ماڵپەری شەفافیەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان داهاتی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە، کە زیاتر لە حەوت ملیار دینارە.
ئەمڕۆ هەینی، ماڵپەری شەفافیەت بڵاویکردەوە، داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی لە رۆژی(15ی 8ـی 2026 بۆ 21ـی 8ـی 2026) داهاتی نانەوتی، لە سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، حەوت ملیار و 178 ملیۆن و 790هەزار دینار بووە.
ماڵپەرەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، لەو داهاتە لە 82%ی بەشێوەی نەختینەیە و 18%ی داهاتەكە بەشێوەی چەكە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو داهات کەمی کردوە.
جێگەی ئاماژەیە، پڕۆژەی شەفافییەت لە داهات و خەرجی، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دامەزرا، ئێستا رۆژانە لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانیت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بزانیت.
بونی بەردی زراو لە ئێستادا کە بەوەتە یەکێک لە نەخۆشییە باوەکان و پێش ئەوەی ببێتە هۆی مەترسی لەسەر نەخۆشەکە چەند نیشانەیەکی سەرەتایی هەن و پزیشکێکی پسپۆڕ ئاشکرای کردوە و هۆشداریش دەدات بەو کەسانەی ئەو نیشانانەیان هەیە.
میخائیل ماتڤیێڤ، پزیشکی پسپۆڕی پشکنینی ناوەکی، رایگەیاندوە کە هەستکردن بە دڵتێکەڵهاتن و باکردنی سک دوای نانخواردن، دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆ بونی بەرد لە زراودا.
بەپێی وتەی ئەو پسپۆڕە، بەردی زراو هەمیشە لە سەرەتاوە ئازاری توند دروست ناکات، بەڵکو لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا تەنها چەند نیشانەیەکی هەیە و دەتوانرێت بە ئاسانی چارەسەر بکرێت.
ئەو پزیشکە دەڵێت؛ لە سەرەتادا تەنها دەبێتە هۆی دڵتێکەڵهاتن، هەستکردن بە تاڵی لە دەمدا و قورسبوون یان ناڕەحەتی لە لای راستی سەرەوەی سک دوای خواردنی چەوری و سوورکراوە، کە هەندێک جار ئازارەکەی بۆ شانی راست درێژ دەبێتەوە.
ئەو پزیشکە رونیشی دەکاتەوە، کە بەهۆی ئەوەی ئەم نیشانانە پێش دروستبونی ئاڵۆزییە گەورەکان دەردەکەون، زۆرجار نەخۆشەکان پشتگوێی دەخەن و دەستنیشانکردنەکە دوادەکەوێت تا ئەو کاتەی توشی ئازارێکی کتوپڕ و توند لە لای راستی سک، هەروەها رشانەوە و تای لەگەڵ دەبێت.
میخائیل ماتڤیێڤ هۆشیاری دەدات، کە مەترسی بەردی زراو تەنها لە ئازارەکەیدا نییە، بەڵکو دەکرێت ببێتە هۆی گرتنی بۆرییەکانی زراو و هەوکردنی توندی زراو یان پەنکریاس، کە ئەمەش حاڵەتێکی کتوپڕی مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی نەخۆشەکە.
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاندوە، دەبێت گوندنشینان لەکاتی گەزۆکردندا هۆشیاربن و گەڵاکان لە بنی دارەکاندا جێنەهێڵن، چونکە دەبێتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و سوتانی دارەکان.
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، لە سنوری ناحیەی ناڵپارێزی سەربە قەزای پێنجوێن، مەفرەزەیەک لە کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستانی ناڵپارێز بە سەرپەرشتی ئەفسەری بنکەکەیان، هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەیان بۆ پێدانی رێنمایی بە گوندنشینان و ئەو هاوڵاتیانە ئەنجامدا کە کاری کۆکردنەوەی گەزۆ دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم هەڵمەتە دوای ئەوە هات، کە بەهۆی پرۆسەی کۆکردنەوەی گەزۆوە، رێژەیەکی زۆر لە گەڵا، چیلکە و پاشماوە لە بن درەختەکان جێدەمێنێت، کە دوای رەقبوون و ووشکبوونیان دەبنە هۆی دروستبوونی مەترسییەکی گەورەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و پاوانەکانی ناوچەکەدا.
