هەواڵەکانهەواڵەکان

سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، عیراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بەهۆی داخستنی گەروی هورمزەوە زۆرترین زیانی بەرکەوتوە و دەبێت بیر لە رێگەیەکی تر بکەنەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت.

ئەمڕۆ دووشەممە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عیراق رایگەیاند، بەهۆی داخستنی گەروی هورمزەوە، عیراق زۆرترین زیانی بەرکەوتوە و ناکرێت  بۆ هەناردەکردنی نەوت تەنها پشت بە یەک رێگە ببەستن.

سەرۆک وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەشکردوە، ژمارەیەک لە لێپرسراوان، خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە، لە کاتێکدا ئەوان دەیانەوێت ئابوریەکی بە‌یز بونیاد بنێن.

عەلی زەیدی، وتوشیەتی، هەر بەرمیلێک نەوت کە نەفرۆشرێت، هۆکارە بۆ دواکەوتنی موچە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، یاخود دەبێت زیان بۆ خەزێنەی دەوڵەت.

عەلی زەیدی رویدەمی کردوەتەوە، لێپرسراوانی عیراق و دەڵێت؛ دەرفەتی باش هەیە، دەبێت لێپپرسراوان بەرپرسیارێتی هەڵگرن  و دەوڵتر پابەندبوونی هەیە و بەشێکی زۆری ئەو پابەندبوونانەش دەکەونە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتەوە.

عەلی زەیدی جەختیکردوەتەوە، هیچ بیانوویەک نییە و ەوان ئەنجامیان دەوێت، پێشبینیش دەکەن هەفتەی داهاتوو ئەو ئەنجامانە ببینین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بە هاوەڵی تیمی ئەندازیاری و لێپرسراوانی پەیوەندیدار، بەدواداچوونی مەیدانی بۆ زنجیرەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ژێرخانی شاری سلێمانی ئەنجامدا.

ئامانجی سەردانەکە هەڵسەنگاندنی ئاستی پێشکەوتنی کارەکان، ناسینەوەی کۆسپەکان و جەختکردنەوە بوو لەسەر خێراکردنی رەوتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بە کوالێتییەکی بەرز.

گرنگترین ئەو پڕۆژانەی بەسەرکرانەوە:

شەقامی شارباژێڕ و هەواری شار: هەڵسەنگاندن بۆ قیرتاوکردنەوەی دووسایدی شەقامی شارباژێڕ، فراوانکردنی شەقامی هەواری شار و چارەسەری کێشەی یوتێرنەکەی، و فراوانکردنی شەقامی 110 مەتری.

یەکتربڕی هۆتێل تایتانیک: پێداچوونەوە بە دیزاینی یەکتربڕەکە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت بۆ ئاسانکاریی هاتووچۆ لەسەر شەقامی مەلیک مەحمود و بەستنەوەی گەڕەکی تویمەلیک بە چاڤیلاند.

پردی پەڕینەوە: بەدواداچوون بۆ دروستکردنی پردی پەڕینەوەی کارەبایی پیادەڕەو لە بەردەم دادگای سلێمانی.

شەقامی 100 مەتری: پێداچوونەوە بە قۆناغەکانی کارکردن لە رۆدەکانی (2، 4، 6) کە شەقامی 100 مەتری بە ناوەند و ناو شاری سلێمانییەوە دەبەستنەوە و لابردنی کۆسپەکانی بەردەمیان.

گەڕەکی چوارچرا: بەدواداچوون بۆ پڕۆژەی کۆنکرێتکردن و کربستۆنکردنی بەشێک لە کۆڵانەکانی بیستەکانی چوارچرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان تۆمەتبارێکی دەستگیکردووە و دەڵێت، "لەڕێگەی چەندین هەژماری ساختەوە کاری نەشیاو و سەرپێچیی یاسایی بەرانبەر هاووڵاتییان ئەنجامداوە، هەر هاووڵاتییەکیش کە سکاڵای لەسەر ئەو هەژمارانە هەیە دەتوانێت بێت و سکاڵا تۆمار بکات".

