ئاکام عەلی عومەر بەڕێوەبەری ئایتی و کامێراکانی ھاتوچۆی پارێزگای سلێمانی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، ھەرچەندە لە رابردوودا بەھۆی کێشەی یاسایی و تەکنیکی کارپێکردنی کامێراکانی ھاتوچۆ راگیرا، بەڵام لە ئێستادا ئەو کۆمپانیایەی کارەکانی وەرگرتووە بەردەوامە لەکاری خۆی و بڕیارە لە داھاتوویەکی نزیکدا بکەوێتە کار.
باسی لەوەشکرد، ژمارە کامێراکانی تۆمارکردنی ھاتوچۆ لە سەرجەم پارێزگای سلێمانی و قەزاو ناحییەکان ٢٢٥ کامێرایە لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە سەرپەشتی دەکرێت و ھەرکاتیش بکەوێتە کار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایدەگەیەنین و شۆفێران ئاگادار دەکەینەوە.
نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران بەردەوامە لە ھەوڵەکانی بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێم و لەو چواچێوەیەش حکومەتی نوێی ئێران درێژە بەھەمان سیاسەتی حکومەتی پێشوو دەدات و دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەبێت لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ.
لەبارەی پرسی چارەسەر کردنی کێشەی ئاوی بەنداوەکان و گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران وتی، ئەم پرسە بەتەنھا سەردانێک چارەسەر ناکرێت و بە ھەوڵەکانی حکومەتی ھەرێمیش چارەسەر ناکرێت، پێویستە حکومەتی ھەرێم گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بکات و پێکەوە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی بەنداوەکان بدەن، بەڵام ئەوەی ھەبووە تا ئێستا تەنھا گفتوگۆبووە و لەبارەی پرسی ئاوی بەنداوەکان گفتوگۆی جدی نەکراوە.
سوپای ئەڵمانیا لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک چەکداری نەناسراو ھێرشیان کردووەتەسەر یەکێک لە دەرگاکانی چوونەژورەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کەرزای لە باکوری فڕۆکەخانەکە و بەھۆیەوە پاسەوانێکی ئەفغانی کوژراوە و سێ پاسەوانی تریش برینداربوون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھێزەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا بەرپەرچی ھێرشەکەیان داوەتەوە و روبەڕوبونەوە روویداوە، بەڵام ھیچ ئاماژەیەک بە کوژران یا نەکوژرانی ھێرشبەران نەکراوە و تائێستاش ناسنامەیان دیار نییە.
پێشتریش بەرپرسێکی باڵای رێکخراوی ناتۆ رایگەیاندبوو، لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکانی ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ، لانیکەم ٢٠ کەس کوژراون.
سوھەیل شاھین وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، ھێشتنەوەی ھێزەکانی ئەمریکا بۆ دوای ٣١ی ئاب ھێڵی سورە و دەبێت تا ئەو وادەیە تەواوی ھێزەکان بکشێنرێنەوە، ئەگەر نا ئەمریکا درێژە بە داگیرکاری دەدات و ربەڕووی سزا دەبێتەوە.
وتیشی، رەوشی ئەفغانستان پێویستی بە نیگەرانی نییە و ئەوانەی ھەڵدێن لە پێناو باشکردنی رەوشی ژیانیانە، چونکە ئەفغانستان وڵاتێکی ھەژارە و نزیکەی ٧٠%ی دانیشتووانەکەی لە ژێر ھێڵی ھەژارییەوەن.
ئەو ھۆشدارییەی تاڵیبان لە دوای وتارێکی بایدن ھات کە وتی، ئەولەویاتیان ئەوەیە تەواوی ئەمریکییەکان تا کۆتایی ئەم مانگە بگوازنەوە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات رەنگە وادەکە درێژ بکەنەوە.
بایدن راشیگەیاند، تا ئێستا ١٢ ھەزار کەسیان لە فڕۆکەخانەی کابول گواستووەتەوە و ھەڵمەتەکانی گواستنەوەی خەڵکیش قورس و بە ئازارە.
ریاز حەلفی بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، بەمزوانە بەرگری بە کۆمەڵ دژ بە کۆرۆنا لە عێراق دروست نابێت، ئەوەش بەھۆی ئەوەی ڤایرۆسەکە بەردەوام گەشە بە خۆی دەدات و جۆری نوێی دروست دەبێت، ھاوکات دەبێت رێژەی لەسەدا ٧٠ی عێراقییەکان ڤاکسینیان وەربگرێت تا بتوانرێت بەرگری بە کۆمەڵ دژ بە کۆرۆنا لە عێراق دروست ببێت.
