنادا سەرکەوتوون و لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا ئامارەکانی تووشبوون کەمیانکردووە، ئەوەش دەریدەخات ڕێکارەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا سەرکەوتوو بووە، لە (١)ی ئایاریشەوە ڕێکارەکان کەمدەکرێنەوە و قەدەغەی گەشتی ناوخۆش ھەڵدەگیرێت.
لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیاش، دژی درێژکردنەوەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ھێشتنەوەی شوێنە گشتییەکان بە داخراوی، خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، ئاڵۆزی و پێکدادانیش لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسدا ڕوویدا.
ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویکردەوە دوای پشووی ھاوین و لەگەڵ کردنەوەی دەوامی خوێندنگەکان، منداڵانی خوار تەمەن ١٢ ساڵ ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە پێی پلانێک لە وەرزی پایزی داھاتوودا کەسانی سەروو تەمەن ٥٠ ساڵیش ڤاکسین وەردەگرن بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە ئەگەری سەرھەڵدانی شەپۆلێکی تری کۆرۆنا.
ڕۆژنامەکە ئاشکراشیکردووە، ئەگەر کۆتایھێنان بە کەرەنتینی گشتی لە بەریتانیا لە ھاویندا ببێتە ھۆی زیادبوونی تووشبوون بە کۆرۆنا، کوتانی منداڵان لە خراپترین کاتدا دەبێت.