قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، لەمەودوا بازاڕ ئازادتر دەبێت و کێبڕکێی تەندروست بۆ جموجۆڵی بازرگانی دەستەبەر دەکەین و دەستوەردان بنەبڕ دەکەین.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی کۆبووەوە و رایگەیاند حکومەت کارئاسانی دەکات بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت بەھێزتر بێت و ھاوکاربێت لەگەڵ کەرتی گشتی لە ڕەخساندنی ھەلی کار و بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری.
وتیشی: چیتر ھیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە دەستوەردان بکات لە کاروباری بازرگانی و بازار قۆرخ بکات، ئاماژەی بەوەشدا ئەرکی دەزگا ئەمنییەکان دابینکردنی ئارامی و پاراستنی ژیانی ھاوڵاتیانە و دەبێت خۆیان لە سیاسەت و ھەر بابەتێکی تر بە دوور بگرن.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەش کرد دەبێت فەرمانگەکانی حکومەت کارئاسانی بکەن لەپێناو ڕاییکردنی کاروباری بازرگانان، ئەوانیش وەک حکومەت بازاڕ ئازادتر دەکەن و کێبڕکێیەکی تەندروست بۆ جموجۆڵی بازرگانی و بازرگانان دەستەبەر دەکەن .
جەختیشیکردەوە لەوەی دەسەڵاتەکان شۆڕدەکرێتەوە بۆ پارێزگا و بەڕێوبەرایەتییەکان بۆ ئەوەی رۆتین کەمبکرێتەوە و باشتر خزمەتی ھاوڵاتیان بکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، ھەر یەک لە مامۆستا ئەژی ئەمین وەک سەرۆکی دەزگای زانیاری و وەھاب ھەڵەبجەیی وەک بەڕێوەبەری دژە تێرۆر، بە فەرمی بە لێپرسراوانی ئاسایشی ناساند، باسی لەوەشکرد ئەو بەرپرسیاریەتییە نوێیەی وەریانگرتووە ئەرکە لەسەر شانیان و جێگەی ھیوا و متمانەشن بۆ جێبەجێکردنی.
قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە، ئەرکی ئاسایشە ڕێگربن لە ڕوودانی تاوان و ھەماھەنگیکردن لە نێوان دەزگا ئەمنییەکانی تر لەگەڵ پاراستنی تایبەتمەندی کار و ئەرکی ھەر یەک لەو دەزگایانە.
جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا جەختیکردەوە نابێت دەزگا ئەمنییەکان دەستوەردان لە کاروباری سیاسی بکەن و ئەرکی ئەوان پاراستنی ئۆقرەیی و سەروماڵی ھاوڵاتیان و دەستەبەرکردنی ئارامییە.
قوباد تاڵەبانی بەشدارانی کۆبوونەوەکەی دڵنیاکردەوە لەوەی ھاوکاریان دەبێت لە ڕاپەڕاندی کارەکانیان و چاوەڕێی کاری باشتریان لێدەکات.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە گەیشتووەتە ئەڵمانیا و بە مەبەستی گفتوگۆکردن لە بارەی دیزاینی پڕۆژەی ھێڵی شەمەندەفەر لە ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی کۆدەبێتەوە.
پێشتر وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕایگەیاند بوو، بە نیازن کە پڕۆژەی ھێڵی ئاسن بخانە بواری جێبەجێکردنەوە و لەو ڕووەوە ھەنگاوی گرنگیان ناوە.
"نەوزاد کامیل" بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی ھەرێم بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، قۆناغی یەکەمی چەکی پارەی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢١ گەیشتووەتە ھەرێم، ڕۆژی پێنج شەممە چەکەکان دەدرێت بە سایلۆکان، لەبەر ئەوەی پێویستی بە ھەندێک ڕێکاری کارگێڕی ھەیە، دوای پشووەکانی جەژنی قوربان دەست بە دابەشکردنی چەکەکان دەکرێت.
وتیشی، بڕی ٢ ملیار و ٥٠٠ ھەزار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی و ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دیناریش بۆ ھەولێر و یەک ملیار دیناریش بۆ پارێزگای دھۆک دیاریکراوە، ئەو بڕە پارەیە بۆ قۆناغی یەکەمە و ئەو جوتیارانەی زووتر گەنمیان ڕادەستی سایلۆکان کردووە، زووتر پاری گەنمەکانیان وەردەگرن.
(زامیر کابولۆڤ) نێردەی تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ئەفغانستان ڕایگەیاند، دامەزراندنەوەی میرنشینێکی ئیسلامی لە ئەفغانستان، لای ڕووسیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش قبوڵکراو نییە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەوەی ئێستا لەو وڵاتە دەگوزەرێت، دەرەنجامی بەکارھێنانی ڕێگەی ھێز بوو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکاوە.
