بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی و پیاوماقوڵانی عەشرەتی نەوڕۆڵی کۆبۆوەو لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان جەختی لە سیاسەتێکی ھاوبەش و نیشتمانی کردەوە لەبەغداد لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد و رایگەیاند، ھەمووان پێکەوە کار بۆ سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان دەکەن.
روونیشیکردەوە یەکێتی پشتیوان بە خەڵک و دڵسۆزانی رێبازی مام بە سیاسەتێکی نوێ درێژە بە خزمەتەکانی دەدات و لەسەر ھەموو ئاستەکان خزمەتکار دەبێت و کار بۆ بووژاندنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن.
لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتیش، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، ھەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لەماوەی رابردوودا کردوویانە لەپێناو پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و پاراستنی رێبازەکەی مام بووە. نایانەوێت یەکێتی بۆ بەرژەوەندی و کاری تایبەت بەکاربھێنرێت و لە ھیچ کەسێکیش قبوڵ ناکەین کاری لەو شێوەیە بکات.
زەبیحوڵڵا موجاھید وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان بە ئاژانسی ھەواڵیی رۆیتەرزی رایگەیاند، حکومەتی نوێ تەنھا وەزیرەکان ناگرێتەوە بەڵکو سەرکردەکانیشی تێدا دەبێت.
وتیشی، لەم کاتەدا قورسە پێشبینی بەشداری ژنان لە ئەنجومەنی وەزیران بکەن، بەڵام بڕیاری کۆتایش لای سەرکردەکانی بزوتنەوەکەیە.
رونیشیکردەوە، بزوتنەوەکەی تا ئێستا حاکم و فەرماندەی پۆلیسی بۆ ٣٣ ویلایەت لەکۆی ٣٤ ویلایەت داناوە و تەنھا ویلایەتی پەنجشیر لەدەرەوەی دەسەڵاتە.
وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان جەختیشی کردەوە، ھەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی پەیوەست ئابوری و دراوی وڵاتەکە دەدەن، داواشی لە ئەمریکاو بەریتانیاو وڵاتانی خۆرئاوا کرد پارێزگاری لە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان لەگەڵ ئەفغانستان بکەن.
بایدن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی ئیدانەی تەقینەوەکانی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزای لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان کرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی لێکۆڵینەوە لە ھێرشەکە دەکات و ئەنجامدەرانی روبەڕوی سزا دەکاتەوە.
وتیشی، تیرۆرستان ناتوانن رێگە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بگرن و پرۆسەی کشانەوەی گواستنەوەی دیپلۆماتکاران و ھاوپەیمانەکانیان لەکاتی دیاریکراودا ئەنجام دەدەن.
بایدن راشیگەیاند، ھیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە بیسەلمێنێت، تاڵیبان و داعشی خوراسان بە ھاوکاری یەک تەقینەوەکانی کابوڵیان ئەنجامداوە.
ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی تەقینەوەکانی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ، تاوەکو ئێستا ٩٠ مەدەنی و ١٣ سەربازی ئەمریکی کوژراون، ھەروەک زیاتر لە ١٥٠ کەسی دیکەش برینداربوون کە ١٨ یان سەربازی ئەمریکین.
دوێنێ، دوو تەقینەوە لە نزیک دەرگاکانی چوونەژوورەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزای لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان روویدا و دواتر گروپی داعشی خوراسان بەرپرسیارێتی ھێرشەکەی لەئەستۆ گرت.
لەلایەکی ترەوە بن والاس وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، سەڕەرای تەقینەوەکان، پرۆسەی گواستنەوە لە فرۆکەخانەی کابوڵ بەردەوامە و ھێزەکانیان چوونەتە قۆناغی کۆتایی چۆڵکردنی فرۆکەخانەکە.
وتیشی، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتایی چۆڵکردنی فرۆکەخانەکە، ھەڕەشە ئەمنییەکانیش زیاتر دەبن، ئەوەش لەکاتێکدایە تا ئێستا ٤٠٠ بەریتانی لە فرۆکەخانەی کابوڵ ماون و چاوەڕێی گواستنەوەن.
سەرۆکی جەھەپە لەتویتەر نوسیویەتی، ئەردۆغان دەڵێت تورکیا لە داھاتوودا راپەڕینێکی ئابوری بەرپا دەکات، بەڵام گەل تەنھا بیری لای پسوڵەی کارەبایە.
