مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆکی پێشووتری ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا وتی، عێراق کارێکی برایانەی دەستپێکردووە و بە ھیوان ھەوڵەکانی بەغداد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان تاران و ڕیاز سەرکەوتوو بن، چونکە کۆتاییھێنان بە کێشەکان لەگەڵ سعودیە لە ئێستادا زۆر پێویستە.
وتیشی، پێویستە کێشەکانیان لەگەڵ ئەمریکاش کۆتایی بێت و بۆ ئەمەش پێویستە ھەردوولا ڕێزی یەکتر بگرن و دەستوەردان لە کاروباری یەکتردا نەکەن. وتیشی، پێویستە ئێرانیش ھەڵسوکەوتەکانی بگۆڕێت.
چەند پسپۆڕێکی بواری ئەمنی لە لێدوانێکیاندا بە تۆڕی فۆکس نیوزیان ڕاگەیاندووە، لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ھێندەی ئێستا ڕێکخراوی قاعیدە مەترسی نەبووە لەسەر ئاسایشی ئەمریکا.
دەشڵێن، جێھیشتنی ئەفغانستان بەو خێراییەی ئێستا، مەترسییەکان زیاتر دەکەن و ڕێگە بۆ ھێرشی تیرۆریستی خۆش دەکەن.
ئەم ھۆشدارییە دوای ئەوە ھات، بزوتنەوەی تاڵیبان جەختدەکاتەوە، بە ھیچ جۆرێک نابنە ھەڕەشە و مەترسی بۆ سەر وڵاتانی جیھان و جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، تاڵیبان ھێرش بکاتە سەر ھێزەکانیان بە توندی وەڵامیان دەدەنەوە.
ڕادیۆی ئاسیای ئازاد بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی کۆریای باکور ھاوڵاتییانی وڵاتەکەیان ئاگادار کردووەتەوە کە بە ھیچ جۆرێک نابێت قسە لەسەر کێش و جەستەی کیم جۆنگ ئون سەرۆکی وڵات بکەن و قسەکردن لە بارەی تەندروستی سەرۆک بە ھەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
دوای ئەوەی دەنگۆی تێکچوونی تەندروستی کیم بڵاوبووەوە و وا ڕاگەیەندرا کێشی دابەزیوە، میدیاکانی کۆریای باکور بڵاویانکردەوە، سەرۆک بەھۆی بڵاوبوونەوەی برسیەتییەوە و لە پێناو خەڵکەکەیدا خواردنی کەمکردووەتەوە و تەندروستیشی زۆر باشە.
(محەمەد خالدی) سەرۆکی کوتلەی (بەیارق ئەلخەیر) ڕایگەیاند، لە مانگی ئەیلولدا ڕێککەوتنی ھێزە سیاسییەکان لە بارەی دواخستنی ھەڵبژاردن ڕادەگەیەنرێت و چارەنووسی پڕۆسەکە یەکلادەکرێتەوە.
ئاشکراشیکردووە، سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق شکستیان ھێناوە و نەیانتوانیوە ئەو لایانانە پاشگەز بکەنەوە کە بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کردووە.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش ڕایگەیاند، ھەموو ئامادەکارییە لۆجستی و تەکنیکییەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا تەواو بووە.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی ھەرێم ڕایگەیاند، کارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی پردی نوێی دەربەندی ڕانیە بەردەوامە و ڕۆژانی پشوو و ھەینیش کارکردن لەو پڕۆژەیە بەردەوامە.
ڕاشیگەیاندووە، پڕۆژەی پردی نوێی دەربەندی ڕانیە، پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین جێبەجی دەکرێت و ئیدارەی ڕاپەڕین بە سلێمانییەوە دەبەستێتەوە. لە ئێستاشدا ٤٥٪ی کارەکانی ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ کراوە.
ئەمینە ئۆسێ وتەبێژی ھاوسەرۆکایەتی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، تورکیا بە بەرچاوی ھەموو جیھانەوە لە دژی ڕۆئاڤای کوردستان ھەموو جورە ھێرشێک ئەنجام دەدات، داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک ھەڵویستی ھەبێت.
(مستەفا کازمی) ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، سەرەڕای ئاستەنگەکانی بەردەم سەقامگیری سیاسی و ئابوری و ئەمنی، بەھۆی ھەڵکشانی ئامارەکانی تووشبوون و گیان لە دەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕەوشی تەندروستی عێراقیش کەوتووەتە بەردەم ھەڕەشەی جددی.
