بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی شەفافیەت داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی زیاتر لە 10 ملیار دینار بووە.
ماڵپەڕی شەفافیەت داهاتی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە، لە رۆژی 6ـی 12ـی2025 تا 12ـی ئەم مانگە، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان، لە 10 ملیار و 573 ملیۆن و 171 هەزار دینار بووە.
هەر بەپێی داتای ماڵپەڕی شەفافیەت، بە بەراورد بە هەفتەی رابردوو نزیکەی 2 ملیار دینار داهاتی نانەوتی کەمتر بووە.
جێگەی ئاماژەیە، ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ داهات و خەرجی، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دامەزرا، ئێستا رۆژانە لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانیت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بزانیت.
بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ئۆتۆمبێلێکدا لە تونێلی پیرمام لە سنوری هەولێر، شۆفێر و سەرنشینەکەی گیانیان لەدەستدا.
موقەدەم شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی هەینی لە تونێلی پیرمام ئۆتۆمبێلێکی تایبەت گڕیگرتووە، بەهۆیەوە شۆفێر و سەرنشینێک کە لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون بەهۆی زۆری رێژەی سوتاوییەوە گیانیان لەدەستداوە.
وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستیپێکردووە، بەڵام تا ئێستا هۆکارەکەی دیار نییە، چونکە لە سەرەتای روداوەکەوە ئاگادارنەکراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو دوو هاووڵاتییەی لە روداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، هەردووکیان کوردن و بران.
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند، عیراق دوای ساڵانێک لە پاشەکشە، رۆڵە میحوەرییەکەی لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەهێز کردۆتەوە و لە ئێستادا هەوڵی چەسپاندنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ دەدات.
سەرۆک کۆمار لە وتارێکدا لە میانی بەڕێوەچوونی "کۆڕبەندی ساڵی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی و متمانە" کە لە عەشق ئابادی پایتەختی تورکمانستان بەڕێوەچوو، رایگەیاند: عیراق ئەمڕۆ رۆڵێکی کارا دەگێڕێت لە ناو رێکخراوە نێودەوڵەتی و جیهانییەکاندا و لە هەوڵدایە پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ دەوروبەری هەرێمی و نێودەوڵەتیدا بچەسپێنێت، کە پشت بە بنەماکانی ئاشتی و هاوکاری و رەتکردنەوەی جەنگ و ململانێکان دەبەستێت.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆک کۆمار باسی لە دۆخی ناوچەکە کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان لە ئەستۆ بگرن بۆ کۆتاییهێنان بە مەینەتییەکانی گەلی فەلەستین.
د.لەتیف رەشید جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا و لوبنان رابگیرێت و رێگری بکرێت لەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو جەنگێک بڕوات کە هیچ براوەیەکی تێدا نییە، چونکە هیچ ئاشتی و سەقامگیرییەکی ڕاستەقینە بەدی نایەت، بەبێ چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ دۆزی فەلەستین.
سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، سەرۆک کۆمار داوای دەستپێکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، هاوکات پشتیوانی عیراقی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی روسیا و ئۆکراین لە رێگەی گفتوگۆوە دووپاتکردەوە.
کتێبە نوێیەکەی نیکۆلا سارکۆزی، سەرۆک کۆماری پێشوی فەرەنسا، بە ناوی "یادەوەرییەکانی زیندانییەک"، باس لە بارودۆخی ژیانی لە بەشی تاکەکەسی زیندانێکی فەرەنسادا دەکات و وردەکاریی 20 رۆژ زیندانیکردنی دەگێڕێتەوە.
خانەیەکی 12 مەتری
لە یادەوەرییە 216 لاپەڕەییەکەیدا، سارکۆزی ئاشکرای دەکات کە وەک زیندانی ژمارە 320535، لە خانەیەکی 12 مەتر چوارگۆشەدا بووە کە جێگای نوستن، مێز، بەفرگر، دوش و تەلەفزیۆنی تێدابووە. خانەکە یەک پەنجەرەی هەبووە، بەڵام دیمەنی دەرەوەی بەهۆی پانێڵێکی پلاستیکی گەورەوە داپۆشرابوو.
سارکۆزی دەنووسێت: "خانەکە بە ئەندازەی پێویست خاوێن و روناک بوو، ئەگەر ئەو دەرگا قورس و ئەستورە نەبوایە کە کونێکی بۆ چاودێری پاسەوانەکانی تێدابوو، دەتوانرا وا هەست بکرێت وەک ژوری هۆتێلێکی هەرزانە.