وتیشی، گەلی تورکیا چیتر ناتوانێت باجی خۆشگوزەرانی و سوڵتانیەتی ئەردۆغان بدەن و ھیوادارن ئەوانەی لە کۆشکن بیر و ھۆشیان بێتەوە لەبەرئەوەی تورکیایان گەیاندووەتە لێواری ھەرەس.
ھاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی رایگەیاند، پێکھاتەی سوننە دژی ھەوڵەکانی دواخستنی ھەڵبژاردنە و بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەخت داواکاری شەقام و ھاوڵاتیانی ناوچە ڕزگارکراوەکانە.
ھاوکات ھاوپەیمانی سائیرون رایگەیاند، نوێنەری رەوتی سەدر لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە بۆ پاشگەزکردنەوەی موقتەدا سەدڕ لە بڕیاری کشانەوە لە ھەڵبژاردن بەشداری ناکات.
ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیارە ئەمرۆ عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە و ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح سەردانی سەدر بکەن و بە مەبەستی پاشگەزکردنەوەی لە بایکۆتکردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کۆببنەوە.
بڕیاریشە ھەفتەی داھاتوو کۆبونەوەیەک بە بەشداری زۆرینەی سەرکردەی کوتلە عێراقییەکان بەڕێوەبچێت.
سیروان سەرحەد قائیمقامی دوکان بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، منداڵەکە لەگەڵ خێزانەکەی کە دانیشتووی شاری کەرکوکن و بەرەگەز تورکمانن بەمەبەستی گەشت و سەیران سەردانی دوکانیان کردووە و بەرەبەیانی ئەمرۆ دوای دیارنەمانی کەسوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادارکردووەتەوە.
وتیشی، دوای گەڕان تەرمەکەی لە زێی دوکان دۆزراتەوە و رەوانەی پزیشکی دادوەری سلێمانی کرا.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک فەڕەنسا رۆژی شەممە بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی بەغداد بۆ ھەماھەنگی و ھاوبەشی دەگاتە بەغداد، لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا لەگەڵ لێپرسراوانی بەغداد چارەنوسی داعشە بەرەگەز فەرەنسییەکان کە لە ئێستادا لە گرتووخانەکانی عێراقن یەکلادەکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکانیش دوای کۆنگرەکە ماکرۆن سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات و دواتریش لەگەڵ نادیا موراد، کچە ئێزدی براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی و کارۆلین فورست چالاکی مافەکانی ژنان دەچێتە موسڵ.
ئەردۆغان بەر لە بەڕێکەوتنی بۆ وڵاتی بۆسنە و ھەرسک لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان لە فرۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبوڵ رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان کۆبوونەوەیان کردووەو پێشنیاریان کردووە تورکیا فرۆکەخانەی حامید کارزای بەڕێوەببات بەڵام تا ئێستا ھیچ بڕیارێکیان نەداوە و بۆ ھەر پەیوەندییەکیش لەگەڵ تاڵیبان مۆڵەت لەکەس وەرناگرن .
سەرۆکی تورکیا ئیدانەی تەقینەوەکانی کابوڵی کرد و کارێکی لەو جۆرەی داعش رادەی مەترسی ئەو گروپە لەناوچەکە و جیھان دەردەخات.
جەختیشی کردەوە، بەردەوامن لە گواستنەوەی سەربازەکانیان لە ئەفغانستان و پرۆسەکە بە کەمترین ماوە تەواو دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، ھەریەکە لە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنساو شاعەبدوڵای دووەم پاشای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر و شێخ سوباح خالید حەمەد سوباح سەرۆک وەزیرانی کوەیت ئامادەی کۆنگرەکە دەبن. چاوەڕێش دەکرێت ئەمیر فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە نوێنەرایەتی وڵاتەکەی لە کۆنگرەکەدا بکات، بەڵام ئاستی بەشداری ئیمارات و قەتەر و ئێران و تورکیا نەزانراوە.
حەسەن نازم وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، لە کۆنگرەکەی لوتکەدا وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و وڵاتانی تر کۆدەبنەوە.
رونیشیکردەوە، عێراق سیاسەتێکی تایبەتی ھەبووە لە ساڵی رابردوودا و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران ھەوڵی داوە رۆڵی لەسەر ئاستی ھەرێمی کارا و کاریگەر بۆ عێراق بگێڕێتەوە.
