وەزیری بەرگری سوریا دەڵێت، كێشەی كورد بە رێگەی دیپلۆماسی چارەسەر دەكەن.
مورهەف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگری سوریا لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نزیكەی 100 گروپی چەكدار ئامادەییان دەربڕیووە لە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگریدابن، چەند گروپێكیش هێشتا رەزامەندییان نیشان نەداوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بە رێگەی دیپلۆماسی كێشەكان چارەسەر بكەن، چونكە یەكلایكردنەوەی كێشەكان بە رێگەی سەربازی دەبێتە هۆی خوێنڕشتن لە هەردوولا، لەبەرئەوە دەخوازن هەسەدە بچێتە ریزی وەزارەتی بەرگری.
سەبارەت بە پرسی ئامادەیی روسیا لە سوریا، وەزیری بەرگری وتی، سوریا ئامادەیە رێگە بە روسیا بدات بنکە ئاسمانی و دەریاییەکانی بەدرێژایی کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست بهێڵێتەوە، بەو مەرجەی رێککەوتنەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە لە بەرژەوەندی سوریادا بێت.
ئەو وەزیرە لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەمریکی، واشنتۆن پۆست وتی: ئەگەر رێککەوتن لەگەڵ روسیا سوودی بۆ سوریا هەبێت، ئەوا هیچ ناڕەزایەتییەکیان بەرانبەری نییە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی ئەو کەسەی راگەیاند کە بووە هۆی وەرگەرانی ئۆتۆمبێلێک لە رێگای پێنجوێن-سلێمانی و گیان لەدەستدانی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە.
لە راگەیەندراوێکدا دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاندوە، هۆکاری روداوەکەی شەوی 5-2-2025 کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی شۆفێری ئۆتۆمبێلێک و برینداربوونی یەکێک لە سەرنشینانی، دروستبوونی شەڕ و دەمەقاڵێ بووە لەنێوان دوو شۆفێردا لە ناحیەی ناڵپارێز.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەپاش بریندارکردنی یەکێکیان بە چەقۆ، تۆمەتبار شوێنیان دەکەوێت و دەبێتە هۆی وەرگەڕان و گیان لەدەستدانی شۆفێرەکە و برینداربوونی یەکێک لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە.
ئەوەش هاتووە، تۆمەتباردوای روداوەکە هەڵهاتووە و لە پاش بەدواداچونەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکراوە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی بەردەوامە.
رابەری باڵای ئێران رایگەیاند، دانوستان لەگەڵ ئەمریكا هیچ كاریگەرییەكی لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان نییە و نابێت دانوستان لەگەڵ حكومەتێكی لەو جۆرەدا بكرێت .
عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ هێزی ئاسمانی وڵاتەكەی ئاماژەی بۆ دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا كرد و رایگەیاند، لە ساڵانی نەوەدەكاندا نزیكەی دوو ساڵ لەگەڵ ئەمریكا و چەند وڵاتێك دانوستاندنیان كرد، پەیماننامەیەك ئامادەكرا، بەڵام ئەمریكییەكان كاریان لەسەر ئەو پەیماننامەیە نەكرد، لەبەرئەوە دانوستان لەگەڵ ئەمریكا زیرەكانە و شەرەفمەندانە نییە و هیچ كاریگەرییەكی لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی وڵات نییە و هیچ كێشەیەك بە دانوستان لەگەڵ ئەمریكا چارەسەر نابێت.
وتیشی، مەبەست لەو پەیماننامەیە بۆ هەڵگرتنی سزاكانی ئەمریكا بوو لەسەر ئێران، بەڵام سزاكانی ئەمریكا هەڵنەگیرا، سوود لە ئەزموونەكان وەربگرن، نابێت دانوستان لەگەڵ حكومەتێكی لەو جۆرەدا بكرێت.
ئەمڕۆ وەفدێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەردانی مانگرتووانی سلێمانی دەكات و ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییش دەڵێت، یەكشەممە بۆ پشتیوانی لە مانگرتووان دەرۆن بۆ هەولێر.