سەرۆک کۆماری پێشوی فەرەنسا بڕیاریداوە سود لەوە وەرنەگرێت کە رۆژانە یەک سەعات بچێتە حەوشەی زیندان، چونکە بە وتەی خۆی "زیاتر لە قەفەز دەچوێت نەک شوێنی پیاسەکردن". لەبری ئەوە، وەرزشی رۆژانەی لە ژورێکی بچوکی وەرزشی زیندانەکەدا ئەنجامداوە.
سارکۆزی باس لەوە دەکات کە چۆن لە یەکەم شەوی زیندانیدا، زیندانییەکی خانەی تەنیشتی بە گوتنی گۆرانییەکی کارتۆنی "شێرە پاشا" و کێشانی کەوچک بە شیشی قەفەزەکەیدا، تا بەیانی بێداری کردۆتەوە.
هاوکات، ئاماژە بەوە دەکات کە "میهرەبانی و رێزی کارمەندانی زیندان" کاری تێکردووە کە بە "سەرۆک" بانگیان کردووە. هەروەها دیواری خانەکەی بەو پۆستکارتانە داپۆشیوە کە بۆ پاڵپشتی لێی بۆیان ناردبوو.
یەکێک لە بەشە گرنگەکانی کتێبەکە ئەوەیە کە سارکۆزی خۆی بە بەناوبانگترین قوربانیی سیستمی دادوەریی فەرەنسا، ئەلفرێد درێیفوس، دەشوبهێنێت کە ئەفسەرێکی جولەکە بوو و بە تۆمەتی سیخوڕی ساختە بۆ دوورگەی شەیتان دوورخرایەوە. سارکۆزی دەنووسێت: "بۆ هەر چاودێرێکی بێلایەن کە مێژوویان بزانێت، لێکچوونەکان جێگەی سەرنجن... دۆسیەی درێیفوس لە بەڵگەنامەی ساختەوە سەرچاوەی گرت، دۆسیەی منیش هەروا".
سارکۆزی کە لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری ئێستای فەرەنساوە، لە میدالیای "لژیۆن دۆنۆر" (بەرزترین میدالیای رێزلێنانی فەرەنسا) بێبەشکراوە، گازندەی ئەوە دەکات کە ماکرۆن هەرگیز "جورئەتی" ئەوەی نەبووە راستەوخۆ پەیوەندی پێوە بکات بۆ ئەوەی هۆکارەکەی بۆ رونبکاتەوە.
بەڵام ئەوەی زۆرترین سەرنجی لە فەرەنسا راکێشاوە، ئەو "خۆشەویستییە نائاساییە"یە کە سارکۆزی بۆ مارین لوپێن، رکابەری دێرینی، دەریبڕیوە. ئەو سوپاسی لوپێنی کردووە بۆ ئەو لێدوانانەی کە دوای سزادانی لە بەرگری لێی داویەتی و بە "ئازایانە و بێ هیچ گومانێک" وەسفی کردوون.
سارکۆزی ئاشکرای دەکات کە پەیوەندی بە لوپێنەوە کردووە و گفتوگۆیەکی دۆستانەیان هەبووە و بەڵێنی پێداوە لە داهاتوودا یارمەتی هیچ هاوپەیمانییەک نەدات کە ببێتە رێگر لەبەردەم سەرکەوتنی پارتی "کۆبونەوەی نیشتمانی" بە سەرۆکایەتی لوپێن.
جێی باسە، سارکۆزی تەمەن 70 ساڵ، مانگی رابردوو دوای بەسەربردنی 20 رۆژ لە سزای پێنج ساڵ زیندانییەکەی، لە زیندانی "لا سانتێ" لە پاریس ئازادکرا. ئەو لە 21ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بە تۆمەتی پیلانگێڕی نایاسایی بۆ وەرگرتنی پارە لە موعەمەر قەزافی، دیکتاتۆری پێشوی لیبیا، بۆ کەمپەینی هەڵبژاردنی ساڵی 2007، سزادرابوو.
دەستەی کەشناسیی ژاپۆن رایگەیاند، هۆشداریی دروستبوونی شەپۆلەکانی تسۆنامی هەڵوەشێندرایەوە کە دوای بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.9 پلە لە باکوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دەرکرابوو.
