هەرێم و عیراق لەسەر یەكخستنی رێكارەكانی هاتووچۆ و تۆماركردنی پێبژاردنی سەرپێچییەكان بەپێی سنووری جوگرافی گەیشتنە لێكتێگەیشتن.
عودەی سەمیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عیراق رایگەیاند، لەگەڵ هەرێمی كوردستان گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن لەسەر چەند پرسێكی پەیوەست بە رێكارەكانی هاتووچۆ كە سەرەكیترینیان پێبژاردنی سەرپێچییە جۆراوجۆرەكانە بەتایبەت رەشكردن یان تاریككردنی جامی تۆتۆمبێل.
ئاماژەی بەوەش كرد، هەرێم و عیراق رێككەوتوون لەسەر ئەوەی هەردوولا مافی ئەوەیان هەیە بەپێی سنووری جێبەجێكردن سەرپێچی تۆمار بكەن و سزا بنووسن، واتە ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆی هەرێمیان پێوەیە لە ناوەڕاست و باشوور ئەگەر سەرپێچی بكەن، سزادەدرێن و بەپێچەوانەشەوە.
لەبارەی پرسی تاریككردنی جامی ئۆتۆمبێلیشەوە باسی لەوە كرد، رێككەوتوون لەسەر ئەوەی پابەندن بن بە بڕیار و رێنماییەكانی پەیوەست بەو بوارە و هەردوولا رێز لە یاساكانی یەكتر دەگرن.
جەختیشیكردەوە، تا ئێستا تووشی هیچ ئاستەنگێكی ئەوتۆ نەهاتوون و پرۆسەكەشیان بەردەوامە بۆ یەكخستنی رێكارەكان.
لیستی موچەی مانگی هەشتی موچەخۆران و تەرازوی پێداچوونەی مانگی حەوت رەوانەی بەغداد كرا.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی هەشت و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، دوای داخڵكردنیان لە سیستەمی پەیڕۆڵ و وردبینی لە بەشی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی هەرێم ، ئەمڕۆ بە شێوازی ئەلیكترۆنی رەوانەی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ كرا.
هاوكات دوای ناردنی لیستەكە، لیژنەیەكی تەكنیكی بەرەو بەغداد بەرێككەوتن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە چارەسەری هەر ئاستەنگ و كێشەیەك بكەن كە ئەگەری هەیە لەكاتی پێداچوونەوەی لیستەكاندا لە بەغداد بێنە پێشەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە، تائێستا دابەشكردنی موچە لە وەزارەتەكانی عیراق دەستیپێنەكردووە و ئەگەری هەبونی كێشەی نەختینە بۆ ئەم مانگەش لە ئارادا هەیە.
بەرەبەیانی ئەمرۆ بومەلەرزەیەكی بەهێز رۆژهەڵاتی ژاپۆن هەژاند و بووە هۆی برینداربوونی 23 كەس، هاوكات بومەلەرزەیەكی تریش كۆریای باشووری گرتەوە كە دەكرا مەترسی بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەكان دروست بكات.
بەپێی راگەیاندراوە رەسمییەكان، بەرەبەیانی ئەمرۆ بومەلەرزەیەكی بە گوڕی 5.9 پلە رۆژهەڵاتی ژاپۆنی هەژاندوە و بەهۆیەوە 23 كەس بریندار بوون بومەلەرزەكە لە قوڵایی 70 كیلۆمەتر روویداوە و بووەتە هۆی بڕانی كارەبا و پەككەوتنی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی ناریتا.
سانای تاكایچی، سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن، لیژنەیەكی بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەكان پێكهێناوە و دڵنیایی دا كە مەترسیی تسۆنامی نییە. هاوكات بومەلەرزەیەكی تریش بە گوڕی 3.1 پلە كۆریای باشووری هەژاند كە دەكرا مەترسی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكان دروست بكات، بەڵام لێپرسراوانی سیئۆل رایانگەیاند كە هیچ زیانێكی نەبووە و وێستگە ئەتۆمییەكان بە ئاسایی كار دەكەن.
یەكەمین بانكی جینی ڕووەكی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق لە پاركی هەواری شاری سلێمانی دەكرێتەوە.
بە چاودێری و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە پاركی هەواری شار لە سلێمانی، ڕێوڕەسمی كردنەوەی یەكەمین بانكی جینی ڕووەكی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق بەڕێوە دەچێت.
