وتەبێژی یەپەژە دەڵێت، پێویستە بە بەشداری ژنان دوبارە سوپای سوریا بنیادبنرێتەوە و ئامادەشن گفتوگۆ لەسەر هەمو پێشنیازەكان بكەن.
روكسان محەمەد وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی ژن "یەپەژە" لەبارەی تێكەڵكردنی هێزەكانیان لەگەڵ سوپای سوریا رایگەیاند، بابەتی تێكەڵكردنی هێزەكانیان لەگەڵ سوپا و هێزە ئەمنییەكانی سوریا بەكراوەیی ماوەتەوە و رێگری سەرەكی بەردەم گفتوگۆكانیش بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی یەكگرتن، ئەوەیە كە دیمەشق دژایەتی ژن دەكات لە پێكهاتەی سوپادا.
وتیشی، پێشنیازی كۆتایی بۆ پەیوەندیكردن بە وەزارەتی ناوخۆوە پێویستی بە گفتوگۆ هەیە و پێویستە دوبارە بنیادنانەوەی سوپای سوریاش بە بەشداری ژنان بێت، یەپەژەش خاوەنی ئەزمونە لە رێكخستن و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكاندا.
وتەبێژی یەپەژە جەختیشیكردەوە، بە چەند مەرجێك ئامادەن گفتوگۆ لەسەر هەموو پێشنیازەكان بكەن، یەكێك لە مەرجەكانیش ئەوەیە كە بە یەك لیوا تێكەڵ ببن و تایبەتمەندییان لەناو سوپادا بپارێزرێت.
عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ محەمەد باقر قاليباف، سەرۆکی ئەنجومەنی شوورای ئێران و وەفدی یاوەری کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا ئاسۆی هاوکارییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاوازەکاندا تاوتوێ کران.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران جەختی لە قووڵیی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و ئێران کردەوە کە لەسەر بنەمای بەستەری مێژوویی، جوگرافی و ئایینی راوەستاون.
هەروەها ستایشی هەڵوێستەکانی ئێرانی کرد لە پشتیوانیکردنی عیراق، بەتایبەتی هاوکارییەکانی لە شەڕی دژ بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
لە بەرانبەردا، سەرۆکی ئەنجومەنی شوورای ئێران خۆشحاڵی خۆی بە سەردانیکردنی عیراق دەربڕی و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عیراق لە پێشوازیکردن و خزمەتکردنی زیارەتکارانی ئێرانی لە مەراسیمی چلەیی ئیمام حوسێن دا دەربڕی.
هەروەها تەئکیدی لەسەر خولیای وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەردەوامیی گەشەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی هاوکارییە هاوبەشەکان.
عیراق بڕی زیاتر لە 58 ملیار و 633 ملیۆن دیناری بۆ جوتیارانی هەرێم خەرجكرد.
نەوزاد كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، حكومەتی عیراق بڕیاریداوە بە خەرجكردنی 350 ملیار دیناری بۆ شایستەی دارایی جووتیارانی ساڵی 2025، لەو بڕەش 58 ملیار و 633 ملیۆن و 889 هەزار دیناری بۆ جووتیارانی هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە.
وتیشی، 21 ملیار و 908 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای سلێمانی و 19 ملیار و 726 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای هەولێر و 16 ملیار و 999 ملیۆن دیناری بۆ پارێزگای دهۆك تەرخانكراوە.
لیژنە تایبەتمەندەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ چەكداماڵینی گروپە چەكدارەكان دەستی بە كارەكانی كرد و یەكێك لە ئامانجەكانی لیژنەكەش رێگریكردنە لە شەڕ و پێكدادانی گروپە چەكدارەكان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان.
گەورە لێپرسراوێكی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ میدیا عیراقییەكانی ئاشكراكردووە، لیژنە تایبەتمەندەكەی چەكداماڵینی گروپە چەكدارەكان دەستی بە كارەكانی كردووە و لەگەڵ گروپە چەكدارەكان لە گفتوگۆدایە، لەپێناو دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ وەرگرتنەوەی چەك لە گروپە چەكدارەكان.
ئەوەشی خستووەتەڕو، هەریەك لە هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر و عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە ئەندامن لە لیژنەكە و ئەركی سەرەكیشیان لە لیژنەكەدا، رێگریكردنە لە شەڕ و پێكدادانی گروپە چەكدارەكان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان.
ئەو گەورە لێپرسراوە دەشڵێت، لیژنەكە وەك نێوەندگیرێك لەنێوان حكومەت و گروپە چەكدارەكان كاردەكات بۆ سەرخستنی پرۆسەی چەكداماڵین.
کاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی عومرەکاران ئاشکرا کرد.
کاروان ستونی رایگەیاند: ئەو کۆمپانیایانەی لە ساڵی 2025 گرێبەستیان ئەنجامداوە، بەردەوام دەبن لەسەر کارەکانیان تا ئەو کاتەی رێنمایی نوێ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەوە دەردەچێت.