بومەلەرزەکە سەعات 11:44 خولەکی بەیانی بە کاتی ناوخۆ رویدا و ناوەندەکەی کەناراوەکانی پارێزگای ئۆمۆری بووە لە قوڵایی 20 کیلۆمەتردا. دەستەی کەشناسیی ژاپۆن سەرەتا گوڕی بومەلەرزەکەی بە 6.7 پلە راگەیاندبوو.
ئەم بومەلەرزەیە دوای ئەوە دێت کە رۆژی دووشەممەی رابردوو، بومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 7.5 پلە هەمان ناوچەی هەژاند. دوای ئەو روداوە، حکومەتی ژاپۆن هۆشداریی دابووە دانیشتوانی ناوچەیەکی فراوان، لە هۆکایدۆ لە باکورەوە تا چیبا لە رۆژهەڵاتی تۆکیۆ، کە لەماوەی هەفتەیەکدا خۆیان بۆ ئەگەری بومەلەرزەیەکی بەهێزی دیکە ئامادە بکەن.
گوڕی بومەلەرزەکەی ئەمڕۆی ژاپۆن، 4 پلە بووە لەسەر پێوەری ژاپۆنی بۆ توندیی بومەلەرزە کە لە 7 پلە پێکدێت.
بەپێی دەستەی روپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا (USGS)، ناوەندی بومەلەرزەکە 130 کیلۆمەتر لە باکوری رۆژهەڵاتی شاری کوجی لە پارێزگای ئیواتێ بووە.
هاوکات، دەستەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ژاپۆن رایگەیاندووە، پێشبینی ناکرێت هیچ زیانێک بەهۆی شەپۆلەکانی تسۆنامییەوە لە دوای بومەلەرزەکەی ئەمڕۆ رووبدات.
لە سێهەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی فەرماندە ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەڵێن دەدەن وەفاداربن بۆ قوربانییەکانی.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، "بە شکۆوە سێهەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی فەرماندە ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بەرز رادەگرین و بۆ هەمیشە یاد و یادەوەرییەکانی لەلامان بە زیندوویی دەمێنێتەوە".
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردووە، "فەرماندە ئاکام لەپێناو سەرفرازی گەلەکەمان گیانی بەختکرد و بەتەمەنێکی کەمەوە مێژوویەکی پڕشانازی تۆمارکرد".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختیکردەوە، "بەڵێن دەدەین وەفاداربین بۆ قوربانییەکانی و ئەوەی بەرنامەی بۆ دانابوو بە ئەمانەتەوە جێبەجێی بکەین".
لە کۆتاییدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی دروود و سڵاوی بۆ گیانی پاکی فەرماندە ئاکام و هاوڕێکانی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان نارد.
بەهۆی لافاوێکی "مەترسیدار" و "کارەساتبار"ەوە لە ویلایەتی واشنتۆنی باکوری رۆژئاوای ئەمریکا، باری نائاسایی راگەیەندرا و داوا لە دەیان هەزار هاووڵاتی کراوە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
بۆب فێرگسۆن، پارێزگاری ویلایەتەکە، رۆژی چوارشەممە باری نائاسایی لەسەرتاسەری ویلایەتەکەدا راگەیاند و هۆشداریدا کە "لە رۆژانی داهاتودا ژیانی خەڵک دەکەوێتە مەترسییەوە".
فێرگسۆن وتیشی، "پێشبینی لافاوی کارەساتبار" لە زۆرێک لە ناوچەکان دەکرێت و ویلایەتەکە داوای تیم و بەلەمی رزگارکردنی کردووە، لە کاتێکدا ئاستی روبارەکان گەیشتۆتە ئاستێکی نزیک لە پێوانەیی.
کارینا شاگرێن، وتەبێژی بەشی بەڕێوەبردنی باری لەناکاوی واشنتن، رۆژی چوارشەممە بە سی ئێن ئێنی راگەیاند، "ئامۆژگاری نزیکەی 100,000 کەس لە ویلایەتی واشنتۆن کراوە کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن".
بارانبارینی بەخوڕ تا بەیانی رۆژی پێنجشەممە لە بەشێک لە ویلایەتەکە بەردەوام بوو، ئەمەش بووە هۆی راگرتنی گەشتی شەمەندەفەرەکانی کۆمپانیای ئەمترەک لە نێوان سیاتڵ و ڤانکۆڤەر.
