ڕاپۆرتێکی تاقیگەی "لورنس لیڤەرمور"ی نیشتمانی سەر بە حکومەتی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەری دزەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەی "وھان"ی چینەوە دوور نییە و دەبێت لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت، ئەو ڕاپۆرتە جارێکی تر ئەگەری سەرھەڵدانی کۆرۆنای لە تاقیگە یاخود لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ وروژاندووە.
وتەبێژی باڵیۆزخانەی چینیش لە "واشنتۆن" ڕایگەیاند، سەرچاوەی سەرھەڵدانی کۆرۆنا بابەتێکی زانستییە و دەبێت زانایان لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن و بەلاڕێدا نەبرێت.
وتیشی، ھەر ئەنجامێک دەست بکەوێت دەبێت لەگەڵ پێوەرەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی یەکبگرێتەوە.
تێدرۆس ئەدھانۆم بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی ڕایگەیاند، سەرباری داتای جیاواز، بەڵام ئاماژەی ئومێدبەخش ھەیە بۆ کەمبوونەوەی ئامارەکانی کۆرۆنا و شەش ھەفتەی یەک لە دوای یەکە ئامارەکان ڕوویان لە کەمبوونەوە کردووە.
وتیشی، دابەشکردنی ڤاکسین کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی کۆرۆنا ھەیە، بەڵام دوای شەش مانگ لە دەستپێکردنی پڕۆسەی کوتان لە جیھاندا، وڵاتە دەوڵەمەندەکان بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر بەراورد بە وڵاتە ھەژارەکان، ڤاکسینی کۆرۆنایان دابەشکردووە، بۆیە کۆرۆنا ھێشتا مەترسییە لەسەر وڵاتانی ھەژار.
دوای ئەوەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی ڕەزامەندیی نیشاندا لەسەر بەکارھێنانی ڤاکسینی سینۆڤاکی چینی لە حاڵەتی بە پەلەدا، کۆمپانیا چینیەکە ڕایگەیاند، حکومەتی (بەیجین) بڕیاریداوە بە بەکارھێنانی ژەمە ڤاکسینی بەرھەمی کۆمپانیاکەیان بە مندڵانی تەمەن (٣ تا ١٧) ساڵان لە حاڵەتی پێویست و بە پەلەدا.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر دکتۆر (کاسرین لی ئۆبراین) پسپۆڕی منداڵان و لێپرسراوی بەشی کوتان لە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ڕایگەیاند، پێویست ناکات منداڵان بخرێنە ناو پڕۆسەی وەرگرتنی ژەمە ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە تایبەتی کە توانای بەرگری لە مندڵان لە بەرامبەر ڤایرۆسەکە لە ئاستێکی بەرزدایە و زۆر بە کەمی تووشی پەتاکە دەبن، بۆیە دەبێت بە ساڵاچووان لە ئەولەویەتی وڵاتانی جیھاندا بن بۆ پێدانی ڤاکسینەکە.
بە پێی زانیارییەکانی زانکۆی جۆنز ھۆبکنز کە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ شیکردنەوەی بۆ کردووە، لە ماوەی ھەفتەی ڕابردوودا ژمارەی گیان لە دەستدان بە کۆرۆنا بۆ ٤٣٢ کەس دابەزیوە، ئەمەش کەمترین گیان لە دەستدانە لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردووەوە تۆمار کرابێت.
تەندروستی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، تا ئێستا نیوەی دانیشتوانی ئەمریکا ھەردوو ژەمەکەی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە و پێدانی ڤاکسین بە سەرجەم بە تەمەنەکانیش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی گیان لە دەستدان ھەبووە.
وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند: لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو، (٩) ھەزار و (٦٥٧) حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە و کە (١٤٠٠) تووشبوویان باری تەندروستیان ناجێگیرەوە و ١٧٠ کەسیش گیانیان لە دەستداوە.
