قالیباف رایگەیاند، ئەگەر ئێران نەتوانێت نەوت بفرۆشێت، کەس لە ناوچەکە نەوت نافرۆشێت.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، جەختی لەوە کردەوە کە ئێران لە بەرامبەر هەڕەشەکان و گەمارۆکاندا هەرگیز پاشەکشە ناکات و هۆشداریی دا کە ئەگەر ئاسایشی ئێران پارێزراو نەبێت، ئاسایشی ژێرخانی ناوچەکەش تێک دەچێت.
قالیباف لە دانیشتنی پەرلەماندا رایگەیاند، سەردەمی ترساندن و هەڕەشەی تێکشکاندنی ئێران بەسەرچووە، و جەختی لەوەش کردەوە کە وەڵامی ئێران بۆ هەر هەنگاوێکی ئەمریکی هاوشێوەی وەڵامەکانی پێشوو دەبێت.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی کرد و وتی، ئەگەر ئێران نەتوانێت نەوت بفرۆشێت، کەس لە ناوچەکەدا نەوت نافرۆشێت، هۆشداریشی دا کە نەپاراستنی ئاسایشی ئێران واتە نەپاراستنی ئاسایشی ژێرخان لە سەرجەم ناوچەکەدا.
قالیباف رەخنەی لە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە گەروی هورمز و تێپەڕبوونی کەشتییەکان گرت و بە دووبارەکردنەوەی تۆمەتە پێشووەکان ناوی بردن، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لێدوانە دوژمنکارانەکانی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نیشانی دا کە واشنتن هەڵسوکەوتی خۆی بەرامبەر تاران نەگۆڕیوە.