بەپێی دەستەی کەشناسی نیشتمانی لە سیاتڵ، لە نێوان کۆتایی رۆژی سێشەممە و کۆتایی رۆژی چوارشەممە، لە بەشێکی فراوانی زنجیرە چیاکانی کاسکەید 4 بۆ 6 ئینج باران باریوە. لە چیاکانی ئۆڵۆمپیکیش نزیکەی 7 ئینج باران تۆمارکراوە.
سەدان سەربازی گاردی نیشتمانی رەوانەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان کراون بۆ یارمەتیدانی هاووڵاتیان. هەروەها رێگای سەرەکی ئینتەرستەیت 90 لە رۆژهەڵاتی سیاتڵ بەهۆی داڕمانی زەوییەوە داخراوە و ئۆتۆمبێلەکان بەهۆی قەدی دار، چڵ و قوڕ و ئاوەوە گیریان خواردووە.
کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەو کەشتییە نەوت هەڵگرەی لە نزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلا دەستی بەسەردا گیراوە، رەوانەی بەندەرێکی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکرێت، وتەبێژەکەی ترەمپیش دەڵێت: "دەستەوەستان نابین لە بەرانبەر گواستنەوەی نەوت لە بازاڕی رەش".
لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی سزاکان و رێگە نادەن ئەو کەشتییانەی سزایان لەسەرە بە ئازادی لە دەریاکاندا هاتوچۆ بکەن و پارە بۆ "تیرۆری پەیوەست بە مادە هۆشبەرەکان" پەیدا بکەن.
سەبارەت بەوەی ئایا ئەمە دەستپێکی هەڵمەتێکی فراوانترە دژی کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا، وتەبێژەکەی کۆشکی سپی وەڵامێکی روونی نەدایەوە و رەتیکردەوە باس لە پلانە سەربازی و ئەمنییەکانی داهاتوو بکات.
چاودێران ئەم بێدەنگییە بە "ناڕوونیی ستراتیژی" وەسف دەکەن کە ترەمپ پەیڕەوی دەکات و دەیەوێت هەنگاوەکانی داهاتووی بە نهێنی بمێننەوە و جیهان لە چاوەڕوانیدا بێڵێتەوە، هاوشێوەی ئەو سیاستەی لە سەرەتای ئەمساڵدا بەرانبەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گرتیەبەر.
لەلایەکی دیکەوە و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا جموجۆڵە سەربازییەکان کاریگەرییان لەسەر وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەبێت، لیڤیت رایگەیاند، ترەمپ لە ساڵی رابردوودا سەلماندوویەتی کە شایستەی خەڵاتەکەیە و "نزیکەی 9 ململانێی جیهانیی چارەسەر کردووە".
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی) لە نوێترین راپۆرتیدا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە بزوتنەوەی حەماس لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 و بەرامبەر بەو بارمتانەی دەستبەسەری کردبوون، "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" ئەنجامداوە.
رێکخراوەکە کە بارەگاکەی لە لەندەنە، لە راپۆرتەکەیدا کە دوێنێ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، شیکردنەوەی بۆ شێوازی هێرشەکە و پەیوەندیی نێوان چەکدارەکان کردووە. تیمەکانیان قسەیان لەگەڵ 70 کەس کردووە، لەوانە رزگاربووان، کەسوکاری قوربانیان، پسپۆڕانی پزیشکی دادوەری و کارمەندانی تەندروستی، هەروەها سەردانی شوێنی رووداوەکانیان کردووە و وردبینییان بۆ زیاتر لە 350 گرتە ڤیدیۆ و وێنە کردووە.
بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون چوونەتە خانەی "تاوانی دژی مرۆڤایەتی"ـیەوە، کە بریتی بوون لە: کوشتن، قڕکردن، زیندانیکردن، ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی سێکسی.
رێکخراوەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "ئەم تاوانانە لە چوارچێوەی هێرشێکی بەرفراوان و رێکخراودا بۆ سەر دانیشتووانی مەدەنی ئەنجامدراون و چەکدارەکان فەرمانیان پێکراوە خەڵکی مەدەنی بکەنە ئامانج".
کاردانەوەکان:
لە بەرامبەردا، بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا بە توندی ناوەڕۆکی راپۆرتەکە رەتدەکاتەوە و بە "هەڵە و ناپیشەیی" ناوی دەبات. حەماس دەڵێت: "ئەو بانگەشانە رەتدەکەینەوە و داوا لە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەکەین لە راپۆرتەکە پاشگەز ببێتەوە".
