(تیدرۆس ئەدھانۆم) بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیھان ڕایگەیاند، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جۆری دەلتا بە شێوەیەکی زۆر خێرا لە چەند وڵاتێکی ئەفریقا تەشەنەیکردووە و بەراورد بە ھەفتەی ڕابردوو ئامارەکان بە ڕێژەی ٨٠٪ زیادیان کردووە.
وتیشی، ھەفتەی ڕابردوو لە جیھاندا زیاتر لە چوار ملیۆن حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە، نیگەرانی خۆشی نیشاندا، لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا ڕێژەی پشکنین بۆ ڤایرۆسەکە بۆ ٢٪ دابەزیوە.
ھۆشداریشیدا ئەگەر کۆرۆنا بەم شێوە خێرایە تەشەنە بکات، بەرنامەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی بۆ کوتانی ٤٠٪ی جیھان تا کۆتایی ئەمساڵ شکستدەھێنێت.
بە پێی نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی، ھۆکاری زۆربوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە جیھاندا، بەھۆی جۆرە نوێیەکەیەوە کە زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە و ٨ ناوچەی تری گرتووەتەوە و تا ئێستا لە ١٣٢ وڵات و ناوچەی جیھان بڵاوبووەتەوە، لە کاتێکدا ھەفتەی پێشوو لە ١٢٤ وڵات و ناوچە تۆمارکرابوو.
"دۆمینیک ڕاب" وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، ڤاکسین بۆ ٧٠٪ی دانیشتوانی وڵاتەکەی بەکارھێنراوە، بەڵام دڵنیا نین لە پارێزراویان تا ھەموو جیھان ڕزگاری نەبێت لە کۆرۆنا، ھەر بۆیە ٩ ملیۆن ژەمە ڤاکسینی ئەسترازینیکا دەنێرن بۆ ژمارەیەک لە وڵاتە ھەژارەکان کە لە نێویاندا، ئیندۆنیزیا و جامایکا و کینیا و لاوس و ڤێتنام و کەمبۆدیا ھەن.
ئۆرسۆلا ڤۆندێر لاین سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ڕایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا جگە لەو ئەرکە ناوخۆییانەی لەسەر شانیەتی، ھاوکاریکردنی وڵاتانی جیھانیشی لە ئەستۆ گرتووە بە تایبەتی وڵاتانی ھەژار و کەمدەرامەت و ئەو وڵاتانەی بە دەست قەیرانی ئابوری و سیاسی و ئەمنییەوە دەناڵێنن.
وتیشی، یەکێتی ئەوروپا بەڵینی داوە لە ماوەی چەند مانگی داھاتوودا و پێش کۆتایھاتنی ئەمساڵ، زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن ژەمی ڤاکسین بۆ وڵاتانی ھەژار دابین بکات.
"ھەیسەم عەبیدی" بەڕێوەبەری تەندروستی لە وەزارەتەکە ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا تای خوێن بەربوون لە عێراق بڵاوبووەتەوە و ٨ تووشبوو و ٣ حاڵەتی گیان لە دەستدان لە ٢ ھەفتەدا تۆمارکراوە کە لە "بەغداد و زیقار" بوون، چەند حاڵەتێکی گومانلێکراویش لە "ئەنبار" ھەیە.
لای خۆشیەوە، "بێگەرد تاڵەبانی" وەزیری کشتوکاڵی ھەرێم بڵاویکردەوە، چەند ڕێنماییەکی بۆ کاتی قوربانی کردن بڵاوکردووەتەوە، ئەو ئاژەڵەی سەردەبڕێت دەبێت تەندروست بێت و پشکنینی پێش و دوای سەربڕینی بۆ بکرێت، ھۆشداریشیدا لە سەربڕینی ئاژەڵ لەناو کۆڵانەکان کە ھۆکارێکە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.
بە پێی پسپۆڕانی تەندروستی و ڤێتێنەری، تای خوێن بەربوون نەخۆشییەکی گوازراوەیە و ڕێژەی گیان لە دەستدان دەگاتە ٦٠٪ و خوێن بەربوون و چەندین نیشانەی توندی تری ھەیە.
