لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم رایگەیاند، لە کۆبونەوەی وەزیری کشتوکاڵ و ئەنجومەنی وەزارەت و کۆمپانیاکانی قەیوان و خۆشناو بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرۆسەی وەرگرتن و کڕینەوەی گەنمی جوتیاران لەلایەن ھەردوو کۆمپانیا، چەند بڕیارێکی گرنگ پەسند کران.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، گرنگترینیان بریاردان بوو بە لێخۆشبوون لە لێبرینی لە ٢%ی پاڵپشتی بنەتۆوی گەنمی جوتیاران لە پارەی پڕۆژەی بەبازارکردن لەلایەن ھەردوو کۆمپانیای "خۆشناو و قەیوان.
ئازاد محەمەد سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی سێ شەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا دەنگ لەسەر بە قەزاکردنی ناحیەکانی بازیان و حاجیاوا و دروستکردنی گوندی کانی ئاسکان لە کفری و گۆڕینی ناوی گوندی "گورگەدەر" بۆ "سەرقەڵای عوزێری" لە پیرەمەگرون دەدرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو کارە بەپێی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکرێت و ژمارەی دانیشتوانی بازیان گەیشتووەتە ٦٧ ھەزار کەس و دانیشتوانی حاجی ئاواش ٦٥ ھەزار کەسە و لە رووی جوگرافیشەوە مەودایەکی فراوانیان ھەیە، بەو جۆرەش ھەردوو ناحیەکە گونجاون بۆ ئەوەی بکرێن بە قەزا.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راشیگەیاند، دوای پەسەندکردنیان لە ئەنجومەنی پارێزگا، پێشنیازەکە رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ دەکرێت و بۆ بڕیاری کۆتاییش ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت.
ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند، لە شەڕ و پێکدادانەکانی سێ رۆژی رابردووی نێوان چەکدارانی حوسییەکان و ھێزەکانی سەر بەحکومەتی یەمەن، ١١١ چەکدار لە ھەردوولا کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حوسییەکان تەواوی ھەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پارێزگای مەئرەب وەک دواین پێگەی ھێزەکانی حکومەت لە باکوری یەمەن، بەڵام زیاتر لە ٦٠ رۆژە حوسییەکان نەیانتوانیوە ھێلی بەرگری حکومەت تێکبشکێنن و بچنە ناو شارەکەوە.
ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز راشیگەیاندوە، چەکدارانی حوسییەکان لە باکور و باشور و خۆئاواوە گەمارۆی شاری مەئرەبیان داوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانی عەرەبیش بە سەرۆکایەتی سعودیە لەھەوڵی شکاندنی گەمارۆی سەر شارەکەیە.
بە ناونیشانی "ژیان خۆشترە با دووربین لە ماددە ھۆشبەرەکان"، وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان، ھاوکات لەگەڵ دەرچوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان، دیدارێکی زانستی و ھۆشیاری و کۆمەڵایەتی لە ھەولێر ڕێکدەخات، بە مەبەستی دانانی نەخشەڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان.
پەیامنێری کوردسات نیوز ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر ڕێگەی نێوان ھەولێر و پیرمام دەنگێکی گەورە بیستراوە و بە پێی دەنگۆکانیش ٣ درۆنی بۆمبڕێژکراو بووە و لە گوندی براغ لە نزیک ھەولێر کەوتوونەتە خوارەوە و تەنھا یەک دانەیان تەقیووەتەوە، بەڵام ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنھای زیانی مادی بە ماڵێک گەیاندووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارە ئەمنییەکانی پارێزگای ھەولێر ھیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر ئەو بابەتە بڵاونەکردووەتەوە.
کونسوڵخانەی ئەمریکاش لە ھەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیدانەی ھێرشەکەی شەوی ڕابردوو دەکات و ڕایگەیاندووە، ھێرشەکە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە و ئاماژەیەکی ڕوونی پێشێلکارییە بەرامبەر سەروەری عێراق.
بە ھاوبەشی چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی لە ڕۆژی جیھانی پاڵپشتیکردن لە ڕزگاربووانی ئەشکەنجە، چالاکییەکی تایبەت بە ناونیشانی "ئەشکەنجەدان ڕابگرن" لە ھەولێر بەڕێوەدەچێت.
چالاکییەکەش بە مەبەستی بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری زیاترە لە ھەرێمی کوردستان و کارکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانە بە ئاڕاستەی بەرگرتن لە ئەشکەنجەدان و پشتیوانیکردنی ڕزگاربووانی ئەشکەنجە.
"بێگەرد تاڵەبانی" وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم بە مەبەستی دڵنیابوون لە چۆنیەتی بەرھەمھێنان و گونجاوی خاکی بتوێن بۆ بەرھەمی چەوەندەر، توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر چەوەندەری شەکر لە دەشتی بتوێن لە گوندی قەمتەران بەسەردەکاتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە وەزارەتی کشتوکاڵ بە ھاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت، بەردی بناغەی پڕۆژەی ستراتیژی کارگەی بەرھەمھێنانی شەکری چەوەندەری لە دەشتی بتوێن داناوە، لە ئێستاشدا ھەڵسەنگاندن بۆ گونجاوی دەشتی بتوێن دەکرێت بۆ ئەو بابەتە.
ڕێکخراوی "دابین" وۆرک شۆپێکی تایبەت بە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ ژمارەیەک لە یاساناسان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە سلێمانی ڕێکدەخات، بە مەبەستی ھەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی و دەستبەرکردنی ماف و ئیمتیازاتەکانی خانەنشینان لە ھەرێمی کوردستان.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوو وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و چەند ڕێکخراوێکی تری کۆمەڵی مەدەنی پڕۆژەی ھەمواری یاسای خانەنشینانیان ئامادەکردووە، پەرلەمانی کوردستانیش پڕۆژەیەکی بۆ ھەمواری یاساکە ئامادە کردووە.
