مەسعود پزیشکیان لە پەیامێکدا بۆ سەرکردەی وڵاتانی دراوسێ رایدەگەیەنێت کە تاران هەوڵی دیپلۆماسیی داوە بۆ رێگریکردن لە جەنگ، بەڵام هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ناچاریان دەکات بەرگری لە خۆیان بکەن.
لە بڵاوکراوەیەکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، مەسعود پزیشکیان، پەیامێکی ئاراستەی پاشا و سەرۆکی وڵاتانی دۆست و دراوسێی ئێران کردووە و رایگەیاندووە کە پێشتر لەگەڵ ئەواندا و لەرێگەی دیپلۆماسییەوە هەوڵی تەواویان داوە بۆ ئەوەی جەنگ هەڵنەگیرسێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەم وڵاتەکەیدا نەهێشتووەتەوە جگە لە بەرگریکردن لە خۆیان.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک کۆماری ئێران دڵنیایی دەداتە وڵاتانی ناوچەکە کە رێز لە سەروەرییان دەگرن، و جەختیش دەکاتەوە کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت بە هەوڵی هاوبەشی هەموو وڵاتەکان پێکەوە بەدی بێت. ئەم لێدوانە نەرمەی پزیشکیان وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ هێورکردنەوەی وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە، تاوەکو دڵنیایان بکاتەوە کە ئێران نیازی هێرشکردنە سەریانی نییە و دەیەوێت بە هاوبەشی ئاسایشی ناوچەکە بپارێزن.
وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداری دەدات کە ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر باڵیۆزخانەکەیان لە لوبنان، ئەوا تەواوی باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە سەرتاسەری جیهاندا دەکەنە ئامانج و لەناویانی دەبەن.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی تەسنیم، سەردار ئەبولفەزل شکارچی، وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئاماژەی بە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل کردووە بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە وڵاتی لوبنان و رایگەیاندووە کە ئیسرائیل دەریخستووە هیچ سنوورێک بۆ کارەکانی ناناسێت، بەڵام تاران تا ئێستا بەهۆی رەچاوکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە دانیبەخۆیدا گرتووە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران جگە لە ئەمریکا و ئیسرائیل، هیچ کێشە و دوژمنایەتییەکی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهاندا نییە و پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن بەڕێوەدەبات.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، شکارچی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەگەر ئیسرائیل دەست بۆ تاوانێکی لەو شێوەیە ببات و باڵیۆزخانەکەیان لە لوبنان بکاتە ئامانج، ئەوا ئێرانیش ناچار دەبێت سەرجەم باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە سەرتاسەری جیهاندا وەک ئامانجی رەوا سەیر بکات و بە دڵنیاییەوە کاری هاوشێوە دەکەن.
لە کۆتاییشدا وتەبێژەکەی هێزە چەکدارەکانی ئێران دووپاتیکردووەتەوە کە وڵاتەکەی سوورە لەسەر ئەوەی ئیسرائیل و ئەمریکای پاڵپشتیکاری بە چۆکدا بهێنێت و لەم رێگەیەشدا بە هیچ شێوەیەک پاشەکشێ ناکەن.
وەزارەتی دارایی عیراق سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە دواخستنی موچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی مانگی ئازار دەکەن بەهۆی کێشەی نەبوونی نەختینەوە.
لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا، وەزارەتی دارایی عیراق ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە دواخستنی موچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی بۆ مانگی ئازار بەهۆی نەبوونی نەختینەوە (سیولە)، بە تەواوی دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکی فرەسمیان نییە.
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە فەرمانگەی ژمێریاری بە کرداری دەستی بە تەمویلکردنی موچە و دەرماڵەکان کردووە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەی لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بگاتە دەست سوودمەندان.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا روونکراوەتەوە کە دۆخی دارایی دەوڵەت جێگیرە و تەرخانکراوەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی بە تەواوی لە ناو بودجەی فیدراڵیدا دەستەبەر کراون.
هەروەها دووپاتیکردووەتەوە کە پرۆسەی خەرجکردنەکە بەبێ هیچ قەیران و کێشەیەکی دارایی بەڕێوەدەچێت. لە کۆتاییدا، وەزارەتەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات کە بەدوای پڕوپاگەندەکان نەکەون کە ئامانجیان شێواندنی رای گشتییە، و زانیارییەکان تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن.