پۆلیسی دارستانی سلێمانی، داوا لە هاووڵاتیان دەکات، کە بە تەواوی پابەندی رێنماییە ژینگەیییەکان بن و لە دوای تەواوبوونی کارەکانیان، هیچ جۆرە پاشماوەیەک لە بن درەختەکاندا بەجێ نەهێڵن، ئەمەش بەمەبەستی پاراستنی سامانی سروشتی ناوچەکە لە سووتان.

وەزارەتی نەوتی عیراق ڕایگەیاند لە ئێستادا رۆژانە لە نێوان 2 بۆ 2.1 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی بەندەرەکانی باشورەوە هەناردە دەکرێت و لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاشەوە گەیشتووەتە نزیکەی 150 هەزار برمیل لە رۆژێکدا و بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.
سەلیم رکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق ئاماژەی بەوەکردوە، هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری بانیاس لە ئێستادا تەنها بە رۆنی رەش سنوردارە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە کارکردن بەردەوامە بۆ بەرزکردنەوەی توانای هەناردەکردن لە رێگەی هێڵی جەیھانەوە تاوەکو بگاتە 750 هەزار برمیل لە رۆژێکدا، جگە لە بونی پلانی تر بۆ دروستکردنی هێڵی بۆریی نوێ بە مەبەستی بەهێزکردنی تواناکانی هەناردەکردنی نەوتی عیراق.
دۆناڵد ترمپ راگەیاند، ئێران بوەتە هێزێکی دەسەڵاتدار و ستەمکرا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرەڕای ئەوەی بە تەواوەتی لە روی سەربازییەوە تێکیانشکاندون و هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتەیان لەناو بردووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا توانای ئێرانییەکان بۆ بەرهەمهێنانی موشەک و درۆن زۆر کەمی کردووە و بەهۆی لەناوبردنی سەرکردایەتییانەوە، لە ئێستادا کەس نازانێت کێ رێبەرایەتی ئێران دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا باسیلەوەشکردوە، لە روی ئابوورییەوە ئێران لە رەوشێکی خراپدایە و رێژەی هەڵئاوسان گەیشتووەتە 300٪ و تەنانەت موچەی سوپاکەشیان نادەن.
دۆناڵذ ترەمپ دەڵێت؛ ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبوایە، بەرانبەر ئیسرائیل و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاری دەهێنا.
پارێزگاری بانكی ناوەندیی ئێران ئاشکرایکرد، بەهۆی داخستنی گەروی هورمز و پەككەوتنی هەناردەی نەوت، حكومەتی عیراق نەیتوانیوە شایستە داراییەكانی ئێران بداتەوە.
عەبدولناسر هیمەتی، پارێزگاری بانكی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، هەناردەكردنی نەوتی وڵاتەكەی بە تەواوی وەستاوە و داهاتی نەوت گەیشتووەتە سفر، هەر بۆیە ناچارن روو لە وەرگرتنەوەی شایستە داراییەكانیان لەو وڵاتانە بكەن كە مامەڵەی بازرگانییان لەگەڵیدا هەیە.
هیمەتی ئاماژەی بەوەش كردووە، پێش جەنگ ساڵانە بە بەهای 12 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ عیراق كردووە و بەو هۆیەشەوە شایستەی داراییان لە بانكی ناوەندیی عیراق ماوەتەوە و حكومەتی بەغدادیش بەڵێنیداوە شایستە داراییەكانیان بداتەوە.
راشیگەیاند، بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و وەستانی هەناردەی نەوت، عیراق روبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە و ناتوانێت شایستەكان بداتەوە.
سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاشكرای دەكات كار لەسەر ئامادەكردنی بودجەی ساڵی 2027 دەكەن و بەم زووانە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت، جەختیش لە پەسەندكردنی یاسای حەشدی شەعبی دەكاتەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، زەیدی لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ فراكسیۆنی سادیقون ئاشکرای کردووە کە حكومەتی عیراق لە ئێستادا كار لەسەر ئامادەكردنی بودجەی ساڵی 2027 دەكات و بەم زووانەش رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەكە دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە بودجەدا بڕێكی باش تەرخانكراوە بۆ دۆسێی كارەبا و حكومەتیش كاردەكات بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت لە ساڵانی داهاتوودا زیادبكرێن.
لە كۆبوونەوەیەكی تریشیدا لەگەڵ فراكسیۆنی بەدر زەیدی جەختیكردووەتەوە لەوەی دەستەی حەشدی شەعبی جێگەی بایەخە بۆ حكومەتی عیراق و پێداگریشیكردووە لەسەر ناردنی یاسای حەشدی شەعبی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەمەبەستی پەسەندكردنی و داننان بە دەستەكەدا وەك بەشێك لە پێكهاتە و هێزە چەكدارەكانی عیراق.
لە ماوەی كەمتر لە دە ساڵدا قەبارەی قەرزی گشتیی ئەمریكا دوو هێندە زیادی كردووە و بۆ یەكەمجار لە مێژوودا 40 تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاند.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ئاشكرای كرد، كۆی قەرزی گشتیی وڵاتەكە گەیشتووەتە 40 تریلیۆن و 47 ملیار دۆلار و بەپێی ئامارەكان قەرزی گشتیی ئەمریكا لە كەمتر لەماوەی دە ساڵدا زیاتر لە دوو هێندە بوو زیادیكردووە.
رونیشیكردوەتەوە، نزیكەی یەك لەسەر سێی قەرزەكەی ئێستای ئەمریكا لە سەردەمی پەتای كۆرۆنادا بووە و بەشێكی تریشی بەهۆی كەمبوونەوەی داهاتەوە بووە كە دۆناڵد ترەمپ بڕیاری لێخۆشبوونی باجی داوە.
شارەزایان و چاودێرانی بودجە لە ئەمریكا هۆشداری توند دەدەن و رایدەگەیەنن زۆربوونی قەرزەكە كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەڵاوسان و بژێویی هاووڵاتییان لە ئەمریكا دەبێت.
دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عیراق رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، چەند بنکەیەکی سەر بە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمیان لە بەغداد داخستووە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەم رێکارانە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەیە کە پێشتر لە بەرانبەر کۆمپانیاکە دەرچوون و مەبەستیش لێیان راگرتنی کارەکانی کۆمپانیاکەیە بەپێی یاسا.
ئەوەشی روونکردووەتەوە، پرۆسەی داخستنەکە سێ بنکەی فرۆشتن و بنکەیەکی سەرەکی کۆمپانیاکەی لە ناوچەی 'جادرییە' دەگرێتەوە.
دەستەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە، بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری رێوشوێنە یاساییەکان بۆ پاراستنی مافی دەوڵەت و بەرژەوەندی گشتی و مافی بەکارهێنەرانی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی.
سەندیکای هونەرمەندان داواکارییەک ئاڕاستەی تەواوی دەزگا راگەیەندنەکانی کوردستان دەکات و رایگەیاند: چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو هونەرمەندانەدا مەکەن کە رەوشی تەندروستییان جێگیر نییە.
سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان نووسراوێکی رەسمی بڵاوکردەوە و تێیدا، داوا لە سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن دەکات، چیتر چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو هونەرمەندانە ئەنجام نەدەن کە بەهۆی نەخۆشی یان هەڵکشانی تەمەنەوە باری تەندروستییان تێکچووە و ناتوانن کۆنتڕۆڵی قسە و رەفتارەکانیان بکەن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە چاوپێکەوتنانە لە سۆشیال میدیا دەبێتە هۆی شکاندنی شکۆی هونەرمەندان و دروستکردنی کاردانەوەی نەرێنی، هەرچەندە مەبەستی هەندێک لە میدیاکان گەیاندنی داواکاری و هاوکاری بێت بۆیان.
