ژمارەیەک زیندانی سیاسی و ئەوانەی لەشاڵاوی ئەنفال لەناحیەی رزگاری سەر بە قەزای کەلار لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان رزگاریان بووە، داوای جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە یاساییانە لە حکومەت دەکەن کە پەرلەمانی کوردستان وەک ماف و ئیمتیازات بۆی دیاریکردوون.
نوێنەری زیندانییە سیاسییەکانیش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنیدا رایگەیاند، ماوەیەکی زۆرە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارەکانن، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕیار و یاسایانەی تایبەتن بە ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی جێبەجێ نەکراوە.
ھێزە ئەمنییەکان تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەراندا کردووە و بەو ھۆیەشەوە سێ خۆپیشاندەر برینداروون، لە خۆپیشاندانەکەدا ھاووڵاتیان ئاگریان لەسەر شەقامەکان کردەوە و داوایان لە حکومەت کرد خانوەکانیان نەروخێنن و بۆیان تاپۆ بکەن.
لە ماوەی رابردوودا پارێزگاری ھەولێر بڕیاریدا بەھۆی زیادەڕۆییەوە خانووی ژمارەیەک گەڕەکی قەزای خەبات بڕوخێنرێن، چەند جارێک دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە داوای قەرەبووکردنەوە یان تاپۆکردنی زەوییەکان کردووە، بەڵام داواکەیان وەڵام نەدراوەتەوە و ئەوانیش خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە.
وەین مارۆتۆ وتەبێژی وتەبێژی ھاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژبە داعش لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، ھەوڵە ھاوبەشەکان و ھاوکارییەکانی نێوان ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ھێزەکانی پێشمەرگە، وایان لێدەکات وەک ھاوبەشێک، ھێزێکی یەکجار کاریگەر پێکبھێنن و ئەوەش دڵنیایی دەدات لەوەی کە جارێکی تر داعش سەرھەڵنەداتەوە و ئاشتی و سەقامگیری لەناوچەکە بەرەوپێش بڕوات.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە چەند مانگی رابردوودا سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە چەند ژوورێکی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشیان بە بەشداری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبونەوەی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان پێکھێناوە.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، تەنھا کێشەیەک کە ھەیانە لەسەر دانانی باج و ھاوردەکردنی بەرھەمی دەرەوە، ئەوەیە ساڵانە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بەبێ گەڕانەوە و ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بڕیار لەسەر کردنەوەی مەرزەکان دەدات و ئەوەش کاریگەری لەسەر ھێنانی بەرھەمی تەماتە بۆ بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ئەو مەبەستە قسەی لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق کردووە و پێی ڕاگەیاندووە، بەرھەمی تەماتەی پێنجوێن و ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بەشی ئەوە دەکات کە رەوانەی ناوچەکانی تری عێراقی بکەن، لەبەرامبەردا، وەزیری کشتوکاڵی عێراق بەڵێنیداوە، ئەو پرسە بباتە ئەنجومەنی نوێنەران و ھەوڵدەدەن ئاسانکاری بۆ ئەو بابەتە بکەن و کێشەکە چارەسەر بکەن.
شیروان عەوڵا خورشید بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، کەناڵی ئای پڵەس ھیچ مۆڵەتێکی رەسمی نییە، چونکە قۆناغە رەسمییەکانی بۆ دامەزراندنی کەناڵی تەلەفیزیۆنی جێبەجێ نەکردووە.
دەشڵێت، بۆ وەرگرتنی مۆڵەت پێویستە داوایەک سەبارەت بە دامەزراندنی کەناڵی تەلەفیزیۆنی رەوانەی وەزارەتی رۆشنبیری و ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندن بکرێت و دوای بوونی مەرجی پێویست، ئەو کات مۆڵەت دەدرێتە کەناڵەکە، بەڵام ئای پڵەس تەنھا رێکارێکی سەرەتایی ئەنجامداوە و ھەر بۆیە مۆڵەتی رەسمی نییە.
لەکاتێکدا شەڕ و پێکدادانەکانی نیوان بەرەی بەرگری ئەفغانستان و چەکدارانی تاڵیبان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ویلایەتی پەنجشیر بەردەوامە، ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، وەفدێکی پاکستان بە سەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ فەیز حەمید سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری ئەو وڵاتە گەیشتووەتە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان.
ھەرچەندە تاوەکو ئێستا ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری پاکستان بۆ کابوڵ ئاشکرانەکراوە، بەڵام فەھیم دەشتی وتەبێژی بەرەی بەرگری نیشتیمانی ئەفغانستان لە تویتێکدا رایگەیاند، سەردانەکە بەمەبەستی ھاوکاریکردنی تاڵیبان لە شەڕی پەنجشیر، ئەنجامدراوە.
پێشتر ئەمریکا چەندین جار پاکستان و دەزگای ھەواڵگری ئەو وڵاتەی بە یارمەتیدانی بزوتنەوەی تاڵیبان تۆمەتبارکردووە و بەرپرسانی پاکستانیش بەردەوام ئەو تۆمەتانەیان رەتکردووەتەوە.
بە پێی میدیا جیھانییەکان، کۆمپانیایەک لە هندستان بڕیاریدا رۆژی ھەینی رابردوو بکاتە پشوو بۆ سەرجەم کارمەندەکانی بەمەبەستی بینینی بەشێکی نوێی زنجیرەی تەلەفزیۆنی ئیسپانی " لا کاسا دی پاپێڵ".