ئەمریکا رایدەگەیەنێت کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران بە خێرایی بەردەوامن و لە چەند رۆژی داهاتوودا هێرشەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە فراوانتر دەکات، لە بەرامبەریشدا تاران جەخت دەکاتەوە کە تەنیا ئامانجە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەپێکێت.
پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی پێشکەوتنی گەورەی لە جەنگی دژی ئێراندا بەدەستهێناوە و ئەنجامی رۆژەکانی سەرەتا سەرسوڕهێنەر بوون. هێگسێس ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای ئەوەی جەنگەکە لە قۆناغەکانی سەرەتایدایە، بەڵام پێدەچێت ئەمریکا و ئیسرائیل لە ماوەی یەک هەفتەدا کۆنترۆڵی ئاسمانی ئێران بەتەواوی بگرنە دەست، کە تێیدا فڕۆکە ستراتیژییەکانی وەک (B-2) و (B-52) رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
هەروەها جەختی کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە دوو هێندەی پرۆسەی ئازادیی عێراق بەهێزترە، و هێزەکانیان بۆمبی زیرەکی لێزەریی کێش 500 و 1000پاوەندی بۆ پێکانی ئامانجەکان بە وردی بەکاردەهێنن.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا روونیکردەوە کە ئەم هێرشانە وەڵامێکن بۆ کوژرانی شەش سەربازی ئەمریکی و واشنتۆن تۆڵەیان دەکاتەوە. لەبارەی زیانەکانی ئێرانیشەوە، ئاشکرای کرد کە هێزی دەریایی ئێران زیانی گەورەی بەرکەوتووە و چەندین کەشتییان لە بنی کەنداودا نوقم بوون، هاوکات هێزەکانی ئەمریکا هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانییان تێکشکاندووە کە ئەمەش گیانی هەزاران کەسی لە ریزی هاوپەیمانان پاراستووە.
لە لایەکی دیکەوە، جەنەڕاڵ دان کین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا رایگەیاند کە هێزەکانیان تەرکیز دەخەنە سەر لەناوبردنی توانای موشەکە بالیستیکییەکانی ئێران و پەکخستنی توانای تاران بۆ دووبارە بونیادنانەوەی هێزە سەربازییەکەی. بە وتەی ناوبراو، ئەمریکا تا ئێستا نزیکەی 2000 ئامانجی ناوخۆی ئێرانی پێکاوە و 20 کەشتیی سەربازیی ئەو وڵاتەشی نوقم کردووە، لە کاتێکدا ئێران نزیکەی500 موشەک و2000 درۆنی ئاراستە کردووە. کین ئاماژەی بەوەش کرد کە لە 247 بۆ48 کاتژمێری داهاتوودا هێرشەکان فراوانتر دەکرێن، و وڵاتانی ناوچەکەش لەوانە وڵاتانی کەنداو و ئوردن بە سیستەمی بەرگریی خۆیان بەرگری لە خاکەکەیان دەکەن.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی کرد و جەختی لە ئاسانکاریکردن بۆ کاروباری هاووڵاتییان کردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی ئازاری 2026، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چۆنییەتی راپەڕاندنی کاروباری هاووڵاتییان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی کرد و لەگەڵ عەمید نەوزاد عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی کۆبووەوە. لە میانی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکوەزیران سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی بەڕێوەبەر، ئەفسەران و کارمەندانی هاتووچۆی سلێمانی کرد و داوای لێکردن کە بەردەوام بیر لە گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ بکەنەوە بۆ کارئاسانیی زیاتر و باشتر راپەڕاندنی مامەڵە و کاروباری هاووڵاتییان.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەیدا، باس لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم هاتووچۆی سلێمانی و رێگاکانی چارەسەرکردنیان کرا. هەر لەم چوارچێوەیەدا، قوباد تاڵەبانی ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پشتیوانی و هاوکارییەک بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان، باشترکردنی دۆخی هاتووچۆ و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان لەو پارێزگایەدا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆ لەبارەی جەنگ و پێشهاتە سەربازییەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکە کرا.
سەرۆک بافڵ بۆ پاراستنی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەختی لە دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ کێشەکان و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ کردەوە.