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاندووە، راپۆرتەکە هەموو ئەو "کارە دڕندانانەی" نەخستووەتەڕوو کە حەماس ئەنجامیداون.
قوربانییەکان و رابردوو:
بەپێی ئامارەکان، لە هێرشەکەی حەماسدا 1200 کەس کوژران کە زۆربەیان مەدەنی بوون و 251 کەسیش وەک بارمتە رفێندران. بەهۆی جەنگی ئیسرائیلیش بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە 70 هەزار فەلەستینی کوژراون و وێرانییەکی گەورە رووی لە ناوچەکە کردووە.
جێی ئاماژەیە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە مانگی کانونى یەکەمی 2024ـدا، لە راپۆرتێکی دیکەدا ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی "جینۆساید" دژی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە تۆمەتبار کردبوو، بەڵام ئیسرائیل ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.
سەرۆکی ئۆکراین رایدەگەیەنێت، هەر سازشێک لەسەر خاک دەبێت لەڕێگەی دەنگدانی گشتییەوە بێت، هاوکات وردەکاریی پلانێکی ئەمریکا بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی بێچەک لە خۆرهەڵاتی وڵاتەکە ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە کیێڤ رایگەیاند، هەر رێککەوتنێکی ئەگەری سەبارەت بە خاک، دەبێت لەڕێگەی دەنگدانی جەماوەرییەوە یەکلایی بکرێتەوە.
زێلێنسکی وتی: "پێموایە گەلی ئۆکراین وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە، جا لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بێت یان ریفراندۆم، دەبێت هەڵوێستەکە هی گەل بێت".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە سەرپەرشتیی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی چوار ساڵەی نێوان روسیا و ئۆکراین چڕ کراونەتەوە.
زێلێنسکی ئاماژەی بەوەکرد، کۆنترۆڵکردنی هەرێمی دۆنێتسک لە خۆرهەڵات و دۆسیەی وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا، دوو بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکانن لەگەڵ ئەمریکا و هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئۆکراین پەردەی لەسەر پلانێکی واشنتۆن لادا و رایگەیاند، ئەمریکا فشار دەکات بۆ دروستکردنی "ناوچەیەکی ئابوریی ئازاد"ـی بێچەک لە نێوان هێزەکانی روسیا و ئۆکراین لە خۆرهەڵاتی وڵاتەکە وەک بەشێک لە پلانی راگرتنی جەنگ.
زێلێنسکی وتی: "بەپێی پلانەکە هێزەکانی ئۆکراین لە خاکی دۆنێتسک دەکشێنەوە، لە بەرامبەردا هێزەکانی روسیاش نابێت بچنە ئەو ناوچانە و ناوی دەنێن ناوچەی ئابوریی ئازاد".
وتیشی: "لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا، داوا لە روسیا ناکرێت لە دۆنێتسک یان پێگەکانی لە خێرسۆن و زاپۆریژیا لە باشوور بکشێتەوە، بەڵام دەبێت هێزەکانی لە ناوچەکانی خارکێڤ، دنیپرۆپێترۆڤسک و سومی بکشێنێتەوە".
دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ سەرۆکی ئەرمینیا کۆبووەوە و جەختیان لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چەسپاندنی ئاسایش لە ناوچەکە کردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە "کۆڕبەندی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی و رێوشوێنی دروستکردنی متمانە"، دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ ڤاهاگن خاچاتووریان، سەرۆک کۆماری ئەرمینیا کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئاسۆی هاریکاریی هاوبەش کرا. دکتۆر لەتیف رەشید پابەندبوونی عیراقی دووپاتکردەوە بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دۆست، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و سەقامگیری و گەشەپێدان لە بوارە جیاجیاکاندا زامن بکات.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان. لەمبارەیەوە هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هاریکارییەکان کردەوە لەبەر رۆشنایی ئەو ئاستەنگانەی روبەڕووی جیهان بوونەتەوە.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا، پەنابردن بۆ گفتوگۆ و دیپلۆماسی، تاکە رێگەیە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، کە دواجار دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی ناوچەکە.