وەزارەتی تەندروستی عێراقیش ڕایگەیاند، بەھۆی زیادبوونی ئامارەکانی تووشبوون و گیان لە دەستدان، ژمارەی سەنتەرەکانی پێدانی ڤاکسین لە شارەکان بە تایبەتی لە بەغدادی پایتەخت زیادکراون.
بە پێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی ھەرێم، لە ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا ٧٢٢ حاڵەتی نوێی تووشبوون و ٣٣ حاڵەتی نوێی گیان لە دەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە و ٢٠٤٤ تووشبووش چاکبوونەتەوە.
حیشمەت غەنی ئەحمەدزادە برای ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ھەڵاتووی ئەفغانستان بەیعەتی بە بزوتنەوەی تاڵیبان دا و پەیوەستبوونی خۆی بە بزوتنەوەکەوە راگەیاند، تاڵیبانیش ڤیدیۆی بەیعەتدانەکەی بڵاوکردەوە.
بەپێی زانیارییەکان بەیعەتەکەی ئەو برایەی ئەشرەف غەنی، دوای چاوپێکەوتنیکی بووە لەگەڵ خەلیل رەحمان حەقانی بەرپرسی دابینکردنی سەرچاوە داراییەکانی پرۆسە سەربازییەکانی تاڵیبان.
حەقانی پێشتریش لەگەڵ حامید کارزای سەرۆکی پێشووتری ئەفغانستان کۆبووەوە.
رێکخراوی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان یونسێف رایگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژی داھاتوودا زیاتر لە چوار ملیۆن لوبنانی روبەڕووی بێئاوی دەبنەوە و ھۆکاری سەرەکی بێئاویش قەیرانی سەختی نەبوونی سوتەمەنییە کە چەند مانگێکە ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.
لوبنان لە ھاوینی ٢٠١٩وە روبەڕووی قەیرانێکی سەختی دارایی بووەتەوە و تەقینەوەکەی بەندەری بەیروتیش قەیرانەکەی قوڵتر کردەوە، دراوی لوبنانیش ٩٠٪ی بەھاکەی لەدەستداوە و پێکنەھێنانی حکومەتیش ئەو وڵاتەی خستووەتە بەردەم مەترسی ھەرەسھێنانەوە.
قوباد تاڵەبانی، لە میانەی وتارێکیدا لە پڕۆژەی TECHFEST بۆ کێبڕکێی تەکنەلۆجیا کە ئەمڕۆ ٢١ی ئابی ٢٠٢١ لە سلێمانی پێشکەشی کرد، ڕوونیکردەوە پلانی حکومەت ئەوەیە ھەماھەنگی تەواو لەنێوان حکومەت و ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندن و کەرتی تایبەتدا دروست بکات و رایگەیاند، بە بەھێزکردنی ھەماھەنگی لەنێوان ئەم سێ کەرتەدا دەتوانین وڵات پێش بخەین و ژێرخانی ئابوری بەھێز بونیات بنێین و ھەلی کاری پێویستیش دروست بکەین.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد، بە دروستکردنی ھەماھەنگی لەنێوان ئەم سێ کەرتەدا لە داھاتوودا لەلایەکەوە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان ئامادەیی زیاتریان دەبێت بۆ کارکردن لە کەرتی تایبەت و لەلایەکی دیکەشەوە بە کارئاسانیکردنی حکومەت بۆ کەرتی تایبەت ئاستی وەبەرھێنان پەرەدەسێنێت و بەمەش ھەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێت.
جێگری سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوەشدا لە چوارچێوەی ئەم بەرنامەیەدا تەنھا لە ماوەی دوو ساڵی رابردووی کابینەی نۆیەمدا مۆڵەتی وەبەرھێنان دراوە بە ٨٦٠ پڕۆژە کە بە تەواوبوونی پڕۆژەکان ٤٨ ھەزار ھەلی کاری نوێ بۆ گەنجان دروست دەبێت.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد، بەداخەوە تا ئێستا پاراستنی فەرمانبەر لە کەرتی تایبەت زۆر لاوازە، ھەربۆیە حکومەت تەنھا بە دروستکردنی ھەلی کار ناوەستێت، بەڵکو بە گرتنەبەری رێوشوێنی تایبەت بەرنامەی ھەیە ھەموو ئەو شایستەیەیانەی فەرمانبەرانی حکومەت لە خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ھەیانە، فەرمانبەرانی کەرتی تایبەتیش بگرێتەوە.