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەیرمیان رایگەیاندووە: تۆمەتبارێکمان بەناوی (م،ع،م) لەدایکبووی ساڵی (2001/ رەگەز نێر) دەستگیرکرد، کە لە رێگەی چەندین هەژماری جیاواز و ساختە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاری نەشیاو و سەرپێچیی یاسایی بەرانبەر هاووڵاتییان ئەنجامداوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی گەرمیان: لە ئێستادا تۆمەتبار بەپێی ماددەی دوو لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

 

پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، ئەو ئەکاونتانەی تۆمەتبار بەکاریهێناون بریتین لە:

* فەیسبووک (Facebook):

* Kalar Jaff

* Hiwa Omar

* Osman Hassan

* Aki Kalare

* Tazade Tazade

* Hawzhin jaff

 

* ئینستاگرام (Instagram):

* sarbasttarxani

* hawakjaff

 

* سناپچات (Snapchat):

* Hawahaedar

* Kalar8063

* garmayn_garmayn

 

پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەشداوە: چەند ئەکاونتێکی دیکەی هەبووە کە لەلایەن ناوبراوەوە بە مەبەستی شاردنەوەی بەڵگەکان سووتاون، داوا لە هەر هاووڵاتییەک دەکەین کە لەلایەن ئەم تۆمەتبارەوە لە رێگەی ئەم هەژمارانەوە زیانی پێگەیشتووە، هەڕەشەی لێکراوە، یان هەڵخەڵەتێنراوە، سەردانی بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان / نوسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی بکات بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی دژی ناوبراو تاوەکو رێکاری یاسایی بەرانبەری بگیرێتەبەر.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای بانگەشەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە دەڵێت؛ گفتوگۆی راستەوخۆ و پشت پەردە لە نێوان حکومەتی ئەمریکا و سوپای پاسداراندا هەبووە، وتەبێژی سوپای پاسداران رەتی دەکاتەوە و دەڵێت ئێمە لە میداندا قسە دەکەین نەک ژێر بەژێر.

ئەمڕۆ دوشەممە، حسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسداران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی تەسنیم جەختی لەوە کردەوە کە هیچ گفتوگۆیەک لە نێوان بەرپرسانی سوپای پاسداران و لایەنی ئەمریکیدا نەبووە.

ناوبراو قسەکانی دۆناڵد ترەمپی رەتکردەوە، و ئاماژەی بەوەشکرد کە سوپای پاسداران "لە مەیدان" قسە دەکات و گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان کە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی دەرەوە، بەهۆی "مێژووی کارە خراپەکانی ئەمریکا" ڕاگیراون و لەو بوارەشدا هیچ دانوستانێک ئەنجام نادرێت.

وتەبێژی سوپای پاسداران ئەم لێدوانانەی بە هەوڵێکی ترەمپ بۆ "کۆنتڕۆڵکردنی کاتی نرخی وزە و رزگاربوون لە فشارەکان" وەسف کرد.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، کە واشنتۆن لە رێگەی کەناڵە نهێنییەکانەوە راستەوخۆ لە پەیوەندیدایە لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای پاسداران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ترەمپ دەڵێت، لە پرسی ئێراندا هیچ پەلەیەکیان نییە و دەبێت تاران ئاڵای خۆبەدەستەوەدان بەرز بکاتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "فوکس نیوز" رایگەیاند، لە پرسی ئێراندا هیچ پەلەیەکی نییە و ئاماژەی بە بوونی "کەناڵی پەیوەندیی پشتی پەردە" کرد لەگەڵ لێپرسراوانی سوپای پاسدارانی ئێران.

ترەمپ وتی: "ئێمە راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی سوپای پاسداران لە ناو ئێراندا قسە دەکەین."

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە،  "دەبێت ئێران ئاڵای خۆبەدەستەوەدان بەرز بکاتەوە،" و ئاماژەی بەوەش کرد کە گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە دروستکردنی فشاری ئابوری نوێ لەسەر رژێمی ئێران.

ئەوەشی خستەڕوو، "ئێران لە قوماردا لێهاتوون، بەڵام دوا هەناسەکانیان دەدەن."

پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "سۆشیاڵ تروس" جەختی کردبوەوە کە "ئێران بە هیچ جۆرێک ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی،" و ڕایگەیاندبوو: "ئامانجی یەکەممان، کە هەمیشەش وەک خۆی دەمێنێتەوە، رێگریکردنە لە دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکات کە کراونەتە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم

بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسروور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی ئاژانسی پاراستنيان کردە ئامانج. ئەم ھێرشانە بە تەواوی ڕەتکراوە و پەرەسەندنی مەترسيدارن.

داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەین بەرپرسیاریەتی و پابەندیی دەستووریی خۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات جێبەجێ بکات بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە.

پاراستنی سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشە و ھەمووان دەبێ کار بۆ ئارامکردنەوە و نەھێشتنی گرژییەکان بکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی ئیدانەی هێرشە درۆنییەکەی سەر نوسینگەی سەرۆکی حکومەت دەکات و رایدەگەیەنێت: ئەم جۆرە هێرشانە پێشێلکردنێکی مەترسیداری سەروەریی عیراقە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هەڵوێستی هەرێم لە دەستپێکی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە زۆر روون و راشکاوانە و ئاشتیخوازانە بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەربۆیە ئەم جۆرە هێرشانە نەک تەنها رێزنەگرتنە لە هەڵوێست و رۆڵی ئاشتیخوازانەی هەرێمی کوردستان، بەڵکو پێشێلکردنێکی مەترسیداری سەروەریی عیراقە .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تەمویلی موچەی مانگی حەوتی موچەخۆرانی هەرێم خرایەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی و لە نزیکرترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی دەکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، بڕی 830 ملیار و 782 ملیۆن دینار وەک تەمویلی موچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم بە رەسمی خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عیراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵ لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بۆ مانگی تەمموز لە کۆی گشتیی تەمویلەکە کەمکردووەتەوە.

وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، بڕی سێ ملیار و 326 ملیۆن و 931 هەزار دینار لە تەمویلی ئەم مانگەدا نەنێردراوە، کە تایبەت بووە بە پڕکردنەوەی شایستەی موچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی لە هەرێم.

وەزارەتی دارایی جەختیشی کردووەتەوە، دوای تەواوکردنی رێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بە شێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی، راستەوخۆ لیستی موچە بڵاودەکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی تەمموز دەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەسرور بارزانی ئیدانی هێرشکردنە سەر نوسینگەکەی دەکات و رایدەگەیەنێت؛ بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە ناڕەوا و قبوڵنەکراوانە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم.

مەسرور بارزانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئۆفیسی تایبەتی من و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، لە هێرشێکی درۆنی ئێرانیدا کراونەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە ناڕەوا و قبوڵنەکراوانە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم. ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هێرشانە هەرگیز ناتوانن بمانوەستێنن لە بەردەوامبوونمان لە ئەنجامدانی ئەرکەکانمان و پاراستنی هاووڵاتییانمان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی نوسینگەی تایبەتی سەرۆک وەزیران و شوێنی حەوانەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن کرا

دژەتیرۆری هەولێر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ، لە سەعات 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنوری ئێرانەوە ئاڕاستەی بارەگای نوسینگەی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هێرشەکاندا هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتەوە.

دژەتیرۆری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەن و بەهیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین، تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانەکراو چاوەڕوان دەکرێت هەر ئەمڕۆ لیستی موچە بڵاوبکرێتەوە.

بڕیار محەمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرایکردووە بەغداد دەستی بە خەرجکردنی موچەی مانگی حەوتی موچەخۆرانی هەرێم کرد.

وتیشی، کەمێک پێش ئێستا تەواوی پارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم گەیشتە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی و خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، کە پارەکە زیاتر لە 830 ملیار دینارە.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشکردووە، لیستی موچەی فەرمانبەران ئامادەیە و دوای تەواکردنی رێکارەکان بڵاودەکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ناکۆکییەکانی واشنتۆن و تەلئەبیب لەسەر غەززە قوڵتر دەبنەوە و ئەمڕۆ کۆشنەر و ناتانیاهۆ لەسەر ئەو پرسە کۆدەبنەوە.

جارید کۆشنەر، زاوا و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی پلانی ئاشتیی ئەمریکا لە کەرتی غەززە، ئەمڕۆ دووشەممە لە ئیسرائیل لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردووەتەوە، سەردانەکەی کۆشنەر بۆ تەلئەبیب لە کاتێکدایە، حکومەتی ئیسرائیل تێبینی و سەرنجی جدی لەسەر بەشەکانی پلانی ئەمریکا هەیە، بەتایبەت لەبارەی پرسی داماڵینی چەکی حەماس و قۆناغەکانی کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە کەرتەکە.