جێگری پارێزگاری سنەش ڕایگەیاند: بۆ ڕێگری لە تەشەنەی زیاتری کۆرۆنای گۆڕدراو، قەدەغەی ھاتوچۆ لە سنووری باشماخەوە تا کۆتایی ئەم مانگە درێژ کرایەوە.
لیژنەی نیشتمانی تەندروستی چین ڕایگەیاند، پیاوێکی تەمەن ٤١ ساڵ لە شاری ژینژیانگی خۆرھەڵاتی وڵاتەکەی، تووشی ئەنفلۆنزای باڵندە (H10 N3) بووە کە لە کێلگەیەکی پەلەوەردا کاری کردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، توانا و ئاستی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زۆر نزمە و بەربڵاو نییە.
ئاژانسی ڕۆیتەرزیش ئاماژەی بەوە کردووە ئەوە یەکەم حاڵەتی تووشبوونە بە ئەنفلۆنزای باڵندە کە بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
بە پێی ئامارێک، کۆی گشتی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە جیھاندا گەیشووەتە ١٧٠ ملیۆن و ٥٨٧ ھەزار و ٦٢٣ کەس و ھەروەھا ئاماری گیان لە دەستدانیش ٣ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزاری تێپەراندووە، لە ڕووی زۆری ئامارەکانیشەوە تا ئێستا ئەمریکا لە پلەی یەکەم و ھیندستان لە پلەی دووەمدایە
لە چین ١٦ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کرا.
لیژنەی نیشتمانیی تەندروستیی چین ڕایگەیاند ١٦ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و بەراورد بە ڕۆژی ھەینیش ٧ حاڵەتی تری تووشبوون زیادیکردووە.
لیژنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆی ئەو ١٦ کەسەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون، ١٤یان لە دەرەوەی چین گەڕاونەتەوە و ئەو تووشبووانەش کە ھیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرنەکەوتووە کەمبووەتەوە بۆ ١٤ کەس.
بەوەش کۆی ئاماری تووشبوون بە کۆرۆنا لە چین دەگاتە ٩١ ھەزار و ٦١ کەس، بەڵام ئاماری گیان لە دەستدان بە ڤایرۆسەکە ھەر بە جێگری ماوەتەوە کە ئەویش ٤ ھەزار و ٦٣٦ گیان لە دەستدانە.
(ئەنگێلا مێرکڵ) ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ھەرێمەکانی ئەڵمانیا، بیرۆکەی پێدانی ژەمە ڤاکسین بۆ (مێردمنداڵان)ی تەمەن (١٢ بۆ ١٦) ساڵ تاوتوێکردووە و بڕیارە تا ٧ی حوزەیران ئەو بابەتە یەکلا بکرێتەوە، ئەگەر ئاژانسی دەرمانی ئەوروپا پەسەندی بکات.
پێشتریش کۆمپانیای ھاوبەشی دەرمانی (فایزەر و بایۆنتیک) لە ڕاگەیەندراوێکی ھاوبەشدا بڵاویانکردەوە، لەو لێکۆڵینەوانەی کە ئەنجامدراون، لەسەر منداڵانی تەمەن ١٢ بۆ ١٥ ساڵ، ١٠٠٪ کاریگەری نیشانداوە، بۆیە پێدانی ڤاکسین بۆ مێردمنداڵان تەندروستە.
دەسەڵاتی تەندروستیی بەریتانیا بڵاویکردەوە، پاش ئەو ئەنجامە باشانەی کە ڤاکسینی "جۆنسن ئاند جۆنسن"، لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەدەستیھێناوە، مۆڵەت بە بەکارھێنانی ئەو ڤاکسینە دەدرێت و داوای ٢٠ ملیۆن دۆزی ئەو ڤاکسینەیان لە کۆمپانیاکە کردووە.
ڤاکسینی "جۆنسن ئاند جۆنسن"، بەرھەمھێنراوی کۆمپانیای جۆنسن ئاند جۆنسنی ئەمریکیە و ڕێژەی کارایی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەگاتە ٦٧٪ و بەوە دەناسرێتەوە، کە تەنھا بە یەک دۆز لە کەسی وەرگر دەدرێت.