ئەمڕۆ 11 رۆژە بەشێك لە مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانی، دژی جێبەجێ نەكردنی داواكارییەكانیان مانیان لە خواردن گرتووە، تائێستاش حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار وەڵامی داواكارییەكانی نەداونەتەوە، مانگرتوانیش دەڵێن، بەردەوام دەبن تا وەڵام وەردەگرن.
كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانیش رایگەیاند، ئەمڕۆ وەفدێكی باڵای ئەنجومەنی نوێنەران، سەردانی خێمەی مانگرتوان لە سلێمانی دەكات.
هاوكات ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، داوایان لە مامۆستایانی ئایینی كردوە لە وتاری هەینیدا پشتیوانیی بۆ مانگرتوان دەرببڕن.
هەروەها سەعات 2ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش لە پاركی مەلیك مەحمودەوە بەخۆپیشاندان بەرەو خێمەی مانگرتوان دەڕۆن و رۆژی یەكشەممەش لەگەڵ مانگرتوان بەرەو هەولێر دەڕۆن.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەپاندنی سزاکانی واشنتۆنی بەسەر ئەو کەس و لایەنانەی نەوتی خاوی ئێران دەفرۆشن، بە توندی ئیدانە کرد.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: بڕیارەکەی حکومەتی نوێی ئەمریکا بۆ گوشار خستنە سەر گەلی ئێران بە رێگەگرتن لە بازرگانی یاسایی ئێران لەگەڵ هاوبەشە ئابوورییەکانی نایاسایی و ناڕەوایە و پێشێلکارییە بەرامبەر یاسا و پێچەوانەی رێسا نێودەوڵەتییەکانیشە.
بەقایی لەو راگەیەنراوەدا کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردۆتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەم ڕێوشوێنانە رێگری لە ئێران ناکات بۆ بەرەو پێش چوون و هەنگاو نانی زیاتر بۆ پەرەپێدانی توانا ناوخۆییەکانی خۆی.
رۆژی سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025 دۆناڵد ترەمپ فەرمانی سەرۆکایەتیی بۆ زیاترکردنی گوشارەکانی لەسەر ئێران واژۆکرد، گەنجینەی ئەمەریکاش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سزاکان "تۆڕێکی نێودەوڵەتی دەکەنە ئامانج کە ئاسانکاری دەکات بۆ گواستنەوەی ملیۆنان بەرمیل نەوتی خاوی ئێران کە بەهای سەدان ملیۆن دۆلارە بۆ چین".
گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە شەنگال دۆزرایەوە كە 20 روفاتی ئێزدی تێدایە، لە ئێستادا تیمێكی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان سەرقاڵی هەڵدانەوەی گۆڕەكەیە.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە گەڕەكی ئازادی قەزای شەنگال دۆزراوەتەوە كە 20 روفاتی ئێزدی تێدایە. وتیشی، لەلایەن تیمێكی هەڵدانەوەی گۆڕی بە كۆمەڵ كە لە بەغداد و موسڵەوە چونەتە شوێنەكە، دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕەكە كراوە.
دوای ڕووخانی دەسەڵاتی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، 93 گۆڕی بە کۆمەڵ لە سنووری شنگال دۆزراونەتەوە و لەو ژمارەیە 53ـیان هەڵدراونەتەوە.
میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگر بە 10 كەسەوە لە ویلایەتی ئەلاسكا دیار نەماوە و پێدەچێت كەوتبێتە خوارەوە.
میدیاكانی ئەمریكا باسیان لەوەكردووە، فڕۆكەكە 9 سەرنشین و فڕۆكەوانێكی هەڵگرتووە و سەنتەری هەماهەنگی رزگاركردنی ئەلاسكا ئاگاداركراوەتەوە لە دیارنەمانی فڕۆكەكە.
بەهۆی خراپی كەشوهەوای ناوچەكەوە، تیمەكانی گەڕان روبەڕوی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە، لەوانەش زریانی بەفر و كەمی بینین كە رێگری لە گەڕانی ئاسمانی دەكات.