بڵاوبوونەوەی ھەواڵەکەش لە میدیا جیھانییەکان، مشتومڕی زۆری لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دروست کردبوو.
رۆژی ھەینی، بەشی پێنجەمی زنجیرەی تەلەفزیۆنی ئیسپانی " لا کاسا دی پاپێڵ" لە نێت فلێکس بڵاوکرایەوە.
پڕۆسەی وێنەگرتنی بەشەکانی درامای " لا کاسا دی پاپێڵ" لە نزیکەی ٣٠٠ لۆکەیشن، لە ئیسپانیاو تایلاندو دانیمارک و پەنەماو پورتوگال و ئیتاڵیاو بەڕیتانیا، ئەنجامدراوە.
جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پنتاگۆن رایگەیاند، ئەنجامدانی پرۆسە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بە تەواوی کۆتایی پێھاتووە، پشتیوانی ھیچ ھێزێکی ناوخۆییش ناکەین کە بەرەنگاری بزوتنەوەی تاڵیبان ببێتەوە.
لەبارەی بڵاوکردنەوەی دەنگۆی چۆڵکردنی سێ بنکەی سەربازیش لە رەققە و دێرەزۆر و حەسەکە لە سوریا جۆن کێربی وتی، ھیچ بڕیارێک لە ئارادا نییە بۆ چۆڵکردنی بنکە سەربازییەکانیان لە سوریا و تا ئێستاش ئەمریکا لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی ئەرکی سەربازیی لەو وڵاتە ماوە بۆ جەنگی روبەڕوبوونەوەی پاشمانەکانی داعش.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد، ھاوڵاتیان ھۆشیار بکەنەوە بۆ بەشدارییەکی فراوان لە ھەڵبژاردن.
وتیشی، پێویستە کەناڵەکان بواری زیاتر بۆ ھۆشیارکردنەوەی دەنگدەران فەراھەم بکەن، چونکە ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق چارەنوسسازە و بەندە بە داھاتووی وڵاتەوە.
مستەفا کازمی داواشیکردووە، میدیاکاران خۆیان بەدوور بگرن لە بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە، بەتایبەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست لەبارەی ئەنجامدانی ساختەی پێشوەخت و دواخستنی ھەڵبژاردن و ھەموو ئەو ھەواڵانەی گومان و نیگەرانی و ساردبوونەوە لای دەنگدەر دروست دەکات.
میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، بەھۆی ئەو شەپۆلی بارانبارین و زریانەی ماوەی چەند رۆژێکە ناوچەکانی باکوری خۆرھەڵاتی ئەمریکای گرتووەتەوە و بە زریانی ئایدا ناسراوە، تائێستا لانیکەم ٤٤ کەس لە ویلایەتەکانی نیوجێرسی، نیویۆرک، پەنسیلڤانیا و کۆنێتیکێت گیانیان لەدەستداوە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش لە راگەیەندراوێکدا، باری نائاسایی لە نیویۆرک راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەرچی زریانی ئایدا یەکێکە لە کارەساتە گەورەکانی مێژووی ئەمریکا، بەڵام دڵنیایە کە دەتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن.
بە مەرسومێکی کۆماری، ئیبراھیم رەئیسی سەرۆکۆماری ئێران ئەنسیە خەزعەلی، وەک جێگری سەرۆک کۆمار دیاریکرد، کە ئەو بنەماڵەیە لە ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا کاریگەربوون.
ئەنسیە خەزعەلی تەمەن ٥٧ ساڵ، خەڵکی شاری قوممە و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە زمان و ئەدەبیاتی عەرەبی و پێشتر سەرۆکی زانکۆکانی ئەلزەھرا و ڕەزەوی بووە.
لیژنەی پەروەردە لە ئەنجومەنی نێونەرانی عێراق رایگەیاند، بەم نزیکانە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراق کۆدەبنەوە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ کە دوو ساڵ خزمەتیان ھەیە و دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەستە لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە.
لیژنەی پەروەردە، ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، میکانزمی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بە گرێبەست، دەسەڵاتەکەی دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگاکان.
ئەنتۆنیۆ فاوچی بەڕێوەبەری پەیمانگای نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئەمریکا رایگەیاند، رەنگە پێشنیازی ئەوە بکەن، کە ئەمریکییەکان ژەمی سێیەمی ڤاکسین وەربگرن بە ئامانجی دروستکردنی بەرگری بە کۆمەڵ.
ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمریکا پێویستی بە پێنج بۆ حەوت مانگی تر ھەیە تا سەرجەم ھاوڵاتیانی ژەمی دووەمی ڤاکسین وەربگرن.
میدیای ئێران بڵاویکردەوە، حەسەن فیروزئابادی راوێژکاری باڵای سەربازیی عەلی خامنەیی رێبەری شۆڕشی ئیسلامی و ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران، دوای چەند رۆژێک لە توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە.
حەسەن فیروزئابادی ساڵی ١٩٥١ لە شاری مەشھەد لەدایکبووە، لە نێوان ساڵانی ١٩٨٩ بۆ ٢٠١٦ ماوەی ٢٧ ساڵ، سەرۆکی گشتی ھێزە چەکدارەکانی ئێران بووە و دواتر وەک راوێژکاری عەلی خامنەیی بۆ کاروباری سەربازیی کاریکردووە.