سەبارەت بە کۆمپانیا نوێیەکان، وتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوە کرد کە هەموو ئەو کۆمپانیایانەی لە ساڵی 2025 گرێبەستیان نەکردووە یان بە تازەیی دامەزراون و مۆڵەتی کارکردنیان وەرگرتووە، بەپێی مەرج و رێنماییەکانی ساڵی 2025 گرێبەستی کاتییان لەگەڵدا دەکرێت تا کاتی دەرچوونی رێنماییە نوێیەکان.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد: ئەم بڕیارانە لە ئەمڕۆوە، چوارشەممە 19ی ئابی 2026، دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەگەڵ محەمەد باقر قاليباف، سەرۆکی ئەنجومەنی شوورای ئێران و وەفدی یاوەری کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دوقۆڵییەکان، کاراکردنی لیژنەکانی دۆستایەتی، و گەشەپێدانی هەماهەنگیی پەرلەمانیی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کران.
لە دیدارەکەدا، حەلبوسی جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و ئێران کردەوە لە سەرجەم بووارەکاندا، بەتایبەت لە ئاستی پەرلەمانیدا.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: عیراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەریی هەبووە بەپێی گۆڕانکاری و بارودۆخەکانی ناوچەکە، و داوای کرد رەچاوی سروشتی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات بکرێت و تایبەتمەندی بە عیراق بدرێت لە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی گەروی هورمزەوە، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی بپارێزرێن.
لە بەرانبەردا، سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئێران لای خۆیەوە رایگەیاند کە وڵاتەکەی سوورە لەسەر پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا، بەتایبەت بوارەکانی بازرگانی و ئابووری.
هەروەها جەختی لە گرنگیی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامە ئیمزاکراوەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی سەردانی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی کرد و لەلایەن باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەکە و یوسف زۆزانی، جێگری سەرۆکی دامەزراوەکەوە پێشوازیی لێکرا.
لە دیدارێکدا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرانی دامەزراوەکە کرد بۆ هەوڵەکانیان لەپای گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی" و چەسپاندنی لە سیستمی فڕۆکەوانیی مەدەنی و خشتەی گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا.
دوا بەدوای تاوتوێکردنی هەوڵ، هیممەت و پرۆژەکانی داهاتووی دامەزراوەکە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەشەکانی دامەزراوەکە و پانۆرامای وێنەیی وێستگەکانی ژیان و خەباتی سیاسی و دیپلۆماتیی سەرۆک مام جەلالی بەسەرکردەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدادی پایتەخت لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا کە بە ئامادەبوونی د. خالید شوانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە بەغداد بەڕێوەچوو، جەخت لەسەر سەرخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان کرا، کە بە فاکتەرێکی سەرەکیی پاراستنی سەقامگیریی وڵات هەژمار کرا.
هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگیی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی نیشتمانی کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە ئامانجی زیاترکردنی متمانەی نێوان لایەنەکان و تێپەڕاندنی بەربەستەکان، تاوەکو بگەڕێن بەدوای ئەنجامێکدا کە لە بەرژەوەندیی گشتیی وڵاتدا بێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدادی پایتەخت لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا کە بە ئامادەبوونی د. خالید شوانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە بەغداد بەڕێوەچوو، دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکان لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەکە تاوتوێ کران.
هەردولا جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامیی گفتوگۆی بونیادنەرانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان کردەوە، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی وڵات.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووپاتی کردەوە کە پێویستە هەموو هەوڵەکان بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان، چارەسەرکردنی کێشەکان، پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و نزیککردنەوەی دیدگای جیاوازی لایەنەکان خەرج بكرێن.
عەبدوڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی پرسی رۆژی کوردسات نیوز، کۆمەڵێک بڕیار و پێشهاتی نوێی سەبارەت بە موچە و دۆسیەی زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان راگەیاند.
وەزیری کاروباری شەهیدانی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد: ناو و دۆسیەی تەواوی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەگوازرێتەوە بۆ سەر حکومەتی فیدراڵیی عیراق، و سەرجەم زیندانیانی سیاسی لە چوارچێوەی پروژەیاسای ساڵی 2027دا تۆمار کراون.
لەلایەکی ترەوە، وەزیر روونی کردەوە: بەپێی یاسا و پلەبەندی، موچەی زیندانیانی سیاسیی هەرێم هاوتای موچەی عیراق دەکرێت.
سەبارەت بە موچەی شەهیدان، ئاشکرای کرد: موچەکانیان لە 250 هەزار دینارەوە بەرز دەکرێتەوە بۆ 600 هەزار دینار.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گشتاندنێکی رەسمی ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کرد، بەمەبەستی ئاگادارکردنەوەیان لە گۆڕانکاری لە خشتەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە.
بەپێی نووسراوە رەسمییەکە، بەهۆی هاوكاتبوونی پشووی رەسمیی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە رێککەوتی 25ی ئابی 2026، هیچ تاقیکردنەوەیەک لەو رێککەوتەدا ئەنجام نادرێت بۆ سەرجەم قوتابیان و خوێندکارانی پۆلی 12ی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی) لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان.