جەختی لەوەش کردووەتەوە، پێویستە رێز لە مێژووی هونەریی ئەو کەسایەتییانە بگیرێت و لەجیاتی پیشاندانیان لە رەوشێکی نەخوازراودا، پارێزگاری لە کەسایەتی و شکۆیان بکرێت.
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی نەخۆشخانەی گشتی شۆڕشی فێرکاری کرد و لەلایەن د. هێمن عاسی بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە و ژمارەیەک لە پزیشکان و پسپۆڕانەوە پێشوازیکرا.
لەو دیدارەدا کە دکتۆر ئەحمەد ئازاد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە و پزیشکان ئامادەیبوون، دکتۆر هێمن عاسی سەردانەکەی خاتوو شانازی بەپاڵپشتییەکی گەورە بۆ کارەکانیان وەسفکرد.
دوای بەسەرکردنەوەی بەش، قاوش و هۆڵەکانی نەخۆشخانەکە، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پشتگیری و پشتیوانی خۆی دەربڕی و دەستخۆشیی لە هەوڵەکانیان کرد لەپای ئەو گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونانەی لە ئەنجامی نۆژەنکردنەوەکاندا بەدی هاتوون.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی و گەنجینەی هەرێمی كوردستان بە كوردسات نیوزیان راگەیاند، لیستی موچەی سەرجەم وەزارەتەكان بۆ مانگی هەشت داخڵی سیستمی ئەلیكترۆنیی پەیرۆڵ كراوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز ئاماژەی بەوە كرد، لە ئێستادا لیستی موچەخۆران لە ژێر وردبینی دایە و دەستبەجێ دوای تەواوبوونی، بە شێوەی ئەلیكترۆنی رەوانەی وەزارەتی دارایی حكومتەی فیدراڵ دەكرێت، وتیشی، دوای رەوانەكردنی لیستەكە، بڕیارە لیژنەی تەكنیكی سەردانی بەغداد بكات بۆ ئەوەی لە نزیكەوە چارەسەری هەر كێشە و رێگرییەك بكه ن كە رەنگە لە بەغداد بۆ لیستەكە بێتە پێشەوە.
هاوكات ئەوەش زانراوە، بەپێی پێشبینییەكان ئەگەری زۆر هەیە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستی موچەی مانگی هەشت بە تەواوی رەوانەی بەغداد بكرێت.
ئێران قەبارەی زیانەکانی موڵکی هاووڵاتیان لە دوای 40 رۆژ لە جەنگی ئەمریکا ئاشکرا دەکات.
دامەزراوەی نیشتەجێكردنی ئێران بڵاویكردەوە، ئەو زیانانەی بەهۆی جەنگی 40 رۆژی ئەمریكاوە بەسەر موڵك و ماڵی هاووڵاتیان كەوتووە، بە نزیكەی 200 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت.
دامەزراوەكە راشیگەیاند، ئەم خەمڵاندنانەی دامەزراوەكانی سەر بە حكومەتی ئێران، تەنها پەیوەندیدارە بە زیانی موڵك و ماڵی مەدەنی و ژێرخانی گشتی یان شوێنە سەربازییەكان ناگرێتەوە.
شاری قامیشلۆ كە بە "شاری خۆشەویستی"(بە كورمانجی پێێ دەڵێن قامیشلۆكا ئەڤینێ) و "پاریسی بچووك" ناسراوە، سەدەمین ساڵیادی دامەزراندنی خۆی پیرۆز دەكات.
قامیشلۆ كە لە ساڵی 1926 لە سەردەمی دەسەڵاتی فەرەنسادا بە رووبەری 38 كیلۆمەتری چوارگۆشە بەرانبەر شاری نوسەیبین لە باكوری كوردستان دروستكرا، لە وێستگەیەكی شەمەندەفەری سنووری و چەند خانووێكی قوڕییەوە بووەتە یەكێك لە ناوەندە گرنگەكانی رۆژئاوای كوردستان و باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا.