روداوە فڕۆکەوانییەکان لە ئەمریکا بەردەوامن و دواهەمینیان دوێنێ بوو کە فڕۆكەیەكی سەربازی ئەمریكا بە چوار سەرنشینەوە لە فلیپین تێكشكا و سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا، پێشتریش، فڕۆکەیەکی ژاپۆنی لە فرۆکەخانەی تاکۆما لە سیاتڵ، خۆی کێشا بە کلکی فڕۆکەیەکی ئەمریکیدا بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە، ئەم ڕوداوانە دوای تەنیا لە هەفتەیەک دێت لە پێکدا کێشانی نێوان فڕۆکەیەک و هێلیکۆپتەرێک لە ئەمریکا، کە بووە هۆی گیان لەدەست دانی 86کەس.
پۆلیسی توركیا رۆژنامەنوسێكی لە مێردینی باكوری كوردستان دەستگیركرد و دەستیشی بەسەر كەلوپەلە رۆژنامەوانیەكەیدا گرت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پۆلیسی توركیا هەڵیكوتایە سەر ماڵی رۆژنامەنووس (ئۆزنور دێگەر) لە ناحیەی قۆسەری سەر بە شاری مێردین و دەستگیریان كرد، بەپێی زانیارییەكان لە كاتی دەستگیركردنیدا لەلایەن پۆلیسی توركیاوە ئەشكەنجە دراوە و دەرگای ماڵەکەشی شکێنراوە.
هەروەها دوای پشكنینی ماڵەكەی، پۆلیس دەستی بەسەر ئامێرە تەكنیكییەكانی رۆژنامەنووسەكەدا گرت و لە بنكەی پۆلیسی شارەكە لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە دەكرێت.
کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنانی میزۆپۆتامیا سەبارەت بەو پرسە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "ئێمە سیستەمێک قبوڵ ناکەین کە سزای بکەرانی سوکایەتییەکە نەدات، بەڵکو سزای ئەو ڕۆژنامەنووسە بدات کە سووکایەتی پێدەکرێت". "ئێمە لەگەڵ هاوڕێکەمانداین."
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا سەردانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دەکات، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاند، یەکەم گەشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدوای ئەو هێرشانە دێن کە کرانە سەر نوێترین لێدوانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بۆ گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە غەززە.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا درەنگانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، رۆبیۆ لە 13تا 18ـی مانگ سەردانی ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات و قەتەر دەکات، دواتریش دەچێتە ئەورووپا بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێشنیاری ترەمپیان بۆ ئاوارەبوونی هەمیشەیی فەلەستینییەکان لە غەززە لە چوارچێوەی کۆنترۆڵی ئەمریکا بۆ سەر خاکی غەززە رەتکردەوە.
ڕوبیۆ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، لەکاتی ئاوەدانکردنەوەی غەززەدا، فەلەستینییەکانی ئەو کەرتە دەبێت "بەشێوەیەکی کاتی" ڕوو لە شوێنێکی دیکە بکەن.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشکرد، ڕوبیۆ لە میانی گەشتەکەیدا بارودۆخی غەززە و کاردانەوەی ئەو هێرشانەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، تاوتوێ دەکات و بەردەوامیش دەبێت لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئێستای ناوچەکە لەژێر رۆشنایی سیاسەتی ئێستای ئەمریکادا.
ترەمپ لە 25ـی 1ـی ئەمساڵەوە چەندین جار پێشنیاری کردووە کە فەلەستینیەکانی غەززە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە وەک میسر و ئوردن، بەڵام هەرزوو بیرۆکەکەی لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە رەتکرایەوە و لەبری ئەوە چارەسەری؛ دوو دەوڵەت بۆ دوو گەلیان پێشنیارکرد.
ئەمڕۆ هەینی 15 كامێرای چاودێریكردنی تیژڕەوی لەناو شاری هەولێر بۆ تۆماركردنی سەرپێچی شۆفێران دەخرێنەكار.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ماوەی 10 رۆژە بەشێوەی ئەزموونی 15 كامێرا كاردەكەن و رۆژی هەینی دەستدەكەن بە تۆماركردنی سەرپێچییەكان.
