لە کۆبونەوەکە دا کاندیدانی یەکێتی لە لیستی ھاوپەیمانی کوردستان بەشداربوون، ئەوە روونکرایەوە کە بە شێوەیەکی شارستانیانە بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ لیستی ھاوپەیمانی و کاندیدانی یەکێتی بکەن و ھەموو پێداویستیەک ئامادە بکەن تا زۆرترین ھاوڵاتیانی ئەم ناوچەکانە بەشداری ھەڵبژاردن بکەن دەنگ بە لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی و کاندیدانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بدەن چونکە بەشێکی زۆری ھاوڵاتیانی ئەم ناوچانە تاکو ئێستاش لە ئاوارەین و نەتوانراوە بگەرێندرێنەوە ناوچەكانیان.
سۆران غەفور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی لە قائیمقامیەتی سلێمانی لە لێدوانێکدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھیچ بڕیارێک لە قائیمقامییەتەوە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی و کێشی نان نەدراوە و پێویستە نانەواخانەکان پابەندی بڕیارەکانی پێشووبن و هەشت نانی ١٠٠ گرامی بە ھەزار دینار بدەن بە ھاوڵاتیان.
وتیشی، لیژنەکانیان چاودێری بازاڕ دەکەن ھەر نانەواخانەکیش پابەند نەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بۆ کەمکردنەوەی ئەو بارگرانیەی کەوتووەتەسەر نانەواخانەکان قائیمقامیەتی سلێمانی بە نوسراوی رەسمی داوا دەکات باج لەسەر ئارد و نرخی کارەبا و غاز لەسەریان کەمبکرێتەوە.
نەسرین محەمەد بەڕێوەبەری دروستکردنی دانەوێڵەی سلێمانی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، ھۆکاری بەرزبونەوەی نرخی ئارد دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبونەوەی نرخی بۆرسەی جیھانی گەنم بەھۆی وشکەساڵییەوە.
عەلی رازی وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاندووە، ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دەربەندیخان و دوکان و ئاوی سیروان و دیالەش کەمی کردووە، وتیشی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فوراتیش بۆ ٥٠٪ کەمی کردووە، بەڵام ئاوی پێویست بۆ ئەم وەرزە و زستانی داھاتووش ھەڵگیراوە.
لەبارەی ھۆکارەکانیش رازی دەڵێت، گۆڕانی کەش و ھەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بێبارانی و دروستکردنی بەنداو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە ھۆکارە سەرەکییەکانی کەمبوونەوەی ئاون لە رووبار و بەنداوەکانی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد، مانگی ئایندە وەفدێکی عێراقی سەردانی تورکیا دەکات و باس لە کەمبوونەوەی ھاتنی ئاو لە تورکیا بۆ عێراق دەکەن.
بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە کۆڵۆنێڵ سویک فەرماندەی ھێزەکانی ئەڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان و وەفدێکی سەربازیی یاوەری، بافڵ تاڵەبانی گرنگی پتەوکردنی ھەماھەنگی سەربازیی نێوان ھەردولای بەپێویستزانی لەچوارچێوەی ھەوڵە نێودەوڵەتیەکان بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئارامی و ئاسایش لەناوچەکە.
داواشیکرد، ھێزەکانی ئەڵمانیا ھاوکارییەکانیان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە فراوانتر بکەن و پشتیوانی لەسەرخستنی ھەنگاوەکانی یەکگرتنەوە و رێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە بکەن.
لەبارەی بۆشایی ئەمنی لەچەند ناوچەیەکی عێراق و جموجوڵی پاشماوەکانی داعش، بافڵ تاڵەبانی جەختی لە ھەماھەنگی زیاتر لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان کردەوە بۆ بەرقەراکردنی ئاسایشی ئەو سنوورانە.
راشیگەیاند، شکستپێھێنانی چەندین پیلانی تیرۆریستانی داعش لەماوەی رابردوو بۆ تێکدانی ئارامی ھەرێم لەلایەن ھێزەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم و دژەتیرۆرەوە ئەوەمان پێدەڵێت ھێشتا مەترسییەکان ماون و پێویستە ھەموومان پێکەوە رووبەڕووی ببینەوە.
ئیلھام ئەحمەد سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات مەسەدە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ھێرشەکانی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ناوچەکانی ئاگربەست کە روسیا و ئەمریکا سەرپەرشتی دەکەن، راگەیاندنی دەستپێکردنەوەی شەڕە بەرامبەر گەلانی باکوری سوریا.
جەختیشیکردووەتەوە، ھێرشەکانی تورکیا بەرامبەر ئەو گەلانەیە کە روبەڕوی تیرۆر و ستەم بونەتەوە، داوا لە سەرپەرشتیارانی ئاگربەستیش دەکات ئەرکی خۆیان بۆ راگرتنی ھێرشەکانی تورکیا جێبەجێ بکەن.
ئازاد رەمەزان نوێنەری نانەواخانە و سەمونخانەکانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، ئەو ئاردەی بەکاری دەھێنن لە تورکیاوە دێت، بۆیە ھەرکات ئەو وڵاتە ئاردی گران کرد، ئەوانیش ناچاران نرخی نان بەرزبکەنەوە.
وتیشی، بەھۆی خراپی کوالێتی، ناتوانن ئاردی ناوخۆ بەکاربھێنن و زیاتر لە ١٠ ساڵە ئەو کێشەیان ھەیە.
د.سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە قۆناغێکی ھەستیار و ترسناکدا تێپەڕین بۆ روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا، لە ئێستاشدا پلان بۆ دابەشکردنی ڤاکسین بەشێوەیەکی فراوان دادەنێن.
وتیشی، پشتیوانی ھاوڵاتیان دەبن و بۆیان روندەکەنەوە وەرگرتنی ڤاکسین تاکە رێگەیە بۆ روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا، لەبەر ئەوە دەبێت ھاوڵاتیان دوو دڵ نەبن لە وەرگرتنی ڤاکسین.