لەبارەی پێدانی ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆناش لێپرسراوەکەی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندوە، تا رێکخراوی تەندروستی جیھانیی رێگە نەدات، لە عێراق ژەمی سێیەم بەکارناھێنرێت.
ئەوە لە کاتێکدایە وەزارەتی تەندروستی عێراق گەیشتنی بڕێکی نوێی ڤاکسینی فایزەری راگەیاندوە کە ٤١٥ ھەزار ژەمە و لە داھاتوویەکی نزیکدا رەوانەی ھەموو پارێزگاکان دەکرێت.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، ژمارەیەک لە پسپۆڕان و زانایانی تەندروستی لە ئەمریکا و بەریتانیا بە ھاوبەشی سەرقاڵی بەرھەمھێنانی چارەسەرێکی نوێن بۆ پاراستنی مرۆڤ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی بەرگری لەشیان لاوازە و بەقورسی تووشی کۆرۆنا دەبن.
ئاماژە بەوەشکراوە، چارەسەرەکە ناوی (ئەی زێد دی ٧٤٤٢)ەوە و لەئێستادا بەرھەمھێنراوە کە پێکھاتەیەکە لە دژە تەنەکان و لە قۆناغی یەکەمیشدا لەسەر پێنج ھەزار کەس تاقیدەکرێتەوە.
زانایان دەڵێن، بەپێی توێژینەوەکانیان ئەو چارەسەرە کاریگەرییەکی زۆری دەبێت بۆ پاراستنی مرۆڤ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
خەلیل رەحمان حەقانی لێپرسراو لە بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، بزوتنەوەکە بریاری لێبوردنی بۆ ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان و عومەر ساڵحی جێگری و سەرجەم لێپرسراوانی حکومەتی پێشوو دەرکردوە و ئەگەر بیانەوێت دەتوانن بگەرێنەوە ئەفغانستان و لە وڵاتەکە بەردەوامیی بە ژیان بدەن .
لەلایەکی تریشەوە وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاندوە ، ویلایەتی پەنجشیر کە تەنھا ویلایەتە تا ئێستا کۆنترۆڵیان نەکردبێت ، ئێستا لەلایەن چەکدارانی بزوتنەوەکەوە گەمارۆ دراوە و ھەوڵیش دەدەن لە رێی دانوستانەوە قەیرانی ئەو ویلایەتە چارەسەر بکەن.
کازمی لە سەردانێکیدا بۆ فەرماندەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە قەزای تارمیە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی دژی شانە نوستووەکانی داعش لە ناوچەکە راگەیاند و وتی، روبەڕوبوونەوەی تیرۆر بەرپرسیارێتی ھەمووانە و لەناوبردنی تیرۆریستان و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانیان پێویستی بە ھەماھەنگی نێوان دەوڵەت و ھاوڵاتیان ھەیە.
کازمی وتیشی، پێویستە پلانێکی ئەمنی بۆ روبەڕوبوونەوەی شانە نوستووەکان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ھەر پێشێلکارییەک دابڕێژن، داواشی لە خەڵکی تارمیە کرد ھاوکاربن لە ھەڵمەتەکانی روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و پێدانی زانیاری سەبارەت بە ھەر حاڵەتێکی گومانلێکراو.
ئاژانسەکانی ھەواڵ لە رۆژئاڤای کوردستان بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای تورکیا گوندەکانی تۆخار سخیر و قەراتەیان و جاتیان لە باکوری خۆرھەڵاتی مەنبەج تۆپباران کردوە.
سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاش کە تورکیا پشتیوانییان دەکات، گوندی مەئھولەیان لەباکوری پارێزگای حەسەکە تۆپباران کرد و سەرەڕای زیانی مادی، ترس و دڵەڕاوکێیان لەناو دانیشتوانی گوندەکان دروستکردووە.
نوێنەری نانەواخانەکان و سەندیکای کرێکاران لەگەڵ قایمقامی سلێمانی کۆبونەوە و باس لە گرانبوونی نرخی ئارد و سوتەمەنی و بەرزبونەوەی نرخی کارەبا و زۆری رسوماتی نوێکردنەوەی مۆڵەت کرا، لە کۆتایشدا بڕیار درا نرخی نان وەک خۆی بمێنێتەوە و ھەشت نان بە ھەزار دینار بێت.
قایمقامی سلێمانیش پێی راگەیاندن لە چەند لایەکەوە ھەوڵێکی زۆریان بۆ چارەسەری کێشەکان داوە و رێگەش نادەن بەھیچ جۆرێک ئارد ببرێتە دەرەوە، لە ھاتنەناوەوەشدا ھەوڵ دەدەن رسوماتی لەسەر نەبێت.