(مستەفا کازمی) لە توێتێکدا بڵاویکرەدەوە " سەرسام بووە بەو پێشنیارانەی کە لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی لە بەغداد لەلایەن کەسایەتی کۆمەڵایەتی و پیشەیی و ڕۆشنبیری و لاوان لە ھەموو پارێزگاکاندا گەڵاڵە کراوە.
دەشلێت" ئەو کاغەزە چاکسازییەی کە لە کۆنگرەکە دەنگیان پێداوە، پێشکەشی ھێزە سیاسییەکانی دەکات بۆ ئەوەی ببێتە بەڵێننامە و پەیمانێکی نیشتمانی.
(مستەفا کازمی) دووپاتیکردووەتەوە کە ڕەوشێکی متمانە پێکراو بۆ کاندیدەکان و پڕۆسەی ھەڵبژاردن دەستبەر دەکەن.
میدیاکانی ئیسڕائیل بڵاویانکردووەتەوە، (نفتالی بینیت) سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسڕائیل، لە سەردانەکەی بۆ واشنتۆن داوای لە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا کردووە، ھەمان سیناریۆی ئەفغانستان لە عێراق و سوریا دووبارە نەکاتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، پڕۆسەی کشانەوەی ئەمریکا بە تایبەت لە عێراق لە بەرژەوەندی تارانە و واشنتۆنیش دەکەوێتە ھەڵوێستێکی دژوار و نەخوازراوەوە.
ناوەندی ماڵی ئێزدییەکان ڕایگەیاند: ٢٨٠٠ کچ و ژنی ئێزدی چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە و زانیاریش ھەیە، لانی کەم ٢٠٠ کچ و ژن ئێزدی لە کەمپی ھۆڵ بن، بەڵام حکومەتی عێراق و سوریا وەک پێویست بە دەنگ دۆسێکەوە نەھاتوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەیەک لە ڕفێنراوە ئێزدییەکان لە سوریاوە گواستراونەتەوە بۆ وڵاتی سێھەم بە تایبەت بۆ تورکیا، بەڵام ھیچ بەڵگەیەکی ڕەسمی نییە کە زانیارییەکە پشتڕاستبکاتەوە. دەشلێت، تا ئێستا زۆرینەی ئەو کچانەی کە ڕزگارکراون، لە دەستی خێزانەکانی کەمپی ھۆڵ بوون.
موقتەدا سەدر بە ئامادەبوونی کاندیدانی ڕەوتەکەی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەشدارییەکی کارا و بەھێز لە ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات، داواشی لەلایەنگرانی کرد بەشداری ملیۆنی لە دەنگداندا بکەن.
وتیشی، وەرەقەی چاکسازی لە ھێزە سیاسییەکانەوە پێگەیشتووە کە بە پێی خواستەکانیانە، ئەوەش وایانلێدەکات بەشداری ھەڵبژاردن بکەن.
موقتەدا سەدر سوپاسی مستەفا کازمیشی کرد و داوایکرد لە ژێر چەتری ئەنجومەنی نوێنەران کار بۆ جێبەجێکردنی وەرەقەی چاکسازی بکرێت.
وەزارەتی تەندروستی ھەرێم ئاماری ٢٤ سەعاتی ڕابردووی سەبارەت بە کۆرۆنا بڵاوکردەوە، بە پێی ئامارەکە ١٥٤٦ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکرا، ٢٢٤٦ تووشبووش چاکبونەتەوە، ٢٥ کەسی تریش بە ڤایرۆسکە گیانیان لە دەستدا.
ڕێکخراوی تایبەت بە منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان "یونسێف" ڕایگەیاند، بە قوڵی نیگەرانن بۆ گیان لە دەستدانی منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵ لە پارێزگای دیالە و منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵ لە باشوری بەعقوبە کە لە ٢٤ و ٢٥ی ئەم مانگەدا بەھۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیان لە دەستداوە.
یونسێف داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە و بۆ ھەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکان ھاوکاری حکومەتی عێراق بکەن.
بە پێی ئامارە ڕەسمییەکان، تەنھا لە سنوری نێوان عێراق و ئێران و لە ماوەی جەنگی ھەشت ساڵەدا، نزیکەی ٢٧ ملیۆن مین بە درێژایی ١٢٠٠ کیلۆمەتر چێندراون.
نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، ھەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکانی عێراق پێویستی بە حەوت ساڵی تر و بودجەیەکی ٢١٦ ملیۆن دۆلاری ھەیە.