قامیشلۆ بە گەڕەكە رەسەنەكانی وەك هلییلیێ، ئەننتەریە، قدوور بەگ، غەربی و تەی ناسراوە، هەروەها بازارە دێرینەكانی وەك "سوكا عەزرە" ناسنامەی كلتوری و دیارترین هێمای بەیەكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتەكانی كورد، عەرەب، سریانی و ئەرمەنەكان بوون.
لەگەڵ هەموو ئاڵۆزی و جەنگ و گۆڕانكارییە سیاسییەكانی دەڤەرەكەدا، قامیشلۆ توانیویەتی مۆدێلی فرەرەنگی و راگەیاندنی كولتووریی خۆی لە تەواوی سەدەی رابردوودا بپارێزێت.
لێژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عیراق ئاشکرای کرد کە بڕیارە رێنمایی نوێ دەربچێت بۆ ئەوەی راگەیاندنی پشووە رەسمییەکان لە سەرجەم پارێزگاکاندا تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی وەزیراندا بێت.
رەجا فازڵ حەمدانی، ئەندامی لێژنەی پەروەردە لە پەرلەمان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: زۆربوونی پشوو بێبەرهەم و ناوخۆییەکان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر پرۆسەی خوێندن دروست کردووە، بەتایبەت لەسەر قوتابیانی پۆلە کۆتاییەکان.
ئەو ئەندامەی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش دا: رێنماییە چاوەڕوانکراوەکەی حکومەت مەبەست لێی رێکخستنەوەی پشووەکانە لە پارێزگاکاندا، جەختیشی کردەوە: رەوا نییە بۆ نموونە بەهۆی خراپیی کەشوهەوا لە چەند ناوچەیەکی سنوورداردا، پشووی گشتی لە تەواوی پارێزگایەکدا رابگەیەنرێت.
ناوبراو روونیشی کردەوە: بەکۆتاییهێنانی بەخشینی دەسەڵاتی راگەیاندنی پشوو بە پارێزگاکان و هێشتنەوەی لە دەستی سەرۆکایەتیی وەزیراندا چی بۆ تەواوی وڵات بێت یان بۆ پارێزگایەکی دیاریکراو لە کاتی پێویستدا رێگری لە پشووی بێسەروبەر دەگرێت و هاوکاریی مامۆستایان و ستافی تەندروستی دەکات بۆ تەواوکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا.
بەرپرسێکی باڵای ئێران داوای کشانەوەی وڵاتەکەی لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) کرد، وەک وەڵامێک بۆ لێدوانەکانی دوایی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئیبراهیم رەزایی، ئەندامی کۆمسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند: باشترین وەڵام بۆ ترەمپ کشانەوەیە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی.
ئەم لێدوانەی رەزایی دوای ئەوە هات کە سەرۆکی ئەمریکا دەستپێکردنی پرۆسەیەکی راگەیاند، کە بە "کاولکەرترین کردەی ئابووری لە مێژوودا دژی هەر وڵاتێک" وەسفی کرد، و هەڕەشەی هەڵگیرساندنی جەنگێکی ئابووری و گۆشەگیرکردن لەسەر ئاستێکی بێپێشینە ی لە ئێران کرد.
ترەمپ ئاماژەی بەوە دا کە ئێران دەرفەتی بەدەستهێنانی رێککەوتنی لەگەڵ واشنتۆن لەدەستداوە، و رۆژەکەی بە "رۆژی دابەزینی ئابووری" دژی تاران و هاوبەشە بازرگانییەکانی ناوزەد کرد.
ناوبراو هەڕەشەی سەپاندنی "سزای ئابووریی گەورە"ی کرد بەسەر هەر وڵات یان دامەزراوەیەکدا کە هاوکاریی دارایی یان بازرگانی پێشکەشی ئێران بکات، و داوای راگرتنی قاچاغچێتیی نەوت، هێڵەکانی ئاڵوگۆڕ، حەواڵەی نەقدی، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو، تۆماری کەشتییەکان و کۆمپانیا رووکەشەکانی کرد.