تەندروستی

پێنج ساڵ بەر لە ئێستا و لە ٣١ی ١٢ی ساڵی ٢٠١٩دا، رێکخراوی تەندروستی جیهانیی بە رەسمی یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند، کە تاوەکو دوایین ئامار لە ١٠ی ١١ی ئەمساڵدا، نزیکەی ٧٧٧ ملیۆن توشبوو تۆمارکراون.

پێنج ساڵ بەر لە ئێستا و لە مانگی ١٢ی ٢٠١٩دا، بۆ یەکەمجار بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێک لە چین میدیاکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو، بەرپرسان و میدیاکان لێدوانی جیاوازیان دەدا و هەندێک بە دەنگۆ ناویان دەهێنا و هەندێک دەیانوت راستە.

دواجار لەنێوان ئەو دەنگۆیانەدا، چین راپۆرتێکی ئاڕاستەی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی کرد و لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ئاگاداری کردەوە، کە دواتریش لەدوای گەیشتنی تیمی رێکخراوەکە، لە راپۆرتێکدا ئەوەیان دەرخست، ڤایرۆسەکە سەرچاوەکەی خواردەمەنییە دەریاییەکانە کە لە ناوەندی شاری وهانی چین دەفرۆشرێن.

دواجار رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە رەسمی تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکەی لە چین راگەیاند، کە یەکەمجار بە هەوکردنی سییەکان ناوی هێنرا.

لە سەرەتا و لە مانگی ١ی ٢٠٢٠دا ڤایرۆسەکە بە 2019-nCoV  ناونرا بەشێوەیەکی کاتی، دواتریش لە مانگی ٢ی هەمان ساڵدا بە فەرمی ناونرا Covid-19.

 

یەکەم حاڵەتی پشتڕاستکراوە

لە شاری یان-نانی چین بۆ یەکەمجار توشبوونی پیاوێکی تەمەن ٦٠ ساڵ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیەنرا، کە پێشتر گەشتی بۆ شاری وهان کردبوو، دواتر نەخۆشەکە سەردانی نەخۆشخانەی کردبوو و باسی لەوەکردبوو، بەبێ بوونی هیچ نیشانەیەک ماوەی پێنج رۆژە هەناسەی تەنگە و جەستەی شەکەت و ماندووە، دوای پشکنینەکان دەرکەوت هەوکردنێکی زۆر لە سییەکانیدا هەیە، هەروەها رێژەی چەند پڕۆتینێکی هەستیار لە جەستەیدا بەرزن.

لە سەرەتادا چارەسەری سەرەتاییان بۆکرد و چەند دەرمانێکی پێویستیان بۆ نووسی و پزیشکەکان داوایان لێکرد پشوو بدات، دوای پێنج رۆژ لە دووبارەکردنەوەی پشکنینەکان بۆیان دەرکەوت رێژەی هەوکردنەکە زیاتر بووە و توشی ئاوسانی سییەکان بووە و ئاو لە سییەکانیدا کۆبووەتەوە.

 

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە وڵاتاندا

نیپاڵ کە هاوسنوورە لەگەڵ چین، لەدوای چین یەکەم وڵات بوو حاڵەتی پشتڕاستکراوەی توشبوون بە ڤایرۆسەکەی تێدا راگەیەنرا، کە پیاوێکی تەمەن ٣٢ ساڵ بوو و لە شاری وهانی چین خوێندکار بوو و یەکەم کەسبوو پشکنینی 2019-nCoVی بۆکرا و ئەنجامەکەی پۆزەتیڤ دەرچوو، چونکە توشبووی یەکەم لە سەرەتادا بە حاڵەتی هەوکردنی سییەکان ناسێنرا دواتر پشکنینی 2019-nCoVی بۆکرا.

ئەو پیاوە دوای ١٠ رۆژ لە گەڕانەوەی بۆ نیپاڵ وردە وردە هەستی بە نەخۆشکەوتن کردبوو و دواتر کۆکەیەکی توندی گرتبوو و لەماوەی نەخۆشییەکەشیدا پلەی گەرمی جەستەی زۆر بەرزببووەوە، ئەو نیشانە توندانەی لە سەرەتای نەخۆشییەکەدا لێدەرکەوتبوون و لە رۆژی سێیەمدا نیشانەکانی بەرەو باشبوون چووبوون، سەرەڕای ئەوەی چەندین تێستی ڤایرۆسی و بەکتریایی بۆکرابوو سەرجەمیان نێگەتیڤ بوون و پشکنینەکانی پاک بوون، کە دواتر بە توشبوویەکی سوک پۆلێنکرا و لەماوەی چوار رۆژدا تەندروستی باشبووەوە و نەخۆشییەکەی تێپەڕاند.

