توێژینەوەیەکی نوێ هۆشداری دەداتە دایکان و باوکان کە رێگە نەدەن منداڵەکانیان پێش تەمەنی هەرزەکاری مۆبایلی زیرەک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن، چونکە مەترسیی گەورەی بۆ سەر تەندروستیی دەروونییان دەبێت.

بەپێی توێژینەوەیەک، کە لە گۆڤاری "گەشەپێدانی مرۆیی و توانا مرۆییەکان" (Journal of the Human Development and Capabilities) بڵاوکراوەتەوە، بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک لەلایەن منداڵانی خوار تەمەن 13 ساڵەوە، دەتوانێت زیانێکی گەورە بە تەندروستیی دەروونییان بگەیەنێت.

توێژینەوەکە، کە لەلایەن رێکخراوی "سەیپیەن لابز" (Sapien Labs) ئەنجامدراوە و پشتی بە داتای نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە 163 وڵات بەستووە، دەریخستووە کە بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک لەو تەمەنەدا پەیوەستە بە زیادبوونی بیری خۆکوشتن، نائارامیی سۆزداری، کەمبوونەوەی بڕوابەخۆبوون و دابڕان لە واقیع، بەتایبەتی لەنێو کچاندا.

هەروەها دەرکەوتووە هەرچەندە منداڵ لە تەمەنێکی کەمتردا ببێتە خاوەنی مۆبایلی زیرەک، ئەگەری تێکچوونی باری دەروونی زیاتر دەبێت. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم منداڵانە زیاتر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن، تووشی تێکچوونی خەو و گێچەڵی ئەلیکترۆنی دەبنەوە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ خێزانەکانیاندا لاواز دەبێت.

تارا تیاگاراجان، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند: "ئەم دەرەنجامانە پێویستییان بە گرتنەبەری رێکاری بەپەلە هەیە بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی منداڵانی خوار 13 ساڵ بە مۆبایلی زیرەک، هەروەها دانانی رێسای وردتر بۆ ئەو ژینگە دیجیتاڵییەی گەنجان تێیدا دەژین."

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە پێدانی مۆبایلی زیرەک بە منداڵ پێش تەمەنی 13 ساڵی بیرۆکەیەکی خراپە و ئامۆژگاری دایکان و باوکان دەکات کە رێگە بە منداڵەکانیان نەدەن تا تەمەنی 16 ساڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن.

جۆناسان هایت، دەرونناسێکی کۆمەڵایەتی بەناوبانگ، لە کتێبە پڕفرۆشەکەیدا "نەوەی دڵەڕاوکێ" (The Anxious Generation) پێشنیازی کردبوو کە پێویستە تا تەمەنی 16 ساڵی چاوەڕێ بکرێت ئینجا رێگە بە منداڵان بدرێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن.

سەرەڕای ئەم هۆشداریانە، زۆرێک لە دایکان و باوکان دەترسن منداڵەکانیان لە رووی کۆمەڵایەتییەوە داببڕێن ئەگەر لەو تۆڕانەدا بوونیان نەبێت. بۆیە شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە دایکان و باوکان بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ کاربکەن بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەم دیاردەیە.