ئەم پڕۆژە ستراتیجییە بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوی فاوی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان جێبەجێ كراوە، كە لەلایەن یەكێتیی ئەورووپاوە پاڵپشتیی دارایی دەكرێت.
ئامانجی سەرەكیی بانكەكە پاراستنی دەنكۆڵە و جینی ڕووەكە ڕەسەنەكانی ناوچەكەیە لە فەوتان، لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی وشكەساڵی و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا. هاوكات بڕیارە ببێتە ناوەندێكی زانستیی گرنگ بۆ توێژەران بە مەبەستی بەهێزكردنی بنەماكانی ئاسایشی خۆراك و پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا.
ماڵپەڕی ئەكسیۆسی ئەمریكی ئاشكرایدەكات، نزیكەی 40 كەشتی نەوتهەڵگر و 16 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێڕەوی باشوری گەروی هورمزەوە تێپەڕبوون.
ئەكسیۆس لە زاری لێپرسراوانی ئەمریكاوە بڵاویكردووەتەوە، رێژەی تێپەڕبوونی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان لە گەروی هورمز بە شێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە و لە یەك رۆژدا 40 كەشتی لە رێگەی رێڕەوی باشورەوە كە دەكەوێتە نزیك كەناراوەكانی عوممان، تێپەڕیون و توانیویانە نزیكەی 16 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بگەیەننە بازاڕەكانی جیهان.
بەپێی زانیارییەكان، ئەم رێڕەوە لە چەند هەفتەی رابردوودا لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكاوە لە رێگەی هێزێكی تایبەتەوە پارێزگاری لێدەكرێت و ماوەی دوو مانگە كۆنترۆڵی رێڕەوی باشوری گەروی هورمزی كردووە بە مەبەستی پاراستنی كەشتیەكانی گەرووەكە لە رێگەی چاودێریی فڕۆكە جەنگییەكانەوە.
هاوكات، فەرماندەیی سێنتكۆمیش جەختی كردووەتەوە كە لە مانگی ئایاری رابردووەوە تاوەكو ئێستا هاوكاریی تێپەڕبوونی زیاتر لە هەزار و 300 كەشتیی بازرگانی و گواستنەوەی زیاتر لە 660 ملیۆن بەرمیل نەوتیان بە ناو گەرووەكەدا كردووە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ جەلال شێخ ناجی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە بەردەوامی هەماهەنگی و هاریکاری نێوان سەرجەم هێزە ئەمنیی و هەواڵگرییەکانی هەرێم و عیراق کرایەوە، لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنەگارییە ئەمنییەکان و کەمکردنەوەی کاریگەریی گرژییەکان و نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم ئاسایش و ئارامی وڵاتەکەمان.
لەبەرئەنجامی راپۆرتی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری، قوباد تاڵەبانی روونکردنەوەی زیاتری دا و رایسپاردن وەک هەمیشە بەردەوام بن لە راپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکانیان و هۆکاری سەرەکی بن لە سەرخستنی پرۆسە ئەمنیی و هەواڵگرییەکان لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکاندا.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا: هەرێمی کوردستان قەت نەبووە و نابێتە بەشێک لە کێشەکان و دەمانەوێت بە دیالۆگ پرسەکان یەکلایی بکەینەوە و لەم هەلومەرجەشدا بە ویستی گەلەکەمان هەنگاوەکانمان بنێین.
محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند كە تاران چەندین پەیامی لە وڵاتانی دراوسێوە پێ گەیشتووە دەربارەی داڕشتنی رێككاری ئەمنیی نوێ و بەهێزكردنی هەماهەنگییە ئابوورییەكان، تاوەكو ناوچەكە لە دەستوەردانی دەرەكی بپارێزرێت.
ئەمڕۆ محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە كرد: وڵاتانی دراوسێ دەیانەوێت قۆناغێكی نوێ لە هەماهەنگیی هەرێمی دەست پێ بكەن.
راشیگەیاند، كار بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەت عیراق دەكات، لە دۆسیەكانی ئاسایشی سنور، بەرەنگاربوونی تێرۆر و كەرتی وزەدا.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی، تاران پێیوایە دروستكردنی سیستمێكی ئەمنیی ناوخۆیی بەبێ لایەنی دەرەكی، دەبێتە بنەمایەك بۆ كۆتاییهێنان بەو ئاڵۆزییانەی كە لە چەند مانگی رابردوودا رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان هەژاندووە و مەترسیی فراوانبوونی شەڕیان دروست كردووە.