نیشانەکانی توشبووان جیاواز بوون

رۆژ لەدوای رۆژ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە خێراتر بوو و نیشانەی جیاوازی لێدەرکەوت، سەرچاوەی سەرەکیشی شاری وهانی چین بوو، ئەو کەسانەشی توشببوون، یان گەشتی وهانیان کردبوو یان بەرکەوتەی کەسێک بوون هەڵگر یان توشبووی ڤایرۆسەکە بوو.

نیشانەکانی ڤایرۆسەکە تا توشبوون زیاتر بووایە جیاواز بوو و دەگۆڕا، سێیەم کەیسی پشتڕاستکراوە کە ژنێکی ٥٥ی ساڵی تایوانی بوو و گەشتی وهانی کردبوو، قورگ و گەرووی بەتەواوی ئاوسابوو، کۆکەیەکی وشک و توند، تایەکی مامناوەند، شەکەتییەکی زۆری هەبوو، هەروەها رێژەی ئۆکسجینی خوێنی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیبوو بۆ ٨٨-٩٠٪، کە دواتر پشکنینی SARS-CoV-2یان بۆ ئەنجامدا و ئەنجامەکەی پۆزستیڤ بوو، کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە یەکێک لە نەوەکانی سارس دادەنرێت و بەشێکی نەخۆشەکانیش سەرەتا ئەو چارەسەرانەیان بۆ بەکاردەهێنان کە بۆ توشبووانی سارس بەکاردەهات و جەستەیان کاردانەوەی ئەرێنی هەبوو بۆی.

ڤایرۆسەکە زۆر بە خێرایی و ئاسانی بڵاودەبووەوە، تەنانەت ئەگەر مرۆڤەکان بەرکەوتنی جەستەییشیان نەبووایە لە رێگای هەوا و دەستدان لە شتەکانەوە دەگوازرایەوە. ئەوەش وایکرد زۆر بە ئاسانی و لە ماوەیەکی کورتدا لەنێوان وڵاتانی ئاسیادا بڵاوبووەوە، تاوەکو لەماوەی سێ بۆ چوار مانگدا بە تەواوی جیهاندا بڵاوبووەوە.

بەشێوەیەکی گشتی توشبووان یان گەشتی وهانیان کردبوو، یان بەرکەوتەی کەسێک بوون و لەو رێگایەوە شار بە شار و وڵات بە وڵات گەشەی کرد.

 

قۆناغی دەستپێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ و کەرەنتین کردن

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و پەرەسەندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە شاری وهانی چین راگەیەنرا و وهان لە جیهان دابڕینرا، هاتنەدەرەوە و چوونەناوەوەی وهان قەدەغە کرا، لەناو وهانیشدا کەرەنتین راگەیەنرا و دەبوو خەڵک لە ماڵەکانیاندا نەیەنە دەرەوە، ئەگەر چی ئەو رێکارانە گیرانە بەر، بەڵام ڤایرۆسەکە بەر لەوە دزەیکردبوو و کەس بە کەس بڵاوبووبووەوە.

دواتر رێکارەکانی کەرەنتین کردن گیرانە بەر و وڵاتان هاوڵاتیانی خۆیان لە چینەوە دەگەڕاندەوە و لە سەرەتاشدا ماوەی ١٤ رۆژ کەرەنتینیان دەکردن و رێگەیان نەدەدان بچنە دەرەوە، تاوەکو وایلێهات قەدەغەی هاتوچۆ لەنێوان شارەکان و دواتر وڵاتەکاندا راگەیەنرا.

گەشتە ئاسمانییەکان بۆ حاڵەتی کتوپڕ ئەنجامدەدران و هاوڵاتیان لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا رێگەیان نەدەدرا لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.

لەگەڵ هەموو ئەو رێکارە خۆپارێزیانەشدا، هێشتا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە خێراتر و خێراتر دەبوو و رۆژ بە رۆژ ئاماری توشبووان و گیانلەدەستدان زیاتر دەبوو.

No description available.

 

رێکارە جیهانییەکان و ناساندی کۆرۆنا بە پەتایەکی جیهانیی

لە مانگی ١ی ساڵی ٢٠٢٠دا، رێکخراوی تەندروستی جیهانی، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی وەک بارێکی لەناکاو و نائاسایی لە جیهاندا ناساند.

لە مانگی ٢ی ٢٠٢٠دا بە فەرمی ناوی نرا COVID-2019 و لە سەرەتای مانگی ٣دا نتەوە یەکگرتووەکان ١٥ ملیۆن دۆلاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە تەرخانکرد.

هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە رێکارەکانی خۆپارێزی گیرانە بەر، بەستنی ماسک کرا بە ناچاری و پاککردنەوەی گشتی لە زۆرینەی ناوەندەکاندا ئەنجامدرا و شەقام بە شەقام و ماڵ بە ماڵ لەرێگای ماددە پاککەرەوەکانەوە پاکدەکرانەوە و دەڕشێنران.

No description available.

بەهۆی خێرابڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و زۆری ژمارەی توشبووان، بەشێوەیەکی گشتی وڵاتان نەخۆشخانەی نوێیان تایبەت بە توشبووانی کۆرۆنا دروستکرد، سەرەڕای ئەوەش جێگای نەخۆش لە نەخۆشخانەکاندا نەمابوو، هەر بۆ نموونە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا لەماوەی ١٠ رۆژدا چین نەخۆشخانەیەکی هەزار قەرەوێڵەیی دروستکرد.

No description available.

لە مانگی ٣ی ٢٠٢٠دا رێژەی توشبوون گەیشتە ١٠٠ هەزار حاڵەتی پشتڕاستکراوە و تۆمارکراو و رێکخراوی تەندروستی جیهانی ڤایرۆسەکەی وەک پەتایەکی جیهانیی ناساند.

لە مانگی ٣دا گۆڕانکارییەکان خێراتر و زیاتر بوون و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە تەواوی پەرەی سەند، ئەوروپا بووە ناوەندێکی سەرەکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و ئەمریکاش دۆخی لەناکاوی راگەیاند، کە دواتر ئەمریکا بووە ئەو وڵاتەی زۆرترین توشبووی تێدا تۆمار کرا.

هەر لە مانگی ٣دا یەکەم ڤاکسین بۆ کۆڤید-١٩ گەشەی پێدرا.

لە مانگی ٤دا ڤایرۆسەکە بەشێوەیەک گەشەی سەند، لەماوەی یەک مانگدا توشبوون لە ١٠٠ هەزارەوە گەیشتە یەک ملیۆن کەس. 

دواتر لەماوەی نۆ مانگی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا رێژەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە یەک ملیۆن کەس.

 

ڤاکسین و گەڕانەوەی ئومێد بۆ جیهان

لەکۆتاییدا لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠٢٠دا، کۆمپانیای Pfizer ئەمریکی رایگەیاند، ڤاکسینێکیان بەرهەمهێناوە کە جەستە وەڵامدانەوەی بۆی هەیە و بەرێژەی ٩٠٪ کاریگەرە.

No description available.

هەر لە مانگی ١١ی هەمان ساڵدا، Modernaش سەرکەوتنی ڤاکسینەکەی خۆی راگەیاند.

هەر لە هەمان مانگدا زانکۆی ئۆکسفۆرد و ئەسترازینکا ڤاکسینێکیان راگەیاند.

لەماوەیەکی کەمدا و لەنێوان مانگی ١١ تاوەکو مانگی ٤ی ٢٠٢١، یەک ملیار ڤاکسین گەیەنرایە سەرانسەری جیهان و وەرگرتنی دۆزێک لە ڤاکسینەکە کرایە ناچاری و لە فڕۆکەخانەکاندا رێگەیان نەدەدا هاوڵاتیان گەشت بکەن، ئەگەر پێشتر دوو دۆز یان لانی کەم یەک دۆزی پێکوتەی کۆرۆنایان وەرنەگرتبێت، کە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەش، وەرگتنی پێکوتەکەیان بۆ کرا بە کارتێکی ئەلیکترۆنی.

 

بڵاوبوونەوەی گۆڕاوەکانی کۆرۆنا

تەنها هەشت مانگ لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، یەکەم گۆڕاوی ڤایرۆسەکە بەناوی lambda راگەیەنرا، دواتریش رۆژ بە رۆژ گۆڕاوی دیکەی کۆرۆنا بڵاوبوونەوە بە ناوەکانی alpha, beta, delta, omicron. تەندروستی جیهانیش دەڵێت، بڵاوبوونەوەی گۆڕاوی ڤایرۆسەکان، ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە بۆ سەرجەم ڤایرۆسەکان.

 

دوایین ئامارەکان

بەپێی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ١٠ی ١١ی ٢٠٢٤، زیاتر لە ٧٧٦ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار توشبووی کۆرۆنا لە جیهاندا تۆمارکراون، ئەوە جگە لەو کەسانەی توشبوون و تۆمارنەکراون.

هاوکات، زیاتر لە حەوت ملیۆن کەسیش بەهۆی توشبوون بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، کە بە شێوەیەکی گشتی پەرەسەندنی ئامارەکانی گیانلەدەستدان لە ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١دا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە و لە ٢٠٢٢ بەدواوە وردە وردە ئامارەکانی گیانلەدەستدان روویان لە کەمبوونەوە کرد.