بڕیارە سبەی هەینی، وەفدی ئیمراڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەنکەرە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چارەنوسساز ئەنجام بدەن، کە دیارترینیان کۆبوونەوەیە لەگەڵ سەرۆکی مەهەپە و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی گفتوگۆکانە.
بەپێی زانیارییەکان، وەفدەکەی دەم پارتی کە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان، میتحەت سانجار و فایەق ئوزگور، سەرەتا سەعات 11ی پێشنیوەڕۆ لە بارەگای گشتیی پارتی دەڤا لەگەڵ عەلی باباجان، سەرۆکی ئەو حزبە کۆدەبنەوە.
دواتر و لە رووداوێکی گرنگی سیاسیدا، سەعات 2ی پاشنیوەڕۆ لە باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیا، وەفدی ئیمراڵی سەردانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەکەن.
سەرچاوەیەک لە دەم پارتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوانە گفتوگۆکردنە لەسەر "قۆناغی دووەمی پرۆسەی ئاشتی".
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، ئامادەکارییەکان بەو ئاراستەیەن کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا، وەفدی ئیمراڵی مۆڵەتی پێبدرێت و جارێکی دیکە لە گرتوخانەی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەنەوە.
ئاژانسی ناسا رایگەیاند، دوای زیاتر لە دەیەیەک لە کارکردن، پەیوەندییان بە کەشتییەکی ئاسمانییەوە پچڕاوە کە بە دەوری هەسارەی مەریخدا دەسوڕێتەوە و چارەنووسی ئەرکەکە بە نادیاری ماوەتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ـی بەریتانی، ناسا لە 6ی کانونی یەکەمەوە هیچ ئاماژەیەکی لە کەشتیی "ماڤن"ـەوە پێنەگەیشتووە. بەپێی داتاکانی ئاژانسەکە، پێش ئەوەی کەشتییەکە لە بەشێکی خولگە ئاساییەکەیدا بچێتە پشت هەسارە سورەکە، هەموو سیستەمەکانی بە شێوەیەکی ئاسایی کاریان کردووە، بەڵام دواتر سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ وێستگە زەمینییەکان پچڕاوە.
تا ئێستا زاناکانی ناسا هۆکاری پچڕانی پەیوەندییەکە نازانن و روون نییە ئایا دەتوانن دوبارە کەشتییەکە بخەنەوەکار یان نا. ئەگەر پەیوەندییەکە بۆ هەمیشە بپچڕێت، ئەوا کۆتایی بە زیاتر لە 10 ساڵ لە کاری زانستیی گرنگ لە دەوری هەسارە سورەکە دێت.
لە راگەیەندراوێکدا ناسا ئاشکرایکردووە، تیمەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە کێشەکە و هەر زانیارییەکی نوێ هەبێت بڵاویدەکەنەوە.
گەشتی "ماڤن" ساڵی 2013 لە زەوییەوە دەستیپێکرد و لە 21ی کانونی یەکەمی 2014 گەیشتە خولگەی مەریخ. کێشی ئەم کەشتییە 800 کیلۆگرامە و بە هەشت ئامێری هەستیار پۆشتە کراوە. ئامانجی سەرەکیی ئەرکەکە کۆکردنەوەی زانیاری بوو لەسەر بەرگەهەوای بەشی سەرەوەی مەریخ و کارلێککردنی لەگەڵ خۆر، بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن هەسارەکە بەرگەهەواکەی لەدەستداوە.
زاناکان باوەڕیان وایە مەریخ سەردەمانێک جیهانێکی گەرم و شێدار بووە و دەریاچە و زەریای هاوشێوەی زەوی تێدابووە، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات و لەدەستدانی بەرگەهەواکەی، بۆتە بیابانێکی وشک. کەشتییەکە لە ماوەی رابردوودا هاوکاری زاناکان بووە لە تێگەیشتن لە رێگەکانی لەدەستدانی ئاو لە مەریخ و کێشانی نەخشەی رێڕەوی با و هەورەکان.
قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ ئاگاداری ئەو هاووڵاتیانە دەکاتەوە کە بەهۆی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووەوە ئۆتۆمبێلەکانیان زیانی بەرکەوتووە، لە سبەینێوە دەتوانن سەردانی لیژنەی تایبەتمەند بکەن بۆ تۆمارکردنی زیانەکانیان.