پێش گەیشتنی بۆ ئیسرائیل، کۆشنەر دوێنێ یەکشەممە لە میسر لەگەڵ سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس کۆبووەوە، لە کۆتایی مانگی تەمموزی رابردوودا حەماس رەزامەندی لەسەر نەخشەڕێگەیەکی ئەمریکی دەربڕی کە ئامانج لێی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی پلانی ئاشتییە، بە جۆرێک داماڵینی چەکی بزووتنەوەکە و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە لەخۆدەگرێت.

لە بەرانبەردا، بنیامین ناتانیاهۆ بەڕەسمی بەڵگەنامەکەی رەتکردووەتەوە و داوای کردووە داماڵینی چەکی حەماس بە شێوەیەکی بەکردەوە و "راستەقینە" جێبەجێ بکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە بزووتنەوەی حەماس، لە سەرەتای مانگی تەمموزدا هەڵوەشاندنەوەی ئیدارە مەدەنییەکەی لە غەززە راگەیاند و ئامادەیی دەربڕی بۆ رادەستکردنی دەسەڵاتەکان بە "لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وادەی دیاریکراوی رێککەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا ئیمزاکرابوو گەیشتووەتە کۆتایی، ئەوەش لە کاتێکدایە دەرفەتەکانی پاراستنی لێکتێگەیشتنەکە لە نێوان دانوستان و ئاڵۆزتربوونی رەوشەکەدا ماونەتەوە.

لە بری ئەوەی ئەم وادەیە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی گرژییەکان، رۆژانی کۆتایی رێککەوتنەکە ئاماژەیان بە پاشەکشەی پرۆسەکە کردووە، پاش ئەوەی تاران هاتوچۆی لە گەروی هورمز داخست وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ دروستکردنی رێڕەوێکی جێگرەوە، لە بەرانبەردا واشنتۆن بە سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی وەڵامی دایەوە.

هاوکات لە ناوخۆی ئێراندا، فشارە ئابورییەکان رویان لە زیادبوون کردووە و دابەزینی بەهای دراوی ناوخۆیی و گەمارۆکان کەرتی نەوتیان تووشی سستبوونی گەورە کردووە، لەم باریەوە محەمەد رەزا عارف، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران هۆشداریی دا لەوەی وڵاتەکەی لە ناو "جەنگێکی ئابوری"دایە و داوای لە دامەزراوەکان کرد بەرەنگاری شەپۆلی بەرزبوونەوەی نرخەکان و هەڵئاوسان ببنەوە.

لە بەرانبەردا، تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ـی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوای شەش مانگ لە رووبەڕووبوونەوەکان، داواکارییەکانی کەمکردووەتەوە، لە کاتێکدا لە سەرەتادا باسیان لە رادەستبوونی تەواوەتی ئێران و راگرتنی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکان دەکرد، بەڵام لە یاداشتەکەی حوزەیراندا ئەو مەرجانە کەمکراونەتەوە و جەخت لە پاراستنی سەقامگیریی نرخی نەوت کراوەتەوە. 

جێی ئاماژەیە، بەپێی ئامارەکان ئاستی هاتوچۆی کەشتییەکانی گواستنەوەی کەلوپەل و نەوت لە گەروی هورمز بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئەمەش مەترسییەکان لەسەر داهاتووی ئاسایشی دەریاوانی و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی گەڕێکی نوێی رووبەڕووبوونەوە زیاتر دەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاتوچۆی كەشتییەكان لە گەروی هورمز پەكیكەوتووە و لە رۆژی یەكشەممەدا تەنانەت یەك كەشتییش لەو رێڕەوەدا تێپەڕ نەبووە.

بەپێی داتاكانی كۆمپانیای "كیپلەر" بۆ چاودێریی جوڵەی كەشتییەكان، هاتوچۆی بازرگانی لە گەرووی هورمز لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا سستییەكی بەخۆوە بینیوە. ئامارەكان ئاشكرای دەكەن كە رۆژی شەممە تەنها پێنج كەشتیی بارهەڵگر لە گەرووەكە تێپەڕبوون، بەڵام رۆژی یەكشەممە هیچ جۆرە هاتوچۆیەكی كەشتیوانی تۆمار نەكراوە. ئەمە لە كاتێكدایە كە لە هەمان كاتی هەفتەی رابردوودا، 31 كەشتی لەو رێڕەوە ستراتیژییەدا هاتوچۆیان كردبوو.