 

کاریگەریی رێکارەکانی کۆرۆنا لەسەر ژینگە

دوای ئەوەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە سەرجەم وڵاتەکاندا قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەنرا و گەشتی نێوان وڵاتان وەستێنران، بەشێوەیەکی گشتی ئۆتۆمبێلەکان نەدەچوونە سەر شەقامەکان و کارگە و شوێنەکانی دیکەش کارەکانیان راگرتبوو، ئەوەش کاریگەریی لەسەر ژینگە دروستکرد.

گۆڕانکارییەکان بە جۆرێک بوون، تەنها لەماوەی نێوان مانگی ١ بۆ ٤ی ٢٠٢٠دا، دەردانی رۆژانەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەرێژەی ٨.٦٪ کەمی کرد بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی ٢٠١٩دا.

دوایین راپۆرتەکانیش ئەوەیان نیشان دەدا، کە دەردانی گازەکانی دەبنە هۆی گەرمبوونی جیهان، بەشێوەیەکی بەرچاو روویان لە دابەزین کرد.

 

دۆخی ئێستای جیهان لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا

ئەگەرچی لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا هەرکەسێک توشببووایە راستەوخۆ بۆماوەی ١٤ رۆژ کەرەنتین دەکرا و چاودێریی تەندروستی دەکرا، وردە وردە بەپێی جیاوازی بارودۆخەکان و زیاتر بڵاوبوونەوەی رێکارەکان شلتر کرانەوە و بەو توندییە جێبەجێ نەدەکران، بۆ نموونە دوای چوار مانگ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە نەخۆشەکان دەوترا لە ماڵەوە بمێننەوە و خۆتان لە ئەندامانی دیکەی خێزان بە دووربگرن.

هاوکات، لەگەڵ ئاشنابوونی جیهانیش بە ڤایرۆسەکە و نیشانەکان و شێوەی چارەسەرکردنی، رۆژ بە رۆژ ترسەکان رەوینەوە و ئێستا کەسەکان ئەگەر توشی ڤایرۆسەکەش ببن، هەمان ئەو ترسەیان لێنانیشێت کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا هەیانبوو.

ئێستا و دوای پێنج ساڵ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، توشبوون بە کۆرۆنا وەک پەتایەکی وەرزی ئاسایی بووەتەوە و کاتێک کەسەکان توشدەبن، ئەگەر نیشانەکانیان توند نەبێت نەک خۆیان کەرەنتین ناکەن، بەڵکو دەچنە سەر کار و بەردەوام دەبن لە ژیانی ئاسایی و رۆژانەیان.

 

کاریگەرییەکانی دوای توشبوون بە کۆرۆنا

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا، کاتێک کە کەسێک توشی ڤایرۆسەکە دەبوو و چاکدەبووەوە، بە ماوەی مانگێک یان زیاتر لەدوای چاکبوونەوەی چەند نیشانەیەکی لێدەردەکەوت، هەندێک بە پشتئێشە و هەندێک بە قاچ و ئەژنۆئێشە، بەشێکیشیان بە گرژبوونی ماسولکەکانی جەستەیان دەیان ناڵاند.

سەرجەم نەخۆشەکان سەرەتا نەیاندەزانی ئەو هۆکارانە چین توشی ئەو ئازارانەی کردوون و بەشێکی ئەو ئازارانەش بە ئازارشکێن نەدەڕەوینەوە، ئەگەر ئازاریشیان بشکایە بۆماوەیەکی کاتی دەبوو.

No description available.

لە بەشێکی نەخۆشەکاندا دوای چاکبوونەوەیان رێژەی ڤیتامینەکان لە جەستەیاندا دادەبەزی، بەتایبەت رێژەی 'ڤیتامین دی'، کە دابەزینی ڤیتامینەکانیش بەرگری جەستەی لاوازدەکردن و رووبەڕووی چەند گرفت و حاڵەتێکی دیکەی وەک تێکچوونی پێست و هەڵوەرینی قژ و لاوازبوونی نینۆکەکان، یانیش خەمۆکی و شەکەتی بەردەوامی دەکردنەوە، یانیش دەبووە هۆکاری تێکچوونی هۆرمۆنەکانی جەستەیان.

بەشێکی دیکەش هەستیان بە بێهێزی بەردەوام دەکرد و بەشێکیان ماوەیەکی درێژ بەدەست هەناسەتەنگی و زوو ماندووبوونەوە دەیان ناڵاند، یانیش دەیانوت هێزی جەستەمان نییە وەک پێشوو ئەرکەکانی رۆژانەمان ئەنجامبدەین.