بە پێی راگەیەندراوەكە، نەوەستان لە گلۆپی سوری ترافیكلایت، لێخورین بە خێرایی زیاتر لەو خێراییەی كە رێگەی پێدراوە، تێپەڕاندنی هێڵی پەڕینەوەی پیادە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە رێڕەوی كراوەی سووڕانەوەی دەستەڕاستی ترافیكلایتەكان دەوەستن، بە سەرپێچی دادەنرێت.
وەزارەتی ڕۆشنبیری لوبنان دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاند دەستمانکردووە بە پرۆژەیەک بۆ گۆڕینی ئەو خانوەی کە هونەرمەند، فەیروز تێیدا گەورەبووە بۆ مۆزەخانەیەکی هونەری شایستە بە کارەکانی ئەو.
خانوەکە دەکەوێتە زوقاق ئەلبلات لە بەیروت، فەیروز لەوخانوەدا گەورەبووە و زۆرێک لە یادەوەرییەکانی منداڵی و گەنجی، کچێنی و هەست و سۆزەکانی، لەوخانوەدا ئەزموون کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری لوبنان، پڕۆژەکە بریتییە لە کڕینەوەی زەوییەکە و نۆژەنکردنەوەی خانووە کۆنەکە بۆ ئەوەی ببێتە مۆزەخانەیەک بۆ شایەدی دان لەسەر مێژوو و پیشەی هونەری فەیروز.
فەیروز لەساڵی 1935 لە زوقاقی سەر بە لوبنان لە دایک بووەو بەهۆی دەنگە خۆشەکەیەوە هەوادارێکی زۆری هەیە لە سەر ئاستی جیهان.
ژیانی منداڵی
نوهاد یان فەیروز منداڵی یەکەمی خێزانێکی سادە بوو لە گەڕەکی زوقاق ئەلبەلات لە پایتەختی لوبنان. دراوسێکەیان بە هاوبەشی لەگەڵ لیزای دایکی کەلوپەلی ماڵەوەیانیان بەکاردەهێنا کە تەنیا یەک ژوور بوو، باوکیشی لە چایخانەیەک کاریدەکرد بە ناوی (لی جور). فەیروز لە منداڵییەوە ئارەزووی گۆرانی گووتنی هەبووە، ماڵەوەیان توانای کڕینی ئامێری ڕادیۆیان نەبووە، بۆیە لەبەر پەنجەرەکە دادەنیشت و گوێی لەو گۆرانییانە دەگرت کە لەدوورەوە دەنگیان دەهات وەک ئوم کەلسوم، محمەد عەبدولوەهاب، ئەسمەهان و لەیلا موراد.
محمەد فلێفل کە یەکێکە لە برایانی فلێفل کە ئاوازی سروودی نیشتیمانی سووریایان دانا، لە ئاهەنگی قوتابخانە لە ساڵی 1946 شتێکی نوێی دۆزییەوە ئەویش دەنگی فەیروز بوو. باوکی فەیروز بیرۆکەی مامۆستا فلێفلی ڕەتکردەوە کە فەیروز لەبەردەم هەموواندا گۆرانی بڵێت، بەڵام دواتر توانی ڕەزامەندی بەدەستبهێنێت بەوەی تەنیا سروودی نیشتیمانی بڵێت. باوکی بەو مەرجە ڕازیبوو کە براکەی "جۆزێف" لەگەڵیدا بچێت بۆ پەیمانگای نیشتیمانی مۆسیقا بۆ خوێندن کە لەلایەن وەدیع سەبرە بەڕێوەدەبرا کە هەر خۆشی دانەری سروودی نیشتیمانی لوبنانی بوو.
فەیروز پەیوەندیکرد بە گرووپی ڕادیۆی لوبنانی دوای چەند مانگێگی کەم لە چوونی بۆ پەیمانگا، هەروەک خۆی باسیدەکات لە چاوپێکەوتنێکدا و دەڵێت: "ئاواتم بوو کە له ڕادیۆ گۆرانی بڵێم وە پێیان گووتم کە مانگانە 100 لیرە وەردەگرم (21 دۆلار). دڵخۆشیم وەسف نەدەکرا، بەڵام لە کۆتایی مانگەکە زۆر بەختیاوەر نەبووم بەهۆی لێبڕینی باجەکان."