لە بەشێکیتری وتەکانیدا جێگری سەرۆکی حکومەت باسی لە پرۆسەی بە ئەلەکترۆنیکردنی حکومەت کرد و ڕایگەیاند، متمانەی تەواوی بە توانای خۆماڵی و بە تایبەتیش بە گەنجان ھەیە و لە بەشێکی گەورەی پرۆسەی بە ئەلەکترۆنی کردنی حکومەت پشت بە توانای گەنجانی کورد و کۆمپانیای خۆماڵی بەستراوە، لەمەشدا توانیویانە سەرکەوتنی گەورە بەدەست بھێنن.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، کە وەک دەستپێک لە پڕۆسەی بە ئەلەکترۆنیکردنی حکومەت ١٠٠ جۆر خزمەتگوزاری دەستنیشان کراوە کە لە داھاتوویەکی نزیکدا ئەم خزمەتگوزارییانە بە شێوەی ئەلەکترۆنی پێشکەشی ھاوڵاتیان دەکرێت وبەمەش کارئاسانییەکی گەورە بۆ ھاوڵاتیان دابین دەکرێت لە خێرا راپەڕاندنی کاروبارەکانیان.
دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر ھاوڵاتی و گەشتیاری ئێران بە مەبەستی زیارەت و بەشداریکردن لە یادی عاشورا بەبێ ڤیزا ھاتنە ھەرێمی کوردستان و لەوێشەوە چوونە کەربەلا و شارەکانی عێراق، لە ئێوارەی ١٦ی ئابەوە ئێران ھاتووچۆی گەشتیاری لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە ڕاگرت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەمڕۆوە ھاتووچۆی گەشتیاری لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە دەستیپێکردەوە و ھاوڵاتیان و گەشتیاران دەتوانن بە ڤیزا لە ڕێگەی دەروازەکەوە سەردانی ئێران بکەن.
بێوار عەبدولعەزیز وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی دھۆک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، چەند گەنجێکی شاری دھۆک بە مەبەستی مەلەکردن سەردانی رووباری خاپووریان کرد لە قەزای زاخۆ، بەھۆی شەڕەئاو و ناشارەزایی لە مەلەکردن لە نزیک گوندی "کەرپتێ" دوو گەنجی تەمەن ١٦ و ٣٢ ساڵ لە ئاوی رووبارەکەدا خنکان.
وتیشی، تەرمی یەکێکیان لەلایەن ھاوڵاتیان و تەرمی ئەوی تریان لەلایەن تیمی بەرگری شارستانی دھۆکەوە دەرھێنران.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ئەمساڵدا ١٢ کەس لە سنوری پارێزگای دھۆک لە ئاودا خنکاون.
بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم رایگەیاند، لە سبەی ڕۆژی یەک شەممەوە پلەکانی گەرما بەرەبەرە بەرزتر دەبنەوە، پێشبینیش دەکرێت رۆژی سێ شەممە بگاتە بەرزترین ئاست بۆ ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و ھەڵەبجە لە نێوان ٤٣-٤٥ پلەی سیلیزی بێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ کەرکووک و ناوچەکانی گەرمیان و خانەقین ٤٦-٤٩ پلەی سیلیزی بێت.
تۆلەر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ھەڵبژاردنی پێشوەخت داواکارییەکی سەرەکی گەلی عێراقە و ئەگەر بێتو لەکاتی خۆیدا نەکرێت وڵاتەکە بەرەو ئاراستەیەکی نیگەرانکەر دەڕوات.
وتیشی، دۆسیەی گەندەڵی مایەی نیگەرانییە و ھەندێک گروپ ھەیە بوونەتە ھەڕەشە بۆ سەروەری عێراق.
باڵیۆزی ئەمریکا جەختیشیکردەوە، سەرەڕای ئاستەنگییەکان مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران دەتوانێت پەیوەندییەکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ ئاسایی بکاتەوە.
ناوەندی بەریتانی بۆ ژینگە ڕاپۆرتێکی لە بارەی ١٠ ساڵی داھاتووی بەریتانیا بڵاوکردەوە و تیایدا باسی لەوە کردووە، شاری لەندەن بە تایبەتی بەشی باشوری و ئەو شارانەی تر کە لەسەر ڕووباری تایمزن لە بەردەم مەترسی ژێرئاوکەوتندان.
لێکۆڵینەوەکە باسی لەوەشکردووە، ھۆکاری بەرزبوونەوەی ئاوی ڕووباری تایمز بریتییە لە توانەوەی شاخە سەھۆڵینەکانی جەمسەری باکوری گۆی زەوی بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و گۆڕانی کەش و ھەواوە.