ئێستا کە توێژینەوەکان زیاتر ئەنجامدراون لەسەر ڤایرۆسەکە و توشبوون و چاکبوونەوە و نیشانەکانی دوای کۆرۆنا، لەدوایین توێژینەوەدا، پزیشکەکان لە ئەمریکا ئاماژە بەوەدەدەن، کۆرۆنا دەبێتە هۆی دروستبوونی هەوکردن لە بەشێکی مێشکدا کە بەرپرسە لە ئەنجامدانی رەفتار و هەڵسەکەوت و کاری رۆژانە و لە بەشێکی نەخۆشەکاندا پەکیان دەخات و وایانلێدەکات بە ئاسانی نەتوانن کارەکانی رۆژانەیان ئەنجام بدەن.

باس لەوەشدەکەن، بەشێکی نەخۆشەکان چەندین نیشانەی دیکەیان هەیە لەدوای توشبوون بە کۆرۆنا، کە بەشێکیان بۆماوەی دوو هەفتە یان مانگێک یان چەند مانگ و ساڵێکیش بەردەوام دەبن، کە پێیان دەتوترێت  'نیشانە درێژخایەنەکانی کۆرۆنا'.

 

پێنجەم ساڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و هەڵوێستی چین

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا باس لەوەدەکرا، ڤایرۆسەکە لە تاقیگەیەک لە وهانی چین بەرهەمهێنراوە و لەوەوە دزەی کردووە، لە راپۆرتێکیشدا دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا 'سی ئای ئەی' ئەمریکی رادەستی جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکای کردووە باس لە هەمان بابەت دەکات.

ئەگەرچی چین ئەو تۆمەتەی رەتدەکردەوە، ئەمڕۆ لەدوای پێنج ساڵ، رێکخراوی تەندروستی جیهانیی رایگەیاندووە، کە پێویستە چین زانیاریی ورد و تەواویان لەسەر ئەو ڤایرۆسە و ئامارەکان پێبدات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قاوە یەکێکە لەو خواردنەوانەی بووەتە بەشێک لە ژیانی رۆژانەی زۆرینە و هەندێک کەس باس لەوەدەکەن، راهاتوون رۆژەکەیان بە خواردنەوەی قاوە دەستپێبکەن.

قاوە هاوشێوەی هەر خواردن و خواردنەوەیەکی دیکە سود و زیانی خۆی هەیە، خواردنەوەشی لە بەیانیاندا چەندین سودی سەرسوڕهێنەری هەیە.

 مێشک بە چالاکی دەهێڵێتەوە

بەشێوەیەکی گشتی قاوە وات لێدەکات هەست بە چالاکی و وزەی زیاتر بکەیت و مێشک بە چالاکی دەهێڵێتەوە، هەروەها دەوڵەمەندە بە ماددەی دژە ئۆکسانەکان کە رۆڵێکی گرنگ دەبێنێت لە خۆپاراستن لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و کەمکردنەوەی هەوکردن لە جەستەدا.

پێویستە ئەو کەسانەی گرفتی گەدەیاندا هەیە ئاگاداربن

قاوە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پاراستنی تەندروستیی دڵ و یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات، هەروەها یادەوەری و توانای سەرنجدان بەهێز دەکات، بەڵام پێویستە ئەو کەسانەی گرفتی دیکەیان لە جەستە و گەدەیاندا هەیە ئاگادار بن ئایا خواردنەوەی قاوە بە گەدەی بەتاڵ زیانیان پێدەگەیەنێت یان نا.

هاوکات، خواردنەوەی قاوە بەشێوەیەکی مامناوەند رۆژانە، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم و بەرزیی کولیستڕۆڵ و جەڵتەی مێشک و بەردی زراو و گورچێلە کەمدەکاتەوە.

خواردنەوەی چوار فنجان لە ڕۆژێکدا

ئەو بڕە گونجاوەی پزیشکەکان بۆ خواردنەوەی قاوە دیاریان کردووە دوو بۆ چوار فنجانە لە رۆژێکدا، بۆیە زۆرخواردنەوەی قاوە بەدەر نییە لە زیان، یان هەموو رۆژ خواردنەوەی چوار فنجان رەنگە لە هەندێک کەسدا زیانی هەبێت و ببێتە هۆی کەمی ئاسن و کەمخوێنی و تێکچوونی خەو، هەروەها زیادبوونی دڵەڕاوکێ و هەندێکجار توشبوون بە سکچوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ رۆژی جیهانی ئایدزە و نەتەویەكگرتوەكانیش ئاشكرایدەكات نزیكەی ٤٠ ملیۆن توشبوی ئایدز لە جیهاندا هەیە.