فەیروز، بە دەنگێکی هێمنی ژنانە، بە غەمێکی قوڵەوە لە ساتە دژوارەکانی لوبناندا گۆرانی دەچڕی، دەنگی ئەو، ئەمڕۆ بەتەنیا هی لوبنانییەکان نییە، بەڵکو دەنگی بوەتە هەسارەیەک و هەوادارانی بە ئەڤین و بیرکردنەوە لە جوانییەوە تیایدا دەژین.
فەیروز بۆ زۆێک لە گەل و نەتەوەکان گۆرانی ووتووە و تاکە گۆرانیبێژی عەرەبە کە ناوی مەلیک و سەرۆکەکانی نەهێناوە لە گۆرانییەکانیدا. ئەو بۆ ماوەی حەوت مانگ پەخشکردنی گۆرانییەکانی ڕاگیرا لە لوبنان، چونکە ڕەتیکردەوە گۆرانی بۆ "هواری بو مەدین"ـی سەرۆکی جەزائیر بڵێت.
گۆرانییە نەتەوەییەکانی فەیروز تەمەنێکی درێژتریان هەبووە لەچاو گۆرانییە نەتەوەییەکانی هونەرمەندانی تر و زیاتر لە 60 گۆرانی نەتەوەیی گووتووە، ئەو بەوە بەناوبانگە هەرگیز لوبنان جێ ناهێڵێت، ئەو تەنانەت لە شەڕی ناوخۆ و دوای لەدەستدانی کچە تاقانەکەشیدا ئامادە نەبوو ئەو شارە خوێناوی و غەمگینە جێبهێڵێت، کە جەنگەکان دەیسپێرن بە یەکتری.
ئەو ئێستا تەمەنی 90ساڵە و لە لوبنان لەناو ژیانە بێدەنگ هێمنەکەی خۆیدا، خەریکە رۆژەکانی بە رێدەکات.
سیناتۆرێکی ئەمریکی لەسەر لێدوانەکانی ترەمپ دەربارەی گواستنەوەی خەڵکی غەززە بۆ وڵاتانی تر، رایگەیاند؛ ترەمپ دەیەوێت زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینی لە غەززە دەربکات بۆ ئەوەی هاوینەهەوار بۆ دەوڵەمەندەکان دروست بکات، ئەمەش جێگەی هەڵوەستەکردنە.
بێرنی ساندەرز، سیناتۆری ئەمریکی و لایەنگری دیموکراتەکان لە کۆبونەوەیەکدا وتی: پێویستە کەرتی غەززە بۆ فەلەستینییەکان ئاوەدان بکەینەوە نەک ملیۆنێرەکان.
بێرنی ساندەرز، کە لە ساڵی 2016 بۆ 2020 داوای لە دیموکراتەکان کرد بیکەن بە کاندیدی سەرۆکایەتی، لە قسەکانیدا هێرشی کردە سەر ئیدارەی نوێی ئەمریکا و وتی؛ "ئیدارەی ترەمپ زۆر بە شێوەیەکی شەڕانگێزانە کاردەکات بۆ فەرامۆشکردنی دەستور و یاسای وڵاتەکەمان، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی زیاتر بدرێتە کۆشکی سپی و ئەو ملیاردێرانەی ئێستا حکومەتەکەمان کۆنترۆڵ دەکەن".
ساندەرز ئاماژەی بەوەشدا "زۆر دەترسم کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا، "ئەو حکومەتە نەبینین کە لە خەڵکەوە بۆ خەڵکەو ببێت بە حکومەتی چینی ملیاردێر".
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سەرۆكی روسیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا كۆبوویەوە.
سەرۆكی یەكێتی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازی لە وەفدێكی باڵای روسیا بە سەرۆكایەتیی میخائیل بۆگدانۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی روسیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كرد.
لە دیدارەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشی یەكێتی دووپاتكردووە بۆ فراوانكردنی ئاسۆی هاریكارییەكان و هەماهەنگییەكان كە خزمەت بە سەقامگیری لە ناوچەكەدا بكات.