ئەم پەككەوتنە لە ناكاوەی كەشتیوانی دوای زنجیرەیەك هێرش دێت كە كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی لە ناوچەكەدا كردبووە ئامانج، هاوكات سستیی هەوڵە دیپلۆماسییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران بۆ چارەسەركردنی ململانێكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دڵەڕاوكێی زۆری لای كۆمپانیاكانی گواستنەوە دروست كردووە. هاتوچۆی كەشتییەكان لە گەروی هورمز بە شێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حەماس جەخت لە پابەندبونی دەکاتەوە بە رێککەوتنی ئاگربەست و ئیسرائیل تۆمەربار دەکات و سوپاسی دۆناڵد ترەمپیش دەکات.

بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، بە تەواوی پابەندی جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی ئاگربەست بووە، جەختی کردەوە لە دیدارێکی رێبەرانی بزوتنەوەکە لەگەڵ جێرد کۆشنەر، نێردراوی دۆناڵد ترەمپ لە قاهیرە، رەزامەندیی خۆیان لەسەر نەخشەڕێگەی جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پلانەکەی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە غەززە دەربڕیوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە لە راگەیەندراویكدا، حەماس پابەند بونی خۆی بە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی ئاگربەست دەربڕی.

لە رەگەیەندراوەکەدا، حەماس سوپاسی رۆڵی دۆناڵد ترەمپ دەکات  بۆ گەیشتن بەم نەخشەڕێگەیە و داوای لە ئەنجومەنی ئاشتی و وڵاتانی ناوەندگیر کرد، کە ئیسرائیل پابەند بکەن بە جێبەجێکردنی سەرجەم بەڵێنەکانی قۆناغی یەکەم.

حەماس جەختیکردوەتەوە دەبێت ئیسرائیل پیشێلکاری وهێرشەکان رابگرێت، هەروەها  پەسەندکردنی نەخشەڕێگەی قۆناغی دووەم.

حەماس لە راگەیەندراوەکەدا، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی بە ئەنقەست بەرەو ئاڵۆزکردنی رەوشی سەربازی هەنگاوی ناوە و بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، لە نێوان 11 کەستی جەنگیدا، کەمترین حاڵەتی دەرونی لەسەر کەشتیی ئیبراهیم لینکن تۆمار کراوە، ئاماژەی بەوەشکردوە بونی ئەم کەشتییە و سەربازەکانی جیگای شانازییە.

راگەیەندراوێک بەناوی ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاوە (CENTCOM) بڵاوکراوەتەوە، کە تێیدا هەست و سەرنجەکانی سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ سەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئیبراهیم لینکن دەردەبڕێت.

ئاماژە بەوە دەکات کە بینینی هاوکاری، کاری بەکۆمەڵ و خۆڕاگریی ستاف و دەریاوانانی سەر کەشتییەکە جێگەی شانازییەکی گەورەیە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ بەپێی ئامارەکان، ئەم کەشتییە لە نێوان 11 کەشتیی فڕۆکەهەڵگری چالاکی ئەمریکادا کەمترین ڕێژەی کێشە و ئاریشەی تەندروستیی دەرونی تێدا تۆمارکراوە.

ئەدمیراڵ کوپەر جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەم ئامارە مانای ئەوە نییە هەموو شتێک بێ کەموکورتی بێت، چونکە خزمەتکردن لە دەریادا بۆ ماوەیەکی درێژ ئاڵەنگاریی خۆی هەیە و ڕووبەڕووبوونەوەی گوشارەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە.

فەرماندەی ناوەندەیی ئەمریکا، ستایشی سەرکردایەتی و بەرپرسانی کەشتییەکە دەکات، کە بایەخی تایبەتیان بە تەندروستیی دەروونیی هێزەکانیان داوە، و هیوای گەڕانەوەیەکی سەلامەتیان بۆ دەکوازێت بۆ نیشتمان.

ئەمەش لە کاتێکدایە دەنگۆی بونی حاڵەتی زۆری تێکچونی دەرونی لە نێو کەشتیەکەدا، لەگەڵ خراپی خواردنی سەربازەکان بڵاوبەوەتەوە، کە بەبۆنەی جەنگی ئێرانەوە، کەشتییەکە بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەریادا ماوەتەوە و ئەمش وایکردوە سەربازەکان ناڕەزایەتی دەببڕن و ژمارەیەکیشیان توشی نەخۆسی دەرونی ببن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...8889909192...1223