بەپێی فەرمانێکی کارگێڕی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ژمارە (4422) و بە ئیمزای رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ دەرچووە، بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بە مەبەستی تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بەهۆی لافاوی رۆژی (9/12/2025)ـەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لە فەرمانەکەدا هاتووە، لیژنەکە لەسەر فەرمانی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێکهێنراوە و نوێنەرانی (هاتوچۆ، قایمقامیەت، پۆلیس، ئاسایش و بەرگری شارستانی) تێیدا ئەندامن.
قایمقامیەتی چەمچەماڵ داوا لەو هاووڵاتیانە دەکات کە ئۆتۆمبێلەکانیان زیانی بەرکەوتووە، سبەی هەینی سەعات (9:00)ـی سەرلەبەیانی تاوەکو کۆتایی هەفتە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی چەمچەماڵ بکەن، بە مەبەستی تۆمارکردنی زیانەکانیان لەلایەن لیژنەکەوە.
تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا پێی وایە سوپای تورکیا دەتوانێت رۆڵی هەبێت لەسەر زەوی لە کەرتی غەززە.
باراک لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی (جەروزالێم پۆست)ـی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوەکردووە، هێزە وشکانییەکانی تورکیا گەورە و بە ئەزموونن، هەروەها پەیوەندییان لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان هەیە کە ئەمەش دەتوانێت بەشداربێت لە هێورکردنەوەی دۆخەکە لە غەززە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێردەکەی ئەمریکا باسی لە دۆخی سوریا کردووە و دەڵێت، دیمەشق "مەبەستی نییە دەستدرێژی بکاتە سەر ئیسرائیل"، بەڵکو لەبری ئەوە سەرقاڵی روبەڕوبوونەوەی هەڕەشەکانی رێکخراوی داعشە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە مشتومڕی بەردەوام لەسەر ئامادەیی سوپای تورکیا لە غەززە هەیە و ئیسرائیل و دەسەڵاتدارانی دژی ئەوەن.
رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، خەڵکی ئێران پیلانەکانی دوژمنیان بۆ گۆڕینی ناسنامەی وڵاتەکەیان پوچەڵ کردوەتەوە و لە ئێستاشدا لە جەرگەی جەنگێکی میدیایی و پروپاگەندەی فراواندان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، بە بۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی فاتیمەی کچی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) پێشوازی لە ژمارەیەک لە ستاییشکارانی ئەهلی بەیت و شاعیران کرد و لە میانی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، خەڵکی ئێران بە "بەرخودانی نیشتمانی" هەوڵە بەردەوامەکانی دوژمنیان بۆ گۆڕینی "ناسنامەی ئاینی و مێژوویی و رۆشنبیری" وڵاتەکەیان شکست پێهێناوە. وتیشی: "ئەمڕۆ پێویستە لە بەرامبەر چالاکییە تەبلیغاتی و میدیاییەکانی دوژمن کە هێرش دەکەنە سەر مێشک و دڵ و باوەڕەکان، ئامادەکاریی بەرگری و هێرشبەریمان هەبێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، خامنەیی جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی لە ناوەند و جەرگەی "جەنگێکی پروپاگەندە و میدیایی" فراواندایە، چونکە "دوژمن تێگەیشتووە ئەم خاکە بە فشار و هێرشی سەربازی تەسلیم نابێت و داگیر ناکرێت". ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمریكا لە سەری ڕمی ئەو بەرەیەدایە و هەندێک وڵاتی ئەوروپیش لە دەوورین.
خامنەیی ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی دوژمن لەناوبردنی ئامانج و چەمکەکانی شۆڕش و لەبیربردنەوەی خومەینییە، بۆیە داوای کرد لەم جەنگە میدیاییەدا گرنگی بە "مەعریفەی ئیسلامی و شۆڕشگێڕی" بدرێت.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، و لە وەڵامی قسەی یەکێک لە ئامادەبووان سەبارەت بە کێشەی خۆڵبارین لە پارێزگای خوزستان، ئایەتەڵڵا خامنەیی وتی: "ئەوە یەکێکە لە کێشە بچووکەکان و کەمکورتی و کێشە لە سەرتاسەری وڵاتدا زۆرن، بەڵام گەلی ئێران بە خۆڕاگری و راستگۆیی رۆژ بە رۆژ ئابرۆ و دەسەڵات بۆ ئێران و ئیسلام پەیدا دەکات و وڵات لە حاڵەتی پێشکەوتندایە".