بەپێی نوێترین ئاماری بەرنامەی هاوبەشی نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ بەرەنگاربونەوەی ئایدز، لە جیهاندا ٣٩ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار توشبونی ڤایرۆسی ئایدز هەیە كە زۆرینەیان لە باشور و رۆژهەڵاتی ئەفریقان.

نەتەوەیەكگرتوەكان رایگەیاندووە بەهۆی پێشكەوتنی تەندروستیی و هۆشیاریی خەڵكەوە، توشبوون بە ڤایرۆسی ئایدز لە ساڵی ٢٠١٠-ەوە تا ئێستا بە رێژەی ٣٩٪ كەمیكردووە.

بە پێی ئەو ئامارانەی كە بڵاویان كردوەتەوە، هەر یەكە لە ئەفغانستان، میسر، فیجی، فیلیپین، پاپوا گینێی نوێ و سعودیە رێژەی توشبون بە ڤایرۆسی ئایدز لە وڵاتەكەیان پێچەوانەی جیهان بە رێژەی ١٠٠٪ یان دوو هێندە بەرزبووەتەوە.

ساڵی رابردوش لە هەرێمی كوردستان ٧٢ توشبوی ئایدز تۆمار كرا كە زۆرینەیان كەسانی بیانیبوون.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نەخۆشییەكی نادیاری مێشك كە سەدان كەسی تووش كردووە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی كەنەدا، دەسەڵاتدارانی ناوچەكەی نیگەرانكردووە و داوای لێكۆڵینەوەی بەپەلە دەكرێت.


سۆزان هەڵت سەرۆك وەزیرانی ناوچەی نیو برۆنزویك لە كەنەدا، داوای لە ئاژانسی تەندروستیی گشتیی وڵاتەكەی كردووە هاوكاریبكەن لە لێكۆڵینەوە لەو نەخۆشییەی تووشی سەدان كەس بووە لە هەرێمەكەیدا.


وتیشی، پێویستیان بە لێكۆڵینەوەی ورد هەیە لەسەر هۆكاری نەخۆشییەكە، چونكە تائێستا نازانن چۆن دەستنیشانی نەخۆشییەكە بكەن و بە چ شێوەیەك چارەسەری بكەن.


بەشێك لە پزیشكەكان پێیان وایە ئەو نەخۆشییەی لە كەنەدا سەریهەڵداوە، نەخۆشییەكی لەخۆوە نییە و هۆكاری هەیە، بەپێی توێژینەوەكان لەم چەند ساڵەی دواییدا سەدان نەخۆش تۆماركراون كە بەدەست نیشانەكانی تێكچوونی دەمارەكانەوە دەناڵێنن، وەك دڵەڕاوكێ و سەختی خەوتن، هەروەها ئازاری ئەندامەكانی جەستە و تێكچوونی هاوسەنگی، زۆرینەشیان تەمەنیان لە خوار ٤٥ ساڵییەوە بووە.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زانایانی ڕووسیا توانیان بگەن بە دۆزینەوەیەک زانستی بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی مێشک کە پێشتر نەبووە، ئەمەش بە دەستکەوتێکی پزیشکی ناوازە دادەنرێت.

ماکسیم خاسناتینۆڤ، سەرۆکی توێژەران لە سەنتەری زانستی ڕووسیا بۆ تەندروستی خێزانی لە شاری "ئیرکوتسک"، ڕایگەیاند؛ لە چوارچێوەی ئەو توێژینەوانەی ئەنجاممان داوە بۆ پەرەپێدانی دەرمانێکی نوێ بە مەبەستی چارەسەرکردنی "هەوکردنی مێشک" کە نەخۆشییەکە بەهۆی ڤایرۆسێکی گواستراوەوە دروست دەبێت.

دەرمانەکە لە ڕووەکی "هلیلج کابلی" دروستکراوە، کە ئەم جۆرە بەرهەمە سروشتیانە کە لە سیستەمی پزیشکی وڵاتانی ئاسیادا بەکاردەهێنرێت، کە لە ڕێگەییەوە پێکهاتەیەکی دژە هەوکردنیان دۆزیوەتەوە کە دەکرێت کۆنترۆڵی هەوکردنی پەردەی مێشک بکات.

