هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر، ئەو نەخۆشییەی بە بکوژە بێدەنگەکە دەناسرێت، دووەم هۆکاری گیانلەدەستدانە لە جیهاندا.
رۆژی 28ی تەمموزی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانیی هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر دانراوە، وەک رۆژێک بۆ زیادکردنی هۆشیاری لەسەر نەخۆشییەکە، کە تیایدا لە سەرانسەری جیهانەوە هەڵمەتەکانی هۆشیاری و بڵاوکردنەوەی زانیاری و توێژینەوەی نوێ بەڕێوەدەچن.
هۆکاری دیاریکردنی رۆژەکە دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی لەدایکبوونی د. باری بلومبێرگی زانای ئەمریکی، کە ئەو بوو لە ساڵی 1952دا هەوکردنی ڤایرۆسی جۆری B دۆزیەوە و دواتریش پێکوتەی بۆ دانا.
جگەر یەکێکە لە ئەندامە سەرەکییەکانی جەستە، کە کێشی بە گشتی لەنێوان 1.2 بۆ 1.6 کیلۆگرامدایە، لەش لە زۆرینەی ژەهرە مەترسیدارەکان رزگار دەکات و بەرپرسە لە دەردانی چەندین ئەنزیم، جگە لە کۆکردنەوەی شەکر و چەوری و پرۆتینەکان بۆ بەکارهێنانەوەیان لەکاتی پێویستدا.
چەند ڤایرۆسێک دەبنە هۆکاری هەوکردن لە جگەردا و پێنج جۆر لە هەوکردنی جگەر هەیە کە A, B, C, D, E و هەریەکەیان دەبێتە هۆکاری دەرکەوتنی چەند نیشانەیەک و شێوەی گواستنەوەی نەخۆشییەکە و توندییەکەیان جیاوازە، بەڵام ئەوەی کوشندەیە هەوکردنی جگەرە لە جۆریB و C، کە دەبنە هۆی نەخۆشیی درێژخایەن "سیرۆسیسی جگەر" و شێرپەنجە.
لە رێگای کوتانەوە دەتوانرێت رێگە لە هەندێک لە جۆری هەوکردنەکانی جگەر بگیرێت.
جۆرەکانی هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر:
جۆری A
لە رێگای ئاو و خواردنی پیس، هەروەها بەرکەوتن بە پیسایی و پاشەڕۆی کەسی توشبوو دەگوازرێتەوە، توشبوون بەم جۆرەی هەوکردنی جگەر کاتییە و بە وەرگرتنی چارەسەری پێویست نەخۆشەکە چاک دەبێتەوە، لە منداڵاندا زیاتر باوە.
جۆری B
جۆرێکی مەترسیدارە و هەندێک جار نیشانەکانی بەشێوەی کتوپڕ دەردەکەون، بە بەرکەوتن بە شلەی جەستەی کەسی توشبوو دەگوازرێتەوە وەک "خوێن، لیک، دەردراوەکانی جەستە".
ئەم جۆرەی هەوکردن پێکوتەی تایبەت بە خۆی هەیە و لەرێگەی پێکوتەکەوە رێگری لە توشبوونی دەکرێت.
جۆری C
بەهەمان شێوە جۆرێکی مەترسیداری هەوکردنی جگەرە، بە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە دەکرێت چارەسەر بکرێت ئەگەر نیشانەکانیشی قورس بن، بەڵام لە ئەگەری بەردەوام پشتگوێخستن و وەرنەگرتنی چارەسەردا دەکرێت ببێتە هۆی توشبوون بە شێرپەنجە.
بەهەمان شێوە بە بەرکەوتن بە شلەی جەستەی کەسی توشبوو ڤایرۆسەکە دەگوازرێتەوە و لە نیشانە دیارەکانی "زەردویی، تا، شەکەتی و رشانەوە و ئازاری ناوسک، نەمانی ئارەزووی خواردن و گۆڕانی رەنگی میز".
جۆری D
بەبێ توشبوون بە هەوکردنی جگەر لە جۆری "بی" کەسەکە توشی نابێت، ئاستی مەترسییەکەشی لە هەمان ئاستی جۆری "بی"دایە و بە هەمان رێگاکانی ئەویش دەگوازرێتەوە.
جۆری E
لە رێگای ئاو و خۆراکی پیسەوە دەگوازرێتەوە و بە گشتی لەو وڵاتە کەمدەرامەتەکاندا باوە، هاوشێوەی هەوکردنی جگەرە لە جۆری "ئەی".
دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە
دیاریکردنی نەخۆشییەکە لە رێگەی پشکنینی خوێنەوە دەبێت، بەڵام هۆشیاری بەرانبەر نیشانەکان هاوکاری سەرەکییە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە.
لەدوای ئەوەشی پزیشکی پسپۆڕ بە تەواوی نەخۆشییەکە و جۆرەکەی دەستنیشانکرد، پزیشک دیاری دەکات چ چارەسەرێک بدات بە نەخۆشەکان.
خۆپاراستن
باشترین رێگەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە، وەرگرتنی پێکوتەیە لەکاتی خۆیدا.
هەروەها پاکوخاوێنی جەستە و خۆراک و ئاو، دەبێت دڵنیابیتەوە لەوەی چ خۆراکێک و لەکوێ دەیخۆیت، هەروەها دڵنیابیتەوە لە پاکی ئەو سەرچاوەی ئاوەی بەکاریدەهێنیت بۆ خواردنەوە.
پێویستە بەر لە بەکارهێنانیان سەوزە و میوە بە جوانی بشۆردرێنەوە.
هەروەها پێویستە هەرگیز دەرزی و سرنج،فڵچەی ددان و گوێزانی کەسانی دیکە بۆ هیچ مەبەستێک بەکارنەهێنرێت.