وەزیری پەیوەندییەكانی عیراق دەڵێت، بنچینەی ئینتەرنێت لە عیراق بۆ كۆمپانیایەكی كوردی دەگەڕێتەوە.
مستەفا سەنەد وەزیری پەیوەندییەكانی عیراق، لە هەشتەمین كۆنگرەی دیالۆگی بەغداد رایگەیاند، بنچینەی ئینتەرنێت لە عیراق بۆ كۆمپانیایەكی كوردی دەگەڕێتەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ كوردسات نیوز راگەیاند، كۆمپانیای ئای كیو هاوبەشێكی سەرەكی وەزارەتی پەیوەندییەكانە، ترانزێتی فایبەر ئۆپتیكی بەڕێوە دەبات و لە بواری ئینتەرنێت خزمەتگوزاری زۆر پێشكەشكردووە، لە رووی سوودی كۆمەڵایەتیەوە پشتیوانی لە وەزارەت دەكەن.
بڕیارە گۆڕێكی بە كۆمەڵ كۆمەڵگەی خانەسۆر لە شەنگال هەڵبدرێتەوە، بەپێی زانیارییەكانی كوردسات نیوزیش پێشتر ئەو گۆڕە هەڵدراوەتەوە، بەبێ پشكنینی"دی ئێن ئەی"روفاتەكان بەخاكسپێدراون.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، بەپێی بەدواداچوونەكان دوای زیاتر لە 11 ساڵ، رێكارەكانی دووبارە هەڵدانەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە كۆمەڵگەی خانەسوری سەربە قەزای شەنگال كە 67 روفاتی ئێزدی تێدایە دەستیپێكردووە، ئەوەش بە مەبەستی ئەنجامدانی پشكنینی "دی ئێن ئەی"و دیاریكردنی ناسنامەی قوربانییەكان بە شێوازی زانستی.
بریاریشە دوای هەڵدانەوەی گۆرە بەكۆمەڵەكە روفاتەكان بگوازرێنەوە بۆ بەغداد، بە ئامانجی یەكلایی كردنەوەی ناسنامەكانیان.
بەپێی زانیارییەكان روفاتی ئەو67 كەسە لەساڵی 2015 لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە گۆرێكی بەكۆمەڵدا دەرهێنران و دواتر لە 13ی ئابی 2015 لە مەزاری شەرفەدین بەخاك سپێردران، بەبێ ئەوەی پشكنینی"دی ئێن ئەی" یان بۆ نبكرێت.
بەڕێوەبەری دورگەی خارگ رایگەیاند، لە كاتی هێرشەكان بۆ سەر ئێران زیاتر لە 540 جار دورگەكە كراوەتە ئامانج.
نەهدار حسێن پوور، بەرێوەبەری دورگەی خارگ رایگەیاند: لە جەنگی سەپێنراو بەسەر ئێراندا، دورگەی خارگ بووە یەكێك بوو لەو ناوچانەی كەوتە بەر هیچرشی بەرفراوانی ئەمریكا.
راشیگەیاند: لە سەرەتای جەنگەوە تائێستا 548 جار خارگ كراوەتە ئامانج و بە موشەك لێی دراوە، لە 16ی ئاداردا لێدانی 50 موشەك لە دورگەكە تۆماركراوە.
وتیشی: لە ماوەی دوو رۆژی یەك لە دوای یەك شەش كەشتی نەفەر هەڵگر كرانە ئامانج، پەیوەندیی خارگ بە وشكانییەوە نەبڕدرا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: لە ماوەیی جەنگەكەدا هەوڵیانداوە، خزمەتگوزاریی پێویستی خەڵك بەبێ پچڕان بەردەوام بێت و پرسەكانی پەیوەست بە ئاو و كارەبا و خزمەتگوزارییەكانی تر دابین بكرێت، هەروەها پەیوەندی دورگەكە لە رێگەی وشكانییەوە بپارێزرێت.
لە میانی بەشداریکردنی لە هەشتەمین کۆنفرانسی دیالۆگی بەغداد، نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عیراق، زنجیرەیەک پەیام و هەڵوێستی راشکاوانەی دەربارەی دۆخی سیاسی، ئەمنی، پرسی چەکدارکردنی گرووپەکان و پەیوەندییەکانی بەغداد و هەولێر خستەڕوو.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوە کرد: دۆسیەی چەکدانانی گرووپەکان ئاڵۆزە و چەکی گرووپەکان لەسەر سێ ئاستە، بەڵام گفتوگۆ لەگەڵیاندا بەردەوامە و ئامادەییان هەیە بۆ چەکدانان، هاوکات داوای لە گرووپەکان کرد چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت بوبکەنەوە.