لە درێژەی هەواڵەکەشدا کە لە مالپەڕی سی ئێن ئێندا بڵاوکراوەتەوە، بەر لە بەکارهێنانی دەرمانەکە لە پلاندایە چەند تاقیکردنەوەیەکی لەسەر ئەنجامبدرێت بەمەبەستی سەلامەتی لە بەکارهێنانیدا ئەمەش لە کاتێکدا ئەم دەرمانە لە ئێستادا تاکە دەرمانە بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی مێشک بەردەست بێت، بەڵام ئەم چارەسەرە تایبەتمەندییەک جیای دەکاتەوە ئەوەش شێوازی هەڵگرتنیەتی کە تەنیا دەتوانرێت لە پلەی گەرمی نێوان ٤ بۆ ٨ پلەی سەدیدا هەڵبگیرێت.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
پیاوەکە تەمەنی ٦٠ ساڵە و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ٩٠ جار لە چەند بنکەیەکی تەندروستی شاری ماگدیبورگ لە ئەڵمانیا ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرتووە.

 پۆلیسی شاری ماگدیبورگ لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە و دەڵێت توانیویەتی کارتەکانی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا ساختە بکات و بیدات بەو کەسانەی کە نایانەوێت ڤاکسینەکە وەربگرن.

ناسنامەی پیاوە ئەڵمانییەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام ئاژانسی ھەواڵی "دی پی ئەی" ئەڵمانی ڕایگەیاند کەسەکە دەستگیرنەکراوە تەنیا لێکۆڵینەوە دەکرێت لەبارەی دەنگۆکان.

ئەو کەسە دوای ئەوەی بۆ جاری دووەم لەسەر یەک چووەتە یەکێک لە بنکە تەندروستییەکان لە شاری ماگدیبورگ و داوای کردووە ڤاکسینی دژی کۆرۆنای لێبدەن، ئاشکرا بووە.

پۆلیس دەستیگرتووە بەسەر چەندین کارتی بەتاڵی وەرگرتنی ڤاکسیندا کە لەلایەن ئەو کەسەوە ھەڵگیراون.
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە، لە شاری "سوژوی" لە خۆرئاوای "شەنگەھای" جۆرێکی نوێی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن بڵاوبۆتەوە، کە تا ئێستا لە ھیچ شوێنێکی تری جیھان تۆمار نەکراوە. 

ھاوکات لە شاری "شەنگەھای" گەورەترین شاری چین، ملیۆنان کەس کەرەنتین کراون و داواش لە دانیشتووانی ئەو شارە کراوە، پشکنینی کۆرۆنا بکەن و دەمامک بکەن و تێکەڵاوی کەسانی تر نەبن.

ھاوکات حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لە وڵاتی چین لە رۆژێکدا زیاتر لە ١٣ ھەزار حاڵەتی تێپەڕاندووە، لە مانگی شوباتی ساڵی رابردووشەوە ئەو حاڵەتە زۆرەی توشبوون بە کۆرۆنا لەو وڵاتە تۆمار نەکراوە. 


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە، بەھۆی پەرەسەندنی کۆرۆنا، شاری شەنگھای بەتەواوەتی کەرەنتین کراوە و داوا لە دانیشتووانی شارەکە کراوە، بۆ ماوەی پێنج رۆژ لە ماڵەکانیان بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە، ھەڵمەتێکی بەرفراوانی پشکنینی کۆرۆناش لەشارەکە دەستیپێکردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، قەدەغەی ھاتوچۆ لە شەنگھای راگەیەندراوە و لەئێستادا تەنھا کارمەندانی ناوەندەکانی فریاگوزاری خێرا دەتوانن لە شارەکەدا ھاتووچۆ بکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر لێپرسراوانی چین رایانگەیاندبوو، بەھۆی گرنگیی شەنگھای بۆ ئابوری چین و جیھان، ئەگەری کەرەنتینکردنی لەئارادا نییە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا تێپەڕێنراوە، بەڵام دەرکەوتنی گۆڕاو یاخود شەپۆلی نوێی ڤایرۆسەکە ئەگەرێکی کرایەوە، لەبەرئەوە پێویستە ھاووڵاتیان پابەندبن بە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی تەندروستی.

جەختیشیکردووەتەوە، پێشوازی خەڵک لە وەرگرتنی ژەمی سێھەمی ڤاکسینی کۆرۆنا، زۆر کەمە و لە ئاستی پێویستدا نییە، داوا لە ھاووڵاتیانیش دەکات بە تایبەتی ئەوانەی نەخۆشن ژەمی سێھەمی ڤاکسین وەربگرن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تیدرۆس ئەدھانۆم بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ڕایگەیاند، ھیوایان لەسەر ئەوە ھەڵچنییوە کە لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا قۆناغە قورسەکەی کۆرۆنا کۆتایی پێ بێت.

وتیشی، مەرجی کۆتایی ھاتنی کۆرۆنا بەستراوەتەوە بەوەی ٧٠٪ی دانیشتوانی جیھان خۆیان بکوتن بە ڤاکسینی کۆرۆنا.