وتیشی، سوپای ئەفغانستان لە باکوری ئەو وڵاتە شەڕی تیرۆریستانی داعشی نەکردووە، لە ئێستاشدا چەکدارانی تاڵیبان دەتوانن ڕێگری بکەن لە بەھێزبوونی داعش و پەلامارە تیرۆریستییەکان.
"نادر ڕۆستی" وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێم بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، بۆ جەژنی قوربان چاوەڕوان دەکەن ڕێژەی ھاتنی گەشتیار بە بەراورد بە جەژنەکانی ڕابردوو بەرزتر ببێتەوە و بگاتەوە ئاستی جەژنەکانی ساڵی ٢٠١٩ کە زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ھەرێمیان کردبوو، چونکە لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە ھەرێم ھەیە و ڕۆژانە ١٠ بۆ ١٥ ھەزار گەشتیار دێنە ھەرێم و ھاتنی گەشتیاریش تا ڕۆژانی جەژن بەردەوام دەبێت.
وتیشی، پێویستە شوێنە گەشتیارییەکان پابەندی ڕێکارەکانی تەندروستی بن، دەستەی گەشتوگوزاریش چاودێری چۆنیەتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان دەکات لە شوێنە گەشتیارییەکان و بۆ ئەو مەبەستەش چەند لیژنەیەک لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەشتوگوزار پێکدەھێنرێت.
بە پێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، پەسەندکردنی بودجەی پڕۆژەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بە ھەموو قەزا و ناحیەکانیەوە دەخرێتە دەنگدانەوە کە بە بڕەکەی ٦٥ ملیار و ٦٨ ملیۆن دینارە.
ھەروەھا بودجەی پڕۆژەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی ڕاپەڕین دەنگی لەسەر دەدرێت. لە تەوەرێکی تریشدا گفتوگۆ لە بارەی دەوامی فەرمانبەران و لێبڕینی مووچە دەکرێت.
سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند، تیرۆریستانی داعش پەلاماری خاڵێکی پشکنینی فەوجی دووی لیوای ١٨ی پۆلیسی فیدراڵییان لە نزیک ناحیەی ڕەشاد داوە و لە ئاکامدا پۆلیسێک کوژراوە.
"ھەرێم ڕەفعەت" ئەندامی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان لە بارەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دادگاییەکەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، ھەموو بەڵگە و دۆکۆمێنتەکان بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی بادینان دەخەنەڕوو.
ماوەی دوو ڕۆژە دادگاییکردنی ٩ دەستگیرکراوی تری بادینان لە ھەولێر دەستیپێکردووە و دوێنێش بەھۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست بۆ تۆمەتەکان دادگاییکردنی چوار لە دەستگیرکراوان دواخرا.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە برادۆست ڕایگەیاند، دوێنێ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی چیای بۆڵێیان کرد و ئاگر لە چیاکە کەوتووتەوە تاوەکو ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە و زیانێکی زۆریشی بە خەڵکی ئەو ناوچەیە گەیاندووە. ھاوکات ترس و دڵەڕاوکێشی بۆ دانیشتوانی دەوروبەی برادۆست دروست بووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو ناوچەیەی لەلایەن فڕۆکە جەنگەیەکانی تورکیاوە بۆردومان کراوە، ساڵانە دانیشتوانەکەی بە مەبەستی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری سودی لێوەردەگرن.
محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی گۆڕی و تایبەتی کرد بە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی ئیمام حسێن، ئەوە لە کاتێکدایە بڕیاربوو بە پێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە، لیژنەی زانایان بۆ دیاریکردنی ئەنجامی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ و پێشنیازە یاسای پاراستنی فەرمانبەری مافپەروەر و پێشنیازە یاسای ھەمواری یەکەمی یاسای مافی مانەوەی بیانییەکان دەنگدانیان لەسەر بدرێت و ھاوکات خوێندنەوەش بۆ چەند پڕۆژەیاسایەک بکرێت.
وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە ھەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی تایبەتمەند وردبینی و پێداچوونەوەی بە دۆسیەی تاقانەکانی جینۆساید کردووە.
بە پێی یاسای چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان و لە کۆی ٤١٨ دۆسیە ناوی ٣١٢ تاقانەی جینۆساید پەسەندکران و ٤٢ کەسیشیان ڕەتکرانەوە و ٦٤ داواکاریش بەھۆی ناتەواوی بەڵگەنامەی ناو دۆسیەکان گەڕێنراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.
سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرایکردووە، زۆرینەی خۆپیشاندەرەکانی ناسڕیە کەسوکاری قوربانیەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی ڕابردووی نەخۆشخانەی ئیمام حسێنن و ئەمڕۆ نەخۆشخانە ئەھلییەکانی شاری ناسڕەیەیان داخستووە، شەوی ڕابردووش خۆپیشاندەران ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی ھێزەکانی پۆلیسیان سوتاندووە.