كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆتاییهات و وتەبێژی یەکێتیش دەڵێت؛ یەكێتی نیگەرانە لە دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
كاروان گەزنەیی وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەكێتی هیچ كات شەڕی لەسەر پۆست نەكردووە و هەوڵ دەدەن بنەماكانی سازان و هاوبەشی راستەقینە لە كابینەی نوێ بچەسپێنن.
وتیشی، داهاتوویەكی نزیكدا كۆبونەوەكان لەگەڵ هێز و لایەنەكانی هەرێم دەستپێدەكاتەوە و یەكێتی نیگەرانە لە دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، خوازیاریشین لەسەر بنەمای هاوبەشی راستەقینە لەگەڵ پارتی حکومەت پێکبهێنین.
سەبارەت بە ئیمزاکردنی رێککەوتن لەگەڵ نەوەی نوێ کاروان گەزنەیی ئەوەی خستەڕوو، سەرەتای مانگی داهاتوو رێككەوتنی یەكێتی و نەوەی نوێ ئیمزا دەكرێت.
وتەبێژی یەکێتی ئاشکراشیکرد، یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان پێداگر دەبێت لەسەر راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیەکچاو سەیری سەرجەم خەڵک بکات.