دوا بەدوای ئەو پشووە، رێزبەندیی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان دەستکاری کراوە؛ بە جۆرێک ئەو تاقیکردنەوەیەی بڕیاربوو رۆژی 25ی ئاب بەڕێوەبچێت، دواخراوە بۆ رۆژی 27ی ئابی 2026. هەروەها ئەو تاقیکردنەوەیەش کە بڕیاربوو لە رۆژی 27ی ئاب ئەنجام بدرێت، دەگوێزرێتەوە بۆ رۆژی 30ی ئابی 2026.
وەزارەتی پەروەردە جەختی کردۆتەوە کە سەرجەم خوێندکاران بەپێی ئەم وادە و خشتە نوێیە بەردەوام دەبن لە بەشداریپێکردنیان لە تاقیکردنەوە گشتییەکاندا.
واشنتۆن بەنیازە بەشێك لە هێزەكانیەتی لە كەنداو بكشێنێتەوە و سەرلەنوێ دارشتنەوەی نەخشەی بڵاوبوونەوەیان دارێژێتەوە.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری هەشت لێپرسراوی و كەسی ئاگادار لە دانوستانەكان، ئاشكرایكردووە، وەزارەتی جەنگی ئەمریكا تاوتوێی كەمكردنەوەی ئامادەیی سەربازیی لە ناوچەی كەنداو دەكات، ئەوەش لەچوارچێوەی سەرلەنوێ دارشتنەوەی شێوازی بڵاوبوونەوەی سەربازیی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشكردوە، پنتاگۆن و سێنتكۆم و لە ئێستادا هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەكات ئایا پێویستە بەشێك لە هێزە جێگیركراوەكانی لە كەنداو بكشێنێتەوە یان نا، بەتایبەت لە دوای ئەو زیانە گەورانەی بەر پێگە سەربازییەكانی ئەمریكا كەوتوون بەهۆی هێرشەكانی ئێرانەوە
هاوكات ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن ڕەنگە وەزارەتەكە ئەو دامەزراوانە بە هەمان شێوەی پێش هەڵگیرسانی ئاڵۆزییەكان دروست نەكاتەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە، ئەمریكا بە شێوەیەكی ئاسایی نزیكەی 40 هەزار سەربازی لە كەنداو بڵاوكردووەتەوە.
نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا هۆشداری لە ئاڵۆزیەكانی نێوان ئیسرائیل و توركیا و سوریا دەدات و دەڵێت: كار بۆ رێگریكردن لە پێكدادانی نێوانیان دەكەن.
تۆم باراك، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا رایگەیاند، كە وڵاتەكەی بەچڕی كاردەكات بۆ دانانی میكانیزمێك بۆ رێگریكردن لە پێكدادانی سەربازیی نێوان ئیسرائیل و توركیا و سوریا بكات، ئەمەش دوای بۆردومانكردنی بنكەیەكی ئاسمانیی سوریا لە لایەن ئیسرائیلەوە لە نزیك سنورەكانی توركیا.
تۆم باراك، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا كە هاوكات باڵیۆزی وڵاتەكەشیەتی لە توركیا، ئاشكرای كرد كە ئەنقەرە پێشوەختە لە هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بۆسەر خاكی سوریا ئاگادار نەكراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، كە هێزە ئەمنییەكانی توركیا جوڵەی فڕۆكەكانیان بەرەو سنورەكانیان بینیوە و ئەگەری هەبووە وەڵامدانەوەی سەربازیی لێ بكەوێتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، رەوشی گشتیی وڵات و ناوچەکە تاوتوێکرا و جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆی نێوان لایەنە نیشتمانییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پاراستنی ئاسایش و ئارامی و زامنکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵک کرایەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد، بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا و دووپات لە چارەسەرکردنیان لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ستایشی هەوڵەکانی سەرۆک کۆماری کرد بۆ نزیککردنەوەی دیدگا جیاوازەکان و دوورخستنەوەی عیراق لە گرژییە سیاسییەکان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کۆبووەوە.
لە دیدارێکدا کە د. خالید شوانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سیاسی لە بەغداد ئامادەبوو، جەخت لە پێویستیی بەردەوامیی هەماهەنگی نێوان لایەنەکان، لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە سیاسی و ئابوورییەکان و پاراستنی سەقامگیریی وڵات کرایەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی دووپاتی لە سەرخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ دوورخستەوەی وڵات لە ململانێکان کردەوە و وتی، ئەرکی هەموو لایەکمانە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان لەم رەوشەدا هاوکاریی حکومەتی عیراق بین تاوەکو پایەکانی دەوڵەتداریی بەهێزبکەین.
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی حەوت تیرۆریستی داعشی راگەیاند، کە لەلایەن دادگاکانی عیراقەوە داواکراو بوون و رادەستی حکومەتی فیدراڵ کرانەوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری توانیان حەوت تیرۆریستی داعشی داواکراوی دادگاکانی عیراق بەمادەی'٤'ی تیرۆر کە لەشاری سلێمانی و دەورووبەری خۆیان حەشاردابوو دەستگیربکەن و داواکراوان لە رابردوودا چەکداری گرووپی تیرۆریستی داعش بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەرۆژی 18-8-2026 تیرۆریستان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کران، بەپێی تایبەتمەندی شوێنی تاوان بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی لێکۆڵینەوە.