هەروەها، سەرۆکی یەکێتی دوپاتیکردەوە هەموو هەوڵەکانیان لەو چوارچێوەیەدایە.
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سوپاسی سەرۆک بافڵی کرد لە بەرانبەر رۆڵ و کاریگەری لە پاراستنی سەقامگیریی عیراق و هەرێمی کوردستان و بە رێزەوە لە پێگەی ئاشتییانەی یەکێتی لە ناوچەکە رووانی و رایگەیاند، کە لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبین.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە پاراستنی ئاسایش و سەروماڵی هاووڵاتییان لەگەڵ لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە کرد, کە سەرەڕای بێلایەنی هەرێم، پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کاریگەری نەرێنی دروست کردووە و "پریشکی جەنگ" بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە.
لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا بە پێکهێنانی ژورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان هێزە ئەمنییەکان بۆ هەماهەنگی و پاراستنی سەقامگیری.
جگە لە لایەنی ئەمنی، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی موەلیدە ئەهلییەکان درا بۆ دابینکردنی کارەبای پێویست بۆ هاووڵاتییان، هاوکات داوا لە هاووڵاتییان کرا لە قەرەباڵخی دوور بکەونەوە.
هەر لە کۆبونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی داوای لە میدیاکان کرد بەرپرسیارانە روماڵی روداوەکان بکەن و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی بخەنە پێش هەموو کارێکی پیشەیی خۆیان و دوور بکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییانەی زیان بە ئاسایشی گشتی دەگەیەنن.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاندوە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، بە هێرشکردنە سەر ئێران تەنها خیانەتی لە دیپلۆماسی نەکرد، ئەو خیانەتی لە گەلی ئەمریکاش کرد، کە ئەویان هەڵبژاردوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نوسیویەتی، لە کاتێک دانوستاندنە ئەتۆمییە ئاڵۆزەکان وەکو مامەڵەی خانووبەرە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و کاتێک درۆی گەورە راستییەکان دەشێوێنێت، هەرگیز پێشبینییە ناواقییعیەکان بەدی نایەت.
عیراقچی ئاماژەی بەوەشکردوە، دۆناڵد ترەمپ بە هێرشکردنە سەر ئێران، تەنها خیانەتی لە دیپلۆماسی نەکرد، خیانەتی لە هەموو ئەو هاووڵاتییە ئەمریکانەش کرد کە ئەویان وەک سەرۆک هەڵبژاردوە.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە گۆڕینی مۆڵەتی شۆفێری دەرکرد و ئاماژە بەوەکراوە، مەبەست لێی ئاسانکارییە بۆ پەسەندکردنی مۆڵەتی شۆفێری هاووڵاتییە بیانییەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بڕیاری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، رێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2026ی ئیمزا کرد، کە تایبەتە بە هەمواری یەکەمی رێنمایی میکانیزمی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری.
ئاماژەبەوەکراوە، ئەم بڕیارە نوێیە لەبەر رۆشنایی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی هاتوچۆ دەرچووە و ئاسانکاری دەکات بۆ پەسندکردنی مۆڵەتی شوفێری بیانی.
بەپێی رێنماییە نوێیەکە، میکانیزمێکی نوێ دانراوە بۆ پێدانی مۆڵەتی هەرێمی کوردستان بەو هااوڵاتییە بیانیانەی لە هەرێم نیشتەجێن، ستافی دیپلۆماسی، کونسوڵگەرییەکان و کارمەندانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
هەروەها ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان، کە هەڵگری مۆڵەتی شوفێری بیانین، دەتوانن لەسەر هەمان بنەما مۆڵەتی ناوخۆیی دەربکەن، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ هاوتاکردنی سیستمەکانی هاتوچۆ لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان.
وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند، تەواوی بەشەخۆراکی هاووڵاتییان دابین کراوە و کرێی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە بۆ هەر تاکێک تەنها هەزار دینارە و رێگە بە هیچ زیادکردنێک نادرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی بازرگانی عیراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتوە؛ کە تەواوی بەشەخۆراکی هاووڵاتییان دابین کراوە و پرۆسەی دابەشکردن بەپێی خشتە دیاریکراوەکان بەردەوامە بۆ ئەوەی بەبێ کەموکورتی بگاتە دەستی هاووڵاتییان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، تیمەکانی چاودێری بازرگانی بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، بەردەوامن لە چاودێریکردنی کارەکانی بریکارەکان و بازاڕەکان بۆ رێگریکردن لە هەر سەرپێچییەک و کۆنترۆڵکردنی نرخەکان.