لە ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی تونسدا ھاتووە، ٦ ھەزار و ٧٨٧ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە و ئەم ڕێژە بەرزە ترسی لای ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتە دروستکردووە، چونکە حکومەت ڕایگەیاندووە، توانای کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکەیان لە دەستداوە و سیستمی تەندروستی داڕووخاوە.
تا ئێستا لە تونس ٥٣٠ ھەزار حاڵەتی تووشبوون بە کۆۆرنا تۆمار کراوە و لەو ژمارەیەش ١٧ ھەزار و ٢٠٠ کەس گیانیان لە دەستداوە، ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیش دەڵێت تونس یەکەم وڵاتی ئەفریقی و عەرەبییە ڕۆژانە زۆرترین حاڵەت تۆمار بکات.
بەپێی ئامارەکە چین بە پێدانی یەک ملیار و ٤٤٠ ملیۆن ژەمە ڤاکسین، یەکەم وڵاتی جیھانە زۆرترین بڕی کوتانی بۆ زۆرترین ژمارەی ھاوڵاتییەکانی کردبێت و ھندستانیش دووەم وڵاتە کە ٣٣٩ ملیۆن ژەمە ڤاکسینی بە ھاوڵاتییەکانی داوە.
بەپێی ژمارەی دانیشتوانیش ئیمارات لە پلەی یەکەمدایە کە زیاتر لە ژمارەی ھاوڵاتییەکانی ژەمە ڤاکسینی بە دانیشتوانەکەی داوە و بۆ ھەر ١٠٠ کەسێک ١٦٤ ژەمە ڤاکسینی دابەشکردووە.
ھەر بە پێی ئامارەکە ٦٣ کەس بە ڤایرۆسەکە گیانیان لە دەستداوە، ئەمەش بەرزترین ڕێژەی گیان لە دەستدانە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا و حکومەتی بەریتانیاش ھۆشداری دەدات ئەگەر ڕەوشەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت، ژمارەی تووشبوونی ڕۆژانە دەگاتە ١٠٠ ھەزار کەس، بڵاوبوونەوەی جۆری دەلتاش ھێندەی دیکە ژمارەی تووشبوونی بە ڤایرۆسەکە بەرزتر کردووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ١١ ملیۆن دۆز ڤاکسینی کۆرۆنا لە جۆری ئەسترازینکای دروستکراوی خۆی، دەبەخشێتە ١٥ وڵاتی جیھان، لەو بڕەش دوو ملیۆن و ٩٠٠ ھەزاری لە داھاتوویەکی نزیکدا دەداتە ئێران.
ژاپۆن بۆ کوتانی ٦٠ ملیۆن کەس لە دانیشتووانی وڵاتەکەی ڤاکسینی کۆرۆنای لە جۆری ئەسترازینیکا بەرھەمھێناوە و لە مانگی ٥ی ئەمساڵیشەوە مۆڵەتی بەکارھێنانی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی وەرگرتووە.
فاوچی لە وەڵامێکی ناڕاستەوخۆدا بۆ کۆمپانیای فایزەر وتویەتی، ئیدارەی ئەمریکا داوای لەو ھاووڵاتیانە نەکردووە ھەردوو دۆزی ڤاکسینیان وەرگرتووە، دۆزی سێیەمیش وەربگرن، بەپێی ناوەندی ئەمریکیش بۆ روبەڕوبوونەوەی نەخۆشی و خۆپارێزی، دۆزی سێیەمی ڤاکسین پێویست نییە.
ھەفتەی رابردوو کۆمپانیای فایزەر رایگەیاندبوو، ئەو بەرگرییەی ڤاکسینەکان دەیدەنە وەرگر، کەمبووەتەوە و کاتی ئەوە ھاتووە دۆزی سێیەمیش وەربگیرێت.
لەسەر ئاستی جیھانیش، ژمارەی گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا چوار ملیۆن کەسی تێپەڕاند، تا ئێستاش زیاتر لە ١٧١ ملیۆن کەس لە کۆی ١٨٧ ملیۆن توشبووی کۆرۆنا لە جیھاندا، چاکبوونەتەوە.