ئەدھانۆم جەختیشیکردەوە بابەتەکە لە دەستی مرۆڤ خۆیدایە، کە چ بڕیارێک دەدات لەسەر کۆتاییھێنان یان بەردەوامبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە پێی دواین ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی، لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا، زیاتر لە ٤٠٩ ملیۆن و ٢٦ ھەزار کەس لە سەرتاسەری جیھان تووشی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش پێنج ملیۆن و ٨٢١ ھەزار و ٣٤٦ کەس بە ڤایرۆسەکە گیانیان لە دەستداوە.

لە ڕیزبەندی وڵاتانی جیھانیش لە بارەی کۆرۆنا ئەمریکا بەردەوام لە ڕیزبەندی یەکەمی وڵاتاندایە بە تۆمارکردنی زیاتر لە ٧٩ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار حاڵەتی تووشبوون و گیان لە دەستدانی زیاتر لە ٩٤٢ ھەزار کەس.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تێدرۆس ئەدھانۆم بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ڕایگەیاند، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێویستە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی جیھان بە پەلە ١٦ ملیار دۆلاری تر بۆ ڕێکخراوەکەیان دابین بکەن.

وتیشی، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا پێویستیان بە کاری زانستی ھەیە و ئەوەش پشتیوانیی دارایی پێویستە، ئەدھانۆم دڵنیایی داوە ئەگەر وڵاتە دەوڵەمەندەکان ئەو بڕە پارەیەیان بۆ دابین بکەن و ھەموو وڵاتانی جیھانیش ھاوکاریان بن، دەکرێت ئەمساڵ کۆتایی بە کۆرۆنا بھێنن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێکخراوی تەندروستی جیھانی ئاشکرایکردوە، بە وردی چادێری نەوە نوێکانی ئۆمیکرۆن دەکەن کە لە ٥٠ وڵات بڵاوبونەتەوە و بەوەش دەناسرێنەوە کە زۆر بە خێرایی بڵاودەنەوە، بەڵام ھیچ بەڵگەیەک نیە بۆ ئەوەی کە مەترسیدار بن. 


ماریا فان کیرکۆڤ بەرێوەبەری تەکنیکی لە رێکخراوی تەندروستی جیھانی رایگەیاندوە، تا ئێستا ھەموو شتێک دەربارەی کۆرۆنا و نەوە نوێکانی نازانن، ھەربۆیە جارێ کاتی ئەوە نەھاتووە سەرکەوتن بەسەر ڤایرۆسەکەدا رابگەیەندرێت .

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. عەلی قەنبەری موتڵەق سەرۆکی ناوەندی ڕێگەگرتن لە شێرپەنجەی سەر بە وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، ئاسانترین و کەم تێچووترین ڕێگە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجە، ڕێگرتنە لە تووشبوون بە نەخۆشییەکە بە ڕێگەی پشکنینی بەردەوام و خۆپاراستن کە دەتوانرێت ڕێگە لە تووشبوونی ٤٠٪ بۆ ٥٠٪ی جۆری شێرپەنجە بگیرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە گشتی ھەموو ساڵێک زیاتر لە ١٣٥ ھەزار کەس لە ئێران تووشی شێرپەنجە دەبن و ساڵانەش بە ڕێژەی ٥٪ بە ئامارەکە زیاد دەبێت. وتیشی، باوترین جۆری شێرپەنجە لە ئێران، شێرپەنجەی مەمکە لەناو ژنان و شێرپەنجەی پڕۆستاتە لە پیاواندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڕۆژنامەی سەنی بەریتانی  لە زاری پسپۆڕانی بەشی قورگ  و گوێ و لوت لە زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکا بڵاویکردەوە، یەکێک لە نیشانە نوێیەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆرنای جۆری ئۆمیکرۆن، دروستبوونی ئازاری گوێچکەیە.


ئەو پسپۆڕانە ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو کەسانەی تووشی ئازاری گوێچکە بوون، دەرکەوتووە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای جۆری ئۆمیکرۆن بوون.


بە وتەی پسۆڕانی تەندروستی، دەرکەوتووە ھاتنی ڤایرۆسەکە بۆ گوێ لەڕێگەی لوتەوە گوێزراوەتەوە بۆ کەناڵی گوێی ناوەوە و ئازار لە گوێییەکاندا دروست دەکات.


ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاوی جۆری ئۆمیکرۆن، زیاتر لە دوو مانگە لە زۆربەی ناوچەکانی جیھان بەشێوەیەکی خێرا تەشەنە دەکات و منداڵانیش تووش دەبن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
12345...14