جەختیشیکردوەتەوە، کە کرێی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە بۆ هەر تاکێک تەنها هەزار دینارە و رێگە بە هیچ زیادکردنێک نادرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی هاوار، بڵاویکردوەتەوە هێزەکانی حەشدی شەعبی ، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە زۆربەی بارەگا سەرەکییەکانی خۆیان لە ناوچەی قائیم لەسەر سنووری نێوان عیراق و سوریا چۆڵ کرد.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات، کە ناوچەکە کەوتە بەر زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی ئەمەریکا ، کە دوایینیان شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە بوو و بووە هۆی کوژرانی دوو کەس.
بەپێی سەرچاوە سەربازییەکان، حەشدی شەعبی تەنها چەند خاڵێکی پاسەوانیی هێشتووەتەوە و هێزەکانی تری لەناو شارەکاندا بە شێوەی گروپی بچووک دابەش کردووە، ئەمەش وەک رێکارێکی خۆپارێزی لە ترسی دووبارەبوونەوەی بۆردومانەکان لە کاتی پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکاندا.
ئەمەش لە کاتیكدایە، هەمان ئاژانس ئاماژەی بەوەکردوە، سوپای سوریا هێزی زیاتری رەوانەی سنورەکانی عیراق و لوبان کردوە وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی سەقامگیری و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان لە سایەی پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکاندا.
لەگەڵ پەرەسەندی گرژییەکانی ناوجەکە، سوپای سوریا هیزی زیاتر رەوانەی سنوەرکانی لەگەڵ عیراق و لوبنان دەکات و دەڵێن؛ بۆ پاراسرنی سەقامگیری و پاراستنی سنورەکانە.
ئەمڕۆ چوارشەممە،بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سوریا رایگەیاند، کە یەکەکانی پاسەوانی سنوور و کەتیبەکانی هەواڵگری لەسەر سنوورەکانی عیراق و لوبنان بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوەپێکردووە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی سەقامگیری و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان لە سایەی پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکاندا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی "سانا" و "رۆیتەرز"، ئەم هەڵمەتە، کە هەزاران سەرباز و یەکەی مووشەکی لەخۆدەگرێت و ئامانجی رێگریکردنە لە قاچاخچێتی چەک و ماددەی بێهۆشەر،.
هەروەها ئاماژە بەوکراوە، رێگری لە دزەکردنی چەکدارانی سەر بە حیزبوڵای لوبنانی و گرووپە چەکدارەکانی تر بۆ ناو خاکی سووریا.
ئەفسەرانی سوپای سوریا ئەوەشیان خستوەتەڕوو، کە پرۆسەی جێگیرکردنی هێزەکان لە ناوچەکانی ریفی حومس و باشووری تەرتووس لە چەند رۆژی رابردوودا خێراتر بووە ، ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا لە ناوچەکەدا فراوانتر بووە.
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، هاوکات لەگەڵ پێنجەم رۆژی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە فراوانەکانی وڵاتەکەی و ئیسرائیل دژی ئێران، داوای لە گەلی ئێران کرد ئەم دەرفەتە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و بەدەستهێنانی ئازادی بقۆزنەوە.
جۆنسن جەختی کردەوە کە ئەمەریکا چیتر ناتوانێت ڕۆڵی "پۆلیسی جیهان" بگێڕێت یان بکەوێتە ناو پرۆسەی نەتەوەسازییەوە، چونکە وڵاتەکەی کێشەی ناوخۆیی خۆی هەیە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا بە بەشداری زیاتر لە 50 هەزار سەرباز و سەدان فڕۆکەی جەنگی، پێنج رۆژە هێرشیان بۆسەر ئێران دەستپێکردوە و چەندین سەرکردەی ئەو وڵاتە کوژراوە و لە بەرنبەردا، ئێران تەواوی بنەک و هێزەکانی ئەمریکای کردوەتەوە ئامانج لە ناوچەکەدا.
لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رێنماییەک ئاراستەی دەزگاکانی راگەیاندن دەکات و داوا دەکات لە کاتی رووماڵکردنی جەنگەکەدا زانیاریی جوگرافی و وردەکاری بڵاونەکەنەوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ 4ـی ئازاری 2026بڵاویکردووەتەوە، لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسان هۆشداری دەداتە کەناڵەکانی سنوورەکە کە لەگەڵ دەستپێکردنی شەپۆلی موشەکباران و شەڕی درۆنی و سایبەریدا، ئەرک و بەرپرسیارێتیی میدیاکاران زیاتر دەبێت. سەندیکاکە داوا دەکات پێش بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵ و راپۆرتێکی بەپەلە، وردبینیی زیاتر بکەن بۆ ئەوەی جوگرافیا و وردەکاریی جەنگیی تێدا نەبێت، چونکە رەنگە ببێتە چاوساغی بۆ هێرشبەران و دابەزاندنی ورەی هاووڵاتیان.
لە کۆتاییشدا سەندیکاکە جەختی لەسەر پاراستنی تەبایی، ورەی جەماوەر و سەلامەتیی تیمە میدیاییەکان کردووەتەوە وەک ئەرکی لەپێشینەی ئەم قۆناغە. ئەم رێنماییە هاوکاتە لەگەڵ ئەو هێرشە درۆنییەی کە ئەمشەو کرایە سەر گردی (UN) لە سلێمانی، کە وایکردووە دەزگا ئەمنی و ئیدارییەکان داوای مامەڵەی بەرپرسیارانە لە هەموو لایەک بکەن.
دەزگای ئاسایشی هەرێم بە رەسمی پشتڕاستی کردەوە کە ئەو تەقینەوەیەی ئەمشەو لە شاری سلێمانی روویدا، هێرشێکی درۆنی بووە بۆ سەر گردی (UN) و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی مرۆیی نەبووە.
لە راگەیەندراوێکدا، دەزگای ئاسایشی هەرێم وردەکاریی رووداوەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە کاتژمێر 10:20 خولەکی ئەمشەو سێشەممە، لەرێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) هێرش کراوەتە سەر گردی ریعایە کە لە ناو خەڵکدا ناسراوە بە گردی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) لە شاری سلێمانی. ئاسایش ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردووە.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە کە بەدڵنیاییەوە هێرشەکە بە درۆن ئەنجامدراوە، بەڵام هیچ زیانێکی مرۆیی لێ نەکەوتووەتەوە و لێکۆڵینەوەکانیش لە رووداوەکە هێشتا بەردەوامن. ئەم روونکردنەوەیەی ئاسایش هێوربوونەوەیەک دەداتە دانیشتووانی سلێمانی، بەتایبەت دوای ئەوەی پێشتر بەهۆی دەنگی بەهێزی تەقینەوەکەوە لە گەڕەکی بەرانان، دڵەڕاوکێیەکی زۆر دروست ببوو و پارێزگاری سلێمانیش هۆشداریی دابووە هاووڵاتیان.
پارێزگاری سلێمانی داوا لە هاووڵاتیانی شارەکە دەکات بە مەبەستی سەلامەتییان و دروستنەکردنی ئاستەنگ بۆ تیمەکانی فریاگوزاری، بە هیچ شێوەیەک نزیکی ناوچە بۆردومانکراوەکەی گەڕەکی بەرانان نەکەون.
لە راگەیەندراوێکی بەپەلەدا، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی ئاراستەی دانیشتووانی شارەکە کرد. لە پەیامەکەیدا پارێزگاری سلێمانی داوا دەکات کە لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی خۆیان و رێگرینەکردن لە کارەکانی تیمە فریاگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە هیچ شێوەیەک سەردانی شوێنی بۆردومانەکەی گەڕەکی بەرانان نەکەن. هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە هاووڵاتیان لە ماڵەکانیان بمێننەوە و بێنەدەرەوە، و تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت، ئەو رێگایانە بەکارنەهێنن.
ئەم هۆشدارییەی پارێزگاری سلێمانی راستەوخۆ دوای ئەوە دێت کە کەمێک پێش ئێستا هێرشێک یان بۆردومانێک کرایە سەر گەڕەکی بەرانان لە ناوەڕاستی شاری سلێمانی. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە گشتی بە دۆخێکی ئەمنی و سەربازیی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێدەچێت کاریگەرییەکانی جەنگەکە گەیشتبێتە سەنتەری شارەکانی هەرێمی کوردستانیش.