(نەجم جبوری) پارێزگاری نەینەوا ڕایگەیاند، لەسەر بڕیاری (مستەفا کازمی)، حکومەتی عێراق (٢٦) ملیار دیناری تری بۆ قەرەبووی زیانلێکەوتووانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی جەنگی دژی داعش ڕەوانە کردووە و لەم قۆناغەشدا تەنھا زیانلێکەوتووانی گەڕەکەکانی موسڵی کۆن دەگرێتەوە.
وتیشی، لە قۆناغی یەکەمدا (٣٥٠) ھاوڵاتی زیانلێکەوتوو قەرەبوو دەکرێنەوە، (٤) ھەزار کەسی تریش داوای قەرەبوویان پێشکەش بە دادگا کردووە.
بەڵام ھێشتا پڕۆسەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەتووانی (شەنگال و زوممار و ڕەبیعە و تەلەعفەر) دەستیان پێنەکردووە.
بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی سیدەکانیش تەنھا مۆڵەت بە جوتیاران و خەڵکی ئاژەڵدار و ھەنگەوانان دەدات سەردانی ناوچە کوێستانەکان بکەن و ھیچ کەسێکی تر بۆی نییە بە مەبەستی گەشتیاری داوای مۆڵەت بکات.
(جۆی ھۆد) یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، ئەمریکا پارێزگاری لە بوونی سەربازەکانی لە ناوچەکانی ڕۆژئاڤای کوردستان و باکور و خۆرھەڵاتی سوریا دەکات، بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و سەقامگیری ناوچە ڕزگارکراوەکانی سوریا و گەیاندنی کۆمەکی مرۆیی، بە ھاوبەشی لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دیموکرات.
(جۆی ھۆد) ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی کۆشکی سپی نیگەرانە لە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ کوردە ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا و دەیانەوێت ئەنقەرە بە ڕوونی لە نیازی واشنتۆن تێبگات.
(ڕۆبەرت مالی) نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران ڕایگەیاند، سەرجەم سزاکان لەسەر ئێران ھەڵناگیرێت، کە لە سەردەمی ئیدارەی پێشوو بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێنراوە.
وتیشی، ھەر کات گفتوگۆکانی ڤییەننا لە بەرژەوەندی ئەمریکا نەبێت، تیمی دانوستانی وڵاتەکەی دەکشێتەوە، ئامانجی ئەمریکاش لە گفتوگۆکان ڕێگریکردنە لە ئێران بۆ بەدەستھێنانی چەکی ئەتۆمی.
(ڕۆبەرت مالی) ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەسەر پرسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئیدارەی کۆشکی سپی لە نزیکەوە ڕاوێژ لەگەڵ ئیسڕائیل دەکات، تا ئێستاش یەک ئامانجی ھاوبەشیان ھەیە، وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ڕایگەیاند، تا سزاکانی سەر وڵاتەکەی ھەڵنەگیرێت، پاشگەزنابنەوە لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم.
ئەوەش لە کاتێکدایە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان بەردەوامە لە ئەنجامدانی کارەکانی بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەران کە بڕیارە لە ١٠ تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ بەڕێوەبچێت.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ ٨ پڕۆژە یاسا و خوێندنەوەی دووەمیش بۆ ٣ پڕۆژە یاسا دەکرێت، ھەر بە پێی بەرنامەی کار، بە ئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی ھەرێم گفتوگۆ دەکرێت لەسەر چۆنیەتی پڕکردنەوەی کورتھێنانی موچە و ھۆکارەکانی جێبەجێ نەبوونی یاسای چاکسازی و یاسای بودجەی عێراق و کەموکوڕیی خاڵە سنورییەکان و داھاتی نەوت و داھاتی ناوخۆ.
کۆلۆنێل (واین مارۆتۆ) وتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، لە مانگی حوزەیراندا بە ھاوبەشی لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دیموکرات و سوپا و ھێزە ئەمنیەکانی عێراق، (٢٣) ئۆپراسیۆنیان لە دژی پاشماوە و شانە نوستووەکانی داعش لە عێراق و سوریا ئەنجامداوە.
وتیشی، ئۆپراسیۆنەکان پاڵپشت بووە بە زانیاری ھەواڵگری، بۆ شکستپێکھێنانی پیلانەکانی داعش بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی و بە ئامانجگرتنی ھاوڵاتیان.
کەسی بیانیش دەتوانێت داوای گۆڕینی ئەو سپۆنسەرە بکات کە لە ڤیزەی ئەلیکترۆنی داواکراوە، دوای ھاتنە ژوورەوەی بە مەبەستی دەرھێنانی کارتی نشینگە بە مەرجێک بڕی ٥٠٠ ھەزار دینار وەک ڕسوماتی گۆڕینی سپۆنسەر بدات.
ھاوکات کەسی بیانی دەتوانێت دوای ھاتنەژورەوەی بۆ ناو ھەرێم و پێش وەرگرتنی نشینگە لە ماوەی بەرکاربوونی ڤیزەکەی داوای گۆڕینی شوێنی پێدانی نشینگە لە بەڕێوەبەرایەتییەکی نشینگە بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکی تر بکات دوای پێدانی بڕی ٢٥٠ ھەزار دینار وەک ڕسوماتی ئەو خزمەتگوزارییە.