هەر لەوبارەیەوە سەرۆكی یەكێتی ستراتیژی حزبەكەی بۆ كۆی پرسەكان خستەڕوو و رایگەیاند، ویستی یەكێتی دیدگایەكی بەرپرسیارانە و دەربەستە بە چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان و بوونی پەیوەندی هاوسەنگە لە نێوان هەموو جەمسەر و لایەنەكان تا بتوانن وڵاتەكە لە شەڕ و ناكۆكییەكان بپارێزن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە مانیلای فلیپین بڵاویکردەوە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە فڕۆکەیەکی بچووکی ئەمریکی، لە باشووری فلیپین کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە لانیکەم چوار کەس لەناو فڕۆکەکەدا گیانیان لەدەستدا.
سوپای فلیپین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ناتوانن زانیاری لەسەر ڕووداوەکە ئاشکرا بکەن، کە لە دوورگەی مینداناو ڕوویداوە، چونکە "بابەتەکە نهێنییە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن".
بەپێی سەرچاوە میدیاییەکان، زیاتر لە چوار سەرنشینی سەربازی لەناو فڕۆکەکەدا بوون و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.
روداوە فڕۆکەوانییەکان لە ئەمریکا بەردەوامن و دواهەمینیان بەیانی دوێنێ بوو، فڕۆکەیەکی ژاپۆنی لە فرۆکەخانەی تاکۆما لە سیاتڵ، خۆی کێشا بە کلکی فڕۆکەیەکی ئەمریکیدا بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە، ئەم ڕوداوانە دوای تەنیا لە هەفتەیەک دێت لە پێکدا کێشانی نێوان فڕۆکەیەک و هێلیکۆپتەرێک لە ئەمریکا، کە بووە هۆی گیان لەدەست دانی 86کەس.
میدیاکان وێنەیەکی ئەو دیارییەیان بڵاوکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا بەخشی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
دیارییەکە یەکێک لە جۆرە دیارەکانی ئەو پەیجەرانەبوو کە ڕۆژانی 17 و 18ـی ئەیلولی 2024، لە لوبنان و سوریا بە ئەندامانی حیزبوڵادا تەقییەوە و لە ئەنجامی تەقینەوەی ئەو ئامێرانە 39 کەس کوژران و 3 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل 10-11-2024 لە پاش ماوەیەک، دانی بەوەدانا کە سوپای وڵاتەکەی لە پشت تەقاندندەوەی ئامێرە پەیوەندییەکانی پەیجەری بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنان بووە.
ناتانیا هۆ رۆژی چوارشەممە وەک یەکەم سەرکردەی ئەوروپی سەردانی کۆشکی سپی کرد و لەگەڵ خۆشیدا پەیکەرێکی نەخشێنراو بە پەیجەری بەدیاری بۆ ترەمپ برد. میدیاکانی جیهان، ئەمەیان بە پەیام و ئیهانە بۆ حیزبوڵای لوبنانی ناوبرد.
ئارام فەتاح خەراجیانی، یاریزانی لەشجوانی ئەمڕۆ لەگەڵ وریا حەمەکەریمی ڕۆژنامەنوسدا لەڕوداوی هاتوچۆکەی ڕێگەی عەربەت-سلێمانی گیانی لەدەستدا.
ئارام خەراجیانی پاڵەوانێکی لەشجوانی ئاست بەرزبوو، کە خاوەنی چەندین دەستکەوت و نازناوبوو لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی.
ئارام، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ، لە رووداوێكی هاتوچۆدا لە هەمان شوێنی رۆژنامەنووس و پێشكەشكار وریا حەمە كەریم، گیانی لەدەستدا.
پۆلیسی هاتوچۆی عەربەت رایگەیاند، وریا حەمە كەریم ئۆتۆمبێلەكەی وەستاندوە و ویستویەتی هاوكاریی مامۆستا ئارام بكات، لەو كاتە بارهەڵگرێك خۆی بە ئۆتۆمبێلی هەردووكیاندا كێشاوە و گیانیان لەدەستداوە، شۆفێری بارهەڵگرەكەش كە ئێرانییە، بریندار بووە و لە نەخۆشخانەیەكی سلێمانییە.