لای خۆشییەوە نزار ئامێدی جەختی کردەوە: کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت بڕیارێکی عیراقیانە و دەستوورییە و دەبێت بەبێ خوێنڕشتن جێبەجێ بکرێت.
سەرۆک کۆمار روونی کردەوە: بابەتی گرووپە چەکدارەکان و هێزی پێشمەرگە دوو شتی زۆر جیاوازن، چونکە پێشمەرگە هاوشێوەی هەموو هێزەکانی تری دەوڵەت دامەزراوەیەکی دەستوورییە.
جەختیشی کردەوە: بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان هیچ پاساوێکی نییە و هەموو کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم دەبێت بەپێی دەستوور و گفتوگۆ چارەسەر بوبکرێن.
دەربارەی ململانێ هەرێمییەکان، سەرۆک کۆمار ئاشکرای کرد: لە دوای ئێران زیاترین زیانی جەنگ بەر عیراق کەوتووە، بەڵام ئەمریکا ناتوانێت لەوە زیاتر درێژە بە جەنگ بدات.
سەرۆک کۆمار هۆشداری دا لەوەی کەسانێک هەن دەیانەوێت عیراق پەڵکێشی جەنگی ئێران و ئەمریکا بکەن، بەڵام هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی وڵات لە ئاڵۆزییەکان بەردەوامن.
هەروەها پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەربڕی و ئاماژەیان بەوە کرد: پێشکەوتنی ئەم پرۆسەیە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر عیراق دەبێت، هاوکات سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە رۆڵی مێژوویی مام جەلال کرد لەم
لە کۆتاییدا جەختی لەسەر هەماهەنگیی سەرۆکایەتییەکان و هەوڵی بەردەوام بۆ پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی کابینەی حکومەت کرادەوە. و رایگەیاند: شکستهێنانی حکومەت شکستی هەموو گەلی عیراقە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: بەشێک لە کێشەکانی هەرێم و بەغداد پەیوەندی بە یاسای نەوت و غازەوە هەیە و داوای لە پەرلەمان کرد موزایەدە بەسەر قووت و مافی خەڵکەوە نەکات.
دادوەرێكی ئەمریكی بڕیارێكی ئیدارەی ترەمپی هەڵوەشاندەوە كە تایبەت بوو بە راگرتنی پێدانی ڤیزای كۆچبەری بۆ هاووڵاتییانی 75 وڵات.
جانیت فارغاس دادوەری دادگای ناوچەیی مانهاتن رایگەیاند، یاسای كۆچبەری فیدراڵی بە ئاشكرا دەسەڵاتی لە ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەندوەتەوە لە دەستوەردان لەو رێكارانەی پەیوەندییان بە ڤیزای كۆچبەرییەوە هەیە.
وتیشی، بڕیارەكەی مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ بۆ راگرتنی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی بەڕازیل و بۆسنە و ئەلبانیا و پاكستان و بەنگلادش و چەندین وڵاتی تری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەناراوەكانی كاریبی هەڵوەشێندرایەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ئیدارەی ئەمریكا پاساوی ئەوەی هێنابووەوە كە داواكارانی ئەم وڵاتانە ئەگەری زۆرە ببنە بارگرانی لەسەر بودجەی گشتی و سوود وەرگرتن لە سەرچاوەكانی حكومەت.
سوپای ئێران رایگەیاند، ستراتیژی ئێران لە بەرگرییەوە بۆ هێرشبردن گۆڕاوە و لە بەرانبەر هەر هێرشێكی ئەمریكا بە توندی وەڵامی دەدەنەوە.
مەحەمەد ئەكرەمی وتەبێژی سوپای ئێران رایگەیاند: ستراتیژی سەربازیی وڵاتەكەی لە بەرگرییەوە بۆ هێرشبردن گۆڕدراوە، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت دەستپێشخەربن بۆئەنجامدانی هێرش.
وتیشی: لە بەرانبەر هەر هێرشێكی ئەمریكا دەستبەجێ و بە شێوەیەكی فراوانتر وەڵام دەدەنەوە.
وتەبێژەكەی سوپای ئێران راشیگەیاند: گەروی هورمز كاریگەرییەكی جیۆسیاسیی یەكلاكەرەوەی هەبووە لە جێبەجێكردنی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوەی تاراندا.
باسی لەوەشكرد، هاوپەیمانیی سعودیە، توركیا و پاكستان نیشانەیەكە بۆ پاشەكشەكردنی رۆڵی ئەمریكا لە ناوچەكە.
لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان بەغداد و تاران بۆ ئاساییکردنەوەی جووڵەی بازرگانی، ئاژانسی ئیرنا رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر بەخشینی مۆڵەتی تێپەڕبوون بە ژمارەیەک لە نەوتهەڵگرەکانی عیراق لە رێگەی گەروی هورمزەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، ئەم بڕیارە دوای زنجیرەیەک داواکاری و هەماهەنگیی بەردەوامی لایەنی عیراقی لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە هاتووە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە بەدەستهێنانی ئەم ئاسانکارییە تایبەتە بۆ كەرتی گواستنەوەی نەوتی عیراق، یەکێک بووە لە تەوەری سەرەکیی وتوێژەکانی بەغداد لە کاتی سەردانەکەی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران بۆ عیراق.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران، ئیبراهیم عەزیزی رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ژێر گوشاری زمانی هێزدا ناچار دەبێت ناوچەکە چۆڵ بکات و داوای لێبوردن لە گەلی ئێران بکات.
عەزیزی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە: ئەمریکییەکان سەلماندیان کە لە زمانی دیپلۆماسی تێنەگەیشتوون.
ئاماژەی بەوەش کرد: ئەوان سزاکان هەڵناگرن، پارە و داراییە دەستبەسەرداگیراوەکانی ئێران ئازاد ناکەن و دەستلەبەردانی ئەوەش نابن کە بە (کاری جەردەیی دەریایی) ناوی برد.
وتیشی: بەڵام مێژوو دەیسەلمێنێت کە ئەوان لە بەرانبەر زمانی هێزدا ناچار دەبن نەک تەنها ئەو هەنگاوانە بنێن، بەڵکو ناچاریش دەبن داوای لێبوردن لە گەلی ئێران بکەن و ناوچەکە جێبهێڵن.
ئەم هەڵوێستەی بەرپرسەکەی ئێران لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بە ئەگەری گەڕانەوە بۆ بۆردومانکردنی ئێران کردبوو، و جەختی کردبوەوە کە تێپەڕینی واشنتۆن بۆ ستراتیژیی جەنگی ئابووری دژی تاران بە مانای دەستبەرداربوون لە بژاردە سەربازییەکان نایەت.
بەپێی تازەترین ئامارە رەسمییەکان کە لە لایەن وەزارەتی داتا و ئاماری کۆریای باشورەوە بڵاوکراونەتەوە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی تەمەنیان گەیشتووەتە 100 ساڵ یان زیاتر، لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا بۆ نزیکەی سێ بەرانبەر زیادی کردووە، کە ئەمەش رەنگدانەوەی پێشكەوتنی بەرچاوی کەرتی تەندروستی و باشتربوونی ئاستی گوزەرانی دانیشتووانە.
کۆی داتاکان دەریانخستووە تا یەکەمی تشرینی دووەمی 2025، ژمارەی کەسانی سەروو سەد ساڵ گەیشتووەتە 8,604 کەس، لە کاتێکدا لە ساڵی 2015دا تەنها 3,159 کەس بوون. هاوکات رێژەی ئەم بەساڵاچووانە لە بەرانبەر هەر 100 هەزار کەسێکدا لە 10.9 کەسەوە بۆ 17.3 کەس بەرزبووەتەوە.
پیاوان %16.6ی کۆی گشتیی ئەم رێژەیەیان پێکهێناوە کە دەکاتە 1,428 کەس. لەسەر ئاستی جوگرافیش، هەرێمی کیۆنگگی بە شێوەیەکی بەرچاو لە پێشەنگی ناوچەکاندایە بە بوونی 2,052 کەسی تەمەن سەروو سەد ساڵ، بە دوای ئەویشدا سيئۆلی پایتەخت (1,268 کەس) و هەرێمی گیۆنگسانگی باکوور (559 کەس) دێن.
جگە لەوانەش، داتاکان ئاماژە بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی دەکەن و دەردەکەوێت لە هەر پێنج کەسێکی سەروو سەد ساڵ، یەکێکیان بە تەنیایی ژیان بەسەر دەبات.