کلیڤلاند کلینیک هۆشداری لەبارەی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری شیرینکەرە دەستکردەکانەوە دەدات.
کلیڤلاند کلینیک ئاشکرای دەکات، بەکارهێنانی بێسنور و لەڕادەبەدەری شیرینکەرە دەستکردەکان لەلایەن تووشبووانی شەکرەوە، ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک زیاددەکات.
شیرینکەرە دەستکردەکان یەکێکن لە جێگرەوە سەرەکییەکان بۆ توشبووانی شەکرە و چەندین جۆری جیاوازیان هەیە، لەوانەش ستیڤیا، ئەسپارتام و سوکرالۆس.
شیرینکەرە دەستکردەکان وزەیەکی کەم لەخۆدەگرن و لەڕووی تامەوە زۆر شیرینترن بە بەراورد بە شەکری ئاسایی و بە هیچ جۆرێک ئاستی شەکری خوێن بەرز ناکەنەوە.
کلیڤلاند کلینیک، کە یەکێکە لە دامەزراوە تەندروستییەکانی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر شیرینکەرە دەستکردەکان لەلایەن توشبووانی شەکرەوە بە شێوەیەکی گونجاو و مامناوەندی بەکاربێن، دەکرێت توشبووانی شەکرە بپارێزن بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکیان هەبێت و تەناتە دەشێت لە ئامادەکردنی خواردنیشدا بەکاربهێنرێن.
دامەزراوەکە دەڵێت، هەرچەندە بەکارهێنانی ئەم شیرینکەرە دەستکردانە سودبەخشە، بەڵام دەبێت بەکارهێنانیان لە سنوری ئاسایی تێنەپەڕێت، چونکە مەترسیی جەڵتەی دڵ و مێشک دەهێننە ئاراوە.
لە چوارچێوەی سودی شیرینکەرە دەستکردەکاندا، کلیڤلاند کلینیک ئاماژە بەوە دەدات کە بەکارهێنانی ئەم جۆرە شەکرە وا دەکات ددانەکان کەمتر کلۆرببن و تەنانەت دەشێت کەسانی ئاساییش بەکاریبهێنن ئەگەر ویستی دوورکەوتنەوەیان لە شەکری سپی هەبێت.
بەگوێرەی دوایین بڵاوکراوەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نزیکەی 1 ملیار کەس لە جیهاندا بەدەست نەخۆشیی شەکرەوە دەناڵێنن و نیشانە باوەکانی نەخۆشییەکە بەگشتی خۆیان دەبیننەوە لە تینوێتیی لەڕادەبەدەر، زۆرمیزکردن، ماندوویەتی و دابەزینی لەپڕی کێش.