دانیشتنەکەی پەرلەمانی ئەوروپا بە ناونیشانی "فشارەکان لەسەر ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا و بە تایبەتی لەسەر پارتی دیموکراتی گەلان" بەڕێوەدەچێت، گروپێکی سیاسیش لە پەرلەمان دەستیانکردووە بە داڕشتنی چەند بڕیارێک و ئێوارەی ئەمڕۆ رەشنوسی بڕیارەکان پێشکەش دەکرێت.
رۆژی سێشەممەش رێککەوتن لەسەر رەشنوسەکان دەکرێت، بڕیاریشە ئەنجامی دانیشتنەکە رۆژی ٥ شەممە رابگەیەنرێت و بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە پەسەند بکرێت.
بە پێی نوسراوێکی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە ئاڕاستەی سکرتارییەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کراوە، پڕۆژەی یاسای "پارێزبەندی مامۆستایان"لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە ئاراستەی حکومەتی ھەرێم کراوە بۆ راوەگرتن، لەلایەن حکومەتەوە پڕۆژەکەش رەتکراوەتەوە، بەبیانووی ئەوەی لە رەشنووسی یاسای وەزارەتی پەروەردەدا مافەکانی مامۆستایان جێگەی کراوەتەوە.
"عەبدولواحید محەمەد"سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەبەر ئەوەی لە رابردوودا کۆمەڵێک رووداوی نەخوازراو بەرامبەر بە مامۆستایان کراوە، دەستپێشخەریەیان کردوە و پڕۆژە یاسای پارێزبەندی مامۆستایانیان داوە بە پەرلەمان.
وتیشی، لە خولی رابردوو خوێندنەوەی بۆ کراوە و کۆمەڵێک رێکاریش گیراوەتەبەر، بەڵام ئێستا ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاساکەی رەتکردۆتەوە.
جەختی لەوەشکردەوە، جارێکی تر نوسراو بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەنەوە بۆ ئەوەی مافی مامۆستایان پارێزراو بێت و پڕۆژەکە بکرێت بەیاسا.
میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی ھێرشەکانی چەند رۆژی رابردووی داعش بۆ سەر ھێلەکانی کارەبا لە پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکوک، تا ئێستا حەوت کەس کوژراون و ١١ کەسی تر برینداربوون.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ھەر بەھۆی ئەو ھێرشانەوە ٦١ ھێڵی کارەبا پچڕاوە، ئەوەش ھاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و مەترسی بۆ سەر ژیانی ھاوڵاتیانی عێراق دروستکردووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە حکومەتی عێراق بڵاویکردووەتەوە کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بۆ لەمەودوا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ پاراستنی تاوەرەکانی کارەبا بەکاربھێنرێت.
ھاوکات ئەوەش خراوەتەوە ڕوو، لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدە ئەھلییەکانی سلێمانی نرخی کارەبای موەلیدە ئەھلییەکانی بۆ مانگی (شەش) دیاریکرد، بەوەش لەسەر بنەمای نرخی سوتەمەنی لە بازاڕەکانی ھەرێم و سەعاتەکانی کارکردن دیاریکراوە.
باس لەوەشکراوە ، بە پێی کۆنووسی کۆبونەوەکە کارکردن و تەرخانکردنی کارەبا لەلایەن موەلیدە ئەھلییەکانەوە بۆ ھاوڵاتیان لە مانگی (شەش)دا لەنێوان (٢٢٠) بۆ (٢٢٥) سەعاتدا بووە، بەمەش نرخی یەک ئەمپێڕکارەبای موەلیدەی ئەھلی لە ناوشاری سلێمانی بۆ ئەو مانگە لە نێوان (٩) ھەزار بۆ (٩) ھەزار و پێنج سەد دیناردا دەبێت، ھەربۆیە بەھۆی جیاوازی کارپێکردنی موەلیدەکان لەگەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە، نرخی ئەمپێڕێک کارەبای موەلیدە لە گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە جیاواز دەبێت.