ئەو تیمە دەڵێن، لێکۆڵینەوەکانیان سەبارەت بە سەرچاوەی کۆرۆنا روبەڕووی چەندین ئاستەنگ بووەتەوە و پێویستی بە ھەماھەنگی خێرا ھەیە و لێپرسراوانی چین ھێشتا دوو دڵن لە ھاوبەشی پێکردنی بەشێک لە زانیارییەکان.
راشیانگەیاند، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانیان سەبارەت بە سەرچاوەی سەرھەڵدانی کۆرۆنا راگرتووە و ھۆشداریش دەدەن لە لەدەستدانی ئەو دەرفەتانەی لەبەردەمیاندایە بۆ گەیشتن بە ئەنجام.
تا ئێستاش ھەواڵگری ئەمریکا کە راسپێردرابوون بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێک سەبارەت بە سەرچاوەی کۆرۆنا، نەگەیشتوونەتە ئەنجام سەبارەت بەوەی ئایا ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵەوە گواستراوەتەوە بۆ مرۆڤ یاخود لە تاقیگەی شاری وھانی چینەوە دزەی کردووە.
نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم رایگەیاند، لەم ڕۆژانەدا بەشی سێیەمی چەکی پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەسەر جوتیارانەدا دابەش دەکرێت، کە ئەمساڵ گەنمیان رادەستی سایلۆکان کردوە .
راشیگەیاند، پارێزگای سلێمانی سێ ملیار و ٩٤١ ملیۆن دینار و ھەولێر دوو ملیار و ٥١٧ ملیۆن دینار و پارێزگای دھۆکیش ٣٨١ ملیۆن دیناری بۆ دابینکراوە.
وتیشی، بڕیارە ھەفتەی داھاتوو رێکارە کارگێڕییەکان دەستپێبکات و دواتر لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بازرگانی دانەوێڵە چەکی پارەکە بەسەر جوتیاراندا دابەش دەکرێت.
وەزیری ھێزە چەکدارەکانی بەریتانیا لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای گەیشتنی زانیاریی متمانەپێکراو لەبارەی ئەگەری ھێرشی چەکداری بۆسەر فرۆکەخانەی کابوڵ، لەو ڕوانگەیەوە وەزارەتی دەرەوە رێنماییەکانی گۆڕیوە و داوای لە ھاوڵاتیان کردووە روونەکەنە فرۆکەخانەی کابوڵ و لە شوێنی ئارام بمێننەوە تا رێنمایی نوێیان پێدەگات.
لەلایەکی ترەوە جاک کاستیکس سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە ئێوارەی رۆژی ھەینییەوە ناتوانێت پرۆسەی گواستنەوەی خەڵک لەئەفغانستان ئەنجامبدات.
داواشی لە ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی کرد لەمرۆوە لە فرۆکەخانەی کابوڵ دووربکەنەوە بەھۆی بوونی ھەڕەشەی ھێرشی تیرۆریستی لەلایەن توندڕەوانی گروپی داعشەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە وڵاتانی بیانی ھەموو ھەوڵێکیان خستووەتەگەڕ تاکو بتوانن بەر لە ٣١ی مانگ تەواوی ئەو کەسانە بگوازنەوە کە لە فرۆکەخانەی کابوڵدان.
ئامینە عومەر ھاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات رایگەیاند، بۆردوومانەکانی تورکیا درێژەی پیلانەکانی پێشووە، بۆ داڕووخانی ژێرخانی رۆژئاڤای کوردستانە.
وتیشی، لە بۆردومانەکان جگە لە شەھید بوون و برینداربوونی دەیان کەس، کەرتی کارەباش گەورەترین زیانی بەرکەوتووە.
ئامینە عومەر جەختیشی کردەوە، ئەمریکا و روسیا وەک دوو ھێزی نێودەوڵەتی سەقامگیری لە سوریا، لەئاست بۆردومانەکانی تورکیا بێدەنگن و بەرپرسیارێتی ھەڵناگرن، درێژەکێشانی رەوشەکەش لەبەرژەوەندی تیرۆیسانی داعشە.
عەدنان زەرفی سەرکردەی نزیک لە موقتەدا سەدر رایگەیاند: سەرۆکی ڕەوتی سەدر، لەگەڵ دواخستنی وادەی ھەڵبژاردنەکان نییە بۆ مانگی نیسانی ساڵی داھاتوو، بەڵام ئەم ھەڵوێستە گوزارشت لە ھەڵوێستی سەدر ناکات بۆ پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری کشانەوە لە پرۆسەکە.
عەدنان زەرفی رایگەیاند، ھەڵوێستی موقتەدا سەدر لەبارەی ھەڵبژاردنی پێشوەخت زۆر ڕوونە، ئەوەی ماوەتەوە ھەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی ترە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ھەڵبژاردنی پێشوەخت.
دوای ھەوڵێکی زۆری حکومەتی ھەرێم و پەرلەمانتارانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران، حکومەتی عێراق رەزامەندی پیشاندا لەسەر بەڕەسمی کردنی مەرزی سازان لە نێوان ھەڵەبجە و ئێران.
عەمید سالار نوێنەری حکومەتی ھەرێم بۆ مەرزەکان رایگەیاند، لە رابردوودا ھەوڵی زۆر دراوە بۆ بەرەسمی ناساندنی مەرزە ناڕەسمییەکانی ھەرێمی کوردستان.
بەرەسمی ناساندنی مەرزی سازان رۆڵێکی بەرچاوی دەبێت لە فراوانکردنی جموجۆڵی بازرگانی لەنێوان پارێزگای ھەڵەبجە و کۆماری ئیسلامی ئێران.
سارا سەلام لێپرسراوی بەشی ژینگەی رێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وشکەساڵی و کەمئاوی مەترسی لەسەر ناوچەی ھەورامان و بژێوی دانیشتوانەکەی دروست کردوە، لە ئێستاشدا بە پێی ئامارێک لە کۆی ٢٢٥ کانیاو لە ناوچەی ھەورامان ١٦٦ کانی وشکی کردوە، ژمارەیەکی تریش لە کانیاوەکان ئاوەکەیان کەمبۆتەوە مەترسی وشک بونیان لەسەرە.
وتیشی، پێویستە حکومەتی ھەرێم و لایەنە پەیوەندارەکان ئاوڕێکی جدی لە ناوچەی ھەورامان بدەنەوە، بەمەبەستی رێگریکردن لە وشکبوونی کانیاوەکان و مەترسی وشکەساڵی.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، ھاوپەیمانی کوردستان دەبێتە بەرەیەکی سیاسی بەھێز لە پێناو داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکان.
قوباد تاڵەبانی سەرۆکی ھاوپەیمانی کوردستان لەگەڵ ئەندامانی سەرکردایەتی دەڤەری ڕاپەڕینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا رەوشی ناوخۆی یەکێتی و دوایین گۆڕانگارییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی ھەرێم و ناوچەکە گفتوگۆیان لەسەرکرا.
تەوەرێکی تری کۆبونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ئامادەکارییەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ھەوڵەکان بۆ سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان و کاندیدەکانی.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ھاوکار و ھەماھەنگ دەبن تا پێکەوە کاربکەن بۆ سەرخستنی کاندیدەکان لەپێناو پتەوترکردنی پێگەی کورد لەبەغداد.
جەختی لەوەشکردەوە، ھاوپەیمانی کوردستان دەبێتە بەرەیەکی سیاسی بەھێز لە کوردستانەوە بەرەو بەغداد لەپێناو داکۆکیکردن لە مافە رەواو یاساییەکانی گەلی کوردستان و خزمەتکردنی زیاتری ھاووڵاتیان.
بریندار حەیدەر بەرێوەبەری ناحیەی مانگێشکی سەر بە پارێزگای دھۆک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، جارێکی تر فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا گەلی ئەردای سەر بە ناحیەی مانگێشک لە پارێزگای دھۆک بوردومانکرد، بەڵام تائێستا زیانەکان ئەو بۆردومانە نەزانراوە.
وتیشی، چەندین جارە ئەو شوێنە لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بوردومان دەکرێت، ئەوەش مەترسی بۆسەر ژیانی دانیشتوانی گوندەکانی سنوری ناحیەکە دروست کردوە.
عەلی عوسمان ئەفسەری لێکوڵینەوە لە ئاسایشی زاخۆ رایگەیاند، باندی یەکەم بە رێگەی قاچاغ ٢٠ ھاوڵاتی روژئاڤای کوردستانیان لە ھەولێر بەرەو زاخۆ ھێناوە و لە ئاوی خابور لە گوندێک دایانناون پێیان وتوون ئەوە تورکیایە بە ھەڕەشەو ترساندن داوایان لێکردون ڤیدیۆ تۆمار بکەن و کەسوکاریان ئاگادار بکەنەوە کە گەیشتونەتە تورکیا. وتیشی، ھەر ھاوڵاتیەک بڕی ھەزار تا ھەزار و ٥٠٠ دۆلاری لێوەرگیراوە.
راشیگەیاند، باندێکی تری ١١ کەسی لە نوسینگەکانی فڕۆکەوانی دەستگیرکراون کە کاری ساختەکاری پسوڵەی پشکنینی کۆرۆنایان کردوە، بۆ ئەوەی گەشتی دەرەوەی وڵات ئەنجام بدەن، بە بڕیاری دادوەر دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە.
عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ ئامادەیە و نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ٥٠ دۆلار دیاری کراوە.
وتیشی، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران بەھۆی ھەڵاوسانەوەیەو ٦٥٪ی بودجە بۆ مووچەیە.
راشیگەیاند، ھەڵوێستمان سەبارەت بە ٢٠٠ ملیار دینارەکەی ھەرێم بێلایەن و پیشەیی و بابەتیانەیە و دەبێت ھەرێم داھات و سەرچاوەکانی رادەست بکات.
عەلی عەلاوی ئاماژەی بەوەشکرد، بەھۆی قەرزی ناوخۆ و دەرەکییەوە، باشبوونی نرخی نەوت بەخێرایی ھاوکار نابێت لە چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی، لەم سەردانەی ئەمجارەشیاندا ھیچ قەرزێکیان لە بانکی نێودەوڵەتی نەکردووە.
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کابوڵ ڕایگەیاند، بەھۆی تەقینەوەکانەوە زیاتر لە ٣٠ کەس برینداربوون لەو ژمارەیەش شەشیان بەر لە گەیشتنیان بە نەخۆشخانە گیانیان لە دەستدا.
لای خۆشییەوە پنتاگۆن ڕایگەیاند، لەناو قوربانییەکاندا ژمارەیەکی زۆر چەکداری بزوتنەوەی تاڵیبان ھەیە و پێنج ئەمریکیش برینداربوون و ڕەوشی یەکێکیان ناجێگیرە.
لەو بارەیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا ڕایگەیاند، ڕەوشی کابوڵ لە کۆنترۆڵ دەرچووە و باڵیۆزەکەیان "ئەفغانستان" بەجێدەھێڵێت.
وەزارەتی بەرگری تورکیاش ڕایگەیاند، ھیچ سەربازێکیان لە تەقینەوەکان بریندارنەبوون، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش داوای کۆبوونەوەی بە پەلە دەکات.
"کازمی" لە وتەیەکیدا ئاماژەی بەوەدا، کارەکانی ئەو کۆنگرەیە ڕۆژی شەممە دەستپێدەکات و "عێراق" ھەوڵدەدات باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری دروست بکات و داواش لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات ململانێکان چارەسەر بکەن. وتیشی دەرفەتی گەورە ھەیە لە عێراق کە وڵاتانی ناوچەکە دەتوانن ھاوکاری و ھاوبەشی تێدا بکەن بۆ بەدیھێنانی سەقامگیری و ئاشتی.
بڕیاریشە بۆ بەشداری کردن لەو کۆنگرەیە، "ئیمانوێل ماکرۆن" سەرۆکی فەڕەنسا ڕۆژی شەممەی داھاتوو سەردانی "بەغداد" دەکات و دواتریش سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات.
سەرۆکایەتی فەڕەنساش بڵاویکردەوە، ئامانجی "ماکرۆن" لە بەشداریکردن لە لوتکەکەدا، دووپاتکردنەوەی پشتگیری وڵاتەکەیەتی بۆ عێراق و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
لەلایەکی تریشەوە "حەسەن نازم" وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، ئامانج لە ڕێکخستنی ئەو کۆنگرەیە کە ٩ وڵات تێیدا بەشداری دەکەن، گەڕاندنەوەی ڕۆڵی عێراقە لە ناوچەکە و ھەوڵێکیشە بۆ بەدیھێنانی سەقامگیری ئەمنی و